ئایا رەفیق سابیرو حاكم رزگار لەلیستی كوردستانی دەكشێنەوە؟
Friday, 03/07/2009, 12:00
ئەم چەند دێڕە نامەیەكی پڕ داخ و پرسیارو ئازاراوی میللەتەكەمە بۆ ئەو بەڕێزانە...
بە ئەسەفێكی زۆرەوە ناوی ئێوەم لەلیستی یەكێتی و پارتیدا بەرچاو كەوت، بەداخەوە واماندەزانی ئێوە لەئێمەى میللەت زیاتر لەشتەكان تێدەفكرن، زیاتر لەنوسەرو رشنبیران شرۆڤەى حزبەكان دەكەن، زۆرتر لەهەموو كەس ئەو حزبانە دەناسن كە تەواوى پەرلەمانتارانیان بە پێدانى ئیمیازات و پارەو پول كڕی و دەمكوتیان كردن، باش دەزانن كە قەدەغەو حەرامە هەر پەرلەمانتارێك دوور لەمەكتەب سیاسی و سەركردەكان بیر بكاتەوەو دەنگ هەڵببڕێت.
رەنگە دڵخۆش بن بەوەى دەكرێن بە پەرلەمانتار، نازانم تێفكریون و بیرتان كردووەتەوە كە لەسەردەستی كام حزب دەبن بە پەرلەمانتار، ئەو حزبانەى كە ئەوەى رێز بێت لەژن و شاعیرو نوسەرو یاساناس و دادەورەىی ناگرێت، ئەو حزبانەى كە 18 ساڵە لەسەر هیچ مەسەلەیك پرسێكیان بە ئێوە نەكردووە، ئەو حزباەنى كە 18 ساڵە سەرقاڵی ژن ئەتككردن و كوشتن و گەنج رفاندنن بەرەو هەندەران؟، دەبێت باش بزانن كە بوون بە پەرلەمانتارى یەكێتی و پارتی دەبێت دەبێت هەر كۆیلەو گوێگرو ئیعازوەرگری سەركردایەتی حزب و مەكتەب سیاسییەكەى بن، ناشێت بڵێن ئازاد دەبین، خۆ ناكرێت بەو بەڵێنانە هەڵخەڵەتێنرابن!!.
دەبێت و دەبێت و دەبێت هەر چاوەڕوانی بڕیارە دروستكراوەكانی حزب بن كە بۆ ئێوەى رەوانە دەكەن و ئنجا ئێوەش كارو پیشەتان هەر دەست هەڵبڕین دەبێت و هیچی تر، خۆ ناكرێت بڕواتان هێنابێت كە دەتوانن لێپرسینەوە لەنەوەكانی بارزانی و ماڵ و موڵكیان بكەن!؟، دڵنیابن نێچیرڤانە سوپەردەسەڵاتەكەى چەند ساڵی رابوردوو لەئاییندەش هەر ئەو كارەكتەر دەبێت و ئێوەش هەر وەك نموونەنەی پەرلەمانتارانی ئەمڕۆ دەبن، دەبێت باڵتان هەر بە ئاسمانەوە بێت.
دەبێت چاوەڕوانى بیركردنەوەى بەرپرسە حزبییەكان بن نەك هی خۆتان، دەبێت باش بزانن ئێوە حزب بیرتان بۆ دەكاتەوە نەك خۆتان، مەخابن لەوە پێش ئەو قورساییەى ئێوە هەتانبوو بەم كارەتان لەدەستاندا، رێزی ئێوە لەگەورەییەوە بەرەو نەمان هەنگاوینا، چیتر ئێوە لەبەرەى بازرگانە سیاسییەكانن دژ بە میللەت.
دەبێت ئێوەش هەر وێنەى سەركردە بەرز بكەنەوەو موقەدەستری بكەن، دەبێت و واش دەبێت هەر تاڵەبانی و بارزانی و نەوەكانیان سەروەرتان دەبن نەك یاساو بیروڕاو بۆچوونی خۆتان.
چەند پرسیارێك بۆ بەڕێزتان
- ئایا بە چ پێوەرو بیركردنەوەیەكی ئەخلاقییەوە رازی بوون ببن بە ئەكتەرى حزبە بەرهەمهێنەكانی بازرگان و مافیای سیاسی.
- ئایا بەِراستی دەتوانن نوێنەرایەتی گەل بكەن و بە دەنگی بەرز هاوار بكەن و گوێ لەحزب و بەرپرس و سەركردەكانیان نەگرن و بەرگری لەراستی بكەن؟، تاچەند دڵنیا بین؟، خۆ چەند مانگێكی تر ەش و سپی ئاشكرا دەبێت؟.
- ئایا بە گشت بڕوایەكەوە بڕواتان هێناوە كە حزب و سەركردەكانی ئیعازتان بۆ رەوانە ناكەن؟، ئەگەر ئەمە رویدا هەڵوێستتان چۆن و چی دەبێت؟.
- ئایا ئێوە 18 ساڵە ئەو دەسەڵاتە ناناسن و لێی نەگەیشتوون ئیتر كەى لێی دەگەن؟.
دەیان و سدەدان پرسیاری دیكە دەتوانن خۆتان دروستی بكەن و وەڵامیشی بدەنەوە، بۆ خۆتان و رۆح و ویژدان و هەڵوێست و ئینسانیبوونتان بە جێ دەهێڵم، هیوا خوازم تۆزقاڵێك بیربكەنەوەو ئاوڕێك لەمیللەت و گەنج و ژنە كوژراوو ئەتككراوەكانی وڵاتەكەم بدەنەوە، بۆیە دەپرسم ئایا پاش بیركردنەوەتان لەلیستی حزبستان دەكشێنەوە؟، دەخوازم پاش ئەم نامەیە چاوەڕوانی هەڵوێست بم.
لەگەڵ رێزو حورمەتمدا
ئیحسان مەلا فوئاد
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست