تاڵەبانی نەخۆشە
Wednesday, 13/05/2009, 12:00
نەخۆشە لەبەر ئەوەى هەر رۆژەى قسەیەك دەكات، كەنوێترینیان (دەوڵەتی كوردی خەونی شاعیرانەیە)، هەروەها وتەو بەندو بالۆرەكانی پێشووى، وەك (ئەوەى دژی ئێمە دەنوسێت سەگ بە هەسارە وەڕینە، ئازادكردنی تاوانبارێك كە بە هەزاران كوردی لەناوبردووە، كردنی تاوانبارێكی بە راوێژكارى خۆی لەكاتێكدا جەنابیان بە خوێن و ماندوێتی ئێمە گەشتووەتە لوتكەى دەسەڵات و ئەو كورسییەی كە لەسەری نیشتووەتەوە، بەرگریكردن لەتاوانبارێكی سەربازی بەعس (وەزیری بەرگری پێشووی عیراق)، ئیمزانەكردنی حوكمى لەسێدارەدانى تاوانبارن، كەواتە ئەگەر نەخۆش نەبێ چۆن و بۆچی هەر رۆژەى شەكرێك دەشكێنێت و خۆشی و خەندە دەخاتە سەر لێوی دوژمنانمان، كەچی ئێستا هاتووە دەڵێت ئەزموونى كوردستانەكەمان و وڵاتەكەمان لەژێر مەترسیدایەو كوردستان بەخوێنی پێشمەرگە گەشتووەتە ئەمڕۆ، چی و چی و چی، هاتووە پیرۆزی دوێنێ و رابوردوومان پێ دەفرۆشێتەوەو رووی نایە باسی دزی و تاڵانی و ناعەدالەتی و زەوتكردنی هەموو بستێكی عەرزى ئەم كوردستانە بكات لەسەر دەستی بەرپرسان و بەناو سیاسییەكانی حزبەكەى، بیری چووەتەوە كە سەردەم سەردەمى خزمەتگوزارى و كارەباو ژیانە، نەك بڵێت پێشمەرگایەتیمان كردو منەتمان بەسەردا بكەن.
بەڕاستی نەخۆشە، پێویستە هێرۆخان و وەكوو خێزانی و كوڕەكانى و بنەماڵەكەى و سەركردایەتی و بەرپرسانی یەكێتی داواى لێ بكەن و لێی بپاڕێنەوە كە چ زووە واز لەكارى سیاسی و بەرپرسیارێتی بهێنێت، چونكە رۆژ لەدواى رۆژ داهێنانی نوێ بەرهەم دەهێنێت، ئەگەر بتوانرێت ئەو كارە بكرێت ئەوا بەدەستهێنانێكی گەورەیە بۆ ئەو خێزانەو بنەماڵەكەیان و سەركردایەتی ئەو حزبە، هاوكات بەدەستهێنانێكی گەورەیە لەئێستادا بۆ بەرپێشچوون و سەركەوتنی ئەو حزبە، چونكە كاتی ئەوە هاتووە ماڵەنشین بكرێت و لەكورسی دەسەڵات دوربخرێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست