وەكوو گهرمیانییەك بۆچی بارزانی بە سەرۆكی خۆم نازانم؟
Tuesday, 28/12/2010, 12:00
دیارە بارزانی مەبەستم بارزانی باوك نییە، بەڵكو ئەم زاتەى ئێستایە كە خۆمی پێوە خەریك دەكەم و دەربارەى سەرۆكایەتیبوونی دەدوێم كە ئایا هۆكار چییە بەندە بە سەرۆكی خۆمی نازانم؟، بۆچی بە سەرۆكی خۆمى بزانم؟ ئایا مافی من و هەموو گەرمیانییەك نییە كە بە سەرۆكی خۆمانی نەزانین.
ئاخر چ مەهزەلەیەكە لەدایكبووى 25/5/1982 و تەمەنم 28 ساڵ و چەند مانگێكە و نەوەى پێش راپەڕین و سەردەمی سەرەتاكانی جەنگی ئێران عیراقم و تائێستا سەرۆكی هەرێمەكەی خۆمم نەبینیوە، ئەوە 20 ساڵە ئێمەى هەرێمی كوردستان عەلەساس رزگار كراوین، نازانم دەموچاوو شكڵَی سەرۆكەكەم چۆنە؟، عەجایەب بۆ دەنگدان ئێمە بە كوڕى خۆی دەزانێت و كە بوو بە سەرۆكیش بە هاوڵاتی نمرە دوو!.
سەرۆكەكەى پارتى و ئەو سەرۆكەى كە بەندە بە سەرۆكی خۆی نازانێت پێی كفرە رۆژێك لەرۆژان سەردانی گەرمیانە سووتاوەكەى دەستی بەعس و زوڵملێكراوەكەى دەستی حكومەتەكەى یەكێتی و پارتی بكات، چونكە گەرمیان لەسنوری حزبەكەى مامەگیاندایە، نەوەك جەنابیان دڵگران بێت، بەڵێ دڵگران دەبێت، ئەزانن چۆن؟ نموونەكەى نێچیرڤان بارزانیتان بۆ دەگێڕمەوە كە ئەو دەمەى سەرۆكی حكومەتە فوول دوو ئیدارەكە بوو بە ئێستاشەوە بە مەبەستی دانانی بەردی بناغەى 1000 خانوو بۆ پاشماوەى ئەنفالكراوەكان سەردانی چەمچەماڵی كردبوو پاش گەڕانەوەى یەكێتی نیشتمانی زۆر نیگەران بوو لەو كردارەى نیچیرڤان بەوەى تەداخولی كارو پرۆژەكانی سنورى یەكێتی و ئیدارەى سەوزى كردووە، دە ئیتر خۆتان موعادەلەكە لێكبدەنەوە.
رەنگە پاش ئەم وتارە جەنابی سەرۆكی دانیشتوانی هەرێم جگە لەمن، سەردانی ناوچەى گەرمیان بكات، بەڵام چۆن سەردانێك؟!..
بە 150 ئۆتۆمبیلەوە كە بارى ئەمنی ناوچەكەو جادەوبانەكان دەشێوێنیت و خۆی دەكات بە گەرمیاندا.
هەزاران پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و سەرباز دواى خۆی دەخات، وەك ئەوەى بۆ داگیركردنی ناوچەكە هاتبێت نەك سەردان.
ئیتر هەموو سەر شەقام و دیوارەكان پڕ دەكەن لەلافینەى هەمەڕەنگ بە تایبەت رەنگی زەرد، لەدروشمی برقەدارو ماستاوو گەورەكردن و بەخوداكردنی سەرۆك، وەك زەمانی رابوردوو كە دەیانوت (زێڕە سەرۆكمان زێڕە).
هەر دواى سەردانەكە ئیتر پارتییەكانی ئەم ناوچەیە سەرمان كاس دەكەن بەوەى ئەوە نییە سەرۆكی هەرێم و حزبەكەمان سەردانیكردن، ئەى نابینن سەرۆكمان چەند سادەو ساكارەو خۆی لەهاوڵاتیانی هەرێمەكەمان جیاناكەتەوەو جیاوازی ئەم شارو ئەو شار ناكات.
دیسانەوە بە پێشكەشكردنی وتارێكی تر لەشێوەی وتارەكەى پەرلەمانی هەڕەشمان لێدەكاتەوە، هەم لەئێمەى رۆژنامەنوسان و هەم لەئازادی.
سەردانێكی كارتۆنی دەبێت وەك هەزاران هەزار سەردانی وەزیرو پەرلەمانتارو بەرپرسە حزبی و حكومییەكانی تر.
جا تكایە ئەگەر بەو شێوەیەو بۆ خۆدەرخستن و موجامەلەو رۆتینیات و بێ ئەنجامبوونی هاتنەكەت سەردانمان دەكەن، هەر لەئێستاوە رەفزیكە جەنابی سەرۆۆۆۆۆۆكی هەرێم.
تێبینی/ ئەم وتارە لەدوا ژمارەى رۆژنامى چەتر بڵاوكراوەتەو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست