یەكگرتوو .. لەنێوان عەززەو قەندیل-دا
Thursday, 19/08/2010, 12:00
فەزیحەیەكی گەورەیە بۆ هەر حزب و رێكخراوێكی سیاسی هەر وڵاتێك بێگانەو غەیرە نەتەوە پەرست بێت، وەك ئەوەی ئەمڕۆ یەكگرتووى ئیسلامی و حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان پێڕەوی لێدەكەن.
راستتر بڵًێین رەنگە ئێمە خۆمان لەو راستییە بەدوور بگرین كە حزبە ئیسلامییەكان تایبەتتر یەكگرتووی ئیسلامی هەر لەبنەڕەتەوە ئەو نەهجە كاركردنە ستراتیژو سیاسەتیان بووەو دەبێت، چونكە هەموو ئەو حزبە ئیسلامییانەی ئەمڕۆی كوردستان لەمنداڵدانی حزبێكی ئیسلامی ئایدیۆلۆژی سێنتراڵی وەك ئیخوان موسلیمینی دایكەوە بەرهەم هاتوون نەك حزبێكی نەتەوەیی، بۆیە بەلایانەوە ئاساییە بۆ منداڵێكی ئومەى ئیسلامی عەرەبی لەسعودیە یان میسرو فەڵەستین و هەر وڵاتێكی دیكە بێنە دەنگ و خۆپیشاندانی بۆ ئەنجام بدەن و هانی مەلاكان و فوو بكەن بە گوێیاندا، كە رەنگە ئەو منداڵە پاشەڕۆژ لەگەورەكانیان خراپتر بە چاوێكی دوژمنانەو لەوێنەى جولەكە لێمان بڕوانن، لێ لەبەرامبەر توركیاو ئێرانی میراتگری ئیسلام چاو دادەخەن و مل شۆڕدەكەن.
هەر وابووەو واش دەبێت كە لەفەرهەنگی فیكرو ئایدیۆلۆژیای ئەو حزبە ئیسلامیانەدا گریان بۆ منداڵێكی باشورو رۆژهەڵاتی كوردستان كفر بێت كە بە هۆی كردارەكانی پەكەكەی ماركسییەوە ئاوارەبوون و هەردوو وڵاتی ئێران و توركیای ئیسلامی تۆپبارانی كردوون، ئیتر بوونی حزبە ئیسلامییەكان لەكوردستان چ مانایەكی دەمێنێت!؟،
رەنگە لەلایەك ئاسایی بێت یەككرتووى ئیسلامی پێكەنینی بۆ ئەم بابەت بێت، چونكە گەر سكرتێری ئەو حزبە ئیسلامییە كە خۆی بە میانڕەو تەسمیە كردووە پێشووتر پارتی كرێكارانی بە تیرۆریست لەقەڵەمدابێت، ئەوا هەموو كوردەكانی ئێران و توركیاش هەر بە نەوەى پەكەكەو پژاك لەقەڵمداوەو باكی نییە گەر هەمووشیان نەك تۆپباران بەڵكو گیمیابارانیش بكرێن.
ئەو لێدوانەى سەڵاحەدین محەمەد بەهاددینی سكرتێری یەكگرتوو سەلماندی كە ئەخلاقی سیاسی و نەتەوەیی لەنێو ئەو حزبە بەناو میانڕەوەی هاوسۆزى پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا بوونی نییە، ئەخلاق بەو مانایەى نەوەیەكی نەتەوەكەى خۆی بە هەموو نەوەى عەرەبی و ئیسلامی نەگۆڕیتەوە، یاخود هەڵوێستی نەتەوەیی لەبەرامبەر بەرژەوەندی حزبی و ئایدیۆلۆژیدا نەفرۆشێت وەك لەم بابەتەى ئەمڕۆدا دەركەوت فرۆشتوویەتی.
لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا بێدەنگبوون لەهەر مەسەلەیەك واتا رازیبوون پێی، بێدەنگبوونی یەكگرتووى ئیسلامی بە دەرەجەی یەك و حزبە ئیسلامییەكان بەگشتی سەبارەت بە تۆپباران و كوشتن و ئاوارەكردنی كوردەكانی توركیاو ئێران ماناى گڵۆپی سەوزو ئاساییبوونە لەسەر تۆپباران و هێرشی سەربازى و كوشتنی نەوەی كورد.
بۆیە زەرورییەت لەئێستاداو بۆ هەمیشەییش ئەوەیە یەكگرتووى ئیسلامی ببێتە حزبێكی نەتەوەیی پەتی، نەك ئایدیۆلۆژی خەلافی و بەیعەت و سوڕانەوە بەدەورى دیندا، كە زیانێكى گەورەى پێگەیاندووە، بۆ نموونە دەبینین لەكۆمەڵگەی ئەمڕۆی كوردی باشور كە 98% ئایین موسوڵمانن، كەچی بەهەموو حزبە ئیسلامییەكان 7 كورسییان بەدەستهێناوە، بە تایبەت یەكگرتوو كە خۆی بە تەنها حزبی ئیسلامی میانڕەو لەقەڵەم دەدات 5 كورسی بەرهەمی بووە.
پرسیاری ئێمە لەئێستادا ئەوەیە سیاسەت و حیكمەت چییە یەكگرتوو بۆ منداڵەكانی غەززە شیوەن دەكات و بۆ كوردە ئاوارەو كوژراوو دەربەدەركانی توركیاو ئێران و بەسۆزی تەمەن 16 ساڵ و هەزاران ماڵ و خێزانی دیكە بێدەنگ دەبێت؟،
لەم بابەتەى توركیاو ئێرانەوە دەركەوت ئێوەی حزبە ئیسلامییەكان بە تایبەت یەكگرتوو هەمیشە ئایین و قورئان و بەپامبەرەكەشتان بۆ مەبەست و بەرژەوەندی سیاسی و جەماوەرى حزبی بەكارهێناوە نەك نەتەوەیی و كشتی كۆمەڵگەی كوردی، ئەوە حزبە هاودین و میانڕەوەكەتانە (دادو گەشەپێدان) رۆژانە خاكی كوردستان و نەوەكەى دەچەوسێنێتەوە هەى جەنابی یەكگرتووى ئیسلامی و حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان.
تێبینی\ ئەم وتارە لەدوا ژمارەى رۆژنامەى چەتر ژمارە 20 دوو شەممە 16\8\2010 بڵاوكراوەتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست