لەهەرێمی 39 وەزارەت، دامەزراندن نییە؟!
Friday, 29/05/2009, 12:00
ئەمەیە جوانترین و بەنرخترین دیارى بەرهەمی چەندین ساڵی خەبات و راپەڕێن كە دەچێتە لاپەڕە جوانەكانی مێژووەوە، مێژووى یەكێتی و پارتی و سەركردەكانی، مێژووى پڕ سەروەرى و خەبات كە لەسێ شاردا سەرۆكێك و جێگرێك، سەرۆك وەزیران و جێگرێك، سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگر، و 44 وەزیرو 44 مودیر عام و 44 بریكاری وەزیرو 44 جێگری وەزیرو وەزارەتێكی لێكدان دوو (دارایی) و 8 وەزیری بێ وەزارەت (وەزارەتەكانی هەرێم)، واتا 44+44+4+44= 176 بەرپرسی باڵا كە هەریەكێكیان 4 پاترۆڵ و مۆنیكاو چەندین ئۆتۆمبیل و سەدان پاسەوان و شۆفێری پێویستە،. ئائەمەیە فەنتازیاى قوڕبەسەرى میللەت و خوێنكارە وەرنەگیراوو كەسە دانەمەزراوەكان، كەچی بە گەنجان و قوتابیان و خەڵكی رەشوڕوت دەڵێن دامەزراندن نییە!.
سەرباری ئەو هەموو ناعەدالەتی و چەوساندنەوەیە لەچەند 18 ساڵی رابوردوودا، جارێك بە ناوی بەرەى كوردستانییەوە هەموو كوردستانیان ئاودیوی ئێران كرد، جارێك لەژێر سایەی شەڕی براو یەكتركوژیدا هەزاران گەنجیان دابەكوشت و هەزاران ئافرەتیان بێوەژن خست و هەزاران دایكیان جەرگ سوتاو كردو بە سەدان هەزاریش منداڵیان هەتیو خست، ئەوەتا هەزاران كەسوكای ئەوانە لەنەهامەتیدا دەژین بۆ نموونە راپۆرتێكی لڤین كە باس لەوە دەكات خوشكی دوو شەهید لەشفرۆشی دەیژێنێت یاخود خێزانی 3 شەهید لەكفری لەدوو ژوورى قوڕدا ژیان بەسەر دەبەن، هەروەها جارێكیش بە ناوی دوو ئیدارەیی و دوو بەرەكیی و هەولێرو سلێمانییەوە هەموو كوردێكیان كرد بە دوو لەتەوە، (هەولێری و سلێمانی)، كە رەنگە هێندەى شەڕی دوو مەزهەب درێژە بكێشێت، تەنانەت وشەكانیشیان دابەش كرد، (خوێندكارو قوتابی، ژن و ئافرەت، گەنج و لاو، تاد)، دروستكردنى جیاوازى و تەفرەقە، ئنجا بە ناوی یەكگرتنەوەى دوو ئیدارەیی و دروستكردنی پەرلەمانێكی كارتۆنی گوێگرى و ئیعازوەرگرى حزب كە پەرلەمانتارەكانى لەبازرگان دەچن نەك یاسادانەرو بڕیاردروستكەر، دامەزراندنی ئەنجومەنێكی قەرەباڵەغ و فرە وەزیر بە ناوی ئەنجومەنى وەزیران كە تەنها لەمەكتەب سیاسی حزبەكان دەچێت نەك.. كەچی ناوی خۆیان ناوە حكومەت و شایەتیش بۆ خۆیان دەدەن كە دیموكراسین ببورن لەئەسڵدا دیموكحزبین.
بەدەر لەوە ئێستا هاتوون هەر ئەوە نییە دەست و قاچی میللەت و دانەمەزراوە قوڕبەسەرە بێكارەكان ناكەن، كە ئەمجارە دەنگیان بۆ بدەنەوە، یاخود دێن پیرۆزی رابوردوومان پێ دەفرۆشنەوەو باسی ئەزموونى كوردستانەكەمان و مەترسی دەرەكی دەكەن، وایان دەزانی ئێمە وڵاخین كە لێیان تێنەگەیشتوین و تێناگەین كە چیتر مۆدیلی باسكردنی رابوردوو نەماوەو سەردەم سەردەمی كارەباو خزمەتگوزارى و عەدالەتی كۆمەڵایەتییە، نەك بەرپرسەكان لەئاسمان و خۆبەخودازان، ئێمەش لەژێر عەرزو كۆیلەى ئەوان.
لێرەوە پێتان دەڵێین مادام لەكوردستانی فرە وەزیر دامەزراندن نییە، ئەوا سەرتان بچێتە عەرشی فەلەك دەنگنەدان بۆ ئێوەی (یەكێتی و پارتی) ئەبەدییە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست