ئایا بەختیار و ئاراس و میراودەلی سەردانی هەولێر دەكەن
Tuesday, 08/03/2011, 12:00
ئەوەى بەندە رەخنەى جیدی لێی هەیە ئەو جۆرە رەفتارەیە كە لەدواى 17ی شوباتەوە لەسلێمانی و مەیدانی ئازادی دەیبینم و رۆژانە روودەدات، بەوەى هەر كەس و لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن و نوسەرو رۆشنبیرو شاعیرو پێشمەرگەى دێرین و پارێزەرو چی و چی لەناوەو دەرەوەى وڵاتەوە دێن وتەى زل و وتارى گەورەو هۆتافی جوان و بەنرخ پێشكەش دەكەن وەك ئەوەى گەندەڵی و بێدادی و نایاسایی و نادادپەروەری تەنها لەسلێمانیدا هەبێت، بەڵام پێم وایە گەر ئەم كارانە لەسەرای ئازادی یەك جار پێویست بێت ئەوا لەئێستادا هەزاران جار پێویستە لەهەولێردا پێشكەش بكرێت و مەیدانی قەڵا دروست بكرێت.
پێویستە ئەو بەڕێزانە بە تایبەت میراودەلی و بەختیار عەلی و رێبین هەردی و ئاراس فەتاح چ زووە سەردانی هەولێر و ئاوەدانی بكەنەوەو كەمەكێك رۆح و هەناسەى ئازادی بە بەر گەنجان و خەڵكی هەولێردا بكەنەوە، چونكە ئەگەر كارێكی وا بكرێت ئەوا دەبێتە وانەیەكی سپی لەمێژووى نوێ و داهاتوودا بۆیان.
هەر كەسێك یان نوسەرو ئەندام پەرلەمان و لایەنێك هەڵدەستێت دێت موزایەدە بە خەڵكی خۆپیشاندەرى سلێمانییەوە دەكات و مایكی ئازادی سەرای ئازادی دەگرێتە باوەش و وتاری جۆراوجۆر پێشكەش دەكات، بەڵام ئێمە لەوە گەیشتووین كە سلێمانی لەدەستی شەقامدایەو پێویست ناكات ئەو نوسەرو شاعیرو پەرلەمانتارو رۆشنبیرانە بە لێشاو بێن سەرای ئازادیم بۆ ئاوەدان بكەن، دەبێت ئێوە گۆڕەپانی بەردەم پارێزگاى هەولێرو قڵاو منارەم بۆ ئاوەدان بكەنەوەو وتارو هۆتافی ئازادی تێدا هەڵبدەن
ئەمشەو نزیكەى كاتژمێر 9 لەفەیس بووك نوسیم پێویستە بەختیارو ئاراس و میراودەلی سەردانی هەولێر بكەن، كەچی هاوڕێیەكم نوسیبووى بۆ كاك ئیحسان دەتەوێت بكوژرێن، بۆیە منیش بەم شێوەیە وەڵامم دایەوە، "جا قەیدی چییە با بكوژرێن خۆ رۆحی ئەوان لەرۆحی ئەو دەیان گەنجە كوژراوو سەدان بریندارانە زیاتر نییەو دڵنیام گەر ئەوان بكوژرێن ئەوا دەسەڵاتی كوردی دەڕوخێت"، هەرچەندە من لەگەڵ كوشتن و لەناوچوونی هیچ كەسێكدا نیم، بەڵام دەبێت بزانین كە من و ئاراس و بەختیارو میراودەلی و دەیانی دیكەش لەهەزار جار رۆحی خۆمان بخەینە پێش ئازادییەوەو لەو پێناوەشدا لەدەرچوونی نەترسین.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست