با بڕوخێ
Thursday, 19/05/2011, 12:00
هاوڕێی رۆژنامەنوسم یەحیا بەرزنجی لەژمارەیەكى ئاوێنەدا لەوتارێكدا دەڵێت (بۆ نەڕوخێت) و چەندین كەموكوڕی نێو هەرێمی كوردستانی خستووەتە روو و دەپرسێت بۆ نەڕوخێت و بەندەش بێ پرساركردن دەڵێت بە وتارێك دەڵێم با بڕوخێت. چۆن؟
با لەدەزگا چەكداییەكانەوە دەستپێبكەین،.. لەم هەرێمی كوردستانە كە چەند دەزگایەكی داپڵۆسێنەرو تۆقێنەرو حزبی و شەخسی وەكوو ئاسایش و پاراستن زانیاری دژە تیرۆری تێدا بێت و نەوەی كورد ئەشكەنجە بدات و رۆژانە كەرامەتی میللەت بشكێنێت قابیلی ئەوەیە بڵێین با بڕوخێت.
لەهەرێمێكدا دەیان زیندانی نهێنی بوونی هەبێت و رۆژانە تێهەڵدانی گەنجان و نەوەی نوێ دەبینرێت و ئەوەتا لەگرتەیەكی ڤیدیوییدا تراژیدیترین و ترسناكترین كردەى دەستی ئاسایش دەبینرێت و قۆندەرپێماچكردنپێی بە ئاشكراو داخۆ چەندان كەسی تر وای لێكراوەو دەكرێت و ئاشكرا نەبووەو نابێت، هەر قابیلی ئەوەیە هەموومان بڵێین با بڕوخێت.
چەندین ساڵە گیانەلڵای نەمانی بەعس دەكێشین، كەچی دواى لەروخانی ئەو رژێمە زیاتر لە60 ملیار دۆلار بەشە بودجەكەى وەردەگیرێت و بەرپرس و حزب و سەركردە دەیخوات و لەولاشەوە سەدان هەزار كەس بێ خانوو دانەمەزراوە بێكارە نەخۆشە بێ نەخۆشخانەیە بێ خزمەتگوزارییە كە ئەمانە گەورەترین شكاندنی كەرامەتی هەموو كۆمەڵگەى كوردییە، كەوایە كاتی ئەوەیە با بڕوخێت.
لەهەرێمێكی چەوساوەی سەدان ساڵی رژێمەكانی پێشوو و تینووی حوكمی خۆماڵی، بەرپرسی حزبی هێز دەجوڵێنێت و لەناو بازاڕەكانی گەرمیان و هەڵەبجەو شارەكانی دیكەدا بەعسئاسا گەنجان بەر شەق دەدرێن و چاوترسێن دەكرێن، كەسیش ناتوانێت و نییە بڵێت ئەم ماڵوێرانییە تاكەی و بۆچی؟، ئادەى بۆ نەڕوخێ؟.
لەهەموو كۆمەڵگەی كوردی باشوریدا كەس نییە بتوانێ سەرۆكی هەرێم لەسەرۆكی حزب جیا بكاتەوەو بارەگاكەى لەهی حزب جیابكاتەوە، هەر بۆ ئەوە باشە بە یەك دەنگ بڵێین با بڕوخێت.
20 ساڵە لەسایەی دەسەڵاتی كوردیدا بەڕێوەبەری ناحێیەك قایمقامێك بەڕێوەبەرێكی پۆلیس مودیر عامێك وەزیرێك بەرپرسێكی حزبی بەردەرگاى دادگاى نەبینیوە وەك ئەوەى ئەم هەرێمە ئەمریكاو سوید بێت، دەی توخوا با بڕوخێت.
تەنها لەنێو سێ پارێزگادا دوو ئیدارەى حزبی پتەو دامەزرێنراوە كە دیوارى نێوانیان هەزاران مەتر پان و بەرینە، تەنانەت دەیان وشەی و چەمكی كوردیشیان لەت و پەت كردوو كە لەهەولێر ئافرەت و لەسلێمانی ژن، لەسلێمانی خوێندكارو لەهەولێر قوتابی، لەهەولێر لاوو لەسلێمانی گەنج، لەسلێمانی فریاكەوتن و لەهەولێر فریاگوزاری، كە ئەمە دەتوانرێت بە تیرۆری زمانی كوردی تەسمیە بكرێت، ئادەى بۆ نەڕوخێت؟
لەهەرێمێكدا دواى 20 ساڵ حوكمڕانی كوردی نەوەى كورد هێندەى لەئاسایش و زێرەڤانی و پاراستن و زانیاری و دژەتیرۆر دەترسێت لەهیچ شتێكی تر ناترسێت و بوونەتە دێوەزمەى شەوو رۆژیان، لەماوەی تەنها 20 رۆژدا زیاتر لەهەزاران فیشەك دەنرێت بە سنگی گەنج و خەڵكی كوردەوەو 9 كەس دەكوژرێت و سەدانیش بریندار دەكرێت و بیكەیسی حوكمی شەقام دەكات، ئیتر بۆ نەڕۆخێت؟.
لەكوردستانی قەزاو قەدەردا رێكخراوی حزبی زانكۆ دادەخات و فێرخوازەكانی دەنێرێتەوە ماڵەوە كەچی وەزیری پەیوەندیدارو سەرۆكی حكومەت فزەى لێوە نایەت ئەدی بۆچی نەڕوخێت.
مەهزەلەیەكی تر ئەوەیە سەرۆكی هەرێم وەكوو هێڵی سوور باسی سوتاندنی جامانەى سوور دەكات، كەچی بە زمانیدا نایەت بڵێت تاوانباران و تەقەچییەكان راپێچی دادگا بكرێن، كاتی ئەوەیە "با بڕوخێت".
رۆژانە دەیان و ساڵانە سەدان رۆژنامەنوس و راگەیاندكار بەر شەق دەدرێت و دەچەوسێنرێتەوە، ئیدی تاكەى نەڵێین با بڕوخێ؟.
20 ساڵە پرۆژەیەك ئەنجامنەدراوە بۆ دووبارەو سێ بارە هەڵەنوەشێنرابێتەوەو تاوەكوو ئێستا پرۆژەیەكی ستراتیژی دروستنەكراوە كە جێی دڵنەوایی خەڵك بێت، با بڕوخێت باشترە.
ساڵانە سەدان ئافرەت دەسوتێنرێت و دەكوژرێت و ئەتك دەكرێت و بەرپرسانیش لەلەشكڕیندا ژمارەی پێوانەییان شكاندووە، كەچی كەسێك نەدرایە دادگاو تاوانبارێك زیندانی نەكرا، كەچی ژنكوژ ئازاد دەكرێت و لێخۆشبوون دەیگرێتەوە، ئیتر بۆ نەڕوخێ ئەم دەسەڵاتە؟.
با بێینە سەر سەرۆكی حكومەت، كە بەلای زۆر كەسەوە تەنها سەرۆكی یەك پارێزگایەو لەو پارێزگایەشدا دەسەڵاتی بە سەر زۆربەى بەرپرسەكانەوە نییە، ئاخر سەرۆكێكی حكومەت نەوێرێت بە كردەوە لێپرسینەوە لەهەموو جۆرە تاوانبارەكانی حزب و حكومەت بكات، نەتوانێت رێخراوێكی حزبی سزا بدات و تەنها قسەی زل پێشكەشی میللەتەكەى بكات ئیدی هەر با بڕوخێ.
ئاخر رۆژانەو مانگ و ساڵانە بە سەدان هەزارو ملیۆنان بەرمیلی نەوت و كانزای سروشتی ئاودیو بكرێت و كەس نازانێت داهاتەكەى چی لێدێت و بۆكوێ كوێ دەڕوات و كێ دەیخواد؟ توخوا هەر با بڕوخێت.
تێبینی/ ئەم وتار لەژمارە 56 ی 16/5/2011 رۆژنامەى چەتر بڵاوكراوەتەوە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست