ڕوونكردنەوەیەك لەكۆمپانیاى نالیاوە بۆ ڕاى گشتى
Tuesday, 23/02/2010, 12:00
لەماوەى ڕابردوودا ژمارەیەك هاوڵاتى دانیشتوى شارى سلێمانى، كەچەند پارچە زەوییەكیان دەكەوێتە ناوچەیەكى گەشتیاریەوە كەبڕیارە كۆمپانیاكەمان بیكاتە پرۆژەیەكى گەشتیارى گرنگ، سكاڵاو گازندەیان لەڕاگەیاندنەكاندا بڵاوكردۆتەوەو ڕەخنەیان لەرۆڵى ئێمە گرتوە و چەند تۆمەتێكیان داوەتە پاڵمان، ئێمەش لەبریدا ئەم ڕونكردنەوەیە بەپێویست دەزانین.
كۆمپانیاكەمان لەزنجیرەى ئەو دەستپێشكەریانەى لەبوارى خزمەتكردنى هاوڵاتیانى شارى سلێمانیدا ئەنجامیداوە، دواى پرۆژەكانى گوندى ئەڵمانى یەك و دوو، دواى پرۆژەكانى كوردسیتى یەك و دوو كە سەدان هاوڵاتى لەچینى ناوەندو چینى كەمدەرامەتى سلێمانى لێى سوودمەندبوون، لەئێستادا بەنیازە پرۆژەیەكى ناوازەى گەشتیارى لەسلێمانیدا ئەنجامبدات كەبەهۆیەوە جوانیەكى دەگمەن بۆ سلێمانى ئیزافە دەكات و داهات و فرسەتێكى زۆرى كاركردنیش بۆ شارەكە دەستەبەردەكات و گەورەترین پرۆژەى گەشتیارى دەبێت لەهەموو عێراقدا، كەپرۆژەش پێكدێت لەگەورەترین شارى یارى "هاوینەو زستانە" و تەلەفریك و كابینەى گەشتیارى و سەوزاى و فوارەى ئاوو و چەندین چێششخانەو چالاكى گەشتوگوزارى جۆراوجۆر.
بۆ ئەم مەبەستەش كۆمپانیاكەمان زەوییەكى گونجاوى لەبنارى شاخى گۆیژەى سلێمانى بۆ تەرخانكراوە، بەڵام بەشێكى زۆر بچوكى ئەم زەوییە، كەبە موڵكى هی ژمارەیەك هاوڵاتى سلێمانیە دەكەوێتە ناو زەوى تەرخانكراوى پرۆژەكەوەو بۆ چارەسەركردنى ئەمەش دامودودەزگا پەیوەندیدارەكانى حكومەتى هەرێم "شارەوانى سلێمانى" بەپێى بنەما یاساییەكان و لەڕێگەى دادگاوە، سەرقاڵى قەرەبووكردنەوە ئەو خاوەن زەوییانەن و ئێمەش وەك لایەنێكى جێبەجێكار پەیوەندیمان بەم لایەنەوە نیە. هەرچەندە بەپێى یاسا بڕیارە ئەو خاوەن زەوییانە لەڕێگەى دادگاوەو لەهەمان شوێندا قەرەبوو بكرێنەوەو ئەگەر لەو پرۆسەى قەرەبووكردنەدا سوودمەند نەبن، ئەوا زەرەرمەند نابن.
بۆیە ئێمە ڕایدەگەیەنین كەبڵاوكردنەوەو تۆمەتباركردنى كۆمپانیاكەمان لەلایەن چەند كەسێكەوە بەداگیركارى، لەكاتێكدا كەبەنیازى پرۆژەیەكى وەها گەورەى گەشتیارین بۆ شارەكەمان، هیچ تەفسیرێك هەڵناگرێت جگە هاندان و فیتنەى هەندێك كەس نەبێت كەنایانەوێت پرۆژەى لەو شێوەیە بۆ سلێمانى ئەنجامبدرێت و بەدواى بەرژوەندیە تەسك و بچوكەكانى خۆیاندا دەگەرێن، ئەگەر وانیە، دەبێت هەموو لایەك بەتایبەت كەئەوانەى كە زەوییەكانیان بەتەنیشت پرۆژەكەمانەوە پێیان خۆش بێت كەشارەكەیان ڕازاوەو جوان تر دەبێت و زەوییەكانى خۆشیان نرخ و قیمەتى زیاتر پەیدادەكات.
كۆمپانیاى نالیا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست