ئیسلام پەیك ئەمجارەش كش
Wednesday, 15/12/2010, 12:00
سایتى ئیسلام پەیك وەك ئەوەى تەنیا دانرابێت بۆ چاوەدێریى و ڕەخنەگرتن لە بزووتنەوەى ئیسلامى و خەتى چەپ و راست هێنان بەسەر بزووتنەوەى ئیسلامیدا (كە بە دڵنیاییەوە ناتوانێ)، لە هەواڵێكی ئەمڕۆیدا زۆر بە دڵخۆشییەوە دەنوسێت بەهۆى قەرزەوە لێپرسراوى مەكتەبى ڕاگەیاندنى بزووتنەوەى ئیسلامى (ئەنوەر عەنەبى) دەست لەكار دەكێشێتەوە، بە ئیسلام پەیك و هەموو ئەو پەیكە نەشارەزایانەى تر ڕادەگەیەنین بزووتنەوە نە حیزبى قەرزدەرە و نە حیزبى قەرزوەرگر و بە یارمەتى پەروەردگاریش تا ئێستا مەكتەب و دەزگاى ڕاگەیاندنەكانى بە پارەى شەرعیى بەیتولمالى حیزب و لەسەر پێى خۆى وەستاوە و دەمى نەبردووە بۆ هیچ دەستێك تا لە بەرامبەردا كارى ناشەرعیى و نا نەتەوەیى پێ بكەن و ئەو بڕە قەرزەشى كە ئەم پەیكە نەدیدە نوسیویەتى قەرز نییە و بڕى ئاڵووێر و حساباتى ناوخۆى بەشەكانى مەكتەبە و پەیكى بێ ئاگا خراپ حاڵى بووە، ڕاشى دەگەیەنین بەڕێز حاجى ئەنوەر عەنەبى پێشمەرگەى میدیاى ئەمڕۆیە و خوا یار بێت بەرهەمەكەشى دەبینن لە داهاتوودا و ئێستا لە كار و پرۆژەى خۆیدایە و سەرقاڵە بە پۆستەكەیەوە، ئیتر ئەم سایتە ئەبێ هەموو جارێ پێى بڵێین كش .. كش كش!
وتەبێژى مەكتەبى ڕاگەیاندنى
بزووتنەوەى ئیسلامى
15/12/2010
بۆ هەفتەنامە و وێبسایتى (هاوڵاتى)
یەك ڕاگەیاندنكارى بزووتنەوە
دەستى لە كار نەكێشاوەتەوە
لە ژمارە ( )ى ڕۆژى چوارشەممە 15/12/2010 ى هەفتەنامەى (هاوڵاتى)دا هەواڵێك سەبارەت بە دەست لەكاركێشانەوەى ڕاگەیاندكارانى بزووتنەوەى ئیسلامى بڵاوكراوەتەوە و تێیدا لێدوانى ئەندامێكى مەكتەبى ڕاگەیاندن هاتووە كە گوایە ئێمە لە ڕادیۆى دەنگى ئیسلام دەستمان لە كار كێشاوەتەوە، ئێمە ئەم هەواڵەى (هاوڵاتى) بە دوور لە ئیتیكى ڕۆژنامەوانى دەزانین و هیچ ئەندامێك و ڕاگەیاندنكارێك لە بزووتنەوە دەستى لەكار نەكێشاوەتەوە و ڕادیۆى دەنگى ئیسلام كەناڵى سلێمانى و تەواوى كارمەند و لێپرسراوەكەشى بە شێوەیەكى ئاسایى دەوامى خۆیان دەكەن، ئەو بەڕێزەشى لێدوانەكەى داوە لە ئێستادا هەر ئەندامى مەكتەبە و پێشتر لێپرسراوى ڕادیۆى ناوبراو بووە و لەم گۆڕانكارییەى ڕابردووى مەكتەبى ڕاگەیاندندا پۆستەكەى گوازراوەتەوە و زانیارییەكانیش دوورن لە ڕاستییەوە، بۆیە پێویستە (هاوڵاتى) لە بەرهەمهێنانى هەواڵدا كەمێ چاوكراوە بێت و ئاگاى لە شەرەفى پیشەكەى بێت. ئەم رونكردنەوەیە بە هەمان شێوە (وێبسایتى هاوڵاتى)یش دەگرێتەوە.
وتەبێژى مەكتەبى ڕاگەیاندنى
بزووتنەوەى ئیسلامى
15/12/2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست