گرنگترین داواکارى ئۆپۆزسیۆن پێویستە وەرگرتنى وەزارەتى ناوخۆ و داد بێت
Wednesday, 27/11/2013, 12:00
یەکێ لەسیما باشەکانى پرۆسەى هەڵبژاردن ئەوەیە کە گرێبەستێکى نێوان هاوڵاتیان و حکومەتە بۆماوەیەکى دیاریکراو کە لەهەرێمى کوردوستان تەنها چوارساڵە ، کەواتە ئەگەر هاتوو ئەو پارتەى میللەت متمانەى پێکردووە راستگۆنەبوو لە جێبەجێکردنى پەیمانەکانیدا کە لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا داوێتى ئەوکات میللەت پاش تەواو بوونى چوار ساڵەکە ئەو متمانەیەیى لێدەسەنێتەوە و جارێکى دەنگى پێناداتەوە .
نزیکەى چارەکە سەدەیەکە یەکێتى و پارتى بەراست و بەچەپ ستەم میللەتە دەکەن و سامانەکانى و تەنانەت ژیانى خەڵکیش بەتاڵان دەبەن ، گەندەڵى و ستەمکارى و بە بنەماڵەکردن هەموو سنوورێکى بەدرەوشتى تێپەڕکردووە ، حەڤدەى شوبات رووداوێک بوو رووە راستەقینەکەى ئەم دووپارەتە دەسەڵاتدارەى بەدەرخست کەچۆن ئەوان بۆ مانەوە لەدەسەڵات سڵ لەکوشتنى خۆنیشاندەرى بێدیفاعیش ناکەنەوە ، رووخسارە قێزەونەکانى وێنەى شێخ جافر و خەسرەو گوڵ محمەد و شێخ لاهوور و کریم سنجارى و مامۆستا جەلال و وەستا حەسەن و ... هتد ، هێندە سوواون و ناشرین بوون کە مرۆڤ شەرم لەبەهاوڵاتى بوونى خۆى دەکات لەم هەرێمەدا .
چەند ساڵێکە ئۆپۆزسیۆنێک هاتۆتە کایەوە کە بانگەشەى چاکسازى و پاکسازى و خزمەتکردنى هاوڵاتیان دەکات ، ئەوەى دڵخۆشکارە ئەوەیە کە زۆرێک لەوانەى لەم بەرەیەدا هاتونەتە پێشەوە دەموچاوى نوێن و لە دووبارە و سەد بارە بووەکان نین ، وەک ئەندام پەرلەمانەکانى بزووتنەوەى گۆڕان وێنەى عبداللەى مەلا نورى و حاکم شێخ لەتیف و ئەوانى تر .... لەم نێوەندەشدا خەڵکى لەو چارەکە سەدەیەیى حوکمڕانى قاتوقڕى یەکێتى و پارتى تەواو شەکەت و ماندوو بووە لەناخەوە چاوەنواڕى بینینى رووناکى چرایەکە لەکۆتایى توونێلەکەدا ، بۆیە کارەساتى مەزنتر لەوەى قەوما ناقەومێ ئەگەر بێت وفرسەتێک بدرێت بە ئۆپۆزسیۆن کە چانسى خۆیان لەحکومەتدا تاقیبکەنەوە ، وەک زۆرێک لە دانیشتووانى هەرێم بەگشتى و سلێمانى بەتایبەتى دەڵێن : (با بزانین ئەوان چیمان بۆ دەکەن) .
گرنگترین دۆسیە کە پێشتر و ئیستا خەڵکى شەکەت کردووە تامەزرۆى بنبڕکردنین دۆسیەیى گەندەڵى و ئەمنیەتى سەر و سامانى خەڵکیە ، کەپێدەچێ هەردووکیان لەخاڵێکدا هاوبەش بن و تەواوکەرى یەکتر بن ، واتە ئەگەر دادگا لە کوردستاندا سەربەخۆ بوو و هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ دوورکەوتنەوە لە فشارى ئۆرگانەکانى حیزب ئیتر گەندەڵکاران نە دادگایەکى لاوازى ترسنۆک و حیزبى ئەدۆزنەوە کە پینەوپەڕۆ بۆ تاوانەکانیان بکات ، نە هێزێکى پۆلیسى کۆیلە کە زاتى ئەوەنەکات دەستگیریان بکات پاش ئەوەى دادگا سەربەخۆکە تاوانبارى کردن ، ئەوکات بوارى پیادەکردنى گەندەڵى بەهەموو جۆرەکانیەوە لە گەندەڵى سیاسى تاکو گەندەڵى دارایى و بەهەدەردانى سامانى وڵات تەسکدەبێتەوە دەرئەنجام کۆمەڵگا ئەبوژێتەوە و گەندەڵکاران لەسزاى یاسایى قورتاریان نابێت .
بەداخەوە وەزارەتى ناوخۆ ئیستا سیخناخى گەندەڵى و دەستێوەردانى حیزبیە ، من داواکارم خوێنەرى بەرێز لە فەیسبوک سەردانى پەیجى (Gandaly NAWXO) یان ((NAWXO salar بکات و سەفەرێ بکات بەناو ئەو دەیان دۆسیەیى گەندەڵى و گەندەڵکاراندا لەوەزارەتى ناوخۆ کە بەرۆژى نیوەڕۆ تەخشان و پەخسانى سامانى وڵات و قووتى میللەت دەکەن ، ئەوە دۆسیەکانى کۆیلەبوونى دادگاکان بۆ ئیرادەى حیزبى زۆر دەمێکە بەئاشکرا لاى خەڵکى ئاشکرابووە .
بۆیە پێویستە بەشداریکردنى ئۆپۆزسیۆن بەشداریەکى راستەقینەبێت بۆ بنبڕکردنى کەموکورتى و گەندەڵیەکان بۆ بەرهەمهێنانى کۆمەڵگایەکى تەندروست ، یەکەم هەنگاوى ئەم بەرنامەیەش لە سەربەخۆبوونى هەردوو وەزارەتى ناوخۆ و دادەوە دەستپێدەکات بەوجۆرەى کە بەرپرسەکانى ئەم دوو وەزارەتە لەسەر بناغەى ئەستۆپاکى و بێلایەنى هەڵبژێردێن نەک پێوەرى حیزبایەتى ئیتر ئەگەر ئەو حیزبە سەر بە ئۆپۆزسیۆنیش بێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست