کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەیان نامەیەك لە كەسوكاری بێسەروشوێنكراوانی شەڕی ناوخۆ

Tuesday, 08/03/2011, 12:00



بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ماف پارێزان و هەموو رێكخراوە داكۆكیكارەكانی مافی مرۆڤ و گشت كەسایەتیە بەرێزەكانی كوردستان و نوسەران و رۆشنبیران و نیشتمان پەروەران لە دەرەوە و ناوەوەى وڵات بۆ هەموو ئەوانەى كەسێكیان بێسەرو شوێنكراوە لە كوردستان:
بەرێزان ئێمە وەك كەسوكاری كۆمەڵێك لە بێسەروشوێنكراوانی شەڕی ناوخۆ پێتان ڕادەگەیەنین كە ماوەى زیاتر لە (14) ساڵ دەبێت كۆمەڵێك پێشمەرگەو كادرو ئەندامانی هەردو حزبی پارتی و یەكێتی و ئەندامانی هەندێك لەحزبە كوردستانیەكانی تریش لەماوەى شەڕی ناوخۆدا هەندێكیان لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و هەندێكیان لە لایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێسەروشوێن كراون، تا ئێستاش هەوڵی زۆرمانداوە بۆ ئاشكرا كردنی چارەنوسیان بەڵام بێ ئەنجام بووە. ئێمە وەك كۆمەڵیك لە كەسوكاری بێسەروشوێنكراوان داوای پشتگیری و هەوڵی جدی لە ئێوەى بەرێز دەكەین كە هاوكارمان بن بۆ گەیشتن بە ئەنجامێك لەڕێگەى فشار خستنە سەر مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی كە ئەوان بە هەموو شێوەیەك ڕەتی دەكەنەوە دان بەتاوانێكی دژ بە مرۆڤایەتى وا گەورەدا بنێن و تائێستا پەرلەمانی هەرێمی كوردستانیش بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتووە سەرەڕای پێشكەش كردنی چەندین داواكاری و خۆپیشاندان لەلایەن ئێمەوە، بەڕێزان هەبوونى دەسەڵاتی حزب بەسەر حكومەتداو غیابی دادگایەكی سەربەخۆو پەرلەمانێكی خاوەن ئیرادە ژیانی هەموو تاكێكی ئەم نیشتمانە دەخاتە ژێر مەترسی و هەر تاكێك لە كۆمەڵگەى ئێمەدا وشەى نا یەكى ناڕەزایی لەدژی گەندەڵیەكان بەسەرزمانیدا بێت ڕووبەڕووى ڕفاندن و تیرۆرو بێسەرو شوێن كردن دەبێتەوە، هەتا حزب چەكداربێت لەكوردستان هەتا چەكدار ئیعاز لە سەرۆكی حزب وەربگرێت، دیموكراتی و مەدەنیەت فەراهەم نابێت لە كۆمەڵگەدا. ئێمەى كەسوكاری زوڵم لێكراوى ئەو بێسەروشوێن كراوانە لە هەرێمی بەناو ئازاد و دیموكرات ماوەى زیاتر لە 14 ساڵ دەبێت هەموو رۆژ جارێك هەست بە ونبوون دەكەین، هەست بە تیرۆركردنی رۆح و ئیرادە دەكەین، هەست بە كەلەپچە كردنی ئازادیەكان دەكەین، بۆ ئەوەى كۆتایی بێت بە ناعەدالەتی و تیرۆرو بێسەرو شوێن كردن ئێمە چەندبارەو چەندبارە بێ ماندووبون هەوڵ دەدەین كۆتایی بەو غەدرو تاوانە بێنین و داوایەكی شۆڕشگێرانەو نیشتمان پەروەرانەو مرۆڤ دۆستانەش لە ئێوەى بەهەڵوێست دەكەین هاوكارو پشتیوانمان بن.هەروەها ئامۆژگاری تەواوى هێزە چەكدارەكانی پێشمەرگەو زێرەڤانی و پۆلیس و ئاسایش دەكەین با تاقی كردنەوەى شەڕی ناوخۆ دووبارە نەبێتەوەو، تكایەكی برایانەمان لێتان ئەوەیە كە لوولەى تفەنگەكانتان مەكەنە خەڵكی كوردستان، هەموومان هاوڵاتی ئەم وڵاتەین، لەم قەیرانەى ئێستادا كارەساتی ئێمە بەسەر خۆتان و ماڵ و منداڵی خەڵكیدا مەهێنن. ئێمە بەشێكین لە ئێوەو ئێوەش بەشێكن لە ئێمە.ئازادی بۆ گەلی كورد سەربەخۆیی بۆ خاكی كوردستان.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە