بەیاننامەى دووەمى گروپى گەنجانى شۆڕشگێڕ
Thursday, 07/04/2011, 12:00
سڵاوى شۆڕشگێرانە لە هەموو كوردێكى ئازا
دواى ئەوەى تێگەیشتین دەسەڵات ئامادەنیە وەڵامى داواكارى خۆپیشاندەران بداتەوەو ئامادەنیە بكوژان ڕادەستى دادگا بكات ئێمە لە هەفتەى ڕابردوودا واتە لە ڕۆژى هەینى توڕەیى 1/4 بڕیارماندا خۆپیشاندانەكانمان بگۆڕین بە راپەڕین و بڕیارى شۆڕش و خەبات و شەڕماندا دژى دەسەڵات بۆ تۆڵەسەندنەوەى خوێنى شەهیدان و ناچاركردنى دەسەڵات بۆئەوەى وەڵامى داواكارى خۆپیشاندەران بداتەوە، ئێمە تەنها ڕۆژێك دواى هەینى توڕەیى بەردەوامیمان دا بەچالاكیەكان لەبەرئەوەى لەلایەن كەسانێكى زۆرەوە داوامان لێكرا كە هێوربینەوە، ئێمە ڕێزى داواكارى هەموو كەسێكمان لایەو ئەم ماوەیە چالاكیەكانمان وەستاند، سەرەڕاى ئەوەش لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و سەراى ئازادى هەروەك حەڤدەى شوبات بە ئاژاوەگێڕ و گێرەشێوێن ناوبراین و ڕێگرى زۆرمان لێكراوە ڕۆژانە.
بەڵام دەسەڵات تا ئێستا ڕێزى بێدەنگى ئێمە ناگرێت و هەڵمەتەكانى دەستگیركردن و پەلاماردانیان نەوەستاندووە، بۆیە لێرەدا ئێمە ڕایدەگەیەنین بەردەوام دەبین لەسەر چالاكیەكانمان و ئەم هەینیەش ناودەنێین هەینى تۆڵە و چالاكى فراوان ئەنجام دەدەین، بۆ تۆڵەى هەموو شەهیدەكانمان، بۆ تۆڵەى مامۆستایانى ئایینى، بۆ تۆڵەى ڕۆژنامەنوسان و هەروەها بۆ تۆڵەى ئەو شۆڕشگێرانەمان كە دەستگیركران و ئازار و ئەشكەنجەى زۆریاندان لەناو زیندانەكاندا.
بۆیە لێرەدا هەروەك چۆن لە بەیاننامەى یەكەمماندا داوامان لە ئۆپۆزسیۆن و سەراى ئازادى و هەموو خەڵكى ئازادیخوازكرد كە چیتر بە ئاژاوەگێڕ و گێرەشێوێن و تێكدەر ناومان نەبەن، ئەمجارەش داواتان لێدەكەین كە چیتر توهمە و ناوى ناشرین نەخەنە پاڵمان، ئێمە لەپێناوى ئێوەدا خۆمان بەخت دەكەین و خۆمان بەزیاتر نازانین لەشەهیدانى پێش خۆمان.
گروپى گەنجانى شۆڕشگێڕ
6/4/2011
سلێمانى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست