کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وشه‌ی پێشمه‌رگه‌ زۆر له‌وه‌ جوانتر و پیرۆزتره‌، که‌ له‌ ده‌م و زاری که‌سێکی وه‌ک تۆ بێته‌ ده‌رێ

Saturday, 27/02/2010, 12:00


من زۆر له‌گه‌ڵ قسه‌کانی مه‌سعود بارزانییدام، که ده‌ڵێ‌ پێشمه‌رگه‌ خه‌تی سوره‌ بۆ هه‌موو که‌سێک و بۆ دوژمنانی گه‌له‌که‌شمان، لێره‌دا چه‌ند تێبینییه‌کم هه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕابردووی خۆی و به‌کار هێنانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان.

1- ئه‌و دیلانه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ که‌ له‌ ئاکرێ نینۆکیانتان هه‌ڵده‌کێشان، ئایا ئه‌مانه‌ پێشمه‌رگه‌ بوون یان مه‌لیشیا؟
2- ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌ هه‌ولێر، که‌ به‌ یارمه‌تی ده‌بابه‌ی به‌عس دیلتان کردن و دوایی به‌ بێدادگاییکردن ڕه‌میتان کردن، ئایا ئه‌مانه‌ پێشمه‌رگه‌ بوون یان مه‌لیشیا؟
3- ئه‌و دیلانه‌ی تا ئێستا بێ سه‌رو شوێنن و که‌سوکاریان تا ئێستاش هه‌ر چاوه‌ڕوانن نازانن چاره‌نووسیان به‌ره‌وه‌ کوێ چووه‌. ئایا ئه‌مانه‌ پێشمه‌رگه‌ بوون یان مه‌لیشیا؟
4- ئه‌و 75 پێشمه‌رگه‌یه‌ی که‌ ته‌سلیمی تورکیاتان کرد، ئه‌مانه‌ پێشمه‌رگه‌ بوون یان مه‌لیشیا؟
5- ته‌حسین شاوه‌یسی کوڕی به‌رزانی، ئه‌مه‌یان جاش بوو یان پێشمه‌رگه‌، یان مه‌لیشیا؟

تکایه‌ کاک مه‌سعود وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ بده‌ره‌وه‌، په‌یمانت ئه‌ده‌مێ، ئه‌گه‌ر ڕاستگۆیانه‌ وه‌ڵامت دامه‌وه‌، به‌ شه‌ره‌فم منیش ده‌نگ به‌ تۆ ده‌ده‌م.

جانابی کاک مه‌سعودی کوڕی پێشمه‌رگه‌ی شه‌هی مه‌لا مسته‌فا بارزانی...
راستییه‌ک هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ دوای ساڵی 1992 پێشمه‌رگه‌ له‌ کوردستانی باشووردا بوونی نه‌ماوه‌، ته‌نها که‌سانێکی چه‌کدارن بۆ پاراستنی دوو بنه‌ماڵه‌ به‌کار ده‌هێنرێن، چونکه‌ پێشمه‌رگه‌ ته‌قه‌ له‌ مه‌ده‌نی ناکات له‌سه‌ر بیرو ڕای جیاواز.
پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕی براکوژی ناکات دژی هاو خوێن و هاوزمان و هاوڵاتیی خۆی.
پیرۆزیی ناوی پێشمه‌رگه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ نه‌ما، که‌ ئێوه‌ به‌کارتان هێنا بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی دوو بنه‌ماڵه‌، ئێوه‌ جلتان کرده‌ به‌ری پیاو و چه‌کداره‌کانی خۆتان و پێتان وتن، ئێوه‌ پێشمه‌رگه‌ن، تا وێنه‌ و ناوه‌که‌ی ناشرین بکه‌ن، فێرتان کردن، ببن به‌ دز و داوێنپیس، فێرتان کردن له‌ سه‌روه‌ریی خاک و وڵات بده‌ن‌، فێرتان کردن له‌گه‌ڵ دوژمندا ته‌وقه‌ و به‌ره‌وه‌ ڕووی کوردیش ته‌قه‌ بکه‌ن. ئێوه‌ ڕێگاتان بۆ خۆشکردن و فێرتانکردن، که‌ ده‌ست درێژی بکه‌نه‌ سه‌ر ژنی خاوه‌ن شه‌هید، ژنه‌کانیشتان برسی ده‌کرد، تا ته‌سلیم بێت و له‌شی خۆی بفرۆشێت. ئێوه‌ به‌ ناوی خه‌باتی پێشمه‌رگه‌وه‌، که‌رامه‌تی میلله‌تێکتان شکاند، ئێوه‌ به‌ناوی کوردایه‌تییه‌وه‌ هه‌رچی وشه‌ی جوانی بوو، له‌بیر و خه‌یاڵی کورددا سڕیتانه‌وه‌.
جه‌نابی سه‌رۆک .. ئه‌و جله‌ کوردییه‌ی له‌به‌رتایه‌، ڕه‌مزی کوردبوون و وه‌فاتان نییه‌ بۆ ئ ئه‌و خاکه‌. ئه‌و جله‌ کوردییه‌ی له‌به‌رتاندایه‌، جلی کارکردنه‌، هه‌روه‌ک چۆن کرێکار و کارمه‌ندێک جلی تایبه‌تی کارکردنی هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی پێبناسێنێت، تۆش ئه‌و جله‌ کوردییه‌ی له‌به‌رتایه‌ جلی کارکردنه‌، تا به‌ ناوی کوردایه‌تییه‌وه‌ ئه‌و نیشتمانه‌ی پێ بڕووتێنیته‌وه‌، ئه‌و میلله‌ته‌ی پێ هه‌ژار و سووک و ڕیسوا بکه‌یت.
تۆ بۆت هه‌یه‌ هه‌موو وشه‌یه‌ک له‌زارت بهێنیته‌ ده‌رێ، به‌ڵام وشه‌ی پێشمه‌رگه‌ زۆر له‌وه‌ جوانتر و پیرۆزتره‌، که‌ له‌ ده‌م و زاری که‌سێکی وه‌ک تۆ بێته‌ ده‌رێ، ئه‌گه‌ر وشه‌ی پێشمه‌رگه‌ تا ئیستا ناشرین نه‌بووبێت، ده‌بێت وه‌سڵی ئه‌و وشه‌یه‌ ده‌ربکه‌ین، چونکه‌ له‌ زاری یه‌کێکی وه‌ک تۆوه‌ هاته‌ ده‌رێ، تۆ‌ له‌ ناشرینیت هه‌ڵکێشا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە