سیناریۆی چه‌واشه‌ کاری یان سیاسه‌تی له‌خوێن هه‌ڵکێشانی ئازادی خوازانی کوردستان ؟!

Monday, 20/09/2010, 12:00



له‌په‌راوێزی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی بارزانیدا
کام لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ !

ڕێکخستن وهه‌وڵی بێ ووچانی ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی بۆ گێڕانه‌وه‌ی حورمه‌ت و ئابڕوی تکاویان له‌ئاستێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رفراواندا سه‌باره‌ت به‌ تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووسی ئازادی خواز سه‌رده‌شت عوسمان ، په‌له‌قاژه‌یه‌کی بێ ئاکام بوو له‌ دانانی لیژنه‌یه‌ک که‌ نه‌ک ته‌نها هیچ پێودانگ و پره‌نسیبێکی یاسایی تێدا نیه‌ ، به‌ڵکو خود به‌خود دادگاو کاری دادگایی خسته‌ ژێر پرسیارو هه‌ڵوێستی جدی تره‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش نه‌ک هه‌ربه‌هاو قیمه‌تی بۆ یاساو دادگاکانی خۆشیان نه‌هێشته‌وه‌ ، به‌ڵکو تائه‌وپه‌ڕی سوکایه‌تی کرد به‌ دادوه‌رو لێکۆڵه‌ره‌وه‌ قانوونیه‌کانی خۆشیان.. لیژنه‌که‌ی بارزانی نه‌ک هه‌ر سه‌رده‌شتی تیرۆرکرده‌وه‌ ، به‌ڵکو تاوانباریشی ئه‌کات به‌ ئه‌ندامی گروپێکی تیرۆریست ، بۆیه‌ به‌ڕاستی ده‌بێت ئه‌م لیژنه‌یه‌ و ستافه‌کانی بدرێنه‌ دادگاو بخرێنه‌ قه‌فه‌سی تاوانبارانه‌وه‌..
ئه‌گه‌ر هه‌رمرۆڤێکی ساده‌و ساکاریش ڕێبوارانه‌و زۆر به‌سه‌رپێ ی سه‌یرێکی ئه‌م ته‌زبێح هۆنینه‌وه‌ی لیژنه‌که‌ی بارزانی بکات ، زۆر ئاسایی له‌وه‌ تێ ده‌گات که‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌ ته‌نها ده‌مه‌ته‌قێ یه‌کی نه‌فامانه‌ی هه‌ڵه‌شه‌ ئامێزه‌ که‌ مه‌به‌ست جگه‌ له‌ چه‌واشه‌کاری هیچی تر نی یه‌.. هه‌وڵ و خۆماندوو کردنێکی گێلانه‌یه‌ که‌ پێ ی وایه‌ چه‌ند ملێۆن که‌س له‌خه‌ڵکی کوردستان هه‌روا پێ فریوو ئه‌دات.. به‌ڵام لیژنه‌که‌ی بارزانی خۆش به‌ختانه‌ نه‌ک هه‌رنه‌یتوانی " براوە ژمە " ی ئیمپراتۆریه‌تی پارتی به‌ده‌ست بهێنێت ، به‌ڵکو سه‌د به‌رابه‌ر و به‌یه‌کجاری و له‌ئاستێکی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا پارتی خسته‌ ناو گێژاوێکی سه‌خته‌وه‌ که‌ هیچ حه‌زره‌تێکی زه‌مانه‌ فریای ناکه‌وێت و دره‌نگ یان زوو له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری ئازادی خوازی کوردستانه‌وه‌ باجه‌که‌ی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ .. ئه‌بێت خه‌ڵکی کوردستان بێنه‌ مه‌یدانه‌وه‌ بۆ گێڕانی ئه‌م نه‌به‌ردو ئارایشته‌ نوێ یه..
له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ ته‌نها دیوێکی ئه‌م پلان و نه‌خشه‌ که‌شف و دۆڕاوه‌یه‌ ، دیوی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م کایه‌و مه‌رامه‌ ته‌نها یه‌ک ستراتیژی ڕۆشنی هه‌یه‌ ئه‌ویش له‌خوێن هه‌ڵکێشانی ده‌نگی ئازادو ئازادی خوازی یه‌.. کپ کردنه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستانه‌ له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی مل هوڕانه‌ی ئه‌وان و خێڵی عه‌شیره‌ت و میلیشیای کوردی .. خنکاندنی ده‌نگ و نوزه‌ی مرۆڤ دۆستی و سکولاریستی یه‌ .. مل پێ که‌چ کردنی جه‌ماوه‌ری کوردستانه‌ له‌ باره‌گاو ده‌رگای پڕ شه‌رم و عاری پارتی کوردیدا .. ئه‌وان و هاوشێوه‌کانیان له‌ خێڵی ناسیونالیزمی کوردی هه‌ر ئه‌مه‌ لۆژیک و سیاسه‌تی ڕاسته‌قینه‌و بنه‌ڕه‌تیان بووه‌ به‌درێژایی مێژوویان و هه‌میشه‌ش بێ باک بوون له‌ به‌ ناهه‌ق ڕشتنی خوێنی هه‌زاره‌ها ئازادی خوازو نه‌یاری خۆیاندا .. مێژووی بنه‌ماڵه‌ی ناسیونالیزمی کوردو پارته‌کانی مێژووی خوێن و دیکتاتۆری و مێژووی تیرۆری ئازادی بووه‌ .. ئه‌گینا سکولاریستێک و ئازادی خوازێکی وه‌ک سه‌رده‌شت عوسمان که‌ نه‌ک هاوکاری کردن له‌گه‌ڵ " ئه‌نسارو ل ئیسلام " ی به‌ تاوان زانیوه‌ ، به‌ڵکو هیچ بۆره‌ خزمایه‌تیه‌کیشی له‌گه‌ڵ خودی ئیسلام و فه‌رهه‌نگی مه‌زهه‌بیدا نه‌بووه‌ که‌ پارتی وویستی له‌م قوماره‌ له‌پێشدا دۆڕاوه‌یدا تاوانباری بکات هه‌روه‌ک جاری پێشووتری به‌ کاری ئه‌خلاقی .. سه‌رده‌شت ئازادی خوازو یه‌کسانی خواز بوو ، ئه‌و ڕێبواری به‌تین و تاوی یه‌کسانی بوو، ئه‌و ده‌یویست کوردستان ئازاد بێت ، هه‌موو که‌س به‌پێ ی یاساو به‌یه‌کسانی چاوی لێ بکرێت ، هه‌موو که‌س مافی ژیان و زیندوو مانه‌وه‌ی هه‌بێت ، تێرو ته‌سه‌ل بێت ، حورمه‌ت و ئازادی یه‌کانی پارێزراوبێت ، ژن به‌ مرۆڤ بزانرێت و هه‌روه‌ک پیاوان مافی به‌رابه‌ریان هه‌بێت... تۆمه‌ت بارکردنی گروپێکی مرۆڤ کوژی وه‌ک "ئه‌نسارول ئیسلام " به‌تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت هه‌رگیز ناتوانێت یه‌ک هه‌نگاو ڕووسوری پارتی له‌م که‌یسه‌ نیشان بدات ، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ هیچ ئیسلامێکی سیاسی به‌تووند ڕه‌وه‌کانیشیانه‌وه‌ نه‌ک هه‌ر ناتوانن کارێکی گه‌وره‌ی له‌وچه‌شنه‌ به‌ئاشکراو به‌به‌رچاوانی خه‌ڵکه‌وه‌ و له‌ قه‌ره‌باڵغ ترین جێگادا به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نن ، به‌ڵکوبه‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وان هه‌میشه‌ له‌ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی ده‌زگا ئه‌منیه‌کانی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستاندان و کارێکی له‌وچه‌شنه‌ به‌ئاسانی و ، به‌ تێپه‌ڕکردنی به‌ چه‌ندین بازنه‌ی کۆنترۆڵدا کارێکی هه‌رقل ئاسایه‌و، له‌توانادا بوونی ئه‌م موهیمه‌یه‌ دژواره‌و سه‌خت و له‌ زه‌ینی هیچ که‌سێکدا جێگای نابێته‌وه‌ ..
ناواخنی ئه‌م سه‌رده‌شت - گه‌یته‌ مێسه‌جی شه‌ڕێکی ڕاسته‌قینه‌یه‌ له‌دژی خه‌ڵکی کوردستان له‌لایه‌ن پارتی یه‌وه‌ که‌ ئیتر ده‌ست بردن بۆ سومبول و موقه‌ده‌ساته‌کانی ئه‌وان ، پڕکێشی کردن له‌ قیل و قاو له‌دژی ئیمپراتۆریه‌تی بارزانی ، دژایه‌تی کردن و له‌قاو دانی خێڵی ناسیونالیزمی کورد له‌ ئاستی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ ، ناڕه‌زایه‌تی وخۆپیشاندان له‌دژی سیاسه‌تی ئه‌وان و ڕوماڵ کردنی کارو کرده‌وه‌و سیاسه‌ته‌کانیان ، دیسانه‌وه‌ مل که‌چ نه‌بوونیان له‌به‌رامبه‌ر ئیراده‌ی زاڵمانه‌ی ئه‌وان ، زه‌نگێکی ترسناکه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان که‌ ئاکام و نموونه‌که‌ی سه‌رده‌شت و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی و مرۆڤ دۆستی یه‌ ..ته‌نها ڕێگایه‌ک که‌ له‌به‌رده‌م ئازادی خوازان و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستاندا مابێته‌وه‌ هه‌رئه‌وه‌یه‌ که‌له‌ده‌وری یه‌کتر کۆببنه‌وه‌ و یه‌کگرتوانه‌ بێنه‌ مه‌یدانه‌وه‌ بۆ گۆڕینی ژیان و چاره‌نووس و ئاینده‌یان تا داهاتوو گه‌ش ترو ئازادترو مرۆڤ دۆستانه‌تربۆ خۆیان و نه‌وه‌ی داهاتوو بنه‌خشێنن...



 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە