ئیمزاکەی مه‌سعود لەنێو شەپۆلی خۆپیشاندەراندا

Saturday, 01/01/2011, 12:00


دوابەدوای تیرۆری ئازادی خوازسەردەشت عوسمان ، مێژوویەکی نوێ لە هەڵگەڕانەوە ، مێژووی بەرەنگار بوونەوە لە دژی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی بەهیمەتی خەڵکی ئازادی خوازی کوردستان هاتۆتە پێشەوە و خەریکی خۆنەخشاندنە بەرەو گۆڕانی ڕیشەیی لە پێناوی ئازادی دا ..
هەڵمەتی سەرکوتی بێ پەردە لەدژی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت لەدژی دەنگی ئازادو ئازادی بەیان و بڵاوکراوەکان لەلایەن دەسەڵاتی کوردی و باتایبەت لەلایەن پارتی بارزانیەوە ، هەوڵێکی نەزۆک و لەرزۆکی ئەم جۆرە لەدەسەڵاتی میلیشای خۆبەزۆر سەپێنەری کوری یە کە هەروا ئەیەوێت بەئاسانی کۆنترۆڵی هەست و نەستی خەڵکی کوردستان بکات.. پارتی لەڕێ ی ژورنالیزمی نۆکەریەوە ، وە لەڕێ ی یاساو ئەندام پەرلەمانە مفتەخۆرەکانیانەوە بڕیارە سیاسی یەکانی بڵاو دەکاتەوەو ئەیخاتە بواری جێ بەجێ کردنەوە تا ڕووسوری خۆی نیشان بدات کەگوایە لەهەموو کەس زیاتر پەرۆشی بەیاسا کردنەوەی هەموو جومگەکانی کۆمەڵگایە ...
ئەم هەنگاوانەی پارتی بارزانی لە دژایەتی کردنی ئازادی یەکانی خەڵکی کوردستان و پاوان خوازی بە وێنەی یەک پارتی بێ مونافیسی شمولی بەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوە درەنگ یا زوو لەلایەن خەڵکەوە دەهێنرێتە لەرزەو لەبەریەک هەڵدەوەشێنرێتەوە .. ڕاپێچ کردنی چەندین کەناڵی ڕۆژنامەگەری و ، چەندین نووسەرو ڕوناکبیر بۆ دادگاگانی خۆیان و غەرامە کردنیان بە پارەی خەیاڵی ئالگۆو میکانیزمێکن بۆ پەلاماری زیاتری بەرەی ئازادی خوازی و سەرکوتی ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان .. لەکورت ماوەدا پارتی بەشێوەیەکی زیکزاکی و بەیاسا ئەم پەلامارانە ی دەست پێ کردووە تالانی کەم بتوانێت بەربەم شەپۆلی ناڕەزایەتی یە فراوانە کۆمەڵایەتیە بگرێت و خۆی لەخەتەرو ئەگەری خەتەرتر دوور بخاتەوە کە درەنگ یا زوو دێتە مەیدانەوە.. بەڵام هاتنە مەیدانی جەماوەری وەتەنگ هاتووی کوردستان و بەرەی ئازادی خواز لەم ڕۆژانەدا وەڵامی دەست بەجێ و بەپەلە بوو لەدژی دەسەڵاتی کوردی و خودی پارتی بارزانی کە نەک هەر ناتوانن سەرکوتی ئەو نووزەیە لەئازادی خەڵکی کوردستان بکەن ، بەڵکو ئەمجارەیان پارتی لەئاستێکی تری کۆمەڵایەتی شکستی زیاتری هێنا بەو ئاندازەیەی کە هیچ حەزرەتێک و فریاد ڕەسێک ناتوانێت پارتی لەم گێژاوەی ڕزگار بکات و هێندەی تر ئەکەوێتە پەراوێزی کۆمەڵایەتی کۆمەلگاوە ...
بارزانی پێ ی وایە خەڵکی کوردستان و بەرەی ئازادی خوازان قەوم و خوێشی بنەماڵەن و بە کایەکانی ئەو لە دیاری کردنی چارەنووس و ماف و ئازادی یەکانی خەڵک خۆی فریاد ڕەس و بڕیاردەری تاک و تەنهایە ، چونکە جەماوەری کوردستان نازانن ژیان و چارەنووسیان بە بێ دەسەڵاتی کوردی و پارتی بنەماڵە دیاری بکەن ! بۆیە ئەبێت هەمیشە ئەم جەماوەرە وەتەنگ هاتووە هەروەک کاسە لێسەکانی بەردەرگای عاری دەسەڵاتی کوردی سەما بکەن و ستایشی بارزانی بکەن کە چەندە بێ ماف و بێ حورمەت و بێ ئازادی و بێ نان و ئاوو کارەبان .. کەچەندە بەدەست نەهامەتیەکانیانەوە ئەناڵێنن بە هۆی کۆمپانیای کەڵەکەی سەرمایەی دزراوی ئەوانەوە.. کە چلۆن مەسەلەی سیاسی کوردیان کردۆتە قومارو لەگەڵ هاوشێوەکانیان هەر ڕۆژە و بەجۆرێک سات و سەودای پێوە ئەکەن .. کەچۆن بوونەتە شەریکە دزی نێونەتەوەیی لەسەر کەرامەت و حورمەت و ئازادی یەکانی خەڵکی کوردستان .. ئەم خۆنمایش کردن و خۆپیشاندانەی خەڵکی کوردستان و ئازادی خوازان لەئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتی (نا)یەک بوو لەدژی ئەوان ، نا یەک بوو بۆ ئازادی ، بۆ ڕزگاربوون لەدەست ئەوان و یاساو دادگاو حکومەتیان بۆ خۆش گوزەرانی و ژیانێکی شایستەی مرۆڤانەبوو ، بۆ گێڕانەوەی حورمەت و کەرامەتی خۆیان بوو لە دەستی بێ دەربەستی بنەماڵەی پارتی کوردی ..ئەمە ئاسۆیەکی مرۆڤ دۆستانەیە ، بۆئەوەی ئەم ئاسۆیە بەئامانجی خۆی بگات ئەبێت خەڵکی ئازادی خوازی کوردستان بەڕیزی ملیۆنی خۆیانەوە پەیوەست بن بۆ ئاڵ و گۆڕی ئاییندە بە قازانجی خۆیان لەپێناوی ژیان و ئایندەیەکی تر بەدوور لەدەسەڵاتی پارتی خۆماڵی کوردی...
١ی کانوونی دووەمی ٢٠١١

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە