کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


٣٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣، ئەو ڕۆژەی دیموکراسیەت کوژرا

Tuesday, 02/07/2013, 12:00






٣٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣، ئەو ڕۆژەی دیموکراسیەت کوژرا، ئەو ڕۆژەی سەر بە دیموکراسی شۆڕ کرا، ئەو ڕۆژەیە تا هەتایە شەرمەزاری (نیشتمان و خاک و شەهید و خەبات بۆ ئازادی) ی کردین.
ئەو ڕۆژە بو بە شاپەڕێکی ڕەش لە وانەکانی خوێندنی مێژوی کوردستان، بە قەلەمی گەندەڵی و کۆنەپەرستی و خێل گەرایی و بە هێڵێکی پان نوسرا: (چۆن ئازادی کوردی وەک منداڵێکی ساوا ی بێ تاوان بە تۆمەتی بە کچ بونی زیندە بە چاڵ کرا، ئێمەش ئاوا دیموکراسی کوردیمان لە خاچ دا). ئەم تاوانەش لە ژێر ئەو قوببەیەدا ئەنجام درا کە ناو نراوە پارلەمان و نوێنەرایەتی سەرجەم دەنگەکانی خەڵکی کوردستان ئاکا.
هەمو پێکەوە دەنگیان دا، دوژمن و دۆست، یەکێتی و پارتی، ئۆپزسیۆن. هەر هەمویان.
خەڵک هاوار ئەکا، سەرۆک بەسە بەرگەی چەند ڕۆژی دیکەی سەرۆکایەتی تۆ ناگرین، ئەوەتا خۆمان ئەسوتێنین ، ژن و منداڵەکانمان ئەکوژین، منداڵە تازە لە دایک بوەکانمان لە گۆڕستان فڕێ ئەدەین، خۆمان کوێر ئەکەین، لە سەرەی بانزین و نەوتدا ئەخەوین، نمەی بارانێک لە ژێر لافاو و بێ بارانی لە تینویدا ئەمانخنکێنێ، ئەڵێین بڕۆ لە کۆڵ ئەم گەلە بەرەوە. بڕۆ، چ پانتاییەک نەما بۆ چانسێکی دیکە، دوای بیست و دو ساڵ ی براکوژی و زیندانی نهێنی و بەتاڵان بردنی سامانی سەر و ژێری نیشتمان و گیرفانی خاکێک چانسی چی داوا ئەکەی؟ بە چ ڕویەکەوە دێیتەوە بەردەم دایکی شەهید و ژنە ئەنفالێکی گەرمیان یان بارزان و لە هەڵبژاردنی ئایندە چی بە زامدارێکی کیمیای هەڵەبجە دەڵێی و ئەمجارە خەونەکانی گەنجان چۆن ڕائەچڵەکێنی؟.. وەڵامی چیت پێیە بۆ ئەو هەمو (بۆ) و (چی) یە.
لەناو گەرمەی (بۆ) و (چی) ەکاندا ، بێ ئەوەی لەدەرگا بدەن، بێ دەستور هاتنە ژور و بێ ژماردنی دەنگ و بێ ئاگای خەڵک، پارلەمان و سەرۆکایەتی بە دڵی پارلەمان و سەرۆک درێژ ئەکەنەوە.
ئەمە لای خەڵکی داماوی وەک ئێمە بێ لە ڕێکەوتن لە پێناو بەرژەوەندی باڵای نیشتمان (کە خۆی لە بەرژەوەندی خۆتان و بنەماڵەکانتاندا دەبینێتەوە) چی دی کە نیە.
ئێمە چ داوایەکمان لەو دەسەڵاتە نیە ، چونکە ئەو دەسەڵاتە هێندە سەرقاڵی گرێبەستەکانی نەوت و دەرمان و چەک و پرۆژە وەهمیەکانە، بە فریای ناشتنی مردوەکانی خۆشی ناکەوێ.
ئێمە بە وانە ئەڵێین کە خۆیان ناو ناوە ئۆپزسیۆن؛ گەر ڕاست ئەکەن ، با ئەندامانتان نەچنە پارلەمان، با وەک کەم ئەندامان و هەق خوراوانی دیکەی ئەم وڵاتە، لەبەردەم پارلەمان دەوارێک هەڵبدەن و مان بگرن، با ڕابەرانی ئۆپزسیۆن وەک گاندی بە ڕۆژو بن. با بیرمان نەچێ، ئەی ئێوە خاوەنی ٤٠% چل دەر سەدی دەنگەکانی کوردستان نین؟ با ٤% چوار دەر سەدی ئەندامانتان لەبەردەم ئۆفیسەکانی پارلەمان لەسێ پارێزگاکەی کوردستان دابنیشن هیچ نەکەن تەنها دابنیشن.
ئۆپزسیۆن تکایە وا بکەن، نەبا منداڵێکی عەجول بەردێک بگرێت بەدەستەوە و لەو کاتەی شنەیەک ئەنیشێت بە پەنا گوێی کاکی پێشمەرگەی لق ەوە ڕیزێک فیشەکی بی کەی سی لەدەس دەرچێ و مناڵی داماویش بەردی لەدەس دەربچێ و درزێک بخاتە شوشە بەندی تەلاری پارتێک و گەنجانی وڵاتێک خەڵتانی خوێن بکەن و ، گێرەشێوێنی ئەم گەنجەش بەرنامەی کیسەڵی سێ هەزار ساڵەی پیرۆزی ئۆپزسیۆنبونتان و گێرەی چەند ساڵەتان بشێوێنێ.
بەرژەوەندیەکانی دایکی نیشتمان لە بەرژەوەندی مانگانە و نەوت و گرێبەست و پۆست و پلە باڵاترە، با چەند سەفتە دۆلارێک دایکی نیشتمانتان لە بیر نەباتەوە، داهاتوی نەوەکانمان لێ بزر نەکا، با خەونی باو باپیرانمان بۆ ئازادی نەکەینە قوربانی سازانێک بۆ گەندەڵی.
گەر ئێوەی دەسەڵات و ئۆپزسیۆن ئامادەی هەڵبژاردنەکان نین، ئەوە کەی کێشەی ئێمە یە، ئێمە کەی گرنگیمان بە دەرچونی ئێوە داوە، ئێمە ئەمانەوێ نەتان بینینەوە، بیست ساڵە زیاترە ئێوە ئەم وڵاتە ئەتک ئەکەن ، بە تاوان و گەندەڵی و تلیاک و کوشتاری وا ئاشناتان کردین گەر ئێوە نەبونایە هەرگیز لە چیرۆکەکانیشدا نەمان ئەخوێنەوە.
ئیوە ئێمەتان کرد بە خزمی جەنگی مەزهەبی و ئاینی، هەر یەک لە ئێوە ، دۆست و دوژمنی دوژمنێکتان هەڵبژارد، ئەگەر بار و دۆخەکەش لەبار نیە، باشتر. با بچین بۆ هەڵبژاردن و بەڵکە لەم بارە ناهەموارە سەرەوژێر بێ و ڕزگارمان بێ. یان ئەترسن ڕایەڵەکانی دامەزراوە تەماویەکانتان ئاشکرا بێ، زیندانی نهێنی و کوشتنی نهێنی و گرێبەستە نهێنیەکانی خۆتان و داگیرکەران ئاشکرا بێ. گەر پاساوی ئاسایشی نیشتمانی و مەترسی دەرکی و دوژمن زۆر پاساوی دیکە تان هەیە و ئێمە منداڵین و نایزانین. چۆن کە ئێمەی بچوک نایزانین، باکمان نیە. ئەوە ئێوەن ئەترسن لەوەی بەو هەمو سەرەوت و سامان ەوە بچنە هەر کوێی ئەم دنیایە، کوردێک هەیە لەدەس ئێوە ڕای کردوە و، لەو وڵاتی قانونە چاوەڕێی دادگایی کردنتانە.
لەم وڵاتە بگەڕێن بۆ خەڵکی خۆی ، ئەوانەی نە پەیوەندی نهێنی نێو دەوڵەتی ، نە گرێبەستی درێژخایەن، نە بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەل دەر و درواسێ و گەورە دەولەتاندا هەیە، لێمان بگەڕێن بە کەم عەقڵی خۆمانەوە وڵاتەکەی خۆمان ڕێوە بەرین.
ئێوە لە ٣٠ی حوزەیران سەرکەوتن لە درێژ کردنەوەی سەرۆکایەتی و پارلەمان ، لێ خۆتان ڕسوا کرد بۆ دۆست و دوژمن، سەلماندتان ئێوە گرنگی بە خەڵک نادەن، هەمو خەمەکانی خەڵک لای ئێوە ئەرزشی ددان شتنێک یان لوت پاکردنەوەیەکی نیە.
تا ئێستا ڕوی نەداوە لە مێژوی میللەتان،، بەرپرسێک
دەنگ بە خۆی و چەپڵە بۆ خۆی و ماوەی بەرپرسیارێتی خۆی درێژ بکاتەوە، ئەمە ئەوپەڕی گاڵتەجاڕیە، هەموان ڕێکەوتبون لەسەر ئەم درێژکردنەوەیە، هەندێک عەشقی کورسیە، هەندێک ئەزانێ زیاتری پێ ناکرێ و شتێکی وەرگرت و لێی دەرچو، هەندێک کێشەی زۆرە و شارەزایە و ئەزانێ کورسیەکانی کەم ئەکا، و دوا هەندیش خوا ئەوەندەی کردوە بە قسمەت، و چەندی بەرژەوەندی پەرستی دیکەش ، دیموکراسیەت یان لە خاچ دا، هیچیان بۆ ئێمە نەهێشتەوە بێ لە وشە بۆ دەربڕین، نابێ قەڵەم بێ دەنگ و دەنگمان بێ سەدا بکەین، با هەزاران ساڵیش بێ دەنگ بین، دەنگی ئێمە خەفە ناکرێ، خۆ گەر ئەشمان کوژن باشترە هاوار بکەین لە ڕێی بەرەو قەنارە بردنمان.
ئەی عاشقانی کورسی باش گوێ بگرن ، گەر ئەم دو ساڵەشتان بۆ چوە سەر، دوای ئەوە ئەیبینن لەسەر ڕێکانی ئازادی و سەربەخۆی بونمان، چاوەڕێتانین تا مافەکان بگەڕێنینەوە بۆ خاوەنەکانیان، هیچ دەسەڵاتێک لەسەرو دەسەڵاتی گەلەوە نیە، گەر ئێوە خیانەتتان کرد ئەوا خیانەتتان لە پشتیوان و لایەنگرانی خۆتان کردوە بەر لەوەی خیانەت لە ڕکابەرەکانی خۆتان و گەل بکەن، ئەی باشە بیرتان چوە لە خۆتان بپرسن گەر ئەم ماوەیەتان بۆ چوە سەر ئەی دوای ئەوە، ئایا گەل هەڵتان ئەبژێرێتەوە؟ ئەمە پرسیاری منداڵێکی شۆڕشگێڕی بەرد بەدەستە بۆتان.
ئەی نیشتمان ئەترسم لە داهاتو، وەک ڕابردو ڕۆڵەکانت بداتە کوشت...
ئەترسم وەک ڕابردو میرەکانی جەنگ منداڵەکانت بداتە کوشت و بە پۆستەری سەر عمودیک خەڵاتیان بکا..
تا لەسەر خوێنی ئێوە دابنیشن و بەرپرسیارێتی و بەرژەوەندیەکانیان وەک ڕابردو بە سیستمی نوێی ئێستا لە نێوان گورگ و مەڕ، بولبول و پشیلە ، نازناز و نازیەکان، بە پێی ڕێکەوتن نامەیەکی پێشوەخت دابەش بکەنەوە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە