بێ جێهێشتنى بیرى تەسكى حزبایەتى چاكسازى بەڕێناكرێت
Sunday, 31/07/2011, 12:00
خراپ بەكارهێنانى موڵك و ماڵى گشتى لەسادەترین مانادا واتا دزینى قوتى خەڵك و پارەى خەزێنەى دەوڵەت، رێكخراوى شەفافییەتى نێودەوڵەتى لەمەڕ ئەم پرسە وا تاریفى گەندەڵى دەكات)بریتییە لە ئیستیغلالكردنى پۆستى حكومى و خراپ بەكارهێنانى دەسەڵاتى گشتى لەپێناو بەدەستهێنانى دەستكەوتى تاكەكەسى و سودى تایبەتیدا (سندوقى دراوى نێودەوڵەتیش دەڵێت)گەندەڵى پێشێلكردنى پرەنسیپى ئەخلاقى و كۆمەڵایەتى و ئیدارییە .(تا ئێستا واهاتووە بەرپرسێك لەسەر دیارنەمانى پارەو بەفیڕۆدانى بەمەبەستى پارەو موڵكى حكومەت لەجیاتى گرتنەبەرى رێكارو رێوشوێنى یاسایى لەدژى و سزادانى بەجۆرێك دەرفەتى پەنابردنەبەر بەكارهێنانى پۆستى دەوڵەتى بۆ مەرامى كەسى و خۆدەوڵەمەندكردن نەبێت، كەچى تەنها بەدواداچوون و لێپێچینەوەیەكى رووكەشانە دەگیرێتەبەر، لێپێچینەوەى رووكەش بەو مانایەى پەردەپۆشكردنى خوارى و خێچییەكان و دەربازكردنى لەو هەڵانەى تێیكەوتووە، ئەگەر وانییە كەسێك بەئاشكرا بەرێگەى نایاسایى پارەى كێشابێتەوەو بەبەڵگەوە چەندین كارى گەندەڵى ئیدارى لەسەر ساغبووبێتەوە، تەنها گەڕاندنەوەى پارەو شتەبردراوەكان بەسەو بەراست ئەمە پێى دەوترێت سزادان؟! یان تۆ بێیت كەسانێكى تێوەگلاو بەچەندین كارى ناشیاوو گەندەڵى لە شوێن و دەزگاكەى خۆى بگوازیتەوە بۆ شوێنێكى دیكەو واى پیشان بدەیت كەئەمە سزادانەو چاكسازییە لەم شوێنەدا! یان دەسەڵات بێت بەناوى سزادانەوە پۆستێك لە بەرپرسێك بستێنێتەوەو بیباتە جێگەیەكى دیكەو پۆستێكى دیكەى پێ بداتەوە، بەراست ئەمە سزادان و چاككردنى پرسى رۆتین و فەسادى ئیدارى و گەندەڵییە لە دامودەزگاكانى حكومەتدا؟! یان ئەمە دڵڕاگرتن و لەسەردەستدانان و لەخۆ زویرنەكردنى ئەم خەڵكانەیە؟! حكومەت كامەى بەلاوە گرنكترە بنبڕكردنى گەندەڵى و خاوێنكردنەوەى دەزگاكان لە خەڵكى مشەخۆر یان گرتنەبەرى سیاسەتى دڵڕاگرتن؟! وەختێك بەرپرسێك ماڵى خەڵك و دەوڵەت دەخوات حكومەت و حزبیش وەك سێبەرێكى گەورەى حكومەت لەسەر چ بنەماو لۆژیك و بەرژەوەندییەك لەسزادانێكى یاساییانە خۆیان دەبوێرن؟ گوفتارو عەقڵێكى كرمێ و گەندەڵ تۆبڵێى خزمەت بە حكومەت و تەنانەت حزبیش بكات؟! لەسزادانى گەندەڵكاران لەچى دەترسن؟ دەترسن لەوەى بڕوات و عەشیرەتەكەشى لەگەڵ خۆى ببات؟ ئەندام و دەنگى حزب لە كورتى دەدات؟ چما حزب و حكومەت بەچى لەكورتى دەدات بەبوونى كەسانى مشەخۆرو بەرژەوەندپەرست، یان بەكەسان و بەرپرسى دەستپاك و راستگۆو دڵسۆزو بێ عەشیرەت؟! هەتا لە سزادانى گەندەڵكاران و هەموو ئەوانەى كورسییەكانیان بۆ خۆیان بەكاردێنن بیر لە بەرژەوەندى تەسكى حزبى و مەحسوبییەت بكرێتەوە ئەستەمە بتوانرێت قەتارى چاكساى بگەیەنرێتە مەنزڵى خۆى، ئەستەمە گەندەڵى بنبڕبكرێت، بوونى دەستێوەردانى حزبى لەحكومەت و نەبوونى دەسەڵاتێكى دادوەرى سەربەخۆو كارا كە تواناى لێپێچینەوەى لە گەندەڵكاران هەبێت دوو لەمپەرى زەبەلاحى بەردەم مانەوەى گەندەڵى و كەسانى مشەخۆرن، حكومەت بەبێ دوورخستنەوەى دەستى حزب ناتوانێت لەسەرپێیەكانى خۆى وەك حكومەتێكى كراوەو مەدەنى و خاوەن دامودەزگایى بوەستێت، ئەوەى ئەم دەسەڵاتە دادوەرییە بەهێزو سەربەخۆو خاوەن دەسەڵاتە دروستدەكات ئەم حكومەتە دوور لەحزبەیە، جێى خۆیەتى وەك چۆن سەرۆكایەتى هەرێم لیژنەى بۆ پرسى نەهێشتنى گەندەڵى و لادانى كەسانى گەندەڵ پێكهێناوە ئەم لایەنە بەهەند وەربگرێت و جددیانە كارى لەسەربكات، خودى سەرۆكى هەرێم و ئەم لیژنەیە هەقە هیچ كەسێك لە كەموكورتى نەبەخشن، پۆست بەبەرپرس و كەسانى كەمتەرخەم نەدەنەوە، دەسەڵات بەدەسەڵاتى دادوەرى بدەن ئەم خەڵكانە سزابدات، هاوكات گرنگە ئەم لیژنەیە لەشارو حزبێكدا قەتیس نەكرێت و هەموو حزب و شارو دەزگایەك بگرێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست