سوود وەرگرتنی تورکیا لە کاوۆس تیۆری(Chaos theory)؛ بۆ چی ئێستا ئەردۆگان دوژمی دۆستەکانیەتی؟
Friday, 06/04/2012, 12:00
تیۆری کاوۆس کارئاسانیمان بۆ دەکات بۆ سەیرکردنی هەر شتێک کە بتوانیت وەکو وێنەیەکی سەرتاسەری بێتە بەرچاو. تیۆریەکە لە پڕۆسە دەڕوانێت نەک لە پارچە و بەشەکانی. گەر بۆ نمونە سەیری تاڤگەیەکی ئاو بکەیت، ئەگەر سیری هەریەک لە درۆپێکی ئاوی تاڤگەکە بکەیت هیچ واتایەک نابەخشێت، بەڵکو پێویستە سەیری سەرتاسەری تاڤگەکە بکەیت، وەکو ستروکتورێک کە بەشەکانی لەژێر گۆڕانکاری دایە. لەهەر چرکەیەکدا ئاوی نوێ بە تاڤگەکەدا دەرباز دەبێت، بەڵام تاڤگەکە خۆی جێگیرە. پێویستە بەهەمان شێوە سەیری ئابوری بکەین. پێویست ناکات تێیبگەین کە لەماوەی داهاتوودا بەرهەمەکەی چەندە و چۆن بووە، بەڵکو سەرنجمان بەلای پڕۆسە سەرەکییەکە دابێت، کە ئەنجامە کۆتاییەکەیە.
لەوانەیە لێکدانی شەقەی باڵی پەپولەیەک لەکاتی ڕوودانیدا لە یارمەتیدان بۆفڕینی پەپولەکە هیچ سوودێکی دیکەی نەبێت، بەلام لە کاوۆس تیۆریدا وا دەردەخات کە ئەم کردارە دەتوانێت ڕاڕەوی ژیان یان گۆڕانکاری لە دواڕۆژدا بەرەو لایەکیتر ببات.
نمونەکان لەسەر درۆپە ئاوێک یان لێکدانی باڵی پەپولەیەکن، کە کەمترین یان ساکارترین شتن، بەڵام دەتواندرێت لەسەر هەموو جۆرە کردەوەیەکی ساکار بەکار ببرێت کە ئەنجامە کۆتاییەکانیان یەکجار گەورە و ئڵۆزاوین و هەڵوەشاندنەوەیان ئەگەر نەکردە نەبێت ئاسان نییە.
حوکمەتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا، دەتوانرێت بگوترێت بەسەدان ساڵە لەهاوپەیمانی دراوسێکانیان دان (ئێران و ئێراق و سوریا) بۆ سەرکوت کردن و لەناوبردنی گەلی کورد و زەوت کردنی خاکەکەی، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ئامرازێکیان بۆ ئەم کارەیان بەکار هێناوە. ئێستاش سەردەمی نوێیە و ئەوان دەزانن کە ڕووخانی ئەسەد و لەناوچوونی کۆماری ئیسلامی ئێران سوودێکی زۆری هەیە بۆ وڵاتی تورکیا.
نمونەیەکی باش بۆ ئەمە ڕووخانی ڕژێمی ئێراقە، هەر لەسەرەتای بنیادنانەوەی وڵاتەکە، تورکیا کەلکی باشی لێدیوە و ئیشتاش لە ٥٠% ی کۆنتراکتچییەکانی کە لەگەڵ حوکمەتی پارتی و یەکێتی ڕیککەوتوون و لە هەرێمی کوردستاندا هەن لەگەڵ ئەوەشدا بە سەدان سیخوڕ و میتیان ڕەوانەی هەرێم کردووە و بنکەیەکی وا پتەویان تێدا کوتاوە کە دەرکردنیان مەحاڵە. لەگەڵ خۆیان دا گۆرانی و زنجیرەدرامای تورکییان هێنا (ئەمڕۆ نیوە زیاتری گۆرانییە کوردییەکان ئاوازی تورکیین، هەندێکیشیان تێکستەکانیشیان لە تورکییەوە وەرگێڕدراون)، خوێندگایان بەزمانی خۆیان و ئینگلیزی کردەوە کە بنەماکانیان کولتوری تورکن، هەروەها بە نهێنی و بە ئاشکرا پشتگیری و یارمەتی پارتە تورکمانییەکان دەکەن.
هەموومان دەزانین کە تورک بەلایەنی زمان و کولتورەوە نەتەوەیەکی ڕەگەزپەرستن، لەپێناو دەوڵەمەند کردنی زمان و کولتورەکەیان ئامادەن هەموو شتێک بکەن. هەموو ئامرازێک بەکار دەهێنن بۆ داگیرکردن و زیادکردنی ناوچە بۆخۆیان،. هەروەها خەونی گەورەی ئەوان دروستکردنەوەی ویلایەتی عوسمانییەکانە. لەگەڵ ئەوەی سەرژمێری دانیشتووان لەهەموو جیهان لەزیادبوون دایە ئەم جارەیان تورک زۆر ژیرانە و بەبێ جەنگ دەتوانن ئەم کارە بکەن، هەرچەندە ئەمە کاتێکی درێژتر دەبات، بەڵام ئەنجامەکەی کاریگەرانەیە.
تورکیا لەیەک کاتدا وڵاتێکی خاوەن پیشەسازیە لە ئاستی سەرەتایی و ئاستی دوو و ئاستی سێ دا بەرهەمی هەیە، بۆیە ئیمپۆڕتی زۆر کەمە و ئێکسپۆڕتیشی یەکجار زۆرە.
ئاستی سەرەتایی ئەمانە لە خۆ دەگرێت: کشتوکاڵی، باغەوانی زانستی، دارستانی، ماسیگری، نەوت و گازی سروشتی و دەرهێنانی کەرەستەی خاوی دیکە.
ئاستی دوو ئەمانە لەخۆ دەگرێت: پیشەسازی لە بواری خۆراک، پیشەسازی ڕستن و چنین و بەرگ، پیشەسازی دار و درەخت، پیشەسازی پەڕ و گرافیک، پیشەسازی ڕۆنی کانزایی، پیشەسازی کیمیایی، پیشەسازی پلاستیک و لاستیک، پیشەسازی بەرد و قوڕ و شووشە، پێشەسازی ئاسن و کانزای میتاڵی دیکە، پێشەسازی ئامێر، پیشەسازی ئەلەکترۆنی، پیشەسازی کەرەستەی هاتوچۆ، پیشەسازی ئۆتۆمۆبێل و پیشەسازی پێداویستی ناوماڵ و هیتر.
ئاستی سێ ئەمانە لەخۆدەگرێت: بینا سازی (ئەمەیان خانو و دروستکردنی پاڕک و ڕێگاوبان و فڕۆکەخانە و دروستکردنی تەلاریتر دەگرێتەوە لەگەڵ هەموو ئەمانەی کە پەیوەستن پێیانەوە)، هۆتێل و چێشتخانەکان، گواستنەوەی سەر خاک، گواستەوەی ئاوی، گواستنەوەی ئاسمانی، بەڕێوەبردنی سەرڤیس بۆ گواستنەوە، کڕین و فرۆشتنی خۆراک و کەلوپەلەکانی، فرۆشتنی وردەواڵە، پارە و فاینانسکردن، بیمەی دڵنیایی لەگەڵ کاری خانەنشینی و فاینانسی خزمەتگوزاری.
لەلایەکی دیکەشەوە وڵاتی سوریا وەکو بەربەستێکە بەرامبەر بە تورکیا بۆ هەناردەکردنی کەلوپەلی پیشەسازی و کشتوکاڵی، چونکە سوریا خۆی بەشێکی زۆر لەمانە بەبەرهەم دێنێت، بەمە بۆ تورکیا بەواتای شکستهێنانە بۆ بازرگانی کردن لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان. بۆیە ئێستا بەرژەوەندی تورکیا ئەمە دەخوازێت کە ڕژێمی بەعس نەمێنێت و ئاڵۆزی ڕووبدات تا بۆخۆی بتوانێت جۆرێک ڕێکخستن لەناو ئەم گێژاوەدا بدۆزێتەوە، تا لەکاتی بنیادنانەوەی وڵاتەکەدا کۆنتراکتچی و بازرگانێکی زۆر رەوانەی ئەوێ بکات، لەهەمان کاتیشدا سوریا بکات بەڕێگایەکی بازرگانی بۆ وڵاتەکانی ئەوبەر. هەربۆیەش ڕام وایە کە تورکیا ڕێک لەسەر یاسای تیۆری کاوۆس دەڕوات.
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە نێوانی ساڵەکانی ١٩٤٥-١٩٥٢ دا یەکێتی ئەوڕوپا دروست بوو بەو هۆیەی کە بەیەکجاری جەنگ لە ئەوڕوپا بنەبڕ بکرێت. وا بوو کە وڵاتەکانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەلجیکا و هۆڵەندا ڕێککەوتنێکیان لەبارەی هەمئاهەنگی خەڵوز و پۆڵایان مۆرکرد، تا لە ڕێگای ئابووری و ڕامیاری لەیەک نزیک ببنەوە و ئاشتیی سەرتاسەری بەرپا بکەن. دەبێ تورکیا لەم مێژووەش وانەی وەرگرتبێت و بۆ پلانی خۆی بەکاری بێنێت و دوژمنانی خۆی پێ جڵەو بکات.
نمونەی سەرکەوتووی تورکیا کوردستانەکەی لەمەڕ خۆمانە. تورکیا ژیرانەی سەرۆکەکانی کوردیان بە گرێبەستی بازرگانی بەستۆتەوە تا نەتوانن داوای شتێک بکەن کە مایەی زیان بێت بۆ ئەوان، بۆیەش ترسیان لەوە نیە ئەگەر هاتو ڕژێمەکەی ئەسەد ڕووخا و کوردەکان داوای مافی خۆبەڕێوەبردن بکەن، چونکە هەر ئەوەندەیە جلەوی کوردەکانی ئەوێش بکەوێتە بەردەسیان، ئەوکات سوودەکەی زیاتر دەبێت لەزیان.
بەهەمان شێوەش ئاواتی تورکیا ئەوەیە چارەنوسی مەلاکانی ئێران بەم لایەدا بڕوات، ئەوکات دەتوانێت لە ئاستی پیشەسازی و بەرهەمهێنان بە هیندستان و وولاتانی تری پێشکەوتوو بگات.
ئەم ڕووخسارەی ئەمڕۆی ئەردۆگان کەدەیبینین دەزانین کە ساختەیە، لەگەڵ هەرلایەنێک ڕووێک نیشان دەدات، لەگەڵ لایەنێک زمانی گورگ، لەگەڵ لایەنێکیتر زمانی زەڕڕافە بەکاردەهێنێت بۆ فەلەستین و سۆماڵیش فرمێسکی تیمساحی هەڵدەڕێژێت. هەموو ئەوانە نیشانەی خۆ بەزل زانینن. ئەم بارە ئاڵۆزەی وڵاتانی دەوروبەریش بەهارێکی پڕ لە گوڵ و سەوزاییە بۆ تورکیا. ئەو قەیرانەی کە هەیان بوو بە بازرگانی کردن لەگەڵ سەرانی کورد کەمی کردەەوە، وە لەگەڵ تێکچوونی باری ئاسایی ئەو دوو وڵاتەی دیکە وادەکات تورکیا دەوڵەمەند بێت و دەسەڵاتێکی فراوانی بەسەر ناوچەکانی دەوروبەریدا هەبێت.
کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە لەکانزا و کشتوکاڵدا، ئەگەر بێت و کارگەی پێشەسازی دابمەزرێنن و بایەخ بە بەرهەمی خۆماڵی بدەن، ئەوا ئێمەش دەتوانین هەموو ئەوانە بکەین بەڵام فاکتەری گرنگ بۆ ئەم کارە هەبوونی هزری ننەتەوەییە کە لەناو دەشەڵاتدارانی ئێمەدا تابووە.
www.geyeti.com
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست