كوردستان ووڵاتی خەون كوژەكان
Monday, 19/07/2010, 12:00
(467) ووشە پێشكەشە بەگیانی پەژموردەی شەهیدانی قەڵەم و ئەو قەڵەم بەدەستانەی لولەی تفەنگ لە ئینتزاردایە بۆیان، بەبۆنەی چلەی ماتەمینی ڕۆژنامەنوس و خوێندكاری زانكۆ و شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان.
ئێرە كوردستانە ووڵاتی خەونكوژەكان ئەو ووڵاتەی خوین بە ئاو دەفرۆشێت نوكی قەڵەمی تێدا دەشكێنرێت جەستەی مرۆڤی تێدا ئەنجن ئەنجن دەكرێت، خەیاڵدانی مرۆڤی تێدا دەكرێت بە خەرابات، بێستانی مەرگی تێدا دەچێنرێت، نۆژەنی تەمەن باخچەی هیوا دەكرێت بە سیمبوڵی فیشەكی تفەنگی دەستی ئەو جەلادانەی لە بۆ سەدان بۆ هەتیوكردنی نیشتیمان و بێڕێزكردنی زانكۆ و بێنازكردنی كتێب و بێبازاڕكردنی ڕۆژنامە و دەنگی شیوەنی مەرەكەب، لێرە دەنگی زایەڵەی گەنجان دەكرێت بە قوربانی لە جلەی ماتەمینی ڕەنجەڕۆیاندا مشتێك لە سیحرەكانی فلوتە درۆینەكانیان بۆ دەژەنن، جار جارێكیش یەك دوو مەقالە و فاتیحایەكی پڕ لە هەڵەو تەڵەی بۆ دەخوێنن، وەك هەمیشە یەك دوو پارچە شیعریش دەكەن بە دیاری بۆ ماڵئاوایی لە دۆسیەیی كوردستانیەك كە ناتوانێت بە خەونیش تەعبیر لە خولیاكانی بكات ئاخر چەند عارە دیموكراسی ووڵاتێك جێگای خەونی نەوەیەكی زیتەڵەی تازەخونجەی تێدانەبێتەوە..؟؟!
گەورەم، لێرە فەلسەفە و سیستەم و چەمكەكانی لیبرالیەت و
مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی مەدەنی و دەسەڵاتی چوارەم و... هتد فشەیەكی گەورە و درۆیەكی تیمساحیانەیە، تەنها شتێك لێرەكاربكات هێزە، لولەی تفەنگەكان دیالۆگ لەگەڵ ئینسان دەكات مەسەلەكان یەكلادەكاتەوە، ئەوان ئەزمونیان وەرگرت لەكوشتن و برسی كردن و گەندەڵكردنی ئیدارەی ووڵات، نیقاش و دیالۆگیان پێ هەرس ناكرێت باوەڕیان بەشتێك نی یە پێ ی بوترێت بیروڕای جیاواز و قەڵەم و مەرەكەب، مەگەر ئێرە ووڵاتێك نی یە بەردەوام باجی قوربانیەكانی تێدا دەدرێت جارێك بە دەستی ڕەشی غەدارێكی بەعسزمی لە گۆمی خوێندا خنكاو جارێك بە دەستی سپی هاونیشتیمانێكی لە ناو خوێندا سور هەڵگەڕاو.
لێرە ئەگەر نەبیت بە سێبەرخۆت و قەڵەمەكەت و پەیامەكەت نەفرۆشیت و كاسەلێس و زوڕناژەن نەبیت دەهۆڵ بۆ فیستیڤاڵی بێحورمەتی كردنی مرۆڤ لێنەدەی كوڕنوش بۆ وێنە دڕاوەكان و دروود بۆ بتە بێناوەكان نەبەیت، دەبیت بەهاوڕێ ی مەرگ، ئەزانن خەتەرترین شتێك لێرە ئەوەیە ڕاستگۆبیت، حەقیقەت وەك خۆی بگوێزیتەوە، بێبەهاترین شت لێرە نرخی ئینسانە، لە دیدی خەونكوژەكاندا مرۆڤ بۆ خزمەتی ئەوان دروستكراوە، ئەوان هەموو شتێكیان لێدێت، ماهیرن لە لە خاچدانی روحی سپی نەورەس ئاسای پەپولەكانی ووڵات و فەلاقەكردنی نەیاران و ئەتككردنی نۆرمەكانی سیستەمی دیموكراسی و لە بیركردنی بەها مۆڕاڵیەكانی هاوڵاتی بوون، چەپاندنی دەسەڵاتی ئۆلیگاریشی و درۆكردن لەگەڵ كۆمەڵگای مۆدێرن وكۆمەڵی مەدەنی و مۆنۆپۆڵكردنی ژێدەرەئابورییەكان و كڕین و لە قەفەسدانی ڕوناكبیران و...هتد.
گەلۆئێستا بۆ ناپرسن نەیاران كێن ناشێت ئەوانەبن كە پۆزی نەتەوەیمان بەسەردا لێ دەدەن و وەك كۆمپانیایەكی شەباح بازرگانی بە سەروماڵی خەڵك و خاك وئاوی نیشتیمانەوە دەكەن، ووڵات(كوردستان) دەكەن بە دێوەخانی سیخوڕەكان، تافێری سخوری كردن و تایپەكانی تیرۆریان بكەن بەرامبەر بە هاونیشتیمانیان و گۆڕستان بكەن بە ئارامگای سەروەران و قەڵەم بەدەستان، گەر وابڕوات لە ئێستادا چۆن پێویستمان بە شاری خەونەكانە ئاواش پێویستمان بە گۆڕستانی خەونەكانە بۆ ئەسپەردەكردنی ئەو مرۆڤە بوێرە خەوندارانەی بە گولە بەخەبەریان دێننەوە، ئیدی با كێلەكانیان لە قەڵەم و سەرینیان كتێب و كفنیان ڕۆژنامە بێت، دوور لە چاوی خەون كوژەكان هاتا ڕۆژی بەرزەخ خەونی كرستاڵی بكەین بە خولیا و بەهەشتی پێ بنەخشێنین..؟!
گەرمیان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست