"عارف باوەجانی"ش وەک ڕێبەرانی دیمکرات و کۆمەڵە تەسلیم بوو
Monday, 24/05/2010, 12:00
لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی باشوری کوردستان هەردوو بنەمالی بارزانی و تاڵەبانی وەک پیشەی هەمیشەییان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان دەستیان دایە پیلانگێڕان لە پارچەکانی تری کوردستانیش. ئەوە بوو بینیمان کە لە پیلانێکی نەگریسیاندا بۆ ڕازیکردنی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی و بە زەبری پارەو تەماع ڕێبەرایەتی دیمکرات و کۆمەڵەیان ڕازیکرد بە وازهێنان لە خەباتی چەکداری. ئەوان لە چەورکردنی قوڕگی ڕێبەرایەتی دیمکرات و کۆمەڵە بەردەوام بوون هەتا گەیشتە ئەو سنوورەی تاڵەبانی و بەرزانی بە تەواوەتی موسەیتەربوون بەسەریانەوە، دواتر چەندینجار بینیمان ڕێبەرانی دیمکرات و کۆمەڵە سوجدەیان بۆجەلال تاڵەبانی و مەسعەد بەرزانی دەبرد. زۆربەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمە زۆر دڵگران و شەرمەزار دەبوون، زۆرێک لە تێکۆشەرانی ڕۆژانی سەختو دژوار سەری خۆیانیان هەڵگرت بەرەو هەندەران، هەندێک گەڕانەوە وڵات و ژینیان لە سایەی کۆماری ئیسلامیدا زۆر پێ باشتربو لەو سەرشۆڕیەی کە پارتی و یەکێتی بۆ دیمکرات و کۆمەڵەیان دروستکردبوو. هەندێک حزبی نوێ بە دروشمی بریقەدارو دور لە ڕاستی هاتنە مەیدانەوە، گوایە نوێبوونەوەیان دەوێت لە خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، لەوانەش بەناو "پارتی سەربەستی کوردستان" بە ڕێبەرایەتی عارف باوەجانی کە لە ڕاستیدا لە کۆیلەبونی بۆ بنەماڵەی بارزانی هیچی لە عارف تەیفوور کەمتر نیە. ئەو عارف باوەجانی یەی کە هەموو ژمارەی ئەندامانی حزبەکەی لە دە دوانزە کهسی وەک خۆی تیپەڕ ناکات و بە خەیاڵ خۆی بە سەرۆک وەزیری داهاتوی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەزانێت، دوای ئەوەی بێ ئومێد بوو لەوەی یەکێتی هاوکاری بکات، لەم ڕۆژانەدا وەک لاسایی کردنەوەی ڕێبەرانی دیمکرات و کۆمەڵە بۆ بەدەستهێنانی هەندێک پول و پارە لە خەزێنەکەی مەسعودی رۆژنامەنسکوژ سەردانی قەبرەکەی مەلا مستەفا و ئدریسی کرد و سوجدەی بۆ بردن. دەبێت عافە باوەجانی ئەوە بزانێت کە کوردستان بەسوجدە بردن بۆ قەبرەکەی مەلا مستەفا و ئدریس ڕزگار نابێت، ئەگەر بەوشێوە ڕزگار بکرایە ئەوە لە مێژە دیمکرات و کۆمەڵە سوجدەیان بردوە، دڵنیابە چارەنوسی تۆ و بە ناو حزبەکەت لە چارەنوسی ئەوان باشتر نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست