کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هێرش له‌ سه‌ر ئه‌حمه‌د تورک هێرشه‌ له‌ سه‌ر ئیراده‌ی منیش

Thursday, 22/04/2010, 12:00


به‌رێز ئه‌حمه‌د تورک؛ یه‌کێک له‌ که‌سایه‌تییه‌ سیاسیه‌کانی کورده‌ که‌ له‌ ئاستی نێوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌ییشدا جێگه‌یێکی دیاری هه‌یه‌. که‌سێکه‌ که‌ زیاتر له‌ 30 ساڵ ئه‌زمونی سیاسی هه‌یه‌. که‌سێک که‌ هه‌میشه‌ له‌ زه‌مینی یاساییدا خه‌ریکی سیاسه‌ت بوه‌. له‌وانه‌یه‌ به‌ ئه‌زمونترین سیاسه‌تمه‌داری کورد بێت که‌ هه‌میشه‌ له‌ نێو بچوکترین ده‌رفه‌تی یاساکانی تورکیادا ده‌سته‌ویه‌خه‌ی ده‌وڵه‌ت بوه‌ته‌وه‌ و پێداگری له‌ مافه‌کانی گه‌لی کورد کردوه‌. له‌ ساڵه‌کانی 1990دا زه‌مینی پارله‌مانی تورکیای تاقیکرده‌وه‌ و له‌ گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له‌ هاورێیه‌کانی توشی زیندان و ئه‌شکه‌نجه‌ بون. بۆ جاری دووه‌مینیش له‌ دوای ساڵه‌کانی 2000 هه‌تا ئێستا، که‌ ده‌بینین ئه‌مجاره‌شیان سیاسه‌تیان لێ قه‌ده‌خه‌ کرا و ئه‌وه‌تا روووبه‌رووی هێرشی جه‌سته‌یی و هه‌ره‌شه‌ ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌حمه‌د تورک؛ وه‌کو سیاسه‌تمه‌دارێکی به‌ وتاری سیاسی نه‌رم ده‌ناسرێت که‌ ده‌رفه‌تی له‌ ئامێزگرتنی جیاوازییه‌کانی هه‌یه‌. ئه‌وه‌ چه‌ندین جاره‌ له‌ لایه‌ن گه‌لی کورده‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت و متمانه‌ی پێ ده‌به‌خشرێت که‌ نوێنه‌رایه‌تی ئیراده‌ی گه‌ل بکات. دوو جار له‌ لایه‌ن رێکخستنه‌ کوردییه‌کانه‌وه‌ وه‌کو سه‌رۆکی پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتی هه‌ڵبژێردرا. له‌ پارله‌مانی تورکیا وه‌کو سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارله‌مانتارانی کورد له‌ لایه‌ن هه‌رکه‌سێکه‌وه‌ ده‌ناسرێت. له‌ کار و چالاکی دیموکراتی و دیپلۆماسی کورددا پێگه‌یێکی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌. وه‌کو ده‌زانرێت له‌ مانگی نیسانی 2009دا له‌ گه‌ڵ باراک ئۆبامای سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکاش چاوپێکه‌وتنی هه‌بو.
ئه‌مرۆکه‌ ئه‌گه‌ر به‌ وردی ئاورێک له‌ رووداوی ئه‌و هێرشه‌ جه‌سته‌ییه‌ بدینه‌وه‌ که‌ له‌و رۆژانه‌دا کرایه‌ سه‌ر به‌رێز ئه‌حمه‌د تورک؛ ده‌بێ بڵێین که‌ ئه‌وه‌ هێرشێکی ئاسایی نییه‌ و پێویسته‌ له‌ چه‌ند رووه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگێندرێت.
یه‌که‌م: ئه‌وه‌ ساڵێکه‌ حکومه‌تی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان باسی گوایه‌ کرانه‌وه‌ به‌ رووی کورد ده‌کات، ساڵێکه‌ قسه‌ی جوان و ره‌نگاوره‌نگ ده‌‌کرێت، به‌ڵام له‌ کرده‌وه‌دا له‌ دژی کوردان له‌ تورکیا و باکوری کوردستان به‌ ته‌واو مانا فاشیزم و قڕکردن به‌رێوه‌ده‌چێت. زیندانه‌کان پرکراوه‌ له‌ منداڵی کورد، زیاتر له‌ 2000 سیسه‌تمه‌دار و که‌سایه‌تی هه‌ڵبژێردراوی کورد گیراون و ئه‌وه‌ ساڵێکه‌ هێشتا دادگایی نه‌کراون، نوێنه‌رانی کورد هه‌م وه‌کو که‌سایه‌تی و هه‌م وه‌کو ده‌زگا و رێکخستن رووبه‌رووی هێرش و قه‌ده‌غه‌ و قڕکردنی سیاسی ده‌بنه‌وه‌ و گۆشه‌گیری و ئه‌شکه‌نجه‌ له‌ ئیمرالی هێشتا به‌رده‌وامه‌. سه‌یرکه‌ن ئه‌و هێرشه‌ی کرایه‌ سه‌ر ئه‌حمه‌د تورک؛ له‌و کاته‌وه‌ی که‌ ئه‌ردۆگان باسی کرانه‌وه‌ی به‌ رووی کورد ده‌کات، نوێنه‌ری یه‌که‌مینی کوردان ئه‌حمه‌د تورک بو. سه‌رۆکی (ده‌ته‌په‌) بو، سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارله‌مان بو. ئه‌ردۆگان یه‌که‌مین جار له‌ گه‌ڵی دانیشت و ئێستاکه‌ش هه‌ر که‌ باسی کرانه‌وه‌ی کورد ده‌کرێت، دیمه‌نی ئه‌و دانیشتنه‌ی ئه‌حمه‌د تورک و ئه‌ردۆگان بڵاوده‌کرێته‌وه‌. به‌ڵام دواتر چی بو؟ هێشتا ساڵێک تێپه‌رنه‌بوه‌، ده‌ته‌په‌ داخرا که‌ ئه‌حمه‌د تورک سه‌رۆکی بو، سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارله‌مان بو به‌ڵام به‌ حوکمێکی سیاسی ئه‌ندامێتی پارله‌مانی لێ زه‌وت کرا، وه‌کو نوێنه‌ری یه‌که‌مینی کورد بۆ ماوه‌ی 5 ساڵ به‌ گشتی سیاسه‌ت کردنی لی قه‌ده‌خه‌ کرا و به‌م دواییانه‌ش ئه‌وه‌تا هێرشی جه‌سته‌یی کرایه‌سه‌ر و هه‌ره‌شه‌ی کوشتنیشی له‌سه‌ره‌. ئه‌وه‌ ناوه‌رۆکی کرانه‌وه‌ی کورده‌ که‌ ئه‌ردۆگان له‌ تورکیا پێشیده‌خات.
دووه‌م: له‌ سه‌روبه‌ندی داخستنی ده‌ته‌په‌ دا، خه‌ڵکی شارۆچکه‌ی گمگم سه‌ر به‌ قه‌زای موش، وه‌کو هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان چالاکییه‌کی جه‌ماوه‌ری ناره‌زایی ده‌ربرینیان به‌رێوه‌برد، به‌ڵام چه‌ند که‌سێکی جاش و به‌کرێگیراو به‌ چه‌کی ده‌وڵه‌ت هێرشیان کرده‌ سه‌ر جه‌ماوه‌ر و دوو که‌سیان کوشت و به‌ ده‌یانیشیان بریندار کرد. ده‌وڵه‌تی تورک که‌ ناره‌زایی جه‌ماوه‌ریان بینی، ده‌ست و برد به‌ هێلێکۆپته‌ر بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و به‌کرێگیراوانه‌یان گواسته‌وه‌ و دواتریش به‌ بیانوی ئه‌منییه‌تی ده‌عوای دادگایی کردنه‌که‌شیان برده‌ شاره‌کانی تورکیا. ئه‌حمه‌د تورک و هاورێیه‌کانی بۆ به‌شداری له‌ دادگایی کردنه‌دا سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌یان کردبو که‌ رووبه‌رووی ئه‌و هێرشه‌ پلانکراوه‌ فاشیستیه‌ بونه‌وه‌. لێره‌دا ناکۆکی ئه‌وه‌یه‌ که‌ بۆ ده‌وڵه‌تی تورکیا ئه‌منییه‌تی به‌کرێگیرا و بکوژانی کوردان به‌ ده‌یانجار له‌ گرینگتره‌ هه‌تا سیاسه‌تمه‌دار و نوێنه‌رانی کورد. ئه‌و ناکۆکییه‌ ناوه‌رۆکی په‌یامی ده‌وڵه‌تی تورکیا ئاشکراده‌کات. پارتی و ده‌زگا و رێکخستنه‌کانی کوردان داده‌خه‌ن، جه‌ماوه‌ر که‌ ناره‌زایه‌تی دیموکراتی ده‌رده‌برێت ده‌سترێژی ده‌که‌ن ده‌یکوژن و دواتریش ئه‌گه‌ر له‌ رێگای یاسا و دادگاشه‌وه‌ خه‌ڵک به‌ دوای مافی خۆی ده‌که‌وێت ئه‌وه‌تا وه‌کوو کرایه‌ سه‌ر ئه‌حمه‌د تورک هێرشی ده‌‌که‌نه‌سه‌ر. واتا ده‌وله‌تی تورکیا؛ تێکۆشانی کورد له‌ چیاکان به‌ تیرۆر ناوزه‌ند ده‌کات،ده‌رفه‌تی تیکۆشانی سیاسی و دیموکراتی و راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌‌ ده‌که‌ن، هه‌ڵوێستی جه‌ماوه‌ری له‌ شه‌قام و کۆڵانه‌کانی کوردستاندا تیرباران ده‌که‌ن و ئه‌وه‌تا دیاره‌ له‌ زه‌مینی یاسایی و دادگاکانیشدا چی به‌ سه‌ر کورداندا دێنن. ئه‌مه‌ دیوێکی تری چیرۆکی کرانه‌وه‌ی کورده‌ که‌ نه‌مابو هه‌ندێ کوردی به‌رژه‌وه‌ندی په‌رست و نه‌زان ئه‌ردۆگانی پێ بکه‌ن به‌ قاره‌مان.
سێهه‌م: به‌رێز ئه‌حمه‌د تورک؛ جارێک وه‌کو پارله‌مانتار، جارێک وه‌کو سه‌رۆکی ده‌ته‌په‌ و جارێکیش وه‌کو سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارله‌مانتاران کورد، واتا سی جار له‌ رێگای هه‌ڵبژاردنی یاساییه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی ئیراده‌ی کورد ده‌کات. ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ داخستنی ده‌ته‌په‌ و به‌ زه‌وت کردنی ئه‌ندامێتی پارله‌مان و قه‌ده‌خه‌ی 5 ساڵ سیاسه‌ت کردن و ئێستاکه‌ش هێرشی جه‌سته‌یی، هه‌مووشی له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ یه‌ک ساڵدا، له‌ که‌سایه‌تی ئه‌حمه‌د تورکدا دیهه‌وێت په‌یامێک بداته‌ گه‌لی کورد.
دوای رووداووه‌که‌ سه‌رۆک کۆمار عه‌بدوڵا گوێل ته‌له‌فونی له‌ ئه‌حمه‌د تورک کردوه‌ و پێیگوتوه‌ ئه‌و هێرشه‌ رێکخراو نییه‌ به‌ڵکو هه‌ڵوێستێکی تاکه‌که‌سییه‌. لێره‌دا گوایه‌ مه‌به‌ستی سه‌رۆک کۆماری تورکیا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و هێرشکاره‌ تاکه‌که‌سێکه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا مه‌به‌ستی سه‌رۆک کۆمار ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌حمه‌د تورک وه‌کو تاکه‌س نیشانبدات. په‌یام ئه‌وه‌یه‌ که‌ کوردێک چه‌ند جار هه‌ڵبژێردریت، چه‌ند رێکخراو یان چه‌ند هه‌زار که‌س ده‌نگ و متمانه‌ی پێببه‌خشێت، بۆ ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌ر تاکه‌که‌سێکه‌ و که‌نگێ بیهه‌وێت هێرشی ده‌کاته‌ سه‌ر. له‌ نێو عه‌قڵییه‌تی سیاسی ده‌وله‌تی توورکیادا جێگه‌یێک بۆ نوێنه‌رایه‌تی و ئیراده‌ی کوردان نیه‌. هه‌موو ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت به‌ ئارتێش و حکومه‌ت و یاسا و جاش و رێکخستنی شاراوه‌وه‌ به‌ شێوه‌یێکی یه‌کگرتو هێرشی کورد ده‌که‌ن به‌ڵام که‌ بێته‌ سه‌ر کوردان، به‌ کوردان ده‌ڵێن که‌ کورد پێویسته‌ وکو تاکه‌ که‌س بێت، به‌ بێ ئیراده‌ ریکخستن و هێزی خۆ پاراستن.
چواره‌مین: وه‌کو ده‌زانرێت سیاسه‌تی دیموکراتیک له‌ باکوری کوردستاندا تا راده‌یێکی زۆر ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ساڵه‌کانی 1990 ئه‌و کاته‌ی که‌ چه‌ندین که‌س وه‌کو پارله‌مانتار چونه‌ پارله‌مانی تورکیا. ئه‌گه‌ر بێته‌وه‌ بیرمان ئه‌وانه‌؛ ئه‌حمه‌د تورک، له‌یلا زانا، خه‌تیب دیجله‌، زوبه‌یر ئایدار، ره‌مزی کارتاڵ و ...تاد بون. سه‌یر بکه‌ن له‌و که‌سانه‌ ئێستا خه‌تیب دیجله‌ له‌ زینداندایه‌، دوو که‌سیان له‌ هێرشه‌که‌ی بروکسێل له‌ ئه‌وروپا گیران، له‌یلا زانا به‌ ده‌یان سکاڵای له‌ سه‌ر تۆمار کراوه‌ و باسی ره‌وشی ئه‌حمه‌د تورکیشمان کرد. دیاره‌ ئه‌وه‌ واتایێکی تایبه‌تی هه‌یه‌. ئه‌و که‌سانه‌ به‌ پێشه‌نگایه‌تی خۆیان توانییان لاپه‌ره‌یێکی نوێ له‌ سیاسه‌تی دیموکراتیانه‌ی کورد له‌ تورکیادا بکه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ش له‌م قۆناخه‌ی که‌ وه‌کو قڕکردنی سیاسه‌تی کورد به‌ناوده‌کرێت، هێرشکردنه‌ سه‌ر ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ وه‌کو هێرشه‌ له‌ سه‌ر گۆره‌پانی سیاسی کورد به‌ گشتی و شتیکی زۆر به‌ پیلان و ماناداره‌.
له‌ کۆتاییدا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ که‌ وه‌کو کورد نه‌ ئه‌حمه‌د تورک و نه‌ هیچ که‌سایه‌تی و ده‌زگایێکی کوردستانی به‌ ته‌نیا نه‌هێڵدرێته‌وه‌. ئه‌و دروشمه‌ی که‌ گه‌له‌که‌مان ده‌یڵێته‌وه‌ به‌ ته‌واوی راسته‌ و پشت به‌ تێگه‌ییشتنێکی دیموکراتیانه‌ و نه‌ته‌وه‌یی ده‌به‌ستیت. هیوادارم که‌ هه‌ر کوردێک له‌ کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌و هێرشه‌ وه‌کو هێرش له‌ سه‌ر نرخه‌ نه‌ته‌وه‌یی و له‌ سه‌ر خۆی و ئیراده‌ی خۆی ببینێت و به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ش هه‌ڵوێست بنوێنێت.
تايبه‌ت به‌ ئاوينه‌ نوسراوه‌
له‌ گه‌ڵ سڵاو و رێزی شۆرشگێری
بریار گابار
ئه‌ندامی ناوه‌ندی سیاسی که‌جه‌که‌
‌ ئه‌م ووتاره‌ له‌دوا زماره‌ى هه‌فته‌نامه‌ى ئاوينه‌ بلاوكراوه‌ته‌وه‌


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە