کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەربەندیخان لەنێوان بەرداشی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا

Wednesday, 09/11/2011, 12:00







(بەشی یەكەم)

ماوەیەكی زۆرە دەمەوێت لەسەر ئەم شارە بنوسم، بەڵام هەموجار بێهیوایەك دایدەگرتم و پێم وابوو نوسین چ فایدەیەكی هەیە لەزەمەنێكدا ئەو هەموو شتە دەنوسرێت و هیچ لەمەسەلەكان ناگۆڕێت.
بەڵام دواجار گەشتمە ئەو بروایەی دەبێت هەمیشە بنوسین بۆ ئەوەی گوێیەك هەبێت بیبیستێَ؟
(لەسەرەتاوە حەزدەكەم ئەوەش بڵێم رێزێكی زۆرم هەیە هەموو ئەو كەسانەی كەلێرەدا بەدەرەوەی شار ناویان دەبەم، مەبەستم ناوچەگەرێتی نیەو هەرگیزیش لەگەڵ ناوچە گەریەتیدا نیم، بەڵام كاتێك دەبینم سەدان گەنجی شارەكەم بێ كار دەسوڕێنەوەو دانامەزرێن، كەچی خەڵكانێك بەسەدان كیلۆمەتر لەدەرەوەی شارەوە دێن لێرە دادمەزرێن ناتوانم قسە نەكەم، هەربۆیە دەبێت بمبورن مەبەستی سەرەكی من ناعەدالەتیە، ئەوەی من داوای دەكەم تەنها ئەوەیە خەڵكانی شارەكەی منیش وەك شارەكانی دیكە سەیربكرێت وهیچی تر).
قەزای دەربەندیخان ساڵانێكی زۆرە بەدەست كۆمەڵێك گرفتەوە دەناڵێنێت كە لەبری ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بكرێت رۆژ لەرۆژ قوڵتر دەبێتەوە.
بەحوكمی ئەوەی سەرەتای ساڵانی نەوەدەكان قەزای دەربەندیخان بوو بەناوەندی پارێزگای كەركوكی ئازادكراو، ئیداراتێكی زۆر لەم شارەدا كرایەوەو بو بەناوەندی بریاری سیاسی ناوچەیەكی بەربڵاووفراوانی وەك گەرمیان.
دواتر دوای روخانی رژێمی بەعس پارێزگای كەركوك گواسترایەوە بۆ ناوەندی پارێزگای كەركوكی راستەقینەو ئەمەی دەربەندیخانیش بوو بەئیدارەی گەرمیان.
سەردەمی پارێزگای كەركوك سەردەمی گەندەڵییەكی بەرفراوانبوو لەم شارەدا، لێپرسراوە حزبیەكان كە هەمویان خەڵكی دەرەوەی دەربەندیخان بوون لەدەربەندیخان دەسەڵاتداری ئیداری و حزبی بون، خۆیان حاكمی موتڵەقبون، دەربەندیخانییەكان ئەگەر لەرووی هەندێك باری ئابوری و وەزیفەوە لەبونی پارێزگای كەركوك لەشارەكەیاندا قازانجیان كردبێت، ئەوا لەرووی دابەشكردنی زەوییەكانیان بەسەر ئەم لێپرسراو وئەو لێپرسراو و حیمایەكانیانەوە زیانێكی زۆریان بەركەوتبێت.
ساڵانی بونی پارێزگای كەركوك لەم شارەدا ساڵانی داگیركردنی بیناو موڵكە حكومیەكان و زەوییە كشتوكاڵیەكان بوو لەلایەن لێپرسراوەكانەوە.ساڵانی دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان بوو بەسەر خەڵكانی دەرەوەی شارەكەدا.
دوای روخانی بەعس، بەهۆی تەكەتولاتی لێپرسراوانی یەكێتیەوە لەناوچەی گەرمیان و بەپاڵپشتی چەند لێپرسراوێكی یەكێتی و لەدژی چەند لێپرسراوێكی دیكەی یەكێتی و پاش ئەوەی سەدان ئیمزای بۆ كۆكرایەوەو گەیەندرایە پەرلەمان ساڵی 2008بریاردرا كە ئیدارەی گەرمیان لەدەربەندیخانەوە بگوزارێتەوە بۆ كەلار.
بەرۆشتنی ناوەندی پارێزگای كەركوك و ئیدارەی گەرمیان لەدەربەندیخان خەڵكی دەربەندیخان هەرچەندە لەرووی ئابووری و ئیدارییەوە زیانێكی گەورەیان بەركەوت، بەڵام بەهیوای ئەوەی لێپرسراوانی دەرەوەی شار ئەوانەی كە هەموو پۆستە ئیداری و خانووە حكومیەكانیان داگیركردبوو برۆنە شارەكانی خۆیان دڵخۆشبون.
بەڵام ئەفسوس وەها دەرنەچوو، ئیدارەی گەرمیان رۆشتە كەلارو بۆشاییەكی ئیداری گەورەی لەشارەكەدا دروستكرد، بەجۆرێك لەهەموو قەزای دەربەندیخاندا ئێستا بەرێوەبەراتیەكی گشتی نەماوە، فەرمانگەكانی دەربەندیخان هەموو فەرمانگەی بچوك و لاوەكین و هیچ دەسەڵاتێكی ئیدارییان نیە، بۆ بچوكترین شت دەبێت فەرمانبەران بگەڕێنەوە بۆ سلێمانی.
ئیدارەی گەرمیان رۆشت، بەڵام لێپرسراوەكانی نەرۆشتن و هیچ خانویەكی حكومیان چۆڵنەكرد،هیچ لێپرسراوێك ماڵەكەی نەگواستەوە بۆ شوێنی كارەكەی، لەهەمووشی خراپتر بەهۆی ململانێی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە ئێستا پۆستە ئیدارییەكانی ئەم شارە جارێكیتر بەدەست خەڵكانێكەوەیە كە خەڵكی دەربەندیخان نین . لەبەشی دووەمدا بەدرێژی لەسەر ململانێی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دەدوێن لەساڵانی پێشوترداو كاریگەری ئەو ململانێیە دەخەینە روو لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری شارەكەو داگیركردنی پۆستە ئیدارییەكان لەلایەن خەڵكانێكی حزبی دەرەوەی شارەوە.چاوەروانبن.


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە