لەیادى 31 ى ئاب.... قادسیەكەى كاك مەسعود بارزانى (خوا ڕاوەستاوى كا)
Wednesday, 31/08/2011, 12:00
لاى كەس شاراوە نیە قادسیە وەكو پێگەى جوگرافى پێگەیەكە كەوتووەتە خۆرئاواى شارى نەجەف لەخواروى عێراق، وەكو ناو و مێژووش ناوى ئەو شەڕەیە كە ساڵى 635 ى زاینى لەنێوان لەشكرى فارس بەفەرماندەیى (ڕۆستەم) و لەشكرى عەرەب بەفەرماندەیى (سەعدى كوڕى ئەبى وەقاس) دا ڕویدا و تێیدا عەرەب بەسەر فارسدا سەركەوت. ئەمە سەبارەت بەمێژوى كۆن، لەماوەى سەدەى بیستیشدا جیهان و گەلانى عێراق دوو زۆرانبازى سەربازییان بەخۆوە بینى فەرماندەى یەكێك لەو زۆرانبازیە سەربازیە بەخوایشتى خۆىو وەكو شانازیكردنێك بەمێژوى نەتەوە عەرەبەكەىو بۆ خۆ چواندن بە سەعدى كوڕى ئەبى وەقاس، زۆرانبازیەكەى خۆى بەناوى(قادسیەى سەدام) ناوزەدكرد. قادسیەى سەدام كە كارەساتێكى مرۆیى بوو بەسەر گەلانى عێراق و ئێراندا هات و گەلى كوردمان لە ماڵوێرانیەكانى بێبەش نەبو، سەركێشیەكى سەرشێتانە بوو سەدام حسێنى دیكتاتۆرى ئەو كاتەى عێراق بەمرۆڤ و سامان و دەوڵەتانى ئەم ناوچەیەى كردو هەشت ساڵى ڕەبەقى خایاند و بە مەزەندەى هەندێك لەچاودێران پتر لە ملیۆنێك مرۆڤى تێدا بوونە قوربانى، بێجگە لە بەفیڕۆدانى هەشت ساڵى سامانى نەوت و داهاتو دەرامەتى وڵاتانى ناوچەكە بەتایبەتى وڵاتانى عێراق و ئێران و خاپوركردنى ژێرخانى ئابورى هەردو وڵات. هەروەها ئەم كارەساتە مرۆڤایەتیە كاریگەرى قوڵى خۆى لەسەر دەرونى كەسایەتى تاكى عێراقى بەجێهێشت و لە مرۆڤى عێراقى مرۆڤێكى شەڕانگێز و دەمارگیرى پەروەردەكرد. قادسیەكەى ترى مێژوى سەدەى بیست ئەو نەبەردیە بوو كە جەنابى هێژا كاك مەسعود بارزانى سەرۆكى ئێستاى هەرێم (خوا ڕاوەستاوى كا) لەڕۆژى 31 ى ئابى ساڵى 1996 دا تۆمارى كرد. پێگەى ئەم نەبەردیە هەولێرى پایتەختى هەرێم بوو، واتە ناوچەى هەرێمى كوردستانى عێراق. سوپاكەش سەرپاكیان عەرەب بون تەنها فەرماندەكەیان كورد بوو ئەویش جەنابى سەرۆك خۆى بوو. سەرۆك بارزانى چەلەنگ كە لەدێر زەمانەوە بەڵێنى بەخۆى دابو تۆڵەى هەموو شەهیدانى كوردستان و هەروەها تۆڵەى ئەو هەشت هەزار بارزانیە بكاتەوە كە كاتى خۆى ڕژێمى سەدام جینۆسایدى كردبون، لەو ڕۆژەدا وەكو پیاو بەڵێنى خۆى بردە سەر و لە سەروەریەكى بێوێنەدا چو سوكو باریك دەستى سوپاى ڕژێمەكەى سەدامى گرتو هێنایە سەر خەڵكى كوردستانو توانى لە تەنها نەبەردیەكدا تۆڵەى ئەو شەهیدو جێنۆساید كراوانە كە سەدام شەهید و كۆمەڵكوژى كردبوون، لە خەڵكى كوردستان و هەولێر و لە یەكێتى بكاتەوە. ئەى چۆن، كاك مەسعود لەجیاتى ئەوەى بچێت تۆڵەیان لەڕژێمەكەى سەدام بكاتەوە، هات تۆڵەیانى لە خەڵكى كوردستان و یەكێتى كردەوە چونكە جەنابى سەرۆك زۆر زرنگە وڵاخانت لە قنگەوە بۆ لغاو ئەكات. هەروەها لەم نەبەردیەدا كە سەرۆك بارزانى هەر خۆى بەتەنیا تۆمارى كرد و هاندەرێك چیە نەیبوو تەنانەت كەسێكیش دەستخۆشى لێ نەكرد، گەلى كوردمان ئابڕوى چو، چونكە ئێمەى كورد تا پێش ئەو بەروارە دەوڵەتانى زلهێز لەمەترسى ڕژێمەكەى سەدام دەیپاراستین، بەڵام بەهۆى نەبەردیەكەى سەرۆكەوە سەلماندمان كە درۆیە ڕژێمەكەى سەدام مایەى مەترسى نیە بۆ سەرمان بەڵكو پشت و پەنامانە، هەروەها لەم نەبەردیەدا یەكێتى پشتى شكا و بەدەردى ئەو نەوتەى ئەمڕۆ لە سنورەكانەوە ئاودیوى ئێران دەكرێت ئاودیوى ئێران كرا، شایانى باسە لەم داستانەدا پارتىو ڕێبازە پیرۆزەكەى بارزانى نەمریش بەجۆرێك پۆرتیان شكا و پارچەیان بڵاوبۆوە ئەستەمە بتوانرێت كۆبكرێنەوەو هیچ چەسپێكى دوقلوى سیاسیش بتوانێت چاكى بكاتەوە. بەڵام نابێت ئێمە خەم لەوە بخۆین كە ئەنجامى قادسیەكەى سەرۆك بارزانى ئەوەندە تالأ بوو، چونكە ئاكامى قادسیەكانى هەمو دیكتاتۆرانى دنیا هەر یەكە. سەركەوتن بۆ خودى دیكتاتۆر خۆىو شكست و ئابڕوچون و لەكەداربون و زیانى گیانى بۆ گەل و ماڵوێرانى بۆ وڵات و بەفیڕۆدان بۆ دەرامەت و سامانەكەى.
جا ئێمە لەم یادە شكۆدارەدا كە ئارەقەى شەرمى بۆ ئەڕێژین و سەرى تەریقى و خەجاڵەتیى بۆ دائەخەین، یادى تێپەڕبوونى پانزە سالأ بەسەر 31 ى ئابى قادسیەى كاك مەسعود بارزانى دا، وێڕاى ئەوەى جوانترین پیرۆزبایى ئاراستەى جەنابى سەرۆكى هەرێمى كوردستان ئەكەین، داواى لێ ئەكەین بەرامبەر سەدام حسێن بە ئەمەك بێت و بە تەوازوعەوە فاتیحەیەك بۆ گیانى ئەو دیكتاتۆرە كۆچكردووەى مامۆستاى ڕەوانە بكات، لەلایەنى خۆشمانەوە پەیمان نوێ ئەكەینەوە كە هەرگیز دەنگ بە پارتى نەدەین و شوێن ڕێبازە پیرۆزەكەى بارزانیش نەكەوین چونكى خاوەنى نەبەردى لەو چەشنەیە. دەسا بۆ پێشەوە لە تۆماركردنى نەبەردى ئابڕوچون، لە نەبەردى سى و یەكى ئابەوە بۆ نەبەردى دزینى سامانى نەوتى وڵات. هەر شەكاوەبێ ئاڵاى دزى و بەیداخى بێ ئابڕویى و گەندەڵیتان..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست