هۆكارى سەردانى ئاشتى هەورامى بۆ گردەكە و شتى تریش
Sunday, 20/05/2012, 12:00
بیرمان نەچێت بزوتنەوەى گۆڕان وەكو بزوتنەوەیەكى سیاسى هیچى نیە لە خەڵكى كوردستانى بشارێتەوە تەنها ئەو شتانە نەبێت كە یەكێتى و پارتى و باقى حیزبەكانى تر لێى ئەشارنەوە. یەك لەو شتانە كە ئەم بزوتنەوەیە بەم دواییانە لەخەڵكى شاردەوە هۆكارى سەردانى ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتیەكان بوو بۆ گردەكە. هەڵبەتە گرد سامانێكى سروشتى نیە لەبەرئەوە ئەگەرى ئەوە زیاترە كە هۆكارى سەردانى ئاشتى بۆ گردەكە بۆ دۆزینەوەى یەدەگێكى زۆرى نەوت بگەڕێتەوە كە بە دوو جلیكانەى پێنج لیترى مەزندە ئەكرێت. كەواتە هەزار فاكى حیزبەكانى دەسەڵات بە فیكێكى موعارەزەیەكى شەفافى وەكو گۆڕان.
من پێموایە كوردستان جوگرافیایەكى زۆر لە سێگۆشەى بەرمۆدا سەیر و سەمەرترو مەتەڵاویتر و ئەفسوناویترە. هەموو ئەو بەسەرهاتانەى كە ئەڵێن لە بەرمۆدا ڕوویانداوەو بە دڕدۆنگ لەقەڵەم ئەدرێن مێژوویان بۆ سەردەمى جەنگى سارد و ساڵانى حەفتاكانى سەدەى پێشوو ئەگەڕێتەوەو لە ڕووداوى كەوتنە خوارەوەى چەند فڕۆكەیەكى سەربازى و نوقومبونى كەشتیەك و دووان تێپەڕ ناكات. بەڵام لە هەرێمى كوردستاندا لەساڵى 1991ەوە سەدان و بگرە هەزاران ڕووداوى سەیر ڕویانداوەو ڕوودەدەن و لەبارەى ڕووداوى سەیرەوە بۆڕى سێگۆشەى بەرمۆدامان داوەتەوە. لەپاش ڕاپەڕینەوە دەیان و سەدان مرۆڤ تیرۆر كران و لە شەڕە ناوخۆییەكاندا كوژران كەچى تا ئێستا هەر هەمان ئەو سیاسیانەى كە پاڵەوان و میرى ئەو تیرۆر و شەڕانە بوون هەر ئەوانن فەرمانڕەواى خەڵكى ئەو هەرێمە. یان بۆ نموونە ڕووداوى 31ى ئاب و هێنانى لەشكرى سوپاى داگیركەر بۆ سەر ماڵو حاڵى خۆ. ئاودیوكردنى ڕۆژانەى هەزاران تانكەر نەوت و هاوڵاتى ئەم وڵاتەش نازانێت پارەكەى چى بەسەردێت. فڕینى نرخى زەوىو زارو خانوو و دابەزینى نرخى مرۆڤ. تیرۆرى ڕۆژنامەنووسان لەلایەن حكومەتەوە بۆ شاردنەوەى ڕاستیەكان. كوشتنى قایمقام لەلایەن حكومەتەوە بۆ شاردنەوەى دزیێتى و گەندەڵى بەرپرسانى حكومەت. زاڵبونى لۆجیكى دەفتەر دۆلار و كردنى بە پێوانە بۆ پێوانى جوامێریى و پیاوەتى و مەردایەتى و كوردایەتى بەشێوەیەك كە لەئەمڕۆدا خەمى تەنهاى مرۆڤى كورد دەوڵەمەندبوونە. ئاگرى دەفتەرە دۆلار خەمى نەتەوەیى و بوونە خاوەنى قەوارەى سیاسى و دەوڵەتى كردە هەڵم و بوخار. لێرەوەیە كە ئیتر دەبێت تێبگەین یەكێتى و پارتى بیست ساڵى ڕەبەقە چ ئەجێندایەكى دۆزەخیى جێبەجێ ئەكەن و بە چ گیانێك خەڵكى ئەم هەرێمە پەروەردە ئەكەن. بەگیانى دەست هەڵگرتن لە هەموو بەهایەكى ئەخلاقیى و نەتەوەیى و گرتنى ملى هەموو ڕێگایەكى نائەخلاقیى تەنها بەخاترى دەوڵەمەندبوون. تەماشاكەن حاڵمان بە چ حاڵێك گەیشتووە. باس و خواستى ناو زۆربەى كۆڕ و كۆمەڵەكانى ناو كۆمەڵگا چیتر نیە جگە لە ئەوەندە دەفتەر و هێندە دۆنم و فڵانە باخ و فیسارە كۆمپانیا و ڤێللا و مۆدێل سەیارە. بزانن چۆن یەكێتى و پارتى خۆیان و دزیى و جەردەییەكانى خۆیانیان لەبیرى خەڵك بردۆتەوە.
من كەسێكى ڕەگەزپەرست و ڕاسیست نیم بەڵام هاتنى بەلێشاوى عەرەب لە بەغدا و شارەكانى ترى عێراقەوە بۆ هەرێمى كوردستان و لەگەڵ خۆ هێنانى پارەیەكى زۆر بۆ هەرێم و كڕینى موڵك و زەوى و زار بەشێوەیەك نیگەرانى كردوم كە بڕوام وایە بەینێكى تر كورد ناچار ئەبێت لە ڕێگاى پەرلەمانەوە فشار دروست بكات بۆ دەركردنى مادەیەكى ترى وەكو مادەى 140 بۆ گەڕاندنەوەى ئەو زەوى و زار و خانوو و موڵك و باخ و دۆنم زەوییانەى كە برا عەرەبە چاوڕەشەكانمان ڕۆژێك لەڕۆژان هاتوون لە سلێمانى و هەولێر و دهۆك كڕیویانە و لەسەر خۆ تاپۆیان كردووە. بەڵام ئەم مادەیەش هەر دیسان ناتوانێت بستێك لەو زەوییانە بگەڕێنێتەوە كە ساڵانێكە سیاسیەكانمان بوونەتە خودان نووسینگەى خانوو و زەوى فرۆشتن و لەهەموو شوێنێكى ئەم هەرێمەدا نوووسینگەیان لەبۆ فرۆشتن و بەكرێدانى داناوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست