کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ئامادەم بە كوردستان بڵێم باكورى عێراق

Saturday, 07/04/2012, 12:00






من كابرایەكى خێڵەكى خەڵكى بارزانم ناوم مەسعودە، بەحوكمى بۆماوەو میرات بومەتە ئەو سیاسەتوانەى ئەوڕۆ كە ئێوەى میلەتى كورد بەدەستمەوە گیرۆدەن. من كوڕى باوكى خۆمم، ئەو باوكەى كە پێویست ناكات بۆتان باس بكەم چونكە خۆتان تاڵاوى دەستیتان نۆشیوە، ڕەبى نۆشى گیانتان بێت. من گەرەكە لەم وتارەدا هەر نەبێت لۆ جارەكى لە ژیانمدا ڕاستگۆبم و نەختەكى باسى خۆمتان لۆ بكەم. من تا بڵێى كەسێكم لە سیاسەتكردن شارەزام، خۆ بەوە نیە جەمەدانیم بەسەرە، بڕوا بكەن ژێرى ئەو جەمەدانیەم یەكپارچە ئەزمون و بلیمەتییە. من لەوەتەى پەروەردگار خەڵقى كردوم حەزم لە سیاسەتە چونكە لەو كاسپییە زیاتر شك نابەم تا بەهۆیەوە ئێوە برسى بكەم و خۆشم ژیانێكى خاكیى و سادەى وەكى قارون و فیرعەون و ئیمپراتۆر بژیم. لەبەرئەوە هیچ پێتان سەیر نەبێت ئەگەر گرنگترین شت لە كن براتان (هەرچەندە دڵنیام كە ئێوە بە براى خۆتان قبوڵم ناكەن) پارە و سامان و سەرمایە بێت نەك درۆ و دەلەسەى كوردایەتى. ئێوەى میلەت ئەگەر كاڵفام نەبن هەر بە ناوى حیزبەكەمدا ئەزانن هەرچییەك كە ئێمە ئەیڵێین هەر لاف و گەزافە دەنا خێڵ و دیموكراسى كوجا مەرحەبا، لەبەرئەوە زۆر چاك بزانن نازناوى (پارتى دیموكراتى كوردستان) كە حیزبەكەم (عەیب نەبێت هەڵیگرتووە) لەباشترین دۆخدا جگە لە پێكەنین بە ڕیشى ئێوە هیچى تر نییە. من وەكو عەرزم كردن لە سیاسەتكردن بێ ئەنداز شارەزام، بڕواتان هەبێت پرەنسیپى (ئەلغایە توبەریرول وەسیلە) براتان دایهێناوە، هەرچەندە من تواناى نەك داهێنانى پرەنسیپى سیاسى بەڵكو تواناى داهێنانى قژە سەرى خۆشمم نییە چونكە عەیب نەبێت كەچەڵم. ئەزانن بۆچى براتان ئەو پرەنسیپەى داهێنایە؟ چونكە غایەى من مانەوەیە لە دەسەڵاتدا لەبەرئەوە هەموو وەسیلەیەك لاى من ڕەوایە. بیرتانە كاتى خۆى حیزبەكەى جەلال یەك تۆزقاڵى مابو تۆزمان بەرێت بە ئاسماندا، بەڵام لە ئاخر لەحزەدا (بێگومان بەحیكمەتى جەنابم) كارێكى وەهام كرد سیحرى ساحیر بەسەر خودى خۆیدا قڵپ بێتەوە؟! ئەو كاتە بەبێ ڕەچاوكردنى هیچ پێودانگێكى كوردایەتى و نەتەوایەتى و تەنانەت ئەخلاقیش چوم بومە بەعسى و ژیان و چارەنوسى هەموتانم خستە مەترسییەوە تەنها ژیان و چارنوسى خۆم و حیزبەكەم نەبێت. پاشماوەى چیرۆكەكەش خۆتان باشتان لەبیرە بۆیە پێویست ناكات بۆتانى بگێڕمەوە. ئێستا گەرەكە باسى ئەوەتان بۆ بكەم كە چۆن لە نەورۆزى ئەمساڵدا ویستم دەوڵەتتان بۆ دروست بكەم بەڵام ئێوە ماڵتان ئاوابێت لێتان كردمە هەرا و نەتانهێشت ببمە خاوەنى ئەو دەوڵەتە كە قەت خەویشى پێوە نابینم چونكە دەوڵەت هەبێت یان نا لە نەتیجەدا من هەر سەرۆكم ئیتر چ فەرق ئەكات. ئەزانن بۆچى ویستم لە نەورۆزدا دەوڵەتتان بۆ دروست بكەم؟ لەداخى ئەو نورى مالیكییە هیچ و پوچە كە ناهێڵێت لەگەڵ ئەو كۆمپانیا ئەمەریكى و بیانییانەدا گرێبەستى دەرهێنانى نەوت لە عەردى باو و باپیرانم بكەم. مادامەكى ئەو ناهێڵێت گرێبەستى نەوت دەرهێنان لەگەڵ كۆمپانیاى بیانیدا بكەم لەبەرئەوە ناچارم (بەینى خۆمان بێت) بە تەنكەر نەوت بەقاچاخ ئاودیوى ئێران بكەم. جا ئێوەى میلەت دەستەكەمان ئاشكرا مەكەن مەردى خوابن، ئەزانن بۆچى من پارەى داهاتى ئەو نەوتە ناخەمە سەر بۆدجەى گشتى؟ بۆ ئەوەى حكومەتى بەغدا لە بڕى ئەو لەسەدا حەڤدەیەى بۆدجە كەم نەكاتەوە كە بۆ هەرێمى كوردستانى ئەنێرێت. پاشان توخوا ئێوە عەیب ناكەن لە براتان بەدگومانن؟ توخوا من بە عەلى بابا ئەچم؟ باشە توخوا گیرفانى من و گیرفانى ئێوە هەر دووان نییە، مەبەستم لەوەیە هەر یەك نییە؟ كوڕە گەلۆ من هەر ڕۆڵەى خۆتانم كەى كەوتمە تەنگانە یان پێویستیم كەوتە پارە ڕوو لە ئێوە ئەنێم، ئێوەش هەركات ڕوو لە من بنێن لاریم نییە لەوەى كە نەتاندەمێ و پێتان ئەڵێم خوا بتانداتێ. مەنتیقى من ئەوهایە ئیتر ئێوە كەیفى خۆتانە. من بڕوام وایە هەتا مالیكى هەڕەشەى ئەوەم لێبكات كە ڕێگا نادات گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاى ئیكسۆن مۆبیل و كۆمپانیاى تردا بكەم بۆ دەرهێنانى نەوت لە كوردستان، بارودۆخ گونجاوە بۆ دروستكردنى دەوڵەتى كوردى. هەركات ئەو هەڕەشەیەش نەما من نەك هەر لە مالیكى بەڵكو لە سەعدى كوڕى ئەبى وەقاس عارەبترم و ئامادەم بە كوردستان بڵێم باكورى عێراق

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە