كۆنگرەى پارتى دوا كەوت ! بۆچى ؟
Tuesday, 12/10/2010, 12:00
دوایى ئەوەى لە ناوەڕاستى مانگى ڕابردوو بە مەبەستى ئەنجامدانى سیانزەمین كۆنگرەى خۆى كە ماوەى دوانزە ساڵە نەیبەستاوە پارتى دیموكراتى كوردستان كۆنفرانسى حیزبەكەى لە سەرانسەرى هەرێمى كوردستان ئەنجامداو ڕۆژى 11 ى ئەم مانگە دوا ڕۆژى كۆنفرانس بوو كە بە هەڵبژاردنى ئەندامانى كۆنگرە لە ناوچەى دووى زانكۆى سەر بە لقى دووى پارتى كۆتایهات . ئەگەرچى بە بۆچونى زۆرێك لە كادیران كۆنگرەى ئەمجارەى پارتى كۆنگرەیەكى نەوعى دەبێت , بەڵام بە پێچەوانەى هەموو ئەوانە لە یەكەم قۆناغیدا پارتى بەهۆى كۆنگرەى ئەمجارەوە توشى گەورەترین قەیران دەبێت كە پێشبینى دەكرێت پارتى ئەو پارتەى جاران نابێت كە ببێتە دەسەڵاتى سەرەكى لە كوردستان . گومانى تێدا نیە بۆ هەر كەوتنێك گوشار و زەبرێك هەیە , بۆ ئەم وەپاشكەوتنەى پارتى كە پێشبینى دەكرێت هۆكار گەلێك هەن لە سەروویانەوە ساختە و نموونەى پیاوى نا خۆشەویست لە ناو پارتى كە ڕەنگە هەندێكیان لە كۆنگرەى ئەمجارە بە هۆى پاڵپشتى كردنى دەزگاى پاراستنى پارتى بچنە شوێنە گرنگ و هەستیارەكان , ئەزموون دەیسەلمێنى هیچ كات كادرى ئەمنى نەبوونەتە حاڵەتێكى دڵخۆشكەر جگە لە ماڵوێرانى نەبێت . لە ئێستادا ئەوەى هەستى پێدەكرێت لە گەرمەى بەڕێوەچوونى ڕۆژانى كۆنفرانسى ئامادەكارى كۆنگرەى پارتى و لەهەمانكاتدا حالەتێكى بێزاركەرە خەستى ساختە و تەزویراتە كە لە لایەن دەستەو ئاراستەیەكى پارتى ئەنجامدەدرێت ئەویش دەزگاى پاراستنە , كە كۆمەلێك لە كادیرى بێ ئەزموون و نا شارەزا و نا خۆشەویست لە لایەن كۆمەڵگاوە ئەویش بە مەبەستى پاراستن و پاڵپشتى كردنى مەسرور بارزانى سەرۆكى دەزگاى ئاژانسى پاراستنى پارتیەوە ئامادەكراون كە بە ڕاستى جێگاى نا ئومێدى خەلك و كادیرانى پارتیە كە بەهۆى ئەوانیشەوە كەسانێك بە ساختەو فشار و چاوسوور كردنەوە لە ناوچەكانەوە دەرچوونە . پشتیوان سادقى بەرپرسى لقى دوو كە لە ڕێگاى دەزگاى پاراستنەوە بۆتە ڕێگر لە بەردەم ئیش و كارەكانى كۆنگرە و دەست خستنە ناو كاروبارى كۆنفراساتەوەو ساختە كردن و دەرچواندنى هەندێ كەس كە دوورە لە بۆچوونى هەر كەسێك و كەوتنەوەى توندوتیژى و پێكدادان لە هەندێ ناوچە وایكردووە كە ژمارەى دەنگدەران و ئەندامانى پارتى لەگەڵ ئەو ڕێژە زۆرەى ئەندامان كە سەركردایەتى پارتى ڕایگەیندووە زۆر جیاوازتر بێت وەك زۆرێك لە ئەندامان بە هۆى ترسەوە ئامادەى كۆنفرانسەكان نەبوون . بۆیەشە پارتى بەهۆى ئەو دۆخە ئاڵۆزەى كە دووچارى بۆتەوە (بە تایبەتى ئەو توندوتیژى و پێكدادان و ساختەیەى كە لقى دووى پارتى و پشتیوان سادق و پیاوەكانى پاراستن وەكو هێمن هەورامى و ساسان عەونى و هیوا ئەحمەد و نەزهەت عالى و هیوا گەیلانى و نەجات حسن و عەلى تەتەر و موسا ئەحمەد) خوڵقاندوویانە , بڕیارى داوە كە كۆنگرە دوابخات بۆ كاتێكى نادیار وەكو ئەندامێكى سەركردایەتى پارتى لە چەند ڕۆژى ڕابردوو ڕایگەیاند كە هەتا سنورێك بۆ ئەو دەست وەردان و كارە میزاجیانەى پشتیوان و پیاوەكانى پاراستن دایدەنێ . پشتیوان و پیاوەكانى پاراستن تەنانەت بە ساختەو فشاریش نەوەستاون بەڵكو هێرشەكانیان بۆ میدیا و ڕاگەیاندن گواستۆتەوە ئەوەتا چەند بەناو ڕاگەیاندنكارێكى قەڵەم فرۆشى وەكو بڵند مستەفاى سەرنووسەرى گۆڤارى ململانێ و كاروان محەمەد سابیرى كادیرى دۆڕاوى یەكێتى قوتابیان و ئاسۆ عەلى قەرەجى ئاراستەكراو و چەندانى تریان تەخویلكردووە كە بە ناوى جیا جیا لە ماڵپەر و ڕۆژنامەكان هێرش بكەنە سەر باڵە ڕادیكاڵ و ڕیفۆرمخوازەكەى دژ بە باڵە نا مەرغوبەكەى دەزگاى پاراستن لە ماوەى ڕۆژانى كۆنفرانس و كۆنگرە هەرچەندە وەك دەگوترێ دەریا بە دەمى سەگ پیس نابێ ! بوونى هەموو ئەو جۆرە ئارێشانە لەبەردەم كارەكانى كۆنگرە كە پارتى هیچ كات بە خەیاڵى دانەدەهات بەمجۆرەى ئێستاى لێبێت , پارتى و سەركردایەتى ناچارى بڕیارێكى لە ناكاو كردەوە كە ئەویش دواخستنى ئەنجامدانى كۆنگرەیە كە لە میدیاكانى نزیك لە پارتى بە هۆكارى هاتنە پێشەوەى جەژنى قوربان بڵاوكرایەوە , كە خۆى لە ڕاستیدا بوونى ساختەو كەوتنەوەى توندوتیژى لە دەڤەرەكانى پارتى و بە تایبەتى سنورى لقى دوو و كە ئەنجامدەرەكەى پیاوەكانى پاراستنن , هۆكارن بۆ ئەم دواكەوتنە . بەڕێزان و خوێنەران ئاگادارتان دەكەمەوە كە بەم نزیكانە چاوەڕوانى زنجیرەیەك ووتارى تربن كە بەشێك لە گەندەڵى و ساختەكانى باڵى پاراستنى پارتى دەخاتە ڕوو و ئاشكرا دەكرێن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست