کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(ئارام) یمان دەسەڵاتى شەڕەنگێزى زارەترەك كردوە ،هاكە ئاشبەتاڵ روویدا !

Friday, 06/05/2011, 12:00







هەر ئایدیۆلۆژیا و ئاراستەیەكى فیكرى ئەگەر بنەماى واقیعى و زەمینەى بڵاوبونەوە و گەشەكردنى لەبار و گونجاو نەبێ ، دواى ماوەیەك خۆی بەرەو پوكانەوە و سنوردارى ئەچێ ، بیرو ڕا و ئایدیۆلۆژیا دەكرێ هەموو لایەن و كەسێك بانگەشەى بۆبكا و بڵاوی بكاتەوە و لایەنگریشى بۆ پەیدا بكات ، بەڵام مەرجى هەرە گەورە و دوائامانجى ئەو هەوڵە لەوەدا خۆی ئەبینێتەوە تاكوێ ئەو ئایدیۆلۆژیایە توانیویەتى مەبەست و ستراتیژو نیشانە سەرەكیەكەى خۆى بپێكێ ! تا چەند توانیویەتى لەگەڵ رەوتى گۆڕان و ئاڵوگۆڕەكان بڕوا و تاچەند هەنگاوەكانى لەگەڵ خواست و بەرژەوەندیەكانى خەڵك رێی بڕیوە ؟
یەكێتى و پارتى وەك پاشماوەى زەمەنێكى بەسەر چوو لە ئێستاى ژیانى سیاسی خەڵكى كوردستاندا وەك دوو هێزى لە بنچینە پەراوێزبوو ، بەڕووكەش زیندوو لە دوا ساڵەكانى كۆتایی تەمەنى زێڕینى خۆیاندا دەگوزەرێن ، دوو هێزن لەسەر سەروەریەكانى رابردوو كاوێژ دەكەن و لە زەمەن بەجێ ماو و لە كۆمەڵ دابڕاو و لە ژیان وەستاون ، ئەو ترپە سســتەى كە تەنها نیشانەى زیندو و بوون و مانەوەیانە لە نێو دنیاى سیاسەت و فكر و مەعریفە ونە و ،تاكە شتێك كە بون و مانەوەیانى كردۆتە مەحەكى مانەوە لەلوولەى چەكەكانیانداماوە ، ئەو چەكانەش زۆربەى زۆرى لە دۆخێكى دوو دڵى و بڕیارى خۆ یەكلاكردنەوە دایە ، روونتر بڵێین ئەگەر بگاتە رۆژى هەڵبژاردنى بەرەى خەڵك و مانەوە لە نێو دوارۆژى تیاچووندا لە پاڵ دەسەڵاتى تۆتالیتاریانەى پارتى و یەكێتى دا ئەوا بێگومان زۆربەى ئەو هێزانە جگە لە هێزە داپڵۆسێنەر و دەزگا سیخوڕەكانیان ، پاڵ دەدەنە بەرەى گەل و دواڕۆژى خۆیان ، ژیان و مانەوەیان بە دەسەڵاتى بەسەرچو و ڕوخاوى دەسەڵات نابەستنەوە ، بەڵام تاكە شتێك كە ئێستا ئەو هێزانەى لە نێو دۆخێكى گوماناویدا هێشتۆتەوە ، تەنها و تەنها ئەوەیە كە لاى ئەوانیش تائێستا ئەوە روون نیە ئاخۆ نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دەگاتە ئەو دۆخەى كە ئۆپۆزسیۆن بە دەسەڵات بڵێ " أرحل " ، وە ئەو وێناكردنە بۆ هەموو ئەو كەس و ئەندام و كادیرە جۆراوجۆرەى دامو دەزگا حزبی و لێپرسراوە مام ناوەندیە حكومى و حزبیەكانیش تاڕادەیەك ڕاستە چونكە كاتێك هێشتا لایەنى بەرامبەر بڕیارى شەڕى یەك لاكەرەوەى نەدابێ بۆ خەڵكێكى ناو حزب و حكومەت بڕیاردانێكى وا جارێ زەحمەتە چونكە قوتى ژیان و بەرژەوەندى هەندێ لەوكەسانە هێشتا لە دەستى دەسەڵاتدایە و پێش وەخت بڕیاردانێكى وا لەوانەیە بۆ ئەم جۆرە خەڵكە قورس بێت و بۆ هەموو كەس نەگونجێ ، هەرچۆنێ بێ ئەوە بۆ كاتى خۆى لێ ئەگەڕێن بەڵام ئەوەى كە زۆر گرنگە ئەوەیە كە كرمى دوو دڵى و بێ فكرى و داڕمانى نەمانى متمانە و بەتاڵ بونەوەى حزبەكانى دەسەڵات لە هەموو بنەمایەكى ئەخلاقى و فكرى و ئایدیۆلۆژى كاریگەریەكى یەكجار گەورەى لە ناخ و دەروونى ئەندام و لایەنگرانی حزبی دەسەڵاتداردا داناوە و سەرجەم رایەڵە و كۆڵەكە سەرەكیەكانى ناو ئۆرگانەكانیان توشی نەخۆشی كرم لێدان و داڕزان بوە و هیچ ئومێدی هەستانەوەى لێ بەدى ناكرێ . بۆیە گرەو كردن لەسەر مانەوە و هەناسە بەبەر داكردنەوەى جۆرە حزب و دەسەڵاتێكى ئاوەها ، گرەو كردنە لە سەر ئەسپی تۆپیو، تەنها لەیەك باردا لەوانەیە چانسێكى تر بڕەخسەنرێ بۆ دەسەڵات ئەویش جوڵانەوە و رەفتاركردنى ئۆپۆزسیۆنە بەگرتنە بەرى هەمان ئاواز و رەفتارى دەسەڵات ، واتە خولیاى شەڕەنگێزى دەسەڵات و وەلامدانەوەى توند و تیژیانەى ئۆپۆزسیۆن ، ئەو چانسەیە كە دەسەڵات جارێكى تر لەوانەیە هەناسەكانى ژیانى بۆ بگەڕێتەوە ، لەبەر ئەوە گەورەترین هەڵە و هۆكارى لەباربردنى ئەم بارودۆخە و شكاندنەوەى بە قازانجى دەسەڵات لەوەدایە كە پەلە و پەچە كردارى رەقى هاوشێوەى وەڵامە توندەكانى دەسەڵات و دەزگا ئەمنیەكانى بێ ، دوور كەوتنەوە لە توند و تیژى لە ئێستادا و روماڵى اعلامى بۆ رووداوەكان و بارودۆخەكە بەشێوەیەكى عەقڵانى گەورەترین سەركەوتن و بەهێزترین گورزە كە ئاراستەى دەسەڵاتى دوو حزبى كوردستان دەكرێت چونكە هێزى شەڕەنگێز كۆنترۆڵى خولیا و ویست و زەینى چارەسەرى ئەمنى خۆى بۆ ناكرێ و بەردەوام ئەم ویستە شەڕەنگێزە لە پنت و خاڵێكدا ، لە زەمین و زەمان و ساتێكدا ئەو هێمنى و ئارامیە روكەش و ساختەى كە نیشانى ئەدا بۆى دابین ناكرێ و روى ڕاستەقینەى خۆى وەك چۆن هەیە ئەخاتە ڕوو بۆیە هیچ پێویست و خوازراو نیە شتێك خۆى هۆكارى گڕگرتنى تیا هەبێت ، بێین ئێمە فتیلەى ئەو ئاگرە بین ، درەنگ یا زوو ئەو ئەو خولیا ، ئەو چاو بەخوێن سورە ، ئەو كەڵبە تیژانەى كە هێشتا لێوەكانیان دایپۆشیون ، دەردەكەون .!بەدەركەوتنى ئەو كەڵبانە نۆرەى دەركەوتنى دەستە واژە و رستەى نوێ و دنیایەكى نوێ دێت كەئیتر هەریەكێك و هەر تاكێك ، لە هەموو كۆڵان و سوچ و قوژبنێك دەڵێ " أرحل یا دیكتاتورین "
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە