کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


له‌به‌رامبه‌ر سه‌رکوتی ئازادیدا،هه‌موومان لڤینین

Saturday, 07/08/2010, 12:00



بۆ هه‌موومان ئاشکرایه‌ شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ میدیای ئه‌هلیدا، زۆر ده‌مێکه‌ ده‌ستی پێکردووه‌،لێ پاش تیرۆرکردنی"سه‌رده‌شت عوسمان" له‌ هه‌ولێرو ئه‌وه‌ی که‌ ته‌واوی ئاماژه‌کان ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ڕوو له‌پارتییه‌،پارتی به‌ته‌واوی ئاڵای شه‌ڕی دژی هه‌موو قه‌ڵه‌مه‌ ئازاده‌کان و رۆژنامه‌و گۆڤاره‌ سه‌ربه‌خۆکان هه‌ڵكردووه‌،هه‌موو ڕێگایه‌ک ده‌گرێته‌ به‌ر، ته‌نها له‌ پێناوی سه‌رکووت و ده‌م به‌ستنی ئازادیخوازاند
شه‌ڕی ئه‌م جاره‌ی پارتی که‌ به‌ لڤینی ده‌فرۆشێت، له‌ سۆنگه‌ی بابه‌تێکه‌ وه‌ هاتووه‌ که‌ له‌ دواین ژماره‌یدا بڵاویکردۆته‌وه‌،له‌وێدا چاوپێکه‌وتنێکی" عیرفان قانعی فه‌رد "هاتووه‌‌، باس له‌سه‌ر کۆمه‌ڵه‌ به‌ڵگه‌یه‌ک ده‌کات له‌سه‌ر شۆڕشی ئه‌یلوول و خودی مسته‌فا بارزانی و په‌وه‌ندی ئه‌و به‌ کۆماری مهاباده‌وه‌.
دیاره‌ هه‌رکه‌سه‌ به‌ پێی تێفکرینی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م مێژوانه‌ ڕاده‌وه‌ستێت، لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌کات تا ڕاستیه‌کان بۆ هه‌موو لایه‌ک ئاشکرا بێت،وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ هه‌یه‌،نه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵات به‌ ته‌زویر ده‌رخواردی خه‌ڵكی داوه‌،ئه‌گه‌ر پارتی پێی وایه‌ ئه‌م شتانه‌ ڕاست نییه‌ ،ده‌توانێت به‌ڵگه‌کانی خۆی بخاته‌ ڕوو بۆ به‌درۆخستنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان و به‌ڵگه‌ بینراو بیسراوه‌کانی "عیرفان قانعی فه‌رد " وه‌لێ ئێمه‌ وای ده‌بینین ئه‌م جۆره‌ له‌ هیستریای پارتی، ئه‌وه‌پشت ڕاست ده‌کاته‌وه‌ که‌ باسه‌که‌ی ناوبراو ڕاستییه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌.
پاش بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌و چاوپێکه‌ووتنه‌‌،پارتی جارێکی ترکه‌وته‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌و یه‌که‌م به‌یان نامه‌ی له‌ سلێمانی بڵاو کرده‌وه‌ که‌ تژی بوو له‌ هه‌ڕه‌شه‌و " تیرۆرو کوشت و بڕو ده‌ست نه‌پاراستن "پاشان له‌ ڕێگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌وقافی هه‌ولێره‌وه‌، به‌شێک له‌ مامۆستایانی ئاینی له‌ هه‌ولێرو دهۆک ڕاسپارد، که‌ له‌ نوێژی هه‌ینیدا هێرش بکه‌نه‌ سه‌ر گۆڤاری لڤین،به‌ داخه‌وه‌ هه‌ندێک له‌ مامۆستایانی ئاینی جا یان له‌ برسا یان له‌ترسا یان خۆیان زوڕناژه‌نی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ن، که‌ووتنه‌ دژایه‌تی ئه‌و گۆڤاره‌، ئێمه‌ ئه‌و جۆره‌ مامۆستایانه‌، به‌رامبه‌ر ده‌که‌ین به‌و مامۆستا ئاینیانه‌ی سه‌رده‌می به‌عس،که‌ پێشنوێژیان له‌میحرابی مزگه‌وته‌کاندا ده‌کردو چوارده‌ خۆره‌که‌یان له‌ ژێر جبه‌که‌یاندا داده‌نا،ئێستاش مامۆستایانێک هه‌ن به‌ قازانجی ده‌سه‌ڵات و به‌ قسه‌ی ئه‌وان ده‌جوڵێنه‌وه‌ دژی خواستی گه‌له‌که‌یانن و به‌شداری ده‌که‌ن له‌ سه‌رکووت و تۆقاندن و ده‌مبه‌ستنی ئازادی به‌یان و نووسیندا،ئه‌و به‌شه‌ له‌ مامۆستایانی ئاینی ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌که‌ن و خاوه‌نی هه‌ڵوێستن، با بچن له‌ مناره‌ی مزگه‌وته‌کانیانه‌وه‌ له‌سه‌ر دزینی سه‌روه‌ت و سامانی وڵاته‌که‌یان بدوێن ،‌ ڕێگا له‌ به‌تاڵانبردن و به‌هه‌ده‌ر بردنی سامانی وڵات بگرن،ئه‌گه‌ر ئه‌وان ڕاست ده‌که‌ن به‌ به‌رچاویانه‌وه‌ ڕۆژانه‌ سه‌دان ته‌نکه‌ر نه‌وتوو گاز به‌ قاچاخ ئاودیوو ده‌کرێت و پاره‌که‌یشی ڕاسته‌وخۆ ده‌ڕژێته‌ گیرفانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ڕاست ده‌که‌ن له‌به‌رامبه‌ر تیرۆری ڕۆڵه‌یه‌کی ئه‌م گه‌له‌ خێر له‌خۆ نه‌دیوه‌دا "سه‌رده‌شت عوسمان"بوه‌ستانایه‌ که‌ له‌شاره‌که‌ی ئه‌واندا ڕفاندیان و تیرۆریان کرد.
گۆڤاری لڤین نه‌سوکایه‌تی به‌که‌س کردوه‌،نه‌ ته‌نانه‌ت له‌و یاسا ڕۆژنامه‌گه‌ریه لایان داوه‌ که‌ده‌سه‌ڵات خۆیان نووسیویانه‌ته‌وه‌.
ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ "عیرفان قانعی فه‌رد" کردوه‌ که‌ له‌وێدا ئه‌م که‌سه‌ شاره‌زایه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ده‌یسه‌لمێنێت که‌ ئینگلیزه‌کان " مه‌لا مسته‌فا" یان ناردوه‌ بۆ تێکدانی کۆماری مهاباد،"مه‌لا مسته‌فا" سوکایه‌تی به‌ "قازی محه‌مه‌د" کردوه‌و پێی ووتووه‌"خوێڕی وترسنۆک"مه‌لا مسته‌فا به‌خه‌تی خۆی پێش ساڵی 1975 نامه‌ی ناردووه‌ بۆ ئه‌مریکاو داوای مافی په‌نابه‌ری کردووه‌، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێ بابه‌تی تر،ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی مامۆستایانی ئاینی بونایه‌و"کادری حیزب" نه‌بوونایه‌،بیان ویستایه‌ خزمه‌ت به‌ مێژوو بکه‌ن، ده‌یان توانی بابه‌ته‌که‌ بخوێننه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش به‌ڵگه‌یان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ لایه‌ با بڵاویان بکردایه‌ته‌وه‌،ئه‌مه‌ ئه‌وپه‌ڕی کۆیله‌یی و زه‌بوونیه‌ به‌رله‌وه‌ی بابه‌تێک بخوێنیته‌وه‌ ته‌نها له‌سه‌رخواستی ده‌سه‌ڵات ئاڵادژی گۆڤاره‌که‌ هه‌ڵکه‌ی،دیسان له‌باره‌ی ئه‌خلاقی سیاسیی ومێژووییه‌وه‌ ده‌بوو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵوێستیان بگرتایه‌،ده‌کرا هه‌ڵوێستیان دژی بارزانی هه‌بوایه‌ که‌ سوکایه‌تی به‌ "پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د" کردوه‌،وه‌لێ به‌ نیگه‌رانیه‌وه‌ ده‌ڵێین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی "مه‌لا مسته‌فا " نه‌وه‌کانی ماوون و تفه‌نگچی و ده‌سه‌ڵاتدارن،به‌شێک له‌و مامۆستایانه‌ وه‌ک پارتی بیرده‌که‌نه‌وه‌،له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌رکی ئاینیان جێبه‌جێ بکه‌ن و خزمه‌ت به‌ دینه‌که‌یان بکه‌ن، خزمه‌تی حیزب ده‌که‌ن و وه‌ک پارتی ده‌ئاخڤن و مناره‌ی مزگه‌وته‌کان ده‌خه‌نه‌ خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و کوڕه‌کانی مه‌لا مسته‌فاوه‌.
ئێمه‌ لای خۆمانه‌وه‌ دڵنیاین،ئه‌گه‌ر "قازی محه‌مه‌د" یش کۆمه‌ڵێک کوڕی هه‌بوایه‌و ئێستا ده‌سه‌ڵاتدار بوونایه‌،ئه‌و مامۆستایانه‌ دیفاعیان له‌و ده‌کرد له‌ به‌رامبه‌ر "مه‌لا مسته‌فا" دا،واته‌ مه‌سه‌له‌که‌ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و حیزبیه‌وه‌ دووروو نزیک په‌یوه‌ندی به‌ڕاستگۆییه‌وه ‌نییه‌.
ئێمه‌ به‌ناوی سه‌دان که‌س له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕایده‌گه‌یه‌نین،که‌ به‌ هه‌موو توانامانه‌وه‌ له‌ئاستی ناوخۆو جیهانیدا پشتیوانیه‌کی ته‌واو و بێسنوور له‌ گۆڤاری لڤین ده‌که‌ین، له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکوتدا هه‌موومان لڤینین، داوا له‌و به‌شه‌ له‌ مامۆستایانی ئاینیش ده‌که‌ین بچن خه‌ریکی کاری ئاینی خۆیان بن و ئه‌گه‌ر قازانجێکیان بۆ ئازادی و بۆ وڵاته‌که‌مان و گه‌له‌که‌مان نییه‌، با له‌ تیرۆرو سه‌رکووت و تۆقاندن و ده‌مبه‌ستندا به‌شداری نه‌که‌ن و هاوشانی ده‌سه‌ڵات ڕێنه‌که‌ن دژی خواستی خه‌ڵک و خوداو مێژوو.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی
"ژووری کوردستان ده‌نگی ئۆپۆزسیۆن" له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت پاڵتاڵک


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە