ڕێبین هەردی پاساو بۆ پارتی دەهێنێتەوە !
Saturday, 18/10/2014, 12:00
گیانلەبەر زۆر هەن، بەتایبەتی لە ژێر ئاو، کە دەتوانن رەنگ و شێوەی خۆیان بگۆڕن، لەسەر زەویش مارمێلکەیەک هەیە ئەویش بەهەمان شێوە سروشت ئەو بەهرەیەی داوەتێ کە دەتوانێت رەنگ و شیوەی خۆی بگۆڕێت، سروشت بۆیە ئەم توانا و بەهرەیەی بەوانە داوە، کە یەکەم پارێزگاری خۆی بکات و لە گیانلەبەرێکی زاڵتر خۆی حەشاربدات، دووەم بۆ ئەوەیش، کە ئەوانەی لە خۆی بچوکترن لەناکاو پەلاماریان بدات، بیانکاتە ژەمی خواردن، لە هەردوو حاڵەتەکەدا یەک خاڵی هاوبەش هەیە، ئەویش فێڵکردن و درۆکردن و خۆشاردنەوەیە، درۆی ئەم گیانلەبەرانە درۆیە، درۆی سپییە بۆ خۆپاراستن، درۆی رەشیشە بۆ پەلاماردان و کوشتن. سروشت ئەو توانانەی بە مرۆڤ نەداوە، بەڵام ئەو عەقڵەی پێداوە کە لە توانای کیمیاوی گۆڕینی رەنگ و شێوە، بە مەرامی خۆی بگات، ئەویش راستەوخۆ فێڵکردن و درۆکردنە، لەوێوە کەسایەتیی خۆی دەگۆڕێت واتە رەنگ و شێوەی دەگۆڕێت، سەر لەوانی تر دەوەشێنێت کە نەیناسنەوە و نەزانن ئەو کەسە بەراستی چییە و کێیە و کامیانە؟ نووسەرە دەربارەکانی کورد، رووناکبیرە ساختەچییەکانی دەربار، ئەو توانانیەیان هەیە و دەمێک ساڵە لەو بوارەدا کار دەکەن، لە کوێ بای هەبێت، لەوێ شەن و کەوی خۆیان دەکەن.
نووسەر و ڕووناکبیر و ڕۆشنبیر و چاودێری سیاسی و هتد... زۆر هەیە، بەڵام هەر یەکە و بە قیاسی خۆی، ڕێبین هەردیی یەکێکە لەوان. ئەم هەموو ڕۆژێک لە ڕەنگێک ئەیبینیت... بۆتە کۆیلەی کۆمپانیایەک، بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئەوان جار جارە بۆڵەیەکی نوزاویی لێ دێت... وەک ئەوەی بڵێی، وەحدەی تیانەماوە، پێویستە تێبکرێتەوە، پێویست ناکات بۆ ڕاستی ئەم قسانەم پەنا بۆ هیچ بەرم، ڕاپۆرتەکانی سەرۆکایەتی ئەوسای چاودێری دارایی (بەڕێز جەلالی سام ئاغا)، لەسەر دەزگای سەردەم، گەواهی ئەم راستییەن، کە رێبین هەردیی یەکێکە لە باسکراوەکان.
لێرەوە لەسەر دوا نووسینی رێبین دەست پیدەکەین، کەلەسەر کۆبانی دەنووسێت:
چی بکەین بۆ کوبانێ؟
ئەمرۆ وێنەی هەقیقی تورکیا بۆ هەموو کەسێک دەرکەوتووە.. ئەم دەوڵەتە هەمیشە و هەموو کات هەموو دەرفەتیک ئەقۆزێتەوە بۆ دژایەتی کورد لەهەر کوێیەک بیت.. تەنانەت ئەو پردی پەیوەندیە گەرمەی پارتی لەگەڵ ئەم دەوڵەتدا دروستی کردو هەموو بەتەمابوین شتیک لە عەقڵیەتی ئەم دەوڵەتە بگۆڕێت، کەچی نەک هەر ئەمەی نەکردووە، بەلکو پێئەچێت بەداخەوە عەقڵەیەتی پارتی گۆڕی بێت و لەبری ئەوەی پارتی تورکیا بۆ ئەوە رابکیشێت جۆریکی تر سەیری کورد بکات، تورکیا پارتی راکیشاوە بۆ ئەوەی بە دڵی ئەو بجوڵێتەوە.
ئەمڕۆ ئەم سیاسەتەی پارتی لە هەموو کاتێک زیاتر دەرکەوت کە چەند بێ کەڵک و بێ دەرئەنجامە، بگرە دەوری خراپی ئەبێت لەوەی هێزێکی گەورەی وەک پارتی بخاتە دۆخیکی بێ ئەندازە خراپەوە.
.............
بەر لەهەموو شتێک کە ئەم بەڕێزانە بیری لێبکەنەوە، دەبێت لەوێوە دەستپێبکەین و بڵێین: ئێوەی رووناکبیر و نووسەر و رۆژنامەنووس، دەبێت لە پێشدا ئەستێرەکانی سەرشانتان دابگرن، واز لە پارە و دەستکەوتی مشەخۆری بهێنن، بۆتان هەیە بڵێین چی بکەین و چی نەکەین!؟ دوای ئەوە ئێوە چی دەتوانن بکەن، جگە لە قسەکردن و خۆهەڵکێشان نەبێت!؟ تازە کاک رێبین بۆی دەرکەوتووە، کە تورکیا هەموو دەرفەتێک ئەقۆزێتەوە بۆ دژایەتی کورد! واتە پێش داعش ئەمیش وەکو زۆر کەسی ساویلکە رای وا نەبووە تورکیا دوژمن و داگیرکەری کورد نییە، تورکیا دەوڵەتێکی دیموکراتییە و بەو زوانە مافی کورد دەدات، هەڵبەت ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە کاک رێبین هەردی کۆنە پاسۆک و کۆنە هاوڕێی ئاری هەرسین، هەروەک برادەرە فەیلەسوفەکانی دیکە قەڵەمبازی بەسەر رابردوو و مێژوو و دیرۆکی کورددا داوە و نەیخوێندۆتەوە، عەقڵی سیاسیی نییە، بیربکاتەوە کە دوژن و داگیرکەرانی کورد، هەموویان یەک میتودیان هەیە بۆ لەناوبردنی میللەتی ژێردەستە، ئەوە ئەم نووسەر و رووناکبیرانەن کە وەک عەقڵی پارتیی و یەکێتی بیردەکەنەوە، هەمیشە لە ناخەوە پێیان خۆشە ژێردەستە و سیخوڕی داگیرکەران بن. ئەگەر پێچەوانەکەی راستە، دەبوو ئەم قسەیەی چەندین ساڵ پێش رووداوەکانی شەنگال و کوبانی و هاتنی داعش بکردایە، ئەمە ئەگەر نەخوێندەوارێک ئەو قسەیەی بکردایە دەمان ووت قەینا، بەڵام ڕاوێژکارەکەی کاک نەوشیروان مستەفا، لەپاڵ سیاسەتی تازەی گۆڕاندا، ئەمیش نەرمە سیخورمەیەک لە پارتی دەدات، پێی وایە پارتیی لە نائاگایی و نووستووییدا ئاگای لە خۆی نییە، ئەم خەبەری دەکاتەوە. جا نازانم لە رابردوودا کاک رێبین هەردیش وەکو ئیسلامییەکانی کورد، چەندە بە ئەردۆگان سەرسام بووبێت، چونکە لە ١٧ شوباتدا وەکو ئیسلامییەکان حەی ئەڵڵای دەکرد و هوتافی ئاینینانەی دەکێشا، دەیویست وەک مەلاکان، مزگەوت بگوێزێتەوە بۆ بەردەرکی سەرای سلێمانی.
لەوەتەی پارتی، پەیوەندی لەگەڵ تورکیا هەیە... هەر لە ساڵی ١٩٧٨ ی کارەساتی هەکاریەوە... تا دەگاتە هێنانی فڕۆکەی تورکی بۆ سەر گەریلا و... هێنانی سەربازگەی تورکی بە قوڵایی چەندین کیلۆمەتر بۆ باشوری کوردستان... تا دەگاتە تێبڕینی بۆری نەوتی لە باشوری کوردستان... کەی پارتی، جگەلە بەرژەوەندی بنەماڵەی بارزانی، گوێی بە هیچ بەرژەوەندیەکی ترداوە ؟ کاک رێبین جاران زۆر دژی ئەو پەیوەندیانە قسەی دەکرد ؟! وا ئێستا پێمان ئەڵێیت، دوایی گەشبین و ئێستاش بێئومێدە...
هەموو ئەمانە ئەوە پیشان دەدەن، کە خەمی پارتیەتی، لە ئەنجامی ڕەد فعلی ئەو پەیوەندییە، هێزێکی گەورەی خۆی وتەنی وەک پارتی، بخاتە دۆخێکی بێ ئەندازە خراپەوە.
ئەم خەمە گەورەیە رەنگە پەیوەندیی بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە هەبێت، چونکە گۆڕان لەگەڵ پارتییدا رێکەوتنی ئیستراتیژییان هەیە و نەوشیروان مستەفا لەو پەیوەندەییەی تورکیا و پارتیی ئۆکەیی بۆ کردبوون.
رێبین هەردی دەڵێت : من لە ناکۆکی نێوان پارتی و پەیەگە تێدهگەم، ئەشزانم رەنگە هەندێک رەخنەی پارتی لە پەیەگە راست بێت، (وەک خۆم زۆر ئەو بەینە باشەی پەیهەە و ئەسەدی ستەمکارم پێ خراپە و بەراست نازانم)...بەڵام جیاوازی سیاسی هەرگیز نابێت بگاتە ئاستی دوژمنایەتی و لەبەردەم هێرشێ بیگانەدا، ئەبێت هەموو پشت و پەنای یەک بین.
.................................................
بە ناوی هاوکاری کۆبانێ، پەلاماری (یەپەگە) ئەدات ! هەمان تۆمەت و قسەکانی (تورکیا و پارتی)، دووبارە ئەکاتەوە.
لە کوێ (یەپەگە)، پێشی سوپای ئەسەد کەوتووە، لە ئۆپۆسزێۆنی سوری داوە ؟
ئایا ئەگەر (یەپەگە)، پەیوەندی لەگەڵ ئەسەد هەیە ! بۆچی سوپای ئازادی سوریا، ژووری عەمەلیاتی هاوبەش لەگەڵ (یەپەگە)، دروست ئەکەن بۆ رووبەڕوو بونەوەی (داعش) ؟
پاشان بۆ دەبێت لە ئیستادا (یەپەگە) شەڕی سوپای ئەسەد بکات؟ بەبێ هیچ تەقە و ڕووبەڕوو بونەوەیەک ناوچە کوردیەکانی چۆڵ کردووە و رادەستی (یەپەگە)ی کردووە... هیچ هێرشێکی زەمینی و ئاسمانی ناکاتە سەر هیچ ناوچەیەکی کوردنشین.
لەکاتێکدا سوپای بە ناو ئازاد و ئەنجومەنی نیشتیمانی سوریا، بە عیلمانی و ئیسلامیەوە، ئامادەنین دان بە مافی کوردا بنێنن، کە هێشتا ناتوانن ئیدارەی ئەو ناوچانەش بکەن کە لە ژێر دەستی خۆیاندایە.
بۆچی سیاسەتێکی ئاوا ئەقڵانە تۆی ناڕەحەت کردووە ؟ دەتەوێت وەک ئەوەی (گۆران) بۆتە پاسکۆی خیانەتەکانی مەسعود، ئەوانیش وابن ؟! ئینجا سیاسەتێکی حەکیمانەیە و خۆت و ئاغاکانت موریح ئەبن؟!
رێبین هەردی دەڵێت: ئەمڕۆ ئەو هیرشە دڕندانەی ئەکرێتە سەر کۆبانی هەموو کوردێکی ئەم دنیای بریندار و بێتاقەت کردوە، بەتایبەتی پاش ئەو خۆراگریە بێ وێنەیە لە پێشمەرگەکانی کوردستانی رۆژئاوا ئەبینین. ئەمرۆ خەڵکی ئێمە خۆپیشندانیان کرد..دەستیان خۆش بێت. بەس وەک خۆم خۆپیشاندان لەم دۆخەدا بە چەکی کاریگەر نازانم، کۆبانی پێویستی بە شتی فعلی و کاریگەرتر هەیە لە ڕژانە سەرجادە لە سلێمانی، (ئەڵبەتە ئەم قسەیە بۆ تورکیا و ئەوروپا راست نییە کە خۆپیشاندان زۆر دەورێکی ئیجابی ئەبێت).
.....................................................
بەڵێ ئەو هێرشانە هەموو کوردێکی بێتاقەت کردووە... لێ ئێوە رەنگە وەکو پارتیی و کاک نەوشیروان بێتاقەت بن، چونکە کەوتنی کۆبانی واتە سەرکەوتنی تورکیا و پارتیی، پارتی و گۆڕانیش ئەمڕۆ یەک سیاسەتیان هەیە! بێدەنگی نەوشیروان مستەفا، بێهەڵوێستی گۆڕانخوازەکان و پەرلەمانی کوردستان، کە بە جیدی هیچیان بۆ کۆبانی نەکردووە، بەڵگەی ئەو راستیەن.
لە بیریشت نەچێت ئەوانەی بەرگری دەکەن، پێشمەرگە نین، بەڵکو شەڕڤانن... ناوهێنانی ئەوان بە پێشمەرگە، واتای وایە تۆ هێشتا لە سیاسەت تێنەگەیشتوویت. مەسعود دژایەتی کوردانی ڕۆژئاوای ئەکات. ناوی شەرڤان لای پارتی و مەسعود بڤەیە، بۆیە تۆش لە نائاگاییدا بە قسەی ئەمان دەکەیت و دژی کوردانی رۆژئاوایت! دان نەنان بەوان وەک شەڕڤان، هەمان ئەو کارەیە کە سەرۆکی پەرلەمانەکەتان، دانی بە کانتۆنیەکانی ڕۆژئاوا نەنا و نەیخستە بەرنامەی کارەکانی پەرلەمانەوە، چونکە بەکاری خۆیانی نەزانی! واتا نە ئەوان و نەئێوەی کۆنە پاسۆک و تازە گۆڕان برواتان پێیان نییە و گرەو لە سەر لە ناوچوونی ئەکەن.
یان گەرەکتانە پێمان بڵێیت : ئەوانەی لە کۆبانێ بەرگری ئەکەن، ئەو کۆنە سەرخۆشانەن کە لە هەولێر، مەسعود، مێزی بۆ رازاندونەتەوە و مەشقی خیانەتیان پێدەکات و حیزبی کارتۆنی بۆ دروست کردوون... بۆیە ناوت بە پێشمەرگە هێناون!
کاک رێبین هەردی باسیش لە خۆپیشاندان دەکات و ترسی تۆ لە خۆپیشاندانی باشوری کوردستانە، ئەمەش لەوەدا نییە کاریگەری نییە ! بەڵکو دەترسیت بە ئاقارێکە بشکێتەوە ئەو وەزعەتان لێ تێک بچێت.
رێبین هەردی دیسان دەڵێت: هەروەها ئەو رەخنەیە لە هەرێم بەراست نازانم کە بۆ هێز و چەک نانێرێت، چونکە بەڕاست هەرێم ناتوانێت ئەمکارە بکات، بەینی کوردستان و کۆبانی گیراوە و ریگەی یارمەتی بە ئەرزدا نیە.. تازە هەرێم خۆی لە شەڕدایە و بەو هەموو بوردومانەی بۆی ئەکرێت هێشتا نەیتوانییوە دێ و ناوچەکانی خۆی لەدەست ئەم جەردانە رزگار بکات.
...................................................................
کاک رێبین دەیەوێت فێڵمان لێبکات و لە خشتەمان بەرێت، خۆی لەوە دەدزێتەوە کە ئەوە فەرمانی تورکیایە کە دەبێت مەسعود جێبەجێی بکات و نابێت هاوکاری بگەیەنرێتە کۆبانێ، رێبین هەردی دەبوو لە بری ئەمە داوای بکردایە کەوا پێویستە، سەربازگە تورکیەکان لە باشور بکرێنە دەرەوە... گڕیبەستی بە تاڵان بردنی نەوت و گاز، هەڵبوەشرێتەوە... نوسینگەکانی تورکیا، لە سلێمانی و هەولێر، کۆبکرێنەوە و بنێرێنەوە بۆ تورکیا... کۆمپانیا تورکیەکان دەربکرێت... ئەگەر مەسعود، ئەمەی نەکرد، کە نایکات. ئەوە پێویستە (نەوشیروان)، پەیمانی شەرەف کە ئیمزای کردووە لەگەڵ مەسعود هەڵیبوەشێنێتەوە و لە حوکمەت و پەرلەمان بکشێتەوە و شۆڕشی جەماوەری دژی پارتی و ئەوانەی پشتگیری سیاسەتەکانی پارتی ئەکەن بکرێت، کەچی بە پێچەوانەوە پاسا و دێنیتەوە گوایە ڕیگا نییە و هەرێم خۆی ناتوانێت شەڕی داعش بکات!
هەر ئەوەندە بەسە ٢٣ ساڵ، نەتوانرێت هێزێکی پیشەیی، نیشتیمانی، یەکگرتوو و مونەزەمی پێشمەرگە دروست بکرێت، بۆ بەرگریکردن لە نیشتیمان. ئەوەندە بەسە خەڵک دژی ئەم مافیایانە ڕاپەڕێت... ئەم پاساو هێنانەوەیە لە بری ئەو رەخنەیە دەگرێت کە دوای ٢٣ ساڵ، لە هەبوونی ئەو هەموو دەرفەتە... هەبوونی ئەو هەموو پارەیە... هەبوونی ئەو هەموو خەڵکە دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرە... بە هاوکاری هاوپەیمانان بتوانن لە سەر قاچی خۆیان بە ئاستەم بوەستن! دەزانی پێش ئەوەی ئاغاکانتان لە ناو ببرێن، میکرۆبگەلێکی وەک ئێوە زەروریەتێکی حەتمییە بۆ لە ناوبردن.
لە کۆتاییدا دەڵێین بفەرموون کاک ڕیبین هەڵوێستی نواند ! داوای بایکۆتکردنی خوارد و کەلوپەلی تورکی ئەکات ! چونکە پێی وایە بەم چەواشەکارییە شتێک بۆ کۆبانێ ئەکات!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست