کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تۆمه‌تبارت ده‌كه‌م

Thursday, 03/01/2013, 12:00








"تف له‌ عیلم و سه‌نعه‌ت و سه‌د كاره‌با
مه‌رحه‌با ئه‌ی جه‌هل و وه‌حشه‌ت مه‌رحه‌با"
قانیع


ئه‌وه‌ی لای هه‌موومان ئاشكرایه‌، كه‌ ساڵانێكه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان وێڕای فره‌جۆری و زۆری سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كان و كه‌می خه‌رجی وه‌به‌رهێنان و بێشوماری خه‌رجی به‌كاربردن و كه‌مترینیش بۆ خزمه‌تگوزاری و له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌شێكی زۆری به‌نادیاری ده‌مێنێته‌وه‌و كه‌س نازانێ چۆن و به‌ چ شێوازێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند كه‌س و گروپ و لایه‌نێك به‌كارده‌هێنرێت.
له‌ وه‌ها پرسێكی گرنگدا كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ژیان و گوزه‌رانی تاكه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌بێت ئاستی هۆشیاری تاك له‌ به‌كارهێنانی مافی به‌ده‌ستهێنان و‌ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانیدا به‌رزبكرێته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی چڕوپڕ كاری له‌سه‌ر بكرێ.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌بێت هاوڵاتی مافخوراو و به‌شمه‌ینه‌ت بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی هه‌موو رێگاكان تاقیبكاته‌وه‌و سڵ له‌ هیچ به‌ربه‌ست و رێگرییه‌ك نه‌كاته‌وه‌. ره‌نگه هه‌ندێ جارو له‌ هه‌ندێ وێستگه‌دا ماندووببین و ئیراده‌و بڕوابه‌خۆبوونمان به‌ نائومێدی بسپێرین، به‌ڵام رێگای دروست هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاش پشوویه‌كی كه‌م دووباره‌ تێهه‌ڵچینه‌وه‌.

حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك هه‌میشه‌ كه‌مته‌رخه‌م و بێباك له‌ئاست پرسه‌ گرنگه‌كانی تایبه‌ت به‌ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و خۆدزینه‌وه‌و شان ته‌كاندن له‌ به‌رپرسیارێتی یاسایی و ئه‌خلاقی، به‌ته‌وای متمانه‌ی هاوڵاتیانی له‌ده‌ستداوه‌. ره‌نگه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ ده‌یان به‌ڵگه‌ی بۆ سه‌لماندنی ئه‌م راستیانه‌ له‌به‌رده‌ستدابێت، هه‌روه‌ك لێره‌دا ئێمه‌ كێشه‌كه‌ی خۆمان ده‌كه‌ینه‌ نموونه‌ی ئه‌و نابه‌رپرسیارێتی و خه‌مساردییه‌ی حكومه‌ت.
ماوه‌ی حه‌وت مانگه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری خوێندكارانی كورد، كه‌ له‌سه‌ر خه‌رجی خۆیان له‌ زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌خوێنن، گیرۆده‌ی ده‌ستی رێنماییه‌كی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن و هه‌ر رۆژه‌و به‌ پاساوێكی نابه‌جێ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كه‌ دواده‌خرێ و كار له‌سه‌ر پشتگوێخستن و له‌بیربردنه‌وه‌ی ده‌كرێت. له‌كاتێكدا هه‌مان رێنمایی‌ له‌ ساڵی 2008 حكومه‌تی ناوه‌ندی كاری پێده‌كات و ته‌واوی خوێندكارانی ناوچه‌كانی تری عێراق لێی سودمه‌ندن.
نامه‌وێ باسی ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ له‌ رووی ئه‌خلاقییه‌وه‌ بۆ حكومه‌تێك چه‌ند شه‌رم و شووره‌ییه‌ بڕیارورێنمایی ده‌ربكات و دواتر به‌پاساوی نابه‌جێ هه‌وڵی خۆدزینه‌وه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی بدات، كه‌چی به‌به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه‌ به‌ سه‌دان ملێون دینار له‌ شتی بێكه‌ڵك و ناپێویست به‌هه‌ده‌ر بدرێت. به‌ڵكو ده‌مه‌وێت راسته‌وخۆ له‌رووی یاساییه‌وه‌ حكومه‌ت و لایه‌نی به‌رپرس تۆمه‌تبار بكه‌م و دوای راوێژكردنیش به‌ پسپۆڕێكی یاسایی و به‌ ره‌زامه‌ندی و هاوكاری هاوڕێ خوێندكاره‌كانم و داوایه‌كی یاسایی له‌دژی لایه‌نی كه‌مته‌رخه‌م بجوڵێنین و له‌گه‌ڵ ته‌واوی به‌ڵگه‌كان پێشكه‌شی دادگای فیدراڵی عێراق بكه‌ین. به‌داخه‌وه‌ له‌ پرسێكی وه‌ها گرنگدا ده‌بێت باز به‌سه‌ر دادگاكانی هه‌رێمدا بده‌ین، چوون تاك له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا ئه‌زمونێكی خراپی له‌گه‌ڵ دادگادا هه‌یه‌و دادوه‌ران و دادگاكان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك متمانه‌ی خۆیان له‌ده‌ستداوه‌.
به‌بڕوای من ململانێكردنی هاوڵاتی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و لایه‌نی به‌رپرس له‌ رێگای دادگاوه‌ گرنگی خۆیی هه‌یه‌و وێڕای ئه‌گه‌رێكی زۆری مسۆگه‌ركردنی ئه‌نجامی باشی كه‌یسه‌كه‌و به‌ده‌ستهێنانی ماف، هاوكات جۆرێكیشه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری تاك و بێده‌نگ نه‌بوون دژ وه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ سته‌م و نادادی ده‌سه‌ڵاتداران و پیشاندانی رێگایه‌كی شیاو بۆ به‌رگری له‌خۆكردن.






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە