کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕونكردنەویەك سەبارەت بە نوسراوی " مەکتەبی بەریتانیای یەکیێتی ی نیشتمانی ی کوردستان"

Monday, 21/02/2011, 12:00


ئازادیخوازان و ڕەوەندی كوردستانی لەبەریتانیا
لەبەیاننامەیەكدا " مەکتەبی بەریتانیای یەکیێتی ی نیشتمانی ی کوردستان"چالاكی مانگرتن و خۆپیشاندانەكانی چەتری ئازادی لە لەندەن لەبەردەم نوسینگەی حكومەتی هەرێم لە لەندەن بە " هاندانی خەڵک بۆ نانەوەی ئاژاوە و هێرش کردنە سەر بینا و ئۆفیس و بارەگای حیزبی و بنکە کۆمەڵایەتیە کوردیەکان و پەیتا پەیتا بە کوشتن و بە سوتاندنی بارەگا کوردیەکان تهدید دەکەن" .
بێگومان ئەم پروپاگەندانەی مەكتەبی یەكێتی لەلەندەن هەمان پروپاگەندەی حزبەكەیانە لە كوردستان كە لاوانی خۆپیشاندەری شاری سلێمانی بەئاژاوەگێڕ دادەنێن و كوشتنی "ڕێژوان" و "زمناكۆ" و برینداركردنی دەیان هاوڵاتی تر بەڕەوا و بەپاراستنی ئارامی كوردستانی دەزانن . ئەگەر ئەم مەكتەبەی یەكێتی بە عەقڵێكی مەدەنیانەوە بیریان بكردایەتەوە شوێنەكەیان لە شوێنی خۆپیشاندانەكەوە زۆر دوور نەبوو تا بهاتنایە و بەچاوی خۆیان بیان بینیایە كە لەماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا كە سەدان ئازادیخواز لە ڕەوەندی كوردی و كۆمەڵگەی بەریتانی بەشداری ئەم چالاكیانەیان كردوە هیچ ئاژاوە و گێرەشێوێنیەك ڕووی نەداوە . دەیانتوانی خواستی خۆپیشاندەرانیان بەگوێی خۆیان ببیستایە كە داوای نەمانی دەسەڵاتی میلیشیایی و نامەدەنی حزبەكانی ئەوان و كۆتایی هاتنی كوشتاری خەڵكی سیڤیلە بەدەست هێزە سەربەزیەكانی دەسەڵات لە كوردستان دەكەین نەك تۆمەتی "كوشتن و سوتاندن" لەبەریتانیا بخەنە پاڵ ئەم خۆپیشاندانانە.
ئێمە لە یەكەم ڕۆژدا چوینەتەسەر نوسینگەی حكومەتی هەرێم و داوامان لێكردوون كە نوسینگەكە چۆڵ بكەن، لەبەرئەوەی پارتی و دەسەڵاتێك كە ئەوان نوێنەرایەتی دەكەن ئیستا كوشتاری خەڵكی كوردستان دەكەن و چیتر دەسەڵاتی خوازراوی خەڵك نین و هەربۆیە نوێنەرایەتی كردنی ئەو دەسەڵاتە لە دەرەوە شەرعیەتی نەماوە و ئەم نوسینگەیە نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان ناكات.
هاوكات دوای سێ ڕۆژ خۆپیشاندانی مەدەنیانە و بە ئاگاداری پۆلیسی بەریتانیا ئیستا ڕەوەندی كوردی خۆی ئامادەكردوە بۆ ڕێپێوانێكی هێمنانە لە ڕۆژی 2 شەممەدا بۆ بەردەم ماڵی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا تاكو داوا لە حكومەتی بەریتانی بكەین فشار بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی كوردستان كە ئەو توندوتیژی و كوشتارەی خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی و شارەكانی تر ڕابگرن كە تائیستا چەند لاوی كوردی تێدا كوژراوە وبەدەیان هاوڵاتی برینداركراون لەلایەن هێزەكانی پارتی ویەكێتیەوە.
دیارە ئەم داوایانە بۆ مەكتەبی یەكیتی لەلەندەن ئاژاوەگێڕیە و باسی سزای توندی یاسایی دەكا لەبەریتانیا دژ بەئاژاوەگێڕی بەڵام پێمان ناڵێ كە ئەو یەكێتی وپارتی یەی ئەوان لەلەندەن نوێنەرایەتی دەكەن ڕۆژانە خەڵكی بێچەك دەكوژن و برینداری دەكەن و دەیانگرن و سوكایەتیان پێدەكەن سزای یاساییەكەیان لە كۆمەڵگەی نیودەوڵەتیدا چیە؟ ئەگەر وەكو لەم نوسراوەدا ئەم مەكتەبە دەڵێن " ئیمە لەکاتێکدا کە دژی هەموو جۆرە توند و تیژیەکین لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستاندا و بە توندی ئیدانەی کوشتن و ئازاردانی هەموو رۆلەیکی کورد ئەکەین" بۆ نامە بۆ دەسەلاتدارانی كوردستان وبۆ حزبەكەیان یەكێتی نیشتمانی نانێرن كە دەست لە كوشتن و برینداركردن و ترساندن و ڕاونانی خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی هەڵگرێ و مافی خۆپیشاندانیان پێڕەوا ببینێ. بۆچی نامە بۆ ڕەوەندی كوردی دەنێرن تا دەست لە ناڕەزایەتی دەربڕین هەڵگرێ دژ بەو توندوتیژی و كوشتارەی دەسەڵات دەیكا؟ بێگومان مەكتەبی یەكێتی نیشتمانی بەم نوسراوەتان نیشانتان دا كە هەرچەندە لە ووڵاتێكی دیموكراتی وەك بەریتانیا دانیشتوون بەڵام لەبەرئەوەی نوێنەرایەتی دەسەڵاتێكی میلیشیایی دەكەن لەكوردستان زەرەیەك لەشارستانیەت و مەدەنیەت فێرنەبوون كە خۆتان نەكەن بە نوێنەری دەسەلاتێ كە لەم ڕۆژانەدا خەڵكی كوردستان لەسەر شەقامەكانی شاری سلێمانی خەڵتانی خوێن دەكەن.
بێگومان ئازادیخوازانی ڕەوەندی كوردی لە هەموو شارەكانی بەریتانیا دڵ و گیانیان لای كەسوكاری خەباتكار و ستەملێكراویانە لە كوردستان و بۆ پشتیوانی لە خواستە ئینسانیەكانیان وپاراستنیان لەدەست كوشتاری دەسەڵاتداران ئەم مانگرتن وخۆپیشاندان و ڕێپێوانانە درێژەپێدەدەن و بەم كارە نوێنەرایەتی خەڵكی مۆدێرن وپێشكەوتنخوازی كوردستان دەكەن و دەنگی ئازادی ئەوان بەنیا دەگەیەنن وئەمە دەبێتە جیگای ناوناوبانگی سەربەرزانە بۆ ڕەوەندی كوردی لەبەریتانیا و دەرەوە و هەروەها بۆ خەڵكی كوردستانیش .هەروەك دنیا ئەمڕۆ فەخر نە ناوناوبانگی خەڵكی شۆڕشگێڕی میسرەوە دەكات نەك بە موبارەكی دیكتاتۆر .دیارە ئەركێك كە بەم مەكتەبەی یەكێتی سپیردراوە جیاوازیەكی نیە لەگەڵ ئەركی ئەو دەزگاسەركوتانەی دەسەڵات لەناوەوە ئەویش یەك شتە ڕێگاگرتن لە گەشەكردن وسەركەوتنی ئەم ڕاپەڕینانەی خەڵكی شۆڕشگێڕی كوردستان و لەدەست دەرنەهێنانی ئەو بەهەشتە دزراوەی بەری ڕەنج و تێكۆشانی خەڵكە كە ئێستا ئەم دەسەڵاتدارانە وەك فیرعەون پێی دەژین.بەڵام نازانن ئەمە دەورەی كەوتنی فیرعەونەكان و نۆرەی دەسەلاتدارێتی خەڵكی كوردستانە.
ئازادیخوازان و ڕەوەندی كوردستانی لەبەریتانیا
ئێوە كە 20 ساڵە ئاشنای پروپاگەندەی ئەم حزبە دەسەڵاتدارانەن كە بۆ درێژەپێدانی مانەوەی كورسی و تاڵانی داهاتی كوردستان باكیان لە درۆكردن و چەواشەكردن نەبوە ، وەرن بەبەشداریكردنتان لە ڕیُپیوانی ڕۆژی دووشەممەدا 21.02 نیشانی بدەن كە هەروەك دەورەی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەمان بەسەرچووە دەوری درۆ و تۆمەت هەڵبەستەكانیشیان بۆ خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵكی كوردستان بەسەرچوە.


‏20‏/02‏/2011



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە