٣١ی ئاب و درۆی شاخداری فەهمی کاکەیی ووڵامێک لە سەعید کاکەییەوە
Wednesday, 01/09/2010, 12:00
لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا کەسێك بەناوی "هەڵگورد ئاغا" لە فیس بووکدا بابەتێکی بڵاوکردەوە لەسەر خیانەتکاری کابرایەکی کاکەیی کە بەرپرسی دەزگایەکە بە ناوی "نووسینگەی کاکەیی" سەر بە یەکێ لە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان. ئەم هەڵگورد ئاغایە کە نووسەری ئەم بابەتە بە دوور و نزیك نایناسێت، ئیمەیلێکی بۆ ناردم و داوای بۆچوونی منی کردبوو لەسەر بڵاوکردنەوەی هەندێ بەڵگە لەسەر بەرپرسی نووسینگەی ناوبراو کە ئاماژە بە "ئامر سریه خاسه " بوونی بەرپرسەکە دەکات. ووڵامی من بۆ ئەو داواکارە ئەوە بووە کە ئەگەر دڵنیایە لە ڕاستی بەڵگەکان با بڵاویان بکاتەوە بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەی لایەنی بەرپرسی حیزبی لە ڕابردووی کەسانی کۆنەجاش وگۆمانلێکراو.
لەپڕ کۆنە قەڵەم-جاشێكی ئەندامی ئەو نووسینگەیە بەناوی سەباح کاکەیی و بە عەرەبیەکی شکاو دوو پۆستی زۆر قێزەوەنی لەسەر پەڕە و وێنەکانی شەهیدی سەرکردەی حزبی سۆسیالیستی کوردستان (حسکی کۆن)، شەهید مولازم مەجید کاکەییکە دەبێتە براگەورەم، بڵاوکردەوە کە جیا لە هەڕەشە بە تێرۆرکردنی من، سووکایەتیشی بە شەهید و بنەماڵەکەم کردبوو. بەش بە حاڵی خۆم، ووڵامی ئەو قەڵەم-جاشەم دایەوە و پۆستەکانیشیم لە سەر بەستەرەکی وێنەکاندا لابرد..
ڵێ ئەوەی جێی سەرنج و سەرسوڕمانە، کۆنە بەعسییەکی مامۆستای سەرەتایی بە ناوی "فەهمی کاکەیی" غیرەت و کەرامەتە کۆنە بەعسێتیەکەی بزوا و بەم یادە شوومەی ٣١ی ئابەوە بە نووسینێکی پڕشەرم و ئاست نزم دابەزیوەتە سەر من و ئەمەش دەقەکەیەتی:
"بۆ هەموو ئەوانەی لە دوور و نزیکەوە سەعيد کاکەیی دەناسن یان ناناسن. چوونکە من تەحەممولی وەڕین ناکەم ناچارم وەڵامی ئەم سەعيد کاکەییە بدەمەوە. لە سەرەتای شەڕی ئێران و ...عێراق، ئێوارەیەکی درەنگ من لە کەرکووک لە شارع جمهوری بەرەو خوار دەڕۆیشتم کە بڕۆمەوە بۆ ماڵەوە. شارع جمهوری بە هۆی شەڕەوە چۆڵ بوو، هەندێ پۆستەری سەددام حوسێنی گۆڕبەگۆر بە دنگەکانی مەخزەن ڕەشیدەوە هەڵواسرابوون، بەو شەوە هات بە خەێاڵمدا و دەستم دایە دڕاندنی پۆستەرەکانی سەددام حوسێن، بەرلەوەی بگەمە کتێبخانەی ئاسۆ، کەسێک بەدوامدا ڕای دەکرد و بە عەرەبی بانگی لێ دەکردم کە ڕاوەستم، من خۆم لێی گێل کرد و هەر ڕۆیشتم، بیرم لەوە دەکردەوە کە چۆن ئینکاری بکەم، گەیشتمە بەردەم کتێبخانەی ئاسۆ ئەو کەسە فریام کەوت و قۆڵی گرتم، ئاوڕم دایەوە دەبێنم سەعید کاکەییە، کە منی بینی لە شەرما تەمەننای دەکرد زەوی بقلیشیتەوە و قووتی بدات، هەر ئەوەندەی پێ کرا بڵێت: ببوورە مامۆستا، پاشانیش کلکی نایە نێوگەڵی و ڕۆیشتەوە بەرەو مەرکەزە کۆنەکەی قۆریە، لەوێ لەگەڵ هاوڕێ بەعسییەکانی پرۆڤەی شانۆیان هەبوو بۆ الحزب القائد. ئەوە من نەبوومایە هەر کەسێکی تر بووایە ئێستا لە ژیاندا نەمابوو. ئێستا پێویستە سەعید کاکەیی بۆ خۆی ئارەقەی شەرمەزاری بڕێژێت. منیش خەڵک دەمناسێت و بە دەمی ئەو پیس نابم. بە گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە هەست بە بارسووکی دەکەم، چوونکە هەر کەسێک پرسیاری ئەم زەلامەی لێم کردبێت، بێ دەنگ بووم و لە دڵی خۆمەوە گووتوومە تف بەرەو کوێ بکەم؟"
بەڵێ خوێنەری بەڕێز.. ئەمەی سەرەوە زمان و ڕادەی پێگەیشتنی ئەو نووسەرە گەورەی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە هەندێ کەس شانازی پێوە دەکەن و دەسەڵاتدارانی پارتیش، وەك سەرۆ قادر، کردوویانەتە بەرپرسی یەکێ لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان و لە ووڵاتی سویدیش لەسەر سۆشیال خۆی و مناڵەکانی ژیان دەبەنە سەر.
بۆ ئەوەی ڕاستی باسەکە بۆ هەموو لایەك ڕوون و ئاشکرا بێت، داوای لێبوردن لە بەڕێزتان دەکەم و ناچارم باسی کورتەیەکی ژیانی هونەری و سیاسی خۆم بکەم.
منی سەعید کاکەیی کوڕی سێیەمی حەمید ئەمین حاجیم و لەساڵی ١٩٦٠ لە ناحیەی سڵێمان بەگی سەر بە قەزای دوز هاتوومەتە دونیاوە.. لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە باوکم بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارتی بووە لە ناحیەی سڵێمان بەگ و پیلاندانەری لێدان و تێکشکاندنی قەتار و هێڵە ئاسنیەکانی سڵێمان بەگ بووە کە کمال مفتی ئەفسەری پێشمەرگەی ئەوێ ڕۆژێ جێبەجێی کردبوو.
دوای لەناوچوونی حکومەتەکەی عبدالرحمن عارف و هاتنەسەر حوکمی بەعسیە فاشیەکان، ماڵمان گوێزرایەوە بۆ شاری دوز و لەویش باوکم وەك ئەندام ناوچەی پارتی دوز باردەوام بوو لە خەباتی کوردایەتی خۆی.
لەپاش ڕێککەوتننامەکەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ و وەك پێزانینێك بۆ ئەو خەباتەی باوکم و چالاك بوونی برا گەورەکەم لە ڕێکخستنی قوتابیانی ئەوێ ڕۆژێی پارێزگای کەرکوکدا، مەلا مستەفای بارزانی لەگەل بەغدا ڕیککەوتبوو کە شەهیدی کاکم و ٣٤ قوتابی تری پارتی لە کۆلێژی سەربازی وەربگیرێن و لە ساڵی ١٩٧٣دا بە پلەی مولازمی دووەم تەخەروج بکەن. پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ١٩٧٤ ١٩٧٥ بە دوو مانگ، شەهید پۆستە ئەفسەریەکەی تێهەڵدا و چووە ڕیزی شوڕشەوە و بە ئاکام بووە جێگری ئامر بەتالیۆنی نەهلەی سەربەخۆ لە دەڤەری بلێ وبارزاندا. بۆ سزادانی ئێمە، ڕژێمی گۆربەگۆڕی بەعس من و هەموو ئەندامانی خێزانەکەمانیان ڕاپێچی زیندان کردوو پاش دوو هەفتە لە ناوچەی عەربەتی پارێزگای سلێمانیەوە شاربەدەریان کردین و پەنامان بردە بەر ئوردوگا کراوەکانی نێو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە ئاکام لە ئوردوگای ڕەباتی ناوچەی سەردەشت جێنشین بووین تا سالێکی پاش ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٥.
دوای ئاشبەتال، زۆرێك لە دانیشتووانی ئاوارەی ئوردوگاکە دڵ پڕ لە قین و بێزاریی بوون بەرامبەر بە سەرکردایەتیە ملکەچ بووەکەی پارتی و ڕژێمی ڕەزا شای گۆربەگۆڕ. چەند مانگێک پاش ئاشبەتالەکە، دەسەڵاتدارانی ئێران ئیدریس و مەسعود بارزانی یان لەگەڵ نعیم حدادی وەزیری ڕاگەیاندنی عێراق بە کۆپتەر هێنایە ئوردوگا بەمەبەستی قەناعەت پێهێنانی ئێمەی ئاوارە بۆ گەڕانەوەمان بۆ عێراق. ئا لەو کاتەدا شەهیدی کاکم و چەند پێشمەرگەیەکی قارەمانی تر دەستیان دایە بەرد بارانکردنی نعیم حداد و دوو کوڕەکەی مەلا مستەفا.
بە ناچاری و بەجیا لە شەهیدی کاکم (کە لەژێر چاودێری ساواکدا لە مەهاباد لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەژیان)، باوکە هەفتا ساڵەکەی ئەو کاتەم لە هاوینی ١٩٧٦دا بڕیاری گەڕانەوەی ئێمەی دا بۆ عێراق و لەوێش ئاوارەی قەزای فەللوجە کراین. پاش شەش مانگ، کاکم و هاوسەرەکەی بە داوای بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانی تازە پێکهێنراو گەڕانەوە عێراق و لە شاری عیمارە بە زۆرەملێ جێنشین کران.
لە زستانی ١٩٧٨دا ڕژێمی بەعس ڕێگای پێداین بگەڕێنەوە بۆ "ناوچەی حوکمی زاتی" و بۆمان نەبوو بچینەوە سەر زێدی خۆمان لە شاری دوز چونکە ڕژێمی بەعس خانوەکەی لێ حجز کردبووین و بە ئێستاشەوە وەرمان نەگرتۆتەوە. لەبەهاری هەمان ساڵدا ماڵی کاکم گەڕانەوە بۆ کوردستان و لە سلێمانی جێگیربوون.
لەبەر نالەباری باری ئابووری و دەروونیمان، جارێکیتر بە بڕیاری باوکم و بەدزە خۆمان خزاندە ئامێزە گەرمەکەی کەرکوك و بەهاوکاری خزمان لە گەڕەکێکی لاپەڕی بازاڕی قۆریە لە دوو ژووری بەکرێدا و بۆ ماوەی سێ ساڵی ڕەبەق ژیانی نەبوونی و کەم دەرامەتیمان بەسەر برد. بەولاوە، مەجیدی کاکم لە شەکرەکەی سلێمانی دامەزرا و لە سەرەتای ئابی ١٩٧٨دا بۆ ماوەی هەفتەیەك لە سلێمانی دیاری نەمابوو. لە ١١ی ئابی ١٩٧٨دا هاتە کەرکوك و سەردانی کردین و پێی ڕاگەیاندین کە ئەگەر کەسێك سۆراخی ئەومان لێبکات، لە ووڵامدا بڵێین کە هەفتەیەکە لەبەر نەساغی باوکم هاتۆتە لای ئێمە. دەبێ ئەوە بڵێم کە من لەو دەمەدا بەهۆی خوێندنی ناوەندیمەوە لە ناوەندی کاوەی کوڕان خوێندکاربووم و لە پشووی هاوینیشدا لەماڵی کاکم لە گەڕەکی برایم پاشا دەمامەوە. کە کاکم کەڕایەوە ماڵێ، پێی ووتم کە بە نهێنی سەردانی ڕەسول مامەند و شەهید تاهیری عەلی والی و چەند کەسانێکی تری سەرکردەی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کردووە و بەشداربووە لە کۆبوونەوەکانی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیستی کوردستان (حسك) و بەلاغی ڕاگەیاندنی حسك-ی پێدام بە بەرواری ٨ی ئابی ١٩٧٨ و داوای لێکردم بە دەستخەتە جوانەکەم سەد نووسخەی لێبکەوە و لەناو شاری سلێمانی و پاشان کەرکوك بڵاویان بکەمەوە.
ئەو ساڵە لە سێی ناوەندی مامەوە و بۆ سووکە خەباتی ژێرزەمینی چوومە شارە حەیاتەکەی کەرکوك و لەگەڵ ماڵی باوکمدا مامەوە و بەڕۆژ کرێکاری و بەشەویش خوێندنی ئێوارانم لە هاوینی ١٩٧٩دا تەواو کرد. هەر لەم ساڵەدا عیلاقانی برادەرێتیم لەگەل چەند لاوێکی هاوتەمەنی خۆم دروست کرد. لەوانە؛ هونەرمەندی نەمر حسێن میسری و هونەرمەندی نیگارکێش خەلیل کاکەیی و هونەرمەندی نیگارکێش سدرالدین ئەمین و ئاری بابان و ئەدیب نادری شاعیر و عەلی عەبدوڵای سینەماکار و ئیسماعیل هەورامی شانۆکار و کەسانیتر.
زۆرم حەز لێبوو شانۆ بخوێنم و بۆ ئەو مەبەستەش تەقدیمی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدام کرد، بەڵام وەرنەگیرام چونکە لەو سەردەمەدا پەیمانگای هونەرە جوانەکان و یانەی مامۆستایانی سەرتاسەری عێراق داخراوە بوون؛ واتا، ئەگەر کەسێک بەعسی نەبووایە لەو خوێندنگایانە وەرنەدەگیرا.. ناچار، چوومە ئامادەیی پیشەسازی کەرکوك و بە ئێوارانیش لەگەل کاکە میسری نەمر و ئیسماعیل هەورامی و جیهاد ئەحمەد مامۆستا عەواد عەلی ڕەخنەگری شانۆیی ناوداری عێراق و دکتۆر هیپم عبدالرزاقی دەرهێنەر و دەرهێنەر ڕەزاق مەحەمەد عەزیز و چەندین کەڵە هونەرمەندی شانۆیی تری خەڵکی ڕەسەنی شارەکە خەریکی شانۆگەری و نواندن بووین لە تیپە شانۆ ئەزموونگەرەکەی کەرکوك کە سەر بە "دار الپقافه الجماهیریه" بوو. تێکڕای ڕۆشنبیرانی خەڵکی شارەکە لەو ڕاستیە چاك ئاگادارن کە زۆرینەی ئەندامانی ئەو تیپە بە کادر و هەوادارانی کۆنی حزبی شیوعی عێراقی ناسرابوون. وەك کادرێکی حسك ئەو ژینگە هونەریە بۆ من چاکترین هەل بوو کە تیادا نەتەنها گەشەی هونەریم بەخۆوە بینی، بەڵکو بە دزییەوە سوودیشم لە ئامێری کۆپیکردنەکەی ئەو یانەیە دەبینی لە کۆپیکردنی بڵاوکراوە و ئەدەبیاتی حسك.
لەهاوینی ١٩٨١ داو دوای لێبوونەوە لە پرۆڤەی شانۆییبە پێچەوانەی درۆ شاخدارەکەی فەهمی کاکەیی جنێوفرۆش، من و کاکە حسێن میسری (کە پاشان بووینە هاوەڵ-زاوای یەکتر) بەشەوانی تاریك دیوارەکانی شەقامی جمهوری و ئیمام عەباس و قۆریە و ئەحمەد ئاغا و ئەتلەس و تەنانەت گەڕەکی ئەلماسیشمان بە بڵاوکراوەی حسك دەڕازاندەوە. ئەڵبەتە پیاوانی ڕژێم و ئەندامانی ناوخۆی ئەو سەردەمەی یەکێتی و تا ڕادەیەکیش پارتیەکان لەو چالاکیەی ئێمە دەهری ببوون و بەهەموو هێز و توانایانەوە دەگەڕان بەدوای سەرچاوی ئەو بڵاوکراوانەدا.
یەك لەو شەوە تاریکانە، من و کاك حسێنی نەمر لە دەوروبەری کاتژمێری دەی شەو بەرەو ماڵەوەمان دەڕۆشتین لە بازاڕی قۆریە و چوار بڵاوکراوەمان پێ بوو دەربارەی شەهیدکردنی پۆلێك پێشمەرگەی حسك بە دەستی چەکدارانی ئەوێ ڕۆژێی یەکێتییەوە. دوو لەو بڵاوکراوانەمان نووساندە دیوارە چەپ و ڕاستەکانی تۆمارگای "دار الألحان"ەوە و دوانیشمان بەهەمان شێوە بە دیوارەکانی کتێبفرۆشی ئاسۆدا هەڵواسی. هەر کە لەو کارە لێبووینەوە، تارمایی کەسێکمان لە مەیدانی ئەحمەد ئاغا وە لێ بەدەر کەوت. خێرا، من و کاك حسێن بەرەو "منتدی الپقافه"کەی ئەو بەری لای باشووری کتێبفرۆشی ئاسۆ دا چووین و لەپاڵ کەمالیاتێکی پێش دەرپەڕیودا خۆمان حەشاردا تا ئەو کاتەی کە تارماییەکە بە لارەکەی سەرخۆشییەوە بەرەو کتێبفرۆشی ئاسۆ هەڵی دەکشاند و پاش تۆزێك لەپێش کتێبفرۆشیەکەدا لەنگەری گرت و پاشان وەك ئەوەی بیەوێت بڕشێتەوە ، پشتی دا بە کاریتەی لای چەپی کتێبفرۆشیەکەوە.. ئێمە کە بۆمان دەرکەوت سەرخۆشە، وویستمان بەجێی بهێلین و بەرەو ئەحمەد ئاغا وپاشان قۆریە شۆرببینەوە. تارماییەکە لەپر ترپەکی لێوەهات و بەدەنگی بەرز چڕاندی: "مەولا هاوارەن." یەکسەرە لە چڕین و دەنگەنە زانیم کە ئەو تارماییە جەنابی سەرخۆش و ناموبارەکی فەهمی کاکەیییە.
کە لێی نزیك بوومەوە و پێم ووت: "مامۆستا خێرە وا لێرە تێك چوویت؟ کێی تۆ؟ ئەو پرسی.. سەعیدم، سەعید کاکەیی! ووڵامم دایەوە.. یەکسەرە، بەناشرینترین زمان و جنێوی پیس تێم بەربوو کە زۆر قێزەوەنتر لەوانەی کە لەسەرەوەدا ئەمڕۆکە پێی کردووم. زۆر پێی قەڵز بووم و بەتەمابووم هەر لەوێ بە شەق هەناوی دەربهێنم، بەڵام حسێنی نەمر پەلی گرتم و لە ئەوی دوور خستمەوە. ئالەم حەیسو بەیسەدا بەدەم جنێوی قێزەوەنەوە دەستی دایە دڕاندنی پۆستەرەکانی ڕووی ئەو دیوارانە و لەوانەش یەك لەو بڵاوکراوانەی حسك بوون کە یێش دە خولەکێك من بە کاریتەی کتێبفرۆشەکەدا بە چەسپ هەڵم واسیبوو.
بەهەرحاڵ بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبین، ناچار ئەو زاتە ناپاکەمان بەکیش بەرەو مەیدانی ئەحمەد ئاغا بردەوە و لەوێش تەکسیمان بۆ ڕاگرت و بە شوفیرەکەمان گووت کاکە ئەم کابرا سەرخۆشە بەرەو ماڵی خۆیان بەرەوە و ئیتر ئەوەیان دواجاری بینینی من بووە بۆ ئەم ڕۆشنبیرە عەیار ٢٤ی کۆنە بەعسی و تازە مەلایی پاش ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٥.
لە بەهاری ١٩٨٢دا لە لایەن شەهیدی کاکمەوە ئاگادارکرامەوە کە دەبێ خوێندنی ئامادەییم تەواو بکەم چونکە لە ڕێگای "حسك"ەوە زەمالەی خوێندنی یەکێتی سۆڤیەتی ئەوی ڕۆژێم بۆ دەرچوو بوو. بە دڵو گیانێکی ماندوونەناسەوە خۆم بۆ تەواوکردنی خوێندن و چوونە دەرەوە ئامادە دەکرد و تا ڕادەیەکیش لە خەباتی ژێرزەمینی و پیشەی شانۆکاریم لە خۆ کەم کردەوە. دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی و پشووی هاوین، شەهیدی کاکم ئاگاداری کردم کە بەبڕیاری سەرکردایەتی حسك ناوی من لە لیستی ئەو دە ناوەی زەمالەی سۆڤیەت سڕاوەتەوە و لەبریشی بڕیار دراوە کە من بچمە سەربازی و ببمە ئەفسەر. بە کاکم ڕاگەیاند کە من لەبەر بەعسی نەبوونم لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا وەرنەگیرام، ئێستاکێ چۆن بۆ ئەفسەری وەردەگیرێم؟ ووڵامی کاکم ئەوەبوو کە لەڕێگای هاوئەفسەری کۆنی خۆی و بە هاوکاری عەقید عەلی ڕۆبنتانی بەڕێوەبەری تەجنید لە کەرکوك (کە دەبێتە پورزای دایکم) ئەو ئیجرائاتە ڕۆتینیانەم بۆ جێبەجێ دەکەن و بەبێ فۆرمی بەعسی بوون دەکرێمە ئەفسەری یەدەكی تۆپخانە.. ئەم باسانەی شەهیدم نەدەچوونە مێشکمەوە و داوام لێکرد لەبری ئەو کارە با ببمە پێشمەرگە. ئەو داوایەشم پووچەڵ کرایەوە بە گوای ئەوەی کە ئەمەیان بڕیاری "حسك"ە و سەرپێچکردنی سزای زۆر توندی بەدواوە دەبێت. ناچار ملم دایە بەر ئەمری واقیع و لە قسەی برا گەورە و یەك لە سەرکردەکانی حسك دەرنەچووم و دوای سەوقی عەسکەریم بە شەش مانگ لە تەمموزی ١٩٨٣دا بووم بە ئەفسەرێکی یەدەکی تۆپخانەی ڕژێم و لە خەباتی ژێرزەمینی کوردیشدا کرامە بەرپرسی شانەی عەسکەری بەشی ناوەند و خوارووی عێراق کە بریتی بووین لە خۆم و جێگرە ئەفسەرێك و سێ سەربازی پلەدار.
لە ڕێگای ئەو جێگری ئەفسەرەوە کە لە هۆبەی ڕووپێوی سەربازی (المساحه العسکریه)ی وەزارەتی بەرگریدا بەکار بوو، بەندە هەر سێ مانگ جارێک فلیمی ڕەشی فۆتۆگرافی نەخشەی هەموو ناوچە سەربازیەکانی ڕژێمم بە دەستی خۆ دەدایە شەهید و ئەویش دەناردن بۆ مامۆستا خلف (شێخ مەحەمەد شاکەلی) و ڕەسول مامەند. نەك هەر ئەوەندە، بەڵکو دەیان مەلزەمەی شەشینەی هێڵە ئاگرینەکانی تۆپخانەیی (ملزمات الترابیع و الخگوگ الناریه المدفعیه) و چەند دەمانچە و کڵاشنکۆف و نارنجۆك و بە سەدان دەفتەرچەی مۆڵەتی سەربازی بۆ پێشمەرگە و سەربازی هەڵهاتووی ناو شارەکانی سلێمانی و کەرکوكم دابین دەکرد.
بە جیابوونەوەی كاک قادر عەزیز و ٢٥ کادری پێشکەوتوو لە حسك، سەرکردایەتی داوایان لە شەهید کرد بچێتە دەرەوە و بەشێکی ئەو کەلێنەیان بۆ پڕ بکاتەوە.. لێ ئەو جیابوونەوەیەی کاك قادر عەزیز بەجارێ ورەی ڕێکخستنە ناوخۆییەکانی "حسك"ی لاواز کردبوو.. هەر بۆیە، شەهید ئامادە نەبوو ئەو بارە نالەبارە بەجێ بهێڵێت و داوای لێکردم دەست لە ئەفسەری هەڵگرم و بچمە ڕیزی شۆڕش و دەست بکەم بە ئاداکردنی چەند چالاکییەکی نموونەیی بۆ بەرزکردنەوەی ورەو مۆرالی ئەندام و لایەنگرانی حسك.
ئەوەبوو لە پایزی ١٩٨٦دا خۆم و هاوسەرەکەم چووینە شاخ و ماوەیەك لە بێژوی (مەقەڕی لقی کەرکوکی حسك) ماینەوە ناوی خوازیاری نەقیب سەلامم لێنرا. پاش ماوەیەك و بۆ بەکارخستنی هاوسەرە پێشمەرگەکەم وەك بێژەری ئێزگەی ڕادیۆی حسك چووینە کاولان و لەوێشەوە خۆم بە هاوڕێتی شێخ مەحەمەد شاکەلی و شیروان شیروەندی و دوو ئەندامی تری سەرکردایەتی چووینە دزلی وپاشان مەقەڕی لقی سلێمانی کە حەمەی حاجی مەحمود بەرپرسی بوو.. ئا لەو سەردانەدا پیلانی تەقاندنەوەی تۆپخانەکەی سەید سادقم بۆ ئەو ئەندام سەرکردایەتیانە خستەڕوو. هەر سێ شەو پاش لەو کۆبوونەوەیە جەولەیەکی شارەزوورمان کرد و لە ڕادیۆی جمهوری ئیسلامیەوە گوێبیستی هەواڵێکی پڕ سەیر و سەمەرە بووەم بەوەی کە هێزەکانی حەمەی حاجی محمود و پاسدارانی قەرارگای ڕەمەزان بە سەرپەرشتی ئاغای گاهری تۆپخانەیەکی زەبەلاحی ڕژێمی بەعسیان تەقاندەوە.. بە ئاکامی ئەو چالاکی و بەو جۆرە بڵاو بوونەوەی هەواڵەکە قێزم لە خۆ هاتەوە بۆ ئەو نۆکەرایەتی و جاشایەتییە.. هەر بۆیە دانم بە خۆدا گرت تاوەکو ئاودیوی گەرمیان بووم لە تەپەگەروس مەقەرێکی تری لقی کەرکوکی "حسک"مان کردووە. دوای جەولەیەکی شەش مانگی گەرمیان و چر بوونەوەی ڕەخنەکانم لە سەر پەیوەندیەکانی حسك و شیوازی مامەڵەکردنی سەرکردایەتی لەگەڵ پێشمەرگە، بە شەهید مامۆستا سەعدم ڕاگەیاند کە جێی داخە بەو شێوەیە سەرکردایەتی خۆی ملکەچی نەك سیاسەت، بەڵکو دەستی چەند ئەفسەرێکی پلە نزمی قەرارگای ڕەمەزان و قەرارگای حەمزە کردووە و بە ناشرینترین شێوە ڕەفتار لەگەل پێشمەرگەی کەم ئەندام ونەخۆش دەکەن. هەر لەو دەمەدا شەهید مامۆستا سەعەد ئاگاراری کردمەوە کە سەرکردایەتی لەسەر ئەو ڕایە کۆکە کە ئەگەر بێت و من دەست لە ڕەخنە و گازندەکانم هەڵنەگرم، ئەوا بە زەرەرێکی قورس بەسەرمدا دەشکێتەوە. بۆیە، بە بیانووی نەخۆشی هاوسەرەکەمەوە خۆم گەیاندە ورمێ و لەوێشەوە چوومە زێوێ بۆلای برادەرانی ئاڵای شۆڕش و بەیانی جیابوونەوەی خۆمم ڕاگەیاند و خۆم بە درێژەی جیابوونەوەکەی ڕەوتی دیموکراتی سەربە کاك قادر عەزیز ناساند. هەرکە ئە بەیانە بڵاو بووەوە، سەرانی "حسك" ئێجگار پێی تێکچوون و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی تێرۆرکردنیان دەدام و کە ئەوەشیان سەری نەگرت، ناجوامێرانە دەستیان دایە ناوزەد کردنی شەرەفی خۆم و خێزانەکەم. بۆیە، تف نەفرەتم لەو ڕەوشتە نزم و نامەردانەیەی "حسك" کرد و دەرئەنجام کوردستانمان بەجێ هێشت و لە ١٩٨٨دا ژیانی هەندەرانی کەنەدامان هەڵبژارد.
پاش ساڵێك لە گەیشتنم بۆ کەنەدا، واتا لە هاوینی ١٩٨٩دا، ڕژێمی دیکتاتۆری خۆێنڕێژ، مەجیدی کاکم و جەمالی حەمە نوقڵ و چەند کادرێکێ تری ڕێکخستنەکانی ناوخۆی "حسك" یان لە ئەمنە سوورەکە گولەباران کرد و بەوەش ماڵوێرانی و دەردەسەریەکانم قوڵتر بوونەوە و ئەم ڕۆکەش خۆم و خێزان و بنەمالەکەمان کەتووینەتە بەر شاڵاوی سەگە وەڕی جاش و کۆنە بەعسیەکان چونکە سەرقاڵی دامەزراندنی ئەنجومەنێکی سەربەخۆی کاکەییەکانم بۆ کۆکردنەوەی ئەو کاکەییانەی کە نایانەوێت بچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتێکی گەندەڵەوە.
وەك نووسەرێك، من لە ساڵی ١٩٨٢ەوە بەرهەمی ئەدەبی و سیاسیم بەهەرسێ زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوکردۆتەوە و هیچ ڕۆژێك بەو شێوەیەی ئەم نافەهمی کاکەییە خۆهەڵکێش و فسفس پاڵەوانەی بەعسە خۆم هەڵنەکێشاوە.
مەسخەرە و بێشەرمی ئەم جاشە نووسەرە لەوەدایە کە بەڕەوشتە نزمەکەی دەیەوێت دەستە چەورەکانی خۆی و سەرانی مەلحەمە سەرشۆڕیەکەی ٣١ی ئاب بە کاسانی پاك و خودان شەهیدی وەك من بسڕیتەوە. ئەم فەهمی کاکەییە کاسەلێسە، لەبری ئەوەی بڕوات سەرەشۆڕەکەی ئا لەم ڕۆژە شومەدا لە لمی عۆجادا بشارێتەوە نەبادا بەر بەتف ونەعلەتی کەسوکاری شەهیدانی بێتاوان و کوژراوانی شەڕە خۆکوژیەکەی سەدەی ڕابردوو خراپتر بڕووشێتەوە، دێت و پاش ٢٩ ساڵ من بە بەعسی لەقەڵەم دەدات. ئەی کوڕی باش، بۆ ١٤ ساڵ پێش ئێستا ئەو جورئەتەت نەبوو بە من بڵێی بەعسی کاتێ کە زنجیرە نووسینێکی تەنز ئامێزم لە سەر "شهر العسل"ەکەی سەددام بارزانی و مەسعود تکریتی بڵاوکردەوە؟
ئەرێ چلکاوخۆرەکەی بنەماڵە و ئایین کەشفکەرەکەی کاکەیی، دیارە تازە لەخەوی ترشاو بەخەبەر هاتوویت و بەخەیاڵی خاوت بەعسێتیەکەی منت کەوتەوە بیر! یان دیارە بەکەشفکردنی ڕابردووی سەییدە سەرۆك جاشەکانت کە کاسەلێسی یەکێتین، کێچ کەوتە کەوڵت و لەوە ترسای کە سەعید کاکەیی هەقیقەتە ڕەنگ زەرد و کەسایەتیە چڵپاویەکەت بۆ خەڵکی ستەمدیدە ئاشکرا بکات؟
من حوکمی تۆمەتە نگریسەکەت بۆ خۆێنەری بەڕێز بەجێدەهێڵم و دەڵێم؛ ئەگەر تۆ هێندە ڕابردوو پاک بێت، بۆ لەسەردەمی شاخدا بەناوی من کونە مشکت لێببوە قەیسەری و لەسەر بەعس بوونی من کاغەزت ڕەش نەکردەوە؟ بۆ وەکو من هەڵوێستت لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا دەرنەبڕی و فززەت لێوە بەدەر نەهات؟ لەهەمووشی قەباحەت تر و ئەگەر کۆنە بەعسی و جاش نەبوویتە، بۆ لەسەر دوو دێڕی من دژ بە سەییدێکی بۆگەن و کۆنە ئامر سریە خاسەیەکی ڕەفیق حزبی چڵکاوخۆری یەکێتی دێیتە ووڵام؟
دیارە، بەرهەمی ڕێککەوتنە ستراتیژیەکەی نێوان یەکێتی و پارتی وا دەخوازێت کە بەعسە پلە نزمەکانی تۆ ئاسا سەرقاڵی بەرگرییەکی خۆتڕان بن لە کۆنە جاش و ڕەفیق حزبیەکانی سەردەمی سەدامی ئەنفالچی؟ دەی، دەریا بە سەگێک گڵاو نابێت و تف بە ئادماندا هەڵبدەیت هەر ڕووی خۆت دەگرێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست