Sunday, 05/06/2011, 12:00
لە بەرواری 4/6 لە هەولێرى پایتەختی هەرێمی كوردستان بە بەشداری 120 كەس، لە ناویاندا 10 پارتو لایەنی سیاسیو ژمارەیەكی زۆر لە ڕێكخراوی مەدەنی ژنانو لاوان و كەسایەتی ڕۆشنبیرو یاسایی و ئەكادیمی و ئاینی و توێژەری كۆمەڵایەتی و كەسانی پسپۆڕو شارەزا لە بواری پرسی نەتەوەیی و دیموكراتی، كە كۆبوونەوەكە لە لایەن پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانەوە ڕێكخرابوو بە دروشمی (بەڵێ بۆ ئاشتیو چارەسەری دیموكراتیانە نا بۆ توندوتیژی و سەپاندنی بێچارەیی). لە كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی تاوەكو كاتژمێر 4:30ی پاش نیوەڕۆ بەردەوام بوو. لە هەمان كاتیشدا هەر سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنو دوو لایەنەكەی دەسەڵات بانگهێشت كرابوون، بەڵام هیچ كامێكیان ئامادە نەبوون.
لە كۆبوونەوەكەدا پڕۆژەی هەموو لایەن و كەسایەتییەكان خوێندرایەوە و بارودۆخی ئەمڕۆی ناوچەكە بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەڵسەنگێندرا و تیشك خرایە سەر پرسە نەتەوەیی و دیموكراتییەكان و باس لەو قەیرانە سیاسی و ئیداری و ئابوری و كۆمەڵایەتی و فكریە كرا كە ڕووبەڕووی كۆمەڵگای كوردستان بۆتەوە. زۆر بە ووردەكاری باس لە ئالیەتی چارەسەركردنی كێشەكان كراو هەریەك لە ڕۆڵ و ئەركی حكومەت و پارتەكانی ناو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی پەرلەمان و ڕێكخراوە مەدەنییەكان و راگەیاند و كەسایەتی ئەكادیمی و ئاینی و ژنان و لاوان كرا. تێیدا جەخت لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری بنكەیی كرایەوە، كە پرەنسیپی دیالۆك و چارەسەری ئاشتی و دیموكراتیانە بە بنەما وەربگیرێت لەگەڵ پشگیری تەواو لە داخوازییەكانی گەل و كاركردن بۆ جێبەجێكردنیان، ڕێگە نەدرێت داخوازییەكانی گەل بەكاربهێندرێـت بۆ ململانێی سیاسی. هەروەها داخوازییەكانی گەل و بانگەوازییەكانی زۆرێك لە پارتیەكان بوو بە هۆكارێك بۆ ئەنجامدانی دیالۆك لە نێوان هێزەكان. بەڵام تەنگكردنەوەی كۆبونەوەكان لەنێوان هەردوو پارتی دەسەڵات و سێ پارتی ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان رەخنەكراو بە پێویست بینرا كە هەموو كۆبونەوەو گردبوونەوەیەك لەپێناوی چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگا هەموو هێزو لایەن و پێكهاتەكانی كۆمەڵگا تێدا بەشداربن، چونكە پرسی بنیاتنانی دیموكراتی و چاكسازی پرسی هەموو تاكەكانی كۆمەڵَگایە نەك چەند هێزو لایەن، هەموو تاكێكیش پێویستە خۆی بەرپرسیار ببینێ لە چارەسەركردنی پرسی نەتەوەیی و دیموكراتیانەی گەلەكەمان. لەتەوەری دووەمی كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێنا لە 27 كەس لە نوێنەرانی پارتی سیاسی و ڕێكخراو و كەسایەتی، بۆ ئامادەكردنی راگەیەندراوێكی هاوبەشی كۆبوونەوەكە و كۆكردنەوەی پڕۆژەكان و رێكخستنیان و گەڵاڵە كردنی پڕۆژەیەكی هاوبەش و ئامادەكاری بۆ كۆنفرانسی ئایندە،. كۆی بڕیار و راسپاردەكانی كۆبوونەوەكە بەمشێوەیە بوو:
1- بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان پێویستی بە گۆڕانكاری و سەرلەنوێ بونیادنانەوەیەكی دیموكراتیانە و چاكسازی سیاسی و ئیدارى و دادپەروەرى هەیە و ئەمەش لە رێگای دیالۆك و دانوستاندنی دیموكراتیانەوە دەبێت.
2- پێویستە لەم قۆناخەدا هەموو لایەك ئەركەكانی بەباشی جێبەجێ بكات، چونكە گۆڕانكاری تەنیا بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان ناكرێت.
3- پێویستە ئالیەتی گۆڕانكاری و دیالۆك بەرفراوان و دەوڵەمەند بكرێت، بۆ ئەم مەبەستە كۆنفرانسێكی بەرفراوان ببەسترێت كە نوێنەری دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، كەسایەتی ئەكادیمی، رۆشنبیر، كۆمەڵایەتی، ئایینی و نوێنەرانی جەماوەر لەهەر ناوچەیەكی كوردستان تێیدا بەشدار بن.
4- پێویستە پێوانەی دیموكراتی و نەتەوەیی بەبنەما وەربگیرێت لەكاتی دیالۆك و رێككەوتندا، نەك سازش و پەراوێزخستنی داخوازییەكانی جەماوەر.
5- لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا كە ئەنجامنامەی ئەم كۆبوونەوەیە بگەیەنرێتە سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەكان، هەروەها هەر سێ دەزگاكەی هەرێمی كوردستان "سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی حكومەت"، هەروەها جەخت لەوە كرایەوە كە هەموو ئەو لایەنانە بەشدار بن لە كۆبوونەوەی ئاییندەدا..
ئەو پارت و ڕێكخراوانەی كەبەشداربوون.
1-پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
2-حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
3-حیزبی زەحمەتكێشانی سەربەخۆی كوردستان
4-حیزبی ڕزگاری كوردستان
5-پزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
6--بزوتنەوەی دیموكراتیخوازانی كوردستان
7-پارتی چەپی كوردستان
8-پارتی پارێزگارانی كوردستان
9-بزوتنەوەی ڕزگاری دیموكراتی كوردستان
10-پارتی كۆماری كوردستان
11-یەكێتی ئافرەتانی پارێزگارانی كوردستان
13-ئەنستوتوێی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ
14-بزاڤی ژینگەو یەكسانی
15-یەكێتی ژنانی كوردستان
16-ژنانی زەحمەتكێشانی سەربەخۆی كوردستان
17-ئافرەتانی زەحمەتكێشانی كوردستان
18-كۆمەڵەی پشتیوانی قوربانیانی جەنگ
19-ئەنجومەنی ژنانی ئازاد
20-كۆمەڵەی ژیانەوەی گەنجان
21-یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان
22-بزوتنەوەی لاوانی 17ی شوبات
23- ڕێكخراوی ژنانی ئازادیخوازی كوردستان
24-ڕێكخراوی ئەلەند
ئەوانی تر كەسایەتی سەربەخۆو ڕۆشنبیرو ئاینی وپسپۆری یاسای و ئەكادمی وتوێژەرەوەی كۆمەڵایەتی
ئەنجوومەنی بەڵێ بۆ دیالۆگ
5/6/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست