کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەكاتى شكایەتەكەدا بەڕێوەبەرى پۆلیس هەڕەشەى كوشتن لە فریادڕەس دەكات

Monday, 23/08/2010, 12:00


بە تۆمەتى تەشهیرو بەرائەتپێدانى تۆمەتبارانى هەوڵى رفاندنەكەى،
رۆژنامەنووس (هیوا فریادڕەس) پۆلیس و ئاسایشى هەولێر دەداتە دادگا
ئەمرۆِ رۆژنامەنووس (هیوا فریادڕەس) لەبەردەم دادگادا سكاڵاى لەسەر هەریەكە لە بەڕێوەبەرایەتى ئاسایش و پۆلیسى هەولێر بە تۆمەتى تەشهیرو بەرائەت پێدانى تۆمەتبارانى هەوڵى رفاندنەكەى، تۆماركرد و داوادەكات بە یەك ملیۆن دۆلار قەرەبوو بكرێتەوەو ئاسایش و پۆلیسیش بە ڕەسمی لەبەردەم كەناڵەكانى راگەیاندن داواى لێبووردنى لێ بكەن، بەڵام بەڕێوەبەرى بەشى رۆژئاواى پۆلیسى هەولێر هەڕەشەى كوشتنى لێ دەكات.
پاش ئەوەى رۆژانى 13/14ى ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتیەكانى ئاسایش و پۆلیسى پارێزگاى هەولێر لە دوو راگەیەندراوى رەسمیدا رەتى ئەوەیان كردەوە كە رۆژنامەنووس (هیوا فریادڕەس) سكرتێرى رێكخراوى بزاڤى ژیان و سەرۆكى (لیستى گەنجانى سەربەخۆ) لەهەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى كوردستان، لەلایەن ئاسایشەوە دووچارى هەوڵى رفاندن هاتبێت، ئەمڕۆ ئەم رۆژنامەنووسە لەدادگاى هەولێر بە تۆمەتى ناوزڕاندن و پشتیوانى كردنى تۆمەتبارانى هەوڵى رفاندنەكەى، سكاڵای لەسەر هەردوو ئەم بەڕێوەبەرایەتیانە تۆماركرد و لە ئامادەكریدایە كە سكاڵایەكى تریش لە دادگاى قەزاى خەبات دژ بە (عەقید ئەزوەر دزەیی)بەڕێوەبەرى پۆلیسى ئەو قەزایە تۆماربكات سەبارەت بەو لێدوانە فەرمیەى كە رۆژى 12/8 لەهەواڵەكانى هەردوو كەناڵى ئاسمانیی زاگرۆس و كوردستان تیڤى بڵاوكراوەتەوە.
بەڵام هەرئەمڕۆ كاتێك رۆژنامەنووس (هیوا فریادڕەس) بۆ رایی كردنى كاروبارە یاساییەكان دەچێتە بنكەى پۆلیسى ئازادى و پاشان لەگەڵ بەڕێوەبەرى بنكەكەدا (نەقیب هیمداد) دەچنە لاى بەڕێوەبەرى بەشى رۆژئاواى پۆلیسى هەولێر(مقدم شوان)، ئەو بەڕێوەبەرە لەبەردەم دوو ئەفسەرى پۆلیس هەڕەشەى كوشتن لە (هیوا فریادڕەس) دەكات. فریادڕەس دەڵێت:" مقدم شوان پێى وتم وازبێنە دەنا دەتتۆپێنم و لەناوت دەبەم، تۆ چۆن شكایەت لەسەر پۆلیس دەنووسیت، ئەوە دەستێك لەپشتەوە هەیە فێرى ئەوەى كردوویت، زۆر لەم قسانەى پێوتم و هەرئەوكاتەش تەلەفۆنى بەدەستەوەبوو لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتیی پۆلیسى هەولێر قسەى دەكرد."هیواى رۆژنامەنووس دەڵێت:" من بەوپەرى هێمنانە وەڵامم دایەوەو وتم یاسا هەیە و قسەى سەرۆك بارزنیش ئەوەیە كە لەكوردستاندا كەس لە یاسا بەرزترنییە، منیش مافى خۆمە سكاڵا لەسەر پۆلیس و ئاسایش بنووسم، چونكە دوو بەیاننامەیان لەسەر من بڵاوكردووەتەوە كە جگەلەوەى بەرائەت بە تۆمەتبارانى هەوڵى رفاندنەكەم دەدەن، هەروەها لەوەى پۆلیسدا تەشهیرو ناوزڕاندنیشم بەرامبەر كراوە، ئیتر بۆچى دەبێت لەسەر ئەمە هەڕەشەى كوشتنم لێ بكەن، بەڵام ئەو گوێى پێنەدام و وتى بڕۆ دەرەوە." سەرەڕاى ئەمەش رۆژنامەنووس (هیوا فریادڕەس) دەستى لە سكاڵاكەى هەڵنەگرتووەو دەشڵێت:" ئەگەرچى ژیانم لە خەتەرێكى گەورەدایە، بەڵام دەست لە سكاڵاكانم هەڵناگرم و با هەموو لایەكیش بزانێت من بكوژرێم یان هەربەڵایەكم بەسەربێت ئۆباڵەكەى بە ئەستۆى پۆلیسى هەولێرەوەیە."
هەوڵى رفاندنەكەى (هیوا فریادڕەس) لە پێنجى مانگى حەوتى رابردوو لەنێو حەرەمى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى قەزاى خەباتى هەولێر روویدابوو، بەچەند رۆژێك پێش رووداوى هەوڵى رفاندنەكە سكالایەك بە تۆمەتى (هەڕەشەلێكردن) لەلایەن ئەفسەرێكى ئاسایشەوە دژ بە(فریادڕەس)ى رۆژنامەنووس تۆماركرابوو و ئەو رۆژەش كە (فریادڕەس) خۆى و پارێزەرەكەى بەدەم سكاڵاكەوە لەنێو ئەو بەڕێوەبەرایەتیەى پۆلیس بوون، هەرئەوكاتە لەلایەن كۆمەڵێك ئاسایشەوە كە بەرپرسەكەیان هەمان ئەم ئەفسەرەى ئاسایش بوو كە پلەى نەقیبى هەیەو بەڕێوەبەرى ئاسایشى ناحیەى رزگارییە ڕووبەڕووى پەلامارو هەوڵى رفاندن ببووەوە، بەڵام ئەو توانى بووى بە هەوڵى خۆى و یارمەتى پارێزەرەكەى لە دەستیان دەربازی ببێت. پاشانیش ئەو رۆژنامەنووسە مەسەلەكەى گەیاندە دادگاو سكاڵاى دژ بە ئاسایشەكان تۆماركرد و شایەدى سەلماندنى هەوڵى رفاندنەكەش لەبەردەم دادوەرى لێكۆڵینەوە گەواهى داوەو دواجاریش دادگا بڕیاریدا بەزووترین كات ئەفسەرە تۆمەتبارەكە لەبەردەم دادگا ئامادە بكرێت.
(هیوا فریادڕەس) رایگەیاند" هەرسێ لایەنى ئاسایشى هەولێرو پۆلیسى هەولێرو پۆلیسى قەزاى خەبات پێشێڵى یاسایان كردووە بەوەى بوونەتە پشتیوانى كەسانێكى تۆمەتبار بە پەلامارو هەوڵى رفاندنەكەم و بێ گوێدانە ئەوەى كە ئێستا رووداوى هەوڵى رفاندنەكەم كەیسێكى یاساییەو لێكۆڵینەوەى تێدا دەكرێت بەرائەتى رەهایان بە تۆمەتبارن داوە، بۆیە لە دادگا سكاڵام لەسەر ئاسایش و پۆلیسى هەولێر تۆماركردووەو سكاڵایەكى تریش لەسەر پۆلیسى خەبات تۆماردەكەم.."ئەو راشیگەیاند كە لەنێو راگەیەندراوەكانى پۆلیسى هەولێرو پۆلیسی قەزاى خەبات (تەشهیر)ى پێكراوەو هەندێ شت بڵاوكراوەتەوە كە هیچ بنەخەیەكى راستیی نییە، بۆیە لەناوەڕۆكى سكاڵاكانیدا داواى كردووە قەرەبووى مەعنەوی و ماددى بكرێتەوە.
پەلامارو هەوڵى رفاندنەكەى رۆژنامەنووس(هیوا فریادڕەس) دواى ئەوەهاتبوو كە لەبەردەم چەند رۆژنامەنووسێكدا بەو بەرپرسەى ئاسایشى وتبوو كێشەكانى كە لەگەڵ ئەوو كەسە نزیكەكانى هەیبووە لە رێگەى رۆژنامەكانەوە بڵاودەكاتەوەو واش لێكدەدرێتەوە ئەو پەلامارو هەوڵى رفاندنە بەرپەرچدانەوەیەك بووبێت بەرامبەر بەو نیازە رۆژنامەوانیەى ئەو. رۆژى 11/8 یش كۆمەڵێك رۆژنامەنووس كەمپینێكى پشتیوانى رادەگەیەنن و لە بەیاننامەیەكدا داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە بەجدى و بەپەڵە لەو رووداوى هەوڵى رفاندنە بكۆڵدرێتەوەو تۆمەتباران كە كەسانى ناسراون سزاى یاسایی و ئیدارى بدرێن.
(فریادڕەس) ئاشكراى كرد كە لەناوەڕۆكى ئەوسكاڵایانەى دژ بە ئاسایش و پۆلیس تۆمارى كردوون داواى كردووە سەرەڕاى سزاى یاسایی، هەروەها وەك قەرەبووكردنەوەیەكیش لەڕووى مەعنەویەوە هەرسێ ئەم لایەنانە بەرەسمى و لەبەردەم كەناڵەكانى راگەیاندن داواى لێبووردنى لێ بكەن و لە ڕووى ماددیشەوە داواى یەك ملیۆن دۆلار قەرەبوو دەكات.
لە راگەیەندراوە فەرمیەكەى پۆلیسى پارێزگاى هەولێر كە رۆژى 14ى ئەم مانگە بڵاوبووەتەوە، هەوڵى رفاندنەكەى (هیوا فریادڕەس)ى رۆژنامەنووس بە " قسەى بێ بنەما" و لەوەى پۆلیسى خەباتیش بە "بێ ئەسڵ و ئەساس" ناوبراوە، ئاسایشیش لە بەیاننامەكەیدا بەرائەتى تەواو بە تاۆمەتبارى هەوڵى رفاندنەكە دەدات و دەڵێت" بەهیچ شێوەیەك ئەو ئەفسەرەى بەڕێوەبەرایەتیەكەمان هەوڵى رفاندنى هیوا فریادڕەسى نەداوە." ئەمەش لە كاتێكدایە وێراى ئەوەى كە شایەدى سەلماندنى هەوڵى رفاندنەكە لەبەردەم دادگا وتەى خۆى داوە، هەروەها خودى(عەقید ئەزوەر دزەیی) بەڕێوەبەرى پۆلیسى خەباتیش لە راپۆرتێكدا كە بۆ دادگا رەوانەكراوە دەڵێت:" من لەكاتى رووداوەكە لە ژوورەكەى خۆم بووم، بەڵام گوێم لە هاواركردن و قەرەبالغى بوو، پاشان هیوا هاتە لام و وتى هەوڵى رفاندنم دراوە." هەرسەبارەت بەم هەوڵى رفاندنە ئەو بەڕێوەبەرەى پۆلیس پێشتر لەلێدوانیدا بۆ یەكێك لە میدیاكان وتبووى:" لەنێو بەڕێوەبەرایەتیەكەمان ئەم نەقیبەو كۆمەڵێك ئاسایشى تر دەورى هیوا فریادڕەسیان داوەو دەستیان گرتووە، بەڵام دڵنیانین كە مەبەستیان بووە هیوا بڕفێنن یان نا، چونكە بە قسەى ئەو نەقیبە و ئاسایشەكانى لەگەڵیدابوون ئەو نیازەیان نەبووەو ئێمەش لەسەر ئەوەى كە روویداوە سەرزەنشتمان كردوون."هەروەها فریادڕەس رایگەیاند دەنگى تۆماركراوى ئەو بەڕێوەبەرەى پۆلیسیان وەك بەڵگەیەكى زیندوو لەلاهەیە و لە قسەكانیدا جگەلەوەى بوونى هەوڵى رفاندنەكە دەسەلمێنێ و ئاماژە بەوە دەكات كە سەرووى خۆیان لەبارەى رووداوەكەوە ئاگاداركردووەتەوە، هەروەها دەشڵێت:"ئێمەش داوایەكى تایبەت لەسەر ئەو ئەفسەرەى ئاسایش تۆماردەكەین.، چونكە حەرەمى پۆلیسى شكاندووەو لەنێو بەڕێوەبەرایەتیەكەمان بەو كارە هەڵستاوە."
رۆژنامەنووس (هیوا فریادڕەس) پێیوایە ئەوەى كە پێى دەوترێت سەروەرى یاسا ئەگەر پەیڕەوبكرێت لەهەردوو ئەو داوایانەى كە لەسەر ئاسایش و پۆلیسى هەولێر تۆمارى كردوون و لەوەشى كە لەسەر پۆلیسى خەبات تۆمارى دەكات براوە دەبێت و راشگەیاند پشت ئەستوورە بە چەندان بەڵگەى دەنگى تۆماركراوو نووسراوو لەڕووى یاساییەوە بەكاریان دەهێنێت.
لە راگەیەندراوە فەرمیەكەى پۆلیسى هەولێر ناوى ئافرەتێك هێندراوەو وا هاتووە:" پاش ئەوەى ئافرەتێك بەناوى (هێرۆ نایف) لە رۆژى 4/8/2010 پەنا دەباتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتى نەهێشتنى تووندوتیژى دژ بە ئافرەتان و داوا لەسەر كەسێك بەناوى (هیوا فریادڕەس) تۆماردەكات بەوەى كە ناوبراو وێراى هەڕەشەلێكردن، ئیهانەشى كردووە، بە فەرمانى دادوەرو بە ماددەى (431)ى یاساى سزادانى عێراقى (هیوا فریادڕەس) قۆڵبەست دەكرێت." بەڵام (فریادڕەس) رایگەیاند:" من بە بەڵگە دەیسەڵمێنم كە سەرلەبەرى ئەم قسانەى پۆلیسى هەولێر دوور لە راستین و بۆ چەواشەكردنى ڕاى گشتی و ناوزڕاندنى منن، ئەمەش بۆ ئەوەیە تاكو هەوڵى رفاندنەكەم پەردەپۆش بكەن، دەنا گیرانەكەى من لە 5/7 بووەو ئەمەش لەسەر بنەماى سكاڵایەكى ئەو ئەفسەرەى ئاسایش بووە بەوەى كە تۆمەتى هەڕەشەى كوشتنى داوەتە پاڵم."هەروەها زیاتر روونى دەكاتەوەو دەڵێت:" گیرانەكەم و هەوڵى رفاندنەكەم لەیەك رۆژدابوو، تۆمەتى گیرانەكەشم مەشمولە بە كەفالەتى دەستبەجێ و شەخێى یان ماڵى، كەچى دادوەر ئازادى نەكردم و گومانیش دەكرێت ئەم بڕیارە لەژێر فشارى تۆمەتبارانى هەوڵى رفاندنەكەم بووبێت بۆ ئەوەى نەتوانم رووداوەكە بە میدیاكان رابگەیەنم."سەبارەت بەو ئافرەتەش كە لە راگەیەندراوەكەى پۆلیس ناوى هاتووە، (هیوا فریادڕەس) دەڵێت:" لە 1/8 من بە سیفەتى سكرتێرى رێكخراوى بزاڤى ژیان لە رێگەى نووسراوێك و راستەوخۆ بە زارەكیش ئەو بەڕێوەبەرایەتیەى نەهێشتنى تووندوتیژیم لەوە ئاگاداركردەوە ئەو خانمە كە خوشكى ئەو ئەفسەرى ئاسایشە ژیانى لە مەترسیدایە، بەڵگەى سەڵماندنیشم پێشكەش كرد، ئەوانیش لە 4/8 بۆ سەلامەتى گیانى ئەو بە كارى خۆیان هەڵساون.ئەمەش دەریدەخات كە چ چەواشەكردنێك لە راگەیەندراوە فەرمیەكەى پۆلیسى هەولێردا هەیە."
فریادڕەسى رۆژنامەنووس زانیارى زیاتر دەدركێنێ و دەڵێت بنەماڵەى ئەفسەرە تۆمەتبارەكە كە بە "ماڵی نایف ئاغا" ناسراون، خانەوادەیەكى عەشایەرو تووندڕۆن و جەنایەتێكى شارەوەى بنەماڵەكەشى ئاشكرا كرد و رایگەیاند:" خوشكێكى تەمەن 30 ساڵەى ئەو ئەفسەرە ماوەى حەوت ساڵە وەكو زیندانیەك لەماڵ بەندكراوەو بەرامبەر بەو فشارو ئازارانەشى بەدەست باوك وبرا ئەفسەرەكەیەوە بینیویەتى، وەكو ناڕەزایەتیەك لەساڵى 2003ـەوە خۆى نەشوشتووەو وەك شێتێكى لێ هاتووە، لەتاو ئەو حاڵەش چەند جارێك هەوڵى خۆكوژى داوە.." ئەو رۆژنامەنووسە بانگى لە رێكخراوە مرۆڤدۆستیەكان كرد كە بەهاناى ئەو كچەوە بچن و رایگەیاند كە ئەو كچە ئەگەر دەرفەتى بۆ بڕەخسێندرێت لەدەست زولمَى كەسوكارەكەى هەڵدێ و شكایەت لە باوك و برا ئەفسەرەكەى دەكات.
ئێستا سكاڵایەك لەسەر رۆژنامەنووس (هیوا فریادڕەس) هەیەو ئەو رۆژنامەنووسەش جگە لەو سكاڵایەى لەسەر ئەفسەرەكەى ئاسایش تۆمارى كردووە، هەروەها دوو سكاڵاى ترى لەدژى ئاسایش و پۆلیسى هەولێر تۆماركردوون و بەنیازە سكاڵایەكیش لەسەر بەڕێوەبەرى پۆلیسى خەبات تۆماربكات، وەكو خۆیشى دەڵێت رەنگە بەهۆى زۆرى سكاڵاكانەوە پێویست بكات (دەستەى پارێزەران) بۆ كاروبارى یاسایی كەیسەكانى پێك بهێنێت. بەڵام لەبەرئەوەى سكاڵاكانى لەسەر پۆلیس و ئاسایشن، چەندان پارێزەر لەوانەى (هیوا فریادڕەس) پەیوەندى پێوەكردوون، نەوێراون پارێزەرى بۆ بكەن.
[email protected]

----------------------------------------------------------

سڵاو..بۆ هەموو ماڵپەڕو كەناڵەكانى راگەیاندن، هەركەناڵێك دەیەوێت بۆ وەرگرتنى لێدوانى سه‌وتى یان هەرزانیاریەك پەیوەندى راستەوخۆ بە رۆژنامەنووس هیوا فریادڕەس بكات، ئەمە ژمارە تایبەتەكەى خۆیەتى. 07504784133

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە