کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


بەشێك لەنامەی تێكۆشەری دێرینی كورد " كاك مەلا عومەر نیگڵی "

Tuesday, 23/04/2013, 12:00









بەشێك لەنامەی تێكۆشەری دێرینی كورد " كاك مەلا عومەر نیگڵی " و روونكردنەوەو دەرخستنی چەند زانیارییەكی گرنگ سەبارەت بە مێژووی " حیزبی شۆڕش " لە رۆژهەڵاتی كوردستان

مامۆستای زۆر بەڕێزو خامە بەپێزو بەرهەم بەهێز و بۆمن و خوێنەرانی تری نووسینەكانت هەتا بڵێی ئازیز، دكتۆر یاسین سەردەشتی
بەر لە هەر باسێك دەمەوێت رێزو خۆشەویستی و پێ زانینی خۆمت پێشكەش بكەم ، بەتایبەت بۆئەوەی بەشێكی بەرچاوو هەست پێ كراو لە كاتوساتەكانی خۆتت بەخشیوە بە لێكۆڵینەوەو خەوش و خاك لێ دورخستنەوەو ئاشكراكردنی بەشێك لەسەردەمێك لە خەباتی شۆڕشگێڕانەو ئازادیخوازانەی خەڵكی كوردستان و باس كردن و وەبیرهێنانەوەی كۆمەڵێك لەو كادرو كەسایەتیانەی مەیدانی تێكۆشانی ئەو سەردەمە، كە تەنانەت خۆشیان لەبیری خۆیان نەمابوون و كەس یان باسیان نەدەكردن یاخود بەخێر ناویان نەدەبردن.
دیارە من تەنیا " ژیان و تێكۆشانی سیاسی ئەحمەد تۆفیق" و "بیرەوەری یەكانی جەمیل مەردۆخی" تا بەشی شەشەمم دیوە. كە یەكەمیان وەك كتێبێكی بەنرخ لەچاپ دراوەو دووهەمیان كە من لەسەر سایتی كوردستان پۆست دەمخوێندەوە، تازەكی لەسەر سایتەكە دیار نیەو نازانم چی بەسەرهاتوەو هیوادارم ئەویش تەواو بكرێ و لەچاپ بدرێت.
هەر ئەم دوو بەشە لە نوسین و لێكۆڵینەوەو رێك خستنەكانت، بە من و هەموو خوێنەرێك نیشان دەدات كە چەندەت شەونخونی كێشاوەو چەندە لەگەلأ ئەم و ئەو قسەو باست كردوەو چەندە توانیوتە لەپای گێڕانەوەدا دانیشی و رۆژو مانگ و ساڵ و رووداوەكانیان وەبیر بێنیتەوە تا لەزمانی خۆیانەوە بینوسی.
دیارە لەگەلأ تەواوی سوپاس و پێ زانینم دا لەزۆر شوێنی نووسینەكان رەخنەی گەورەو چوكی واشم بەبیردا دى، كە ئارەزووم دەكرد هەموو وەك رووداوەكان وەك خۆی بگوێزرایەتەوە. دیارە رەخنەكانی من بەر لەجەنابت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوڕێ و هاوسەنگەرە دێرینانەم كە بابەتەكانت لەزمانی ئەوانەوە گواستۆتەوە...
ئاخر منی هەژار كە لەتەمەنی دە دوازدە ساڵی یەوە تائێستا بەر شەقی زۆردارو داگیركەربووم و پێشمەرگایەتی و برسیەتی و برینداربوون و گیران و زیندان و ئەشكەنجە نەما نەیكێشم، نەتوانیومە بەخۆدا رابگەم و نە بە ژن و منداڵ و ژیانی بنەماڵەیی خۆم دا. هەر خەبات و كۆڵ نەدان و كۆڵ نەدان، هەتا ئێستاش لەنەمەنی بان 70 ساڵی دا هێشتا عارم نەگرتوەو هەردەڵێم "ئازادیی". بەو حاڵەش هیچ كات چاوەڕێ نەبووم كەسێك باسێكی خێرم لەسەر بنووسێت...
تەواوی ئەندامان و تەشكیلات و دۆستانی حیزبی دیموكرات لەسەردەمەدا لەناوچەی سنەو مەریوان و هەورامان و ژاوەرۆ ، هەر ئەوانەبوون كە ئێمە بۆ كۆمەڵەی شۆڕش پێكەوەمان نابوو وە گشتیان لەرێگای منەوەو دوای پەیوەس بونی من بە حزبی دیموكرات بوونە بەشێك لە حزبی دیموكرات.
من لەسەفەر بۆتارانی ئەحمەد تۆفیق دا لەسلێمانی یەوە تا گوندی دێرمۆڵی و ماڵی شێخ موعتەسەم و لەگەڕانەوەدا هەر بەهەمان رێگەدا لەگەڵی بووم و ئەم چوون و گەڕانەوە بەیارمەتی و پاراستن و دۆستان و هاوڕیانی من كە لە كۆمەڵەی شۆڕشەوە پەیوەس ببون بە حیزبی دیموكرات ئەنجام درا. من لە چەندین سەفەری نێوان سلێمانی و بەغدا لەگەلأ ئەحمەد تۆفیق بووم و بەشێكی زۆر لە نهێنیەكانی لە من نەدەشاردەوە.
من هەر لەیەكەم رۆژی پەیوەس بوونم بە حیزبی دیموكراتەوە وەك كادری دەرەجە یەك "استلاحی ئەحمەد تۆفیق بوو" وەرگیرام و مەسئولیەتی هەمان تەشكیلاتی ناوچەكانی سنەو مەریوانم پێ سپێردرایەوە.
من لەچەندین سەفەر لەگەڵ یادی بەخێر هاوڕێ سلێمانی موعینی هات و چۆی ناوچەكانی بانە؟، سەردەشت، سوێسنایەتی، مەنگوڕان، بۆكان و چۆمی مەجیدخانم كردووەو لەیەكێك لە سەفەرانەدا بوو كە ئێمە لەناو داربۆزەكانی نزیك ئاوایی قەرەگوێز دیدارمان لەگەلأ قاسم ئاغای ئیلخانی زادە، كاك سەعد موهتەدی، كاك سەلاح موهتەدی،سلێمان ئاغاو چەندین كەسایەتیی تر كردو لەبیرم ناچێ كاك هەمزەئاغا دەمانچەیەكی توێكاریۆفی روسی بەمن بەخشی و فەرموی ئەمن لە تەمەنی ئێستای تۆدا بووم خودی قازی محەمەدی پێشەوا خەڵاتی كردووم.
هەر لەو سەفەرەدا بوو كە ئێمە لەسەرەوە دوو رۆژنامەنووسمان لەگەلأ خۆ هێنا بۆ ناو شۆڕش بۆ خزمەتی سەرۆك بارزانی كە خەڵكی ئوروپا بوون و كاك سەلاح موهتەدی و هاوڕێیانی لەتارانەوە كارئاسانیان بۆ كردبوون تائێمە وەرمانگرتن.
هەر دوای ئەو سەفەرە كە گەڕاینەوە بۆناو شۆڕش بۆلای هاوڕێیانی ترمان، من دەستمكرد بە رەخنەگرتن كە ئەوەندەی من لەو سەفەرانە دیومە ئێمە لەناوچەی بانەو سەردەشت و موكریان تەشكیلاتی حیزبیمان نییەو ئەو سەفەرانەمان تەنیا بە هاوكاریی دۆست و ئاشنا ئەنجامداوەو وەك حیزب لەو ناوچانە حزورمان نییە. لەكاتێكدا لەبەرەكەتی كۆمەڵەی شۆڕشەوە لەناوچەكانی مەریوان و سنەو هەورامانات تەشكیلاتی رێكوپێكی نهێنی حزبیمان هەیەو زۆریش هەڵسوڕاون. وە داوام ئەوەبوو چەند كادرێكمان بگەڕێنەوە بۆ موكریان و بەهەمان دۆست و ئاشنای حزبیی تەشكیلاتێكی نوێ سازكەین كە جێگای تەشكیلاتی پێشوو كە زەربەی خواردبوو بگرێتەوە.
یەكەمین خاڵی ناكۆكیی من لەگەلأ بەشێك لە هاوڕێیان لێرەوە دەستیپێكرد و وێڕای رێزو خۆشەویستیی و هاورێیایەتیم رەخنەم لەرابەرییكردنی ئەحمەد تۆفیق هەبوو. لەكۆبوونەوەی فراوانی هاوڕێیانمان لەكۆیە 8 كەس بۆ رابەری كاتیی حزب هەڵبژێردران یان دروستروایە بڵێم دیارییكران كە یەكێك لەوانە من بووم. ئەو كاتە كاك سەلاح موهتەدی و كاك محەمەدی ئیلخانی زادەش هاتبوون و رەخنەكانی من رەخنەی زۆرتریشی هاتبوونەپالأ و ئەوە كە هاورێیانی كادرو پێشمەرگەمان نامونەزەمن و كەس نازانێت كێ بەرپرسە كێ ئەندامەو كێ نییە. هەروەها رەخنە لە دەخالەتكردن لەناكۆكیی نێوان دەفتەری سیاسیی و بارزانی دا، لایەنگریی و موخالەفەتی ئەم یان ئەو وەزیفەی ئێمە نییە و كە نەتوانین گولأ بین دڕكیش نەبین و شتی وا هاتە گۆڕێ و سەرەنجام هەموو پرش و بڵاو بووین.
من گومانم لەوەدا نییە كە ئەگەر هەركام لەئێمە لەكاك ئەحمەدو كاك سلێمانەوە تادەگاتە من كە ئەو دەورانە كەمتر لە 18 سالأ تەمەنم بوو بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە، هەرگێز بەو شێوەی ئەو كاتە قسەو رەفتار ناكەین و مەنتقی تر بەرخورد دەكەینو نابینەهۆی پرشوبڵاوبوونی حزب و هاوڕێیانمان و ئەو گشت كەسایەتییە سەربەرزانەمان لەدەست نەدەچوو. بەڵام بەداخەوە نە عەقڵی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەو نە تەمەنی ئەو كات بۆ ئێستا. وە ئێمە بێ جیاوازیی بەرپرسی هەموو روداوە دڵتەزێنەكانیشین.
ئێستا بێینە سەر بیرەوەرییەكانی كاك جەمیل، من لەپێش دەستنیشانكردنی هەر رەخنەیەكدا گەلێك خۆشحاڵم كە هاوڕێیەكی دێرین و خۆشەویستم كاك شێخ جەمیل توانیویەتی لەو تەمەنەدا ئەو سەردەمانە وەبیرخۆی بێنێتەوە و باسیان بكات. ئافەرین و دەستخۆشانە لەویش و لەجەنابیشت دەكەم.
دیارە من هێندە سەختگیر نیم كە پێم وابێ دوای زیاتر لە 50 سالأ بەسەرهاتێك بگێڕیەوە یا بینووسی مەرجە هەموو خاڵێكی وەك خۆی بێ. ئینسان شتی لەبیر ئەچێ و شتی لێ ئەگۆڕێ و من ئەگەر خاڵێكم بەرچاوئەكەوێ و بەجۆرێكی تر لەزەینی مندا ماوەتەوە بەشتێكی ئاسایی دەزانم.
ئەوە لای من زۆر زۆر گرنگە ئەوەیە كە رووداوگەلێك هەن باری مێژووییان هەیەو نابێ لەوبارەیەوە ناهەقی بكرێ.
بۆنموونە، باسی پێكهاتنی كۆمەڵەی شۆڕشی كوردستان ئەكەم: ئەم حیزبە بەهاری ساڵی 1339ی شەمسی (1960 زاینی/ سەردەشتیی) لەشاری سنە پێكهات، لەو سەردەمانەدا زۆر زۆر رووداوی تریش روویدابووكە گرنگ و سەرنجڕاكێش بوون. لەعێراق حكومەتی پاشایەتیی رووخابوو حكومەتێكی نیمچە دیموكراتیك پێكهاتبو، حیزب و سازمانی سیاسیی ئازادكرابوون. پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر فەعال بوو هەم كوردایەتیی و هەم شیوعیگەریی گەشەیكردبوو. تەشكیلاتی حیزبی دیموكراتی لەرۆژهەڵاتی كوردستان زەربەی سەختی وێكەوتبوو، كادرو ئەندامانی یا هەڵاتبوون بۆ باشووری كوردستان یان گیران و لەزیندان بوون. ناكۆكیی لەنێوان بەرژەوەندیی ئامریكاو ئینگلیس لەسەر زمانان بوو. تیمسار بەختیارو دارودەستەكەی كە گوایە بەپیلانی ئینگلیسییەكان لەفكری كودەتابوون سەركوتكرابوون و بەو بۆنەوە شابونای ئێران "سورەیا" كە خزمی بەختیار بوو تەڵاقدراو تەبعید كرابوو. ئەوەی چوار كەلیمە سیاسەتی دەزانی و لەلێكدانەوەو چاوەڕێ دا بوو كە ئینگلیس وازناهێنێ و پیلان ئەگێڕێ و لەخەیاڵی خۆیاندا ئامریكاو ئینگلیس و ئێران و عێراقیان وەشەڕدەداو ئارەزووی خۆی چی بووایە وای پێشبینی دەكرد. ماڵی مەلاو حوجرەی فەقێو دوكانی بەقالأ و خیابان هەر چەپ چەپ بوو.
ئا لەوبارو وەزعەدا، ئازادیی خەڵكی كوردستان لەعێراق و تەبلیغاتی رادیۆی بەغدا كاری كردبووە سەر خەڵكی گوردستانی ئێران. بەتایبەتی ناوچەی سنە كە ئەو زەربە تەشكیلاتییەی ناوچەكانی موكریانی حیزبی دیموكرات لەناوچەی سنە رووینەدابوو چونكە لەبنەڕەتدا حیزبی دیموكرات لەم ناوچەیە تەشكیلات و تێكۆشانێكی ئەتۆی نەبوون وە هێشتا خەڵك نەترسابوون.
بەر لەپێكهێنانی كۆمەڵەی شۆڕش، وەك كاك جەمیل خۆی باسیكردووە كۆمەڵێك فەقێ لەحوجرەكان و قوتابی لەمەدرەسەكان رێكخراوەیەكیان سازماندابوو بەناوی یەكێتی قوتابیانی دینی و مەدەنی كە رابەرییەكەی كاك جەمیل وەك فەقێ و كاك فاتح شێخولئیسلامی وەك قوتابی مەدرەسە ئەیانگێڕا.زۆری پێنەچوو ئەم رێكخراوە زەربەی خواردو كاك جەمیل هەڵات بۆ كوردستانی عێراق و مەلا ساڵح ناوێك بوو ئەویش هەڵات و كاك فاتیح گیرا. پاش ماوەیەك كاك فاتیح بەواسیتەكاری بەربوو. بەڵام كاك جەمیل و مەلاساڵح نەگەڕانەوە.
لەهەمان سەردەمدا، كۆمەڵێكی زۆر لەفەقێ بۆ خوێندن دەچوونە باشووری كوردستان بەڵام زۆری پێنەچوو بژی و بروخێ و هیتاف و میتینگ و تەزاهورات و وتارو شیعرو سرودی خەڵكی باشووری كوردستان كاری تێئەكردن و وەك پشكۆی سوور ئەگەڕانەوە بۆ كوردستانی رۆژهەڵات و قەستیان بوو بە شەو ورۆژێك رژێمی شا بڕوخێنن و كوردستان ئازاد كەن.
من یەكێك بووم لەو پشكۆیانەی كەلەپێنجوێن دەمخوێندو بەیەكەمجار بەكری حاجی سەفەر هات بۆ حوجرەی مزگەوتی پاشاو پەلمی گرت و بردمی بۆناو قوتابیان و چیان ئەزانی فێریان كردم و گەڕامەوە بۆ بۆ مەریوان و پاشان بۆ شاری سنە.
عەلی قوتبی بێسارانی لەمن گەرم وگەشتر لەناوچەی قەرەداخەوە گەڕایەوە بۆ سنەو عومەرو عەلی یەكمانگرت و هێندە بەگوڕ بووین واماندەزانی دەتوانین لەچەند حەوتوویەكدا گەروشی خۆرو زەوی تێكبدەین.
چی بكەین و چی نەكەین، بڕیارماندا بگەڕێین تا سۆراغێكی تەشكیلاتی نهێنیی حیزبی دیموكراتی كوردستان ئەكەین و پێی پەیوەستبین و هاوكاریی لەگەلأ بكەین. بەچراوە ماڵ بەمالأ دەگەڕاین بەشوێن ئەندام یان لایەنگرێكی حیزبی دیموكراتدا، پەیدا نەبوو و پەیدا نەبوو. كاك فاتیح شێخولئیسلامی لەزیندان بەرببوو، من و كاك فاتح ئاشنایەتیی پێشتری خۆمان و بنەماڵەمان هەبوو و ئیعتیماد لەنێوانماندا زۆر بوو. من و عەلی قوتبی تەماسمان لەگەلأ گرت و بڕیاربوو سێ كەسیی و بەیارمەتی دۆستانی گشتمان هەوڵبدەین یا حیزبی دیموكرات پەیدا بكەین یا ئەگەر نەكرا بۆخۆمان شتێك سازكەین.
دوای ماوەیەك كاك فاتیح بەمنی راگەیاند كە لەگەلأ سەید مەحمودی ئامۆزام و كەسێكی تر بڕیارمانداوە سازمانێك پێكەوەنێین و ناو و پرۆگرام و پێڕەوێكی رەشنووسیشمان بۆ ئامادەكردووە و پرسی: ئایا منیش حازرم هاوكارییان بكەم؟ وەڵامی من ئەرێ بوو. وە خێرا تەرتیبی مولاقاتی من لەگەلأ كەسی سێهەم درا. ئەویش شێخ نەسڕەدین نەقشبەندیی بوو كە خاڵۆزای كاك فاتیح و ئامۆزای شێخ عوسمانی دوڕۆ بوو. من فەقێ بووم، كاك فاتیح لە دەبیرستان ئەیخوێند. مەلا سەید مەحموود دەرسی مەلایەتی تەواوكردبوو ببوو بە موعەلیم و جارێكیش گیرابوو و بەرببوو. شێخ نەسڕەدین كارمەند بوو ئیخراج كرابوو، خێزانەكەی لێی جیاببۆوەو لەشەرایەتێكی رۆحیی ناڕازیی و توڕەییدا بوو. لەگەلأ شێخ نەسڕەدین لەماڵی ئەوان كە فەقیرانەو كرێچی بوو دانیشتین و مسۆدەی پرۆگرام و پەیڕەوەكەی نیشاندام و خوێندمەوەو بەوردیی لەسەر خالأ بەخاڵی قسەمان كرد: ناوی حیزب: كۆمەڵەی شۆڕشی كوردستان، ئامانجی بەرز: كوردستانێكی یەكگرتوو، كوردێكی سەربەخۆ.
دوای دوو رۆژ عەلی قوتبی لەلایەن منەوە راكێشراو بوو بە ئەندامی پێنجەمی كۆمەڵەی شۆڕش. هەركەس هەردۆست و هاوڕێیەكی جێی بڕوای شك دەبرد پەیوەندیی دەكرد بەكۆمەڵەوە لەشانەی سێ كەسیدا سازمان دەدران. تەواوی ئەوانەی لەگەلأ كاك جەمیل و كاك فاتیح هاوكارییان كردبوو كران بە ئەندامی كۆمەڵەی شۆڕش. لەوانە: سەید مەحمودی سەجادی، ئیسماعیل ئەیوبی، ئەسعەد مودەرسی، ئەسعەد نەقشبەندی و پاشان چەندین كەسایەتیی گەورە و ناودار لەوانە شێخ موعتەسەمی حیسامی كە ئامادەبوون لەگەلأ كۆمەڵەی شۆڕش هاوكاریی بكەن، بە بێئەوەی بزانن دامەزرێنەرو رابەری ئەم كۆمەڵەیە ئەم چەند كەسە وردیلانەن.
زۆری نەخایاند كاك فاتیح سەرلەنوێ گیرایەوە، شێخ نەسڕەدین كەوتنە شوێنی بیگرن، هەڵات و پەنای بردە بەر ماڵی حەمە ڕەشید خان لەدارۆخان، سەید مەحموودی شێخولئیسلامی كە خوشكی فاتیحی خواستبوو خەریكی ژیانی بنەماڵەیی و كاری موعەلیمی خۆی بوو. كاروباری حیزبیی لە راكێشانی ئەندامی تازەو سازماندانی شانەكانەوە بگرە تا سەرپەرشتیكردنی بەڕێوەبەران و كادرانی خۆجێ و تا روونووسكردنی پرۆگرا و پەیڕەو بەدەستنووسی و بڵاوكردنەوەی بەناو ئەندامان و لایەنگراندا، هەمووی بڕا بە باڵای من و عولی قوتبی دا.
لەسەقزەوە تا كامیاران، لە لەیلاخەوە تا هەورامان، لەسنەوە تا دارۆخان لەهاتوچۆو راكەراكدا بووین و هەرچەند حەوتوو جارێك سەری دارۆخانمان دەداو لەگەلأ شێخ نەسڕەدین كە بەناوی نهێنی كاك محەمەد لەوێ بوو كۆبوونەوەو راو تەدبیرمان دەكردو دەگەڕاینەوە بۆ ناوچەكان. ئاخری عەلی قوتبی لە سنە لە مەئموریەتێكدا گیراو من تەنیا كەوتم و بەشەكاری عەلیش بە من بڕا.
ئەم كێشمە كێش و هەڵات هەڵاتە دەوامی هەبوو تا نەورۆزی 1330 ی شەمسی. لەماوەی ئەو دە یازدە مانگەی هەڵسوڕانی ئێمەدا بەسەدان كەس ببوون بە ئەندامی كۆمەڵەی شۆڕِش ، مەرجی ئەندامەتیی تەنیا قبوڵكردنی ئامانجی بەرزو تێكۆشان لەو پێناوەدا بوو، بەهەر شێوەیەك كە دەتوانن.
نەك بەهۆی لێزانی و رابەرایەتیی بلیمەتانەی ئێمەوە كە لەڕاستیدا زۆر كاڵ و سیاسەت نەزان و وردیلەبووین ، بەڵكو لەبەر ناڕازییبوونی خەلًك لە رژیچمی شاو تەئسیراتی كوردستانی عێراق و هەستی كوردایەتی نێو خەڵك هێندە ناوی كۆمەڵەی شۆڕش لەو چەند مانگەدا بەرزببۆوەو هێندە ئەندام و لایەنگرو پشتیوانی بۆ پەیدا ببوو، كە ئێمە گیرمانخواردبوو چۆنیان سازمان بدەین و چۆنیان رابەرایەتیی بكەین. دیارە غەیرە ئەو چەند كەسەی سەرەتا كە سەرجەم 5 كەس بووین، كەسی تر نەیدەزانی ئەم لاشە زل و زەبەلاحە سەرێكی هێندە گچكەو شل و وڵی هەیە. بەراِستی ئەو سەردەمە جێگای كەسانی لێزان و سیاسەتمەدار بۆ رابەری ئەو كۆمەڵە خاڵی بوو.
سەرئەنجام، شێخ نەسڕەدین كە لەو ئاخرانەدا لەگوندی چوێسە لەماڵی شێخ عەبدولقادر پەنای گرتبوو لەئاكامی توندڕەوی و وەزعی خۆیدا چووە دوورۆ و لەگەلأ شێخ عوسمان كردی بەشەڕو ئاخری لەلایەن ژاندارمی سەوڵاواوە گیراو زیندان كرا. عەلی قوتبی دوای زیاتر لە 2 ساڵ زیندان ئازاد كراو ئێمە یەكمان گرتەوە. بەڵام شێخ نەسڕەدین هێِشتا لەزێندان مابوو. عەلی باسی ئەوەی دەكرد كە لەگەلأ شێخ نەسڕەدین لەزیندانی سنە دوو ساڵ پێكەوە بوون شكنجەو ئازارێكی زۆریان چێشتووە، بەڵام نە ئەوو نە شێخ نەسڕەدین كەم و زۆر دانیان بەهیچ نهێنییەكدا نەناوەو نەچوونەتە ژێر هیچ تۆمەتێك. كاك فاتیح شێخو لئیسلامی دوای ماوەیەك لەزیندان بەردراو لەتاران چووە دانیشگاو پاشان لەگەلأ هاوڕێیانی تر یەكێتی خوێندكارانی كوردیان پێكهێناو دواتریش یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی سەرەتایی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان. سەید مەحمودی شێخولئیسلامی هەروەك پێشتر لەمەریوان بەژیانی شەخسی و موعەلیمییەوە خەریك بوو.
منیش دوای نەورۆزی 1330 كە بیستم شێخ نەسڕەدین گیراوە، دەورێك گەڕامەوە بەسەر شانەكانی كۆمەڵەداو هەموو نهێنییەكانم سڕییەوەو نەمهێشت هیچ ئاسارێك دەستی دوژمن بكەوێت و پاشان خۆم گەیاندە گوندی خورماڵ و لەگەلأ شێخ جەمیل یەكمانگرتو دواتر بەحیزبی دیموكرات پەیوەسبووم. زۆربەی هاوڕێیان و شانەكانی شۆڕشم كێشایە ناو حیزبی دیموكرات و ئیتر جگە لەكاك فاتیح و شێخ نەسڕەدین و عەلی قوتبی، ئەوانیش بێ بەڵگەو دەلیل، كەس لە كۆمەڵەی شۆڕش نەگیرا...
كۆمەڵەی شۆڕشی كوردستان هەر بەو سادەییەی كە عەرزم كردی و لەلایەن ئەو چەند كەسە ساویلكەو بێ تەجروبە، بەڵام دڵسۆز و خۆبەخشەوە، پێكهات و بەو مەسیرەدا تێپەڕی و تا ئەو جێگایە بڕی كرد و ئاواش كۆتایی هات كە باسم كرد.
ئاخر ئیتر كارەسات نییە هاوڕێیەكی دێرین و ئازیزی وەك كاك جەمیل مەردۆخی ببێ بە شایەدحاڵی ناحەقی ە بنووسێ كۆمەڵەی شۆڕِش لەلایەن ساواك و بەمەبەستی كزكردنی حزبی دیموكرات پێكهاتووە؟!!!!!!!!
یەكەم: حیزبی دیموكرات لەناوچەی سنەو مەریوان هەر بوونی نەبوو تا ساواك بە كۆمەڵەی شۆڕش كزی بكات و ئەگەر ببووایە نە كاك جەمیل و نە كاك فاتیح قوتابیانی دینی و مەدەنیان پێكدەهێناو نە ئێمە پێویست بوو كۆمەڵەی شۆڕش سازكەین.
دووەم: حیزبی دیموكرات لەناوچەی موكریان بوونی هەبوو كە ئەویش لەلایەكەوە كە ئەویش لەلایەكەوە حیزبی تودە وەك ئەژدەها هەڵی دەلووشی و لەلایەكی ترەوە هەر ئەندامان و كادرانی خودی حیزبەكە یەكتریان لەو داو بوون بە هاوكاریی ساواك لەگیانی یەك و حیزبەكەیان كز كردو پێویست بە كۆمەڵەی شۆڕش نەبوو.
سێهەم: بەرلەوەی من پەیوەسبم بە حیزبی دیموكرات، كاك ئەحمەد تۆفیق ئیعلامییەكی لەدژی كۆمەڵەی شۆڕش دەركردبوو وە بەپیلانی ئینگلیسییەكانی لەقەڵەمدابوو كە ئەویش تۆمەتێكی بێ پایەو هەستكردن بە هاتنەمەیدانی شەریكێكی ناخوازو رەقیبێكی تازە نەفەس بوو.
چوارەم: كاك جەمیل راست دەكات و من هەر هاتمە ناو حیزبی دیموكرات بەبێ ئەوەی نهێنییەكان بدركێنم ، باسی پرۆسەی پێكهاتن و هەڵسوڕان و مەسیری تێكۆشان و دواییهاتنی كۆمەڵەی شۆڕشم نووسی و دام بە كاك ئەحمەد تۆفیق و فایەق، وە هەر دوای ئەوە زەین و نەزەریان دەرحەق بە كۆمەڵەی شۆڕش گۆڕاو داوای لێبوردنیان سەبارەت بەو ئیعلامیەی خۆیان لەمن كرد.
لەدواییدا وێڕای رەدكردنەوەی تۆمەتەكانی كاك شێخ جەمیل دەرحەق بە كۆمەڵەی شۆڕش و دەرخستنی راستییەكان، هیوادارم كاك شێخ جەمیلی خۆشەویست ئەم روونكردنەوەم بە وەڵامدانەوە بە دەرخواندەكەی خۆی ڵا وەربگرێ كە داوایكردبوو كەسانی پاشماوەی كۆمەڵەی شۆڕش سەبارەت بەو حیزبە بنووسن و راستییەكان بەیان بكەن.
هیوادارم جەنابت مامۆستا یاسین حەوسەڵەت هەبێ و ئەم نووسراوە ئاڵۆزەی من بخوێنیتەوە كە لەتەمەنی بان و رۆحێكی پەرێشان و بەدەستێكی لەرزان بۆم نووسیوی و لەگەلأ خۆشەیستی خۆمدا بۆ جەنابت پێشكەشتانی دەكەم و لەوانەیە پێت خۆشبێت بزانیت ئەو پێنج كەسەی دامەزرێنەرانی سەرەتایی كۆمەڵەی شۆڕش چیان بەسەرهات.
1- كاك فاتیح شێخولئیسلامی (چاوە) : كە پێڕەو پرۆگرامی كۆمەڵە كە یەكەم رەشنووسی لەلایەن ئەوەوە نووسراو ئامادەكرابوو، دواتر لەدەورانی دانیشگا بەهاوكاریی هاوڕیانی تر یەكێتی خوێندكارانی كوردیان پێكهێناو پاشان یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی سەرەتایی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتكێشانی كوردستان بەرابەری كاك فوئاد مستەفا سوڵتانی و دوای ئینشعابەكانی كۆمەڵە ئەو لەگەلأ جەریانی چەپ بە رابەری مەنسوری حیكمەت، حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریان پێكهێناو ئێستاش شوكور لەژیاندا ماوەو یەكێكە لەرێبەرانی حزبی حیكمەتیست.
2- عەلی قوتبی بێسارانی پاش بەربوونی لەزیندان هات بۆلای من بۆ باشووری كوردستان و بەكۆمەڵەی رزگارییەوە پەیوەستبوو. دواتر چووە ناو حیزبی دیموكرات لای كاك ئەحمەد تۆفیق پاش ئەو نەهامەتییەی بەسەر شۆڕشی ئەیلولدا هات دەوڵەتی عێراق لەگەلأ كۆمەڵێكی تر تەحویلی ئێرانی درانەوە و دوای چەند رۆژێك بەردراو گەڕایەوە بۆ لای من لە مەریوان و بەدوای شۆڕشی 57 دا (1979/ سەردەشتیی) لەگەلأ كۆمەڵێك لەهاوڕیانی دێرین كۆمەڵەی یەكسانیان پێكهێنا . بەڵام لەئاخردا هاتەوە ریزی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕو پێشمەرگە بوو لە بێساران، لەشەڕێكدا لەگەلأ تاقمێك كە ناوی خۆیان نابوو "رزگاری" و سەر بە بەعسی عێراق بوون گیانی بەختكرد.
3- شێخ نەسڕەدین نەقشبەندی دوای 3 سالأ لەزینداندا بەربوو، بەڵام دواتر گیرایەوە و لەزیندانی رژێمدا مایەوەو تا شۆڕشی 57 كە زیندانەكانیان شكان ئەویش بەربوو و هاتەوە مەریوان و زۆری هەوڵدا سازمانێكی تازە پێكبهێنێ. بەڵام كەس بەقسەی نەكردو چووە تاران و لەوێ گیراو رژێمی جمهوری ئیسلامی ئیعدامی كرد.
4- سەید مەحمودی شێخولئیسلامی هەر لەماڵی خۆی مایەوە...
5- منیش كە پێم دەڵێن عومەر نگڵی، دوای كۆمەڵەی شۆڕش پەیوەسبووم بە حزبی دیموكرات و بەپێشمەرگایەتی شۆڕشی ئەیلول و كاری حیزبییەوە خەریكبووم تا لەگەلأ كۆمەڵێك لەهاوڕێیان لە حیزبی دیموكرات چووینە دەرەوە و كۆمەڵەی رزگاری مان پێكهێنا . وێڕای كاروباری كۆمەڵەی رزگاری، سازمانێكمان پێكهێنا بەناوی " لیژنەی یارمەتی لێقەوماوانی شۆڕشی كوردستانی عێراق". بەناوی ئەو لیژنەیەوە هەرچی توانیمان یارمەتی ماڵی لەناو خەڵكی كوردستانی ئێران كۆكردەوە چ بەنەقدی و بەشمەك لەرێگای سەردەشت و قەڵادزێ وە بەهێزەكانی سەر بە بارزانی و لەرێگای مەریوان و هەرورامانەوە بەهێزەكانی سەر بە مەكتەبی سیاسیی پارتی و كارمان بەسەر ناكۆكیی ئەو هێزانەوە نەبوو. دوای عەفواتێك گەڕاینەوە ئێران "دیارە بەشێكمان" وە لەوێش بەشێوەی جۆراوجۆر لە فەعالیەتدا بووم تا بەهاوڕیانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان پەیوەسبووم. جزو پێشمەرگە سەرەتاییەكانی كۆمەڵە بووم و لەبەشە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵە لەوانە نزیكەی پێنج سالأ لەرادیۆی كۆمەڵە كارمكرد.
لەئاخردا بەهۆی نەخۆشییەوە رەوانەی ئاڵمان كرام و لەئینشعابەكانی ناو كۆمەڵەدا نەبووم بەئەندامی هیچ بەشێكیان و رقم لەكەسیان نەبووەو هەموو هاوڕێیانی جارانی كۆمەڵەم بێ جیاوازیی خۆشدەوێت.
زۆر شت هەیە بۆت بنووسم بەڵام لەوە زیاتر دەستم گۆناكاو بمبوورە لەوەی مێشكت بەم نامە شپرزەیەوە ماندوو دەبێ. ئێستا من هێشتا رۆژەكانی نەورۆز ماویەتی و بەوبۆنەیەوە پیرۆزبایی نەورۆزت لێدەكەم و هیوادارم ساڵێكی نوێی پڕ لەسڵامەتی بەرهەمی نوێ بەسەربەری.

ئیمزا
عمر نگڵی / شاری كۆڵن-ئاڵمان 30/3 /2013




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە