ڕوونکردنەوەیەک لە (فەتاح ڕەباتی) یەوە، دەربارەی تەنکەرە نەوتەکان
Tuesday, 24/02/2015, 12:00
لەچەند ڕۆژی ڕابووردودا (دەزگای ئاسایشی هەرێم)ی کوردستان یەکێک لەکورەکانمی بەناوی شکار ڕەباتی بانگهێشتی ئاسایش کرد بۆ وەرگرتنی وتە دەربارەی ئەو لۆرییە تەنکەرانەی کە هەمانە و ژمارەیان ٧١ تەنکەرە.
ئەم گوتە لێوەرگرتنە بۆتە هۆی نیگەرنیمان و ئەو بانگهێشتکردنە دەبێتە ناوزڕاندنمان، بۆیە لە ئاسایشی گشتی هەرێم داواکارم ئەگەر کوڕەکەی من تاوانبارە ولەو کێشەیەوە گلاوە، بە کڕین یان فرۆشتنی نەوتی داعش، بەتوندترین شێوە سزای بدرێت. گەر وانییە و بۆ ناوزڕاندنمان ناومان هاتۆتە ناوناوان، ئەوە پێویستە ئاسایشی گشتی ناوی ئەو کەسانەمان پێ بڵێت کەویستوویانە ئێمە تێوەبگلێنن، تاکۆ داوای یاساییان لەسەر تۆمار بکەین.
ئێمە ئەو ٧١ تەنکەرەی کەهەمانە نزیکەی سێ ساڵ دەبێت داومانە بە (محەمەد فاروق مەلامستەفا) بۆ ئەوەی کاریان پێبکات. لەو ڕۆژەوەی تەسلیمی ناوبراومان کردووە تاکوئێسا هەر لایەتی و ئێمەنازانین لە چ کارێکدا بەکاریان دەهێنێ و تاکو ئێستاش کرێی ئەو تەنکەرانەی تەسلیم نەکردووین.
دواکارم ئاسایشی گشتی لێکۆڵینەوەی جدی لەسەر ئەو بابەتە بکات، ئەگەر ئەو تەنکەرانە لەکاری نایاساییدا بەکارهێنراون، دەست بەجێ بەکارهێنەرانی دەستگیر بکرێن و سزای توندیان بدرێت.
ئێمە پێش ماوەیەک ژمێریاری محەمەد فاروق مەلامستەفامان ئاگادار کردۆتەوە، کە حساباتی کرێی ئەو سێ ساڵەی تەنکەرەکانمان بۆ بنێرێت و تاکو ئێستا بۆیان نەناردوین.
ڕایدەگەیەنم ئەگەر حکومەت و ئاسایشی هەرێم چاوپۆشی یان کەمتەرخەمی لە لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکەن، ئەوا بەرامبەر گەل و نیشتمان بەرپسیار دەبن و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی دەخەنە خەتەرەوە.
فەتاح ڕەباتی
٢٣-٢-٢٠١٥
سلێمانی
تێبینی: ئەم روونکردنەوەیەم بە هەڵە بۆ یەک دوو سایتی تر ناردبوو، لە راستییدا تەنیا بۆ کوردستانپۆستم ناردووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست