کوردستانپۆست خوێنێکی نه‌مه‌یوه‌..

Thursday, 13/08/2009, 12:00


کاکه‌برا حه‌مه‌ سوره‌بانی ناڕازیبوون تاده‌گاته‌ ئاستی لێڕژان به‌و پڕۆسه‌یه‌ ڕێکده‌خرێت که‌ ناوی شۆڕشه‌، شاده‌ماری بزووتنه‌وه‌که‌ ئه‌و کوڕه‌ بزێوانه‌ن هه‌رچی ژیانی خۆیان و ده‌وروبه‌ره‌که‌یانه‌ ده‌خه‌نه‌ خزمه‌تی ئاینده‌ی‌ کۆمه‌ڵگا، گاڵته‌کردن به‌ مه‌رگ و گوێ نه‌دان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کێک بوو له‌و سیفه‌تانه‌ی گه‌نجێکی کوردی خسته‌ ناو مه‌یدانی شۆڕشه‌وه‌و به‌ نارنجۆکێکی ئه‌ڵقه‌ ژه‌نگاوی و ده‌مانچه‌یه‌کی لووله‌ خۆرکاویه‌وه‌ ده‌چوه‌وه‌‌ به‌ گژ دڕنده‌ترین دوژمنی سه‌رسه‌ختی وه‌ک حیزبی به‌عس، گه‌ر چی زۆربه‌ی نارنجۆکه‌کان دوای هه‌ڵدانیان به‌ره‌وڕووی قوات خاسه‌و ئیستخبارات و خۆفرۆشه‌کان چرووک ده‌بوون به‌ڵام ‌ترس و شڵه‌ژانێکیان له‌ ده‌روونی به‌عسیه‌کان دروست ده‌کرد گه‌ر هیچیشیان پێنه‌کرابێت ئه‌وا سه‌رتاپای پلانه‌کانیانی پوچه‌ڵ ده‌کرده‌وه‌ که‌ زه‌مه‌نێک بوو ڕه‌نگ ڕێژیان کردبوو بۆ لێدانی ڕێکخستنه‌کانی ناو شار.
شۆڕش یان گۆرانکاری له‌ ئێستادا ته‌نها به‌ره‌یه‌کی جه‌نگی پێشمه‌رگایه‌تی نیه‌ وه‌ک ساڵانی دوای ئاشبه‌تاڵی 1975 ی بنه‌ماڵه‌ی ڕاکردووی بارزانی، خۆ گه‌ر پێناسه‌ باوه‌که‌ی شۆڕشی نوێ له‌ نێوان دوو که‌وانه‌دا (به‌ ئایدۆلۆژیاکه‌شیه‌وه‌‌‌) ته‌نها هه‌ڵدانی نارنجۆکێک بوبێت بۆ ناو زیلی سه‌ربازه‌کان یان ئاراسته‌کردنی لوله‌ی ده‌مانچه‌یه‌ک له‌ جۆری (لامه‌ی شۆڕش و میکاریۆف) بووبێت به‌ره‌و ڕوی مولازم موحسین وشێخ جه‌عفه‌ری پارێزگاری پێشووی سلێمانی سه‌رده‌می به‌عسی جاران،ئه‌وا له‌م دۆخه‌ی ئێستاداو بگره‌ زۆر پێشتریش (کورستانپۆست) بووه‌ درێژه‌پێده‌ری ده‌نگه‌ بزێوه‌ نه‌فه‌س درێژه‌کان. هه‌ر دڵۆپه‌ خوێنێک له‌سه‌رده‌می داگیرکاریدا ڕژابێت ئێستا کوردستانپۆست میراتگریه‌تی،هه‌ر گه‌رویه‌کی پڕله‌ ئاگری توڕه‌بووی گه‌رمیان خۆی نمایش بکردایه سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌که‌ی ئێره‌ بوو، خۆ گه‌ر ئه‌م مینبه‌ره‌ نه‌بوایه‌ کێ باوه‌ڕی ده‌کرد له‌ ناو یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا فایلچیه‌کی وه‌ک مسته‌فا چاوڕه‌ش و سه‌عدی پیره‌و به‌هرۆز گه‌ڵاڵی و شاڵاوی عه‌لی عه‌سکه‌ری و حامیدی حاجی غالی بوونی هه‌بێت. زۆرینه‌ی مه‌کته‌ب سیاسی و سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی له‌ ژێر لێفه‌ی زێڕینی سوردا بوون که‌ کوردستان پۆست هه‌واڵی له‌هۆش چوونی تاڵه‌بانی ڕاگه‌یاند، تا گه‌یشتیشه‌ نه‌خۆشخانه‌ی مه‌لیکی ئوردون، زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌ کۆیله‌کانی ڕێکخستنی یه‌کێتی ده‌یان گووت مام جه‌لال وه‌ک کاکڵه‌گوێز ساخ و سه‌لیمه‌.
گه‌ر شه‌ونخونی کوردستانپۆست نه‌بێت کام له‌م داوایانه‌ ده‌گه‌یشته‌ ئۆرگانه‌کان:
_گه‌ر ئه‌م مینبه‌ره‌ نه‌بوایه‌ کام پێشمه‌رگه‌ی دێرین زاتی ئه‌وه‌ی ده‌کرد ڕاپۆرتی کۆمیته‌ی ڕێکخستنه‌کان بکاته‌ نامه‌یه‌ک و ئاراسته‌ی سکرتێری یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی بکات و بڵێت فڵانه‌ مه‌سئولی کۆمیته‌ کۆنه‌ جاش بووه‌ یاخود به‌رپرسی فڵانه‌ کۆمیته‌ی پێشمه‌رگه‌ی دێرین چوار ڕه‌بایه‌ی هه‌بوه‌ له‌ دۆڵی بالیسان.
_ گه‌ر ڕوپه‌ڕی کوردستان پۆست نه‌بوایه‌ کام پێشمه‌رگه‌ی دێرین زاتی ده‌کرد بڵی شانازی ژن خوشکی مام جه‌لال له‌ ئه‌مسته‌ردام داوای له‌ هاوار حاجی کۆمیته‌ی ڕێکخستنی به‌ریتانیا و نوێنه‌ری مام جه‌لال کرد ‌تا بچێت پاکه‌تێکی جگه‌ره‌ی بۆ بکڕێت.
_ گه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی کوردستان پۆست نه‌بوایه‌ کێ ده‌یتوانی له‌ کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی کوردستان له‌ شه‌قامی سه‌هۆڵه‌که‌ و توی مه‌لیکه‌وه‌ ده‌ست درێژیه‌کانی شێخ جه‌عفه‌رو نۆکه‌ره‌کانی بگوازێته‌وه‌ بۆ هاوڵاتیانی نیشته‌جێی هه‌نده‌ران.
_ گه‌ر لاپه‌ڕه‌ی کوردستان پۆست نه‌بوایه‌ کێ ده‌یزانی شه‌قاوه‌کانی خه‌تی گشتی له‌ به‌ریتانیا خه‌ڵکی بێگانه‌یان به‌کرێ ده‌گرت بۆ لێدانی کادرو پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان.
ئه‌مانه‌و سه‌دان نموونه‌ گه‌ر پێشمه‌رگه‌ و کادره‌کانی یه‌کێتی حه‌رام زاده‌ نه‌بن به‌رامبه‌ر به‌ کوردستانپۆست و خۆیان نه‌فرۆشتبێت به‌ مووچه‌ له‌ لیستی کۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان له‌ پێناوی گۆڕینی پله‌کانیان له‌ عه‌ریفه‌وه‌ بۆ نه‌قیب ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و فۆڕمانه‌ بدڕێنن که‌ له‌ ده‌زگای کۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان پێان پڕکردونه‌ته‌وه‌ و سوێندیان داون له‌مه‌ودوا هه‌واڵ و نوسین نه‌نێرن بۆ کوردستان پۆست، گه‌ر وابکه‌ن ته‌ڵقینی نه‌فره‌ت له‌سه‌ر گۆڕه‌کانتان به‌ده‌می هه‌رزه‌کاره‌کانی نه‌وه‌ی نوێ ده‌درێت. خۆ گۆڕینه‌وه‌تان به‌ مووچه‌ وه‌ک ئه‌و مێروله‌یه‌تان لێ ده‌کات که‌ منداڵێکیش ده‌توانێت به‌ په‌نجه‌ ناسکه‌که‌ی بتان فلیقێنێته‌وه‌.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ کوردستان پۆست بووه به‌ خوینێکی ووروژاوو ده‌چێته‌ جه‌سته‌ی ئه‌و مرۆڤانه‌ی ته‌سلیم بوون ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌و وووشه‌کانیشی دڵۆپ دڵۆپ ده‌ڕژێته‌ سه‌ر جۆگه‌ی ئه‌و خوێنانه‌ی هه‌رگیز مه‌ین بوون قبووڵ ناکات.

13-8-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە