دوو جار یەكێتى كڵاوى كردە سەرى گۆڕان

Saturday, 26/02/2011, 12:00


لە سەرەتاى لاوازبوونى یەكێتى و دەركەوتنى بزوتنەوەى گۆڕان و بەهێزبوونى پارتى بەهەر هۆیەك بێت لە هەرێمى كوردستاندا یەكێتى دووجار بزوتنەوەى گۆڕانى بۆ مەرامى سیاسى و دەستكەوتى تایبەتى خۆى بەكارهێناوە، كە ئەوە وامان لێدەكات بڵێین سەركردایەتى و بەرپرسەكانى گۆڕان لە و ئاستەدا نین كە خوێندنەوەى ورد بۆ پێشهاتەكان بكەن و بە قازانجى بەرژەوەندى بزوتنەوەكەیان و جەماوەرەكەیان هەڵسوكەوت لە گەڵ رووداوەكاندا بكەنن لەم ماوەیەدا سەركردەكانى یەكێتى دووجار نزیكبوونەوەیان لەگەڵ گۆڕاندا بە قازانجى خۆیان و زیانى گۆڕان كۆتایى پێهێناوە، یەكەمجار لەكاتى پێكهێنانى حكومەتى عێراقدا یەكێتى و بەرپرسەكانى جۆرێك لێكنزیكبوونەوەیان لەگەڵ گۆڕاندا ڕاگەیاند و بەوەش فشاریان خستە سەر پارتى بۆ ئەوەى وەزارەتى بازرگانى لە حكومەتى عێراقدا وەربگرن و بەوەش پارتى ناچار بكەن ئەو پۆستەیان پێبدات، سەلمێنەرى ئەوەش خودى نەوشیروان مستەفا لە بەرنامەیەكى KNNدا دانینا بەو راستیەدا نا.
دووەمجاریش رۆژى هەینى 25/ 2جارێكى دیكە گۆڕان كەوتەوە داوى سیاستە دووفاقەكانى یەكێتى ، بەوەى كە لە ماڵى نەوشیروان مستەفادا دوو ركابەرى سەرسەختى یەكێتى كە زۆربەى لایەنگران و هەوادارانى گۆڕانیان نانبڕاوكرد لەگەڵیاندا كۆبوونەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا یەكێتى نەرمى نواند و چەندین قسەو پێشنیارى بریقەداریان خستەروو تەنها لەبەرئەوەى رۆژى هەینى مەترسى ئەوە هەبوو كە كۆنترۆڵى سلێمانى لە دەست بدەن، لە دواى كۆبوونەوەكە بڕیاربوو مەلا بەختیار لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا ناوەرۆك و تەوەرى گفتوگۆكانى ناو كۆبوونەوەكە بخاتەڕوو بەڵام هەرزوو لە هەڵویستیان پەشیمانە بوونەوەو نەك كۆنگرەى رۆژنامەوانى بەڵكو لە لایەن مەكتەبى ڕاگەیاندنى یەكێتیەوە بەلاغێك بڵاوكرایەوە كەوە كە پێچەوانەى ئەو زانیارییانە بون كە بەرپرسە نا سیاسییەكانى گۆڕان ڕایانگەیاندبوو هەرزووش لە ترسى پارتى بەرپرسانى یەكێتى ڕایانگەیاند كە پارتیان لەو كۆبوونەوە ئاگاداركردۆتەوە و پابەندبوونى بەردەوامى خۆشیان بە ڕێكەوتننامە ستراتیژییەكەى خۆیان دووپاتكردەوە.و لە ئێستاشدا ڕاگەیاندنى یەكێتى لە چەند رۆژى رابردوودا كە كەمێك لایەنگرى بۆ خۆپیشاندەران پێوەدیاربوو دواى كۆبوونەوەكە و رەوینەوەى مەترسییەكانیان لە سلێمانى چونەتەوە دۆخەكەى جارانیان و خۆپیشاندەران بە ئاژاوەگێڕ و تێكدەر لە قەڵەمدەدەن و هەوڵەكانیان خستۆتە گەڕ بۆ كۆتایى هێنان بە خۆپیشاندانى ناڕەزایى هاوڵاتیان.
هەقە ئێستا لایەنگرانى گۆڕان لە سەركردایەتى و بەرپرسەكانیان بپرسن بۆ لەكاتى لەو شێوەیەدا و بە بێ گەڕانەوە بۆ راى لایەنگران و كادیرەكانتان كۆبوونەوەى لەو شێوەیە دەكەن كە هەموو لایەك دەزانێت گۆڕان جگە لە زیان و دابەزینى ئاستى جەماوەرێتى هیچ شتێكى دیكەى لێ قازانج ناكات.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە