ئۆف سایتەکانى راگەیاندنى وەزارەتى ئەوقاف
Sunday, 10/04/2011, 12:00
لەوەتەى سەرهەڵدانى گرژى و پێکدادان و خۆپیشاندانەکانى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شارى سلێمانى و چەند شاروشارۆچکەیەک بەتایبەتى وەکو رۆژنامەنووسێک بەووردى چاودێرى دوایین گۆڕانکارى و رووماڵى هەواڵەکانى ئەو رووداوانە دەکەم بەتایبەتى لەرێگەى تۆڕى ئینتەرنێتەوە .
ئەوەندەى بەلامەوە سەیرە سایتێکى ئەم حکومەتە وەک بڵێى بۆتە ساتێکى زمانحاڵى حیزبى دەسەڵات بەئارەزووى خۆى و لەرێگەى بەڕێوەبەرى راگەیاندنەکەوە رووماڵى هەواڵ دەکات وەک بڵێى ئەم هەموو خەڵکە لەگوێى گا خەتووە، یاخود لەپشت بەردى کەڕە و لەهەمان کاتیش دنیا شامى شەریفە و وەزعى وڵاتانى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و کوردستان بەتایبەتى لەوپەڕى هێمنى دایە و ئاسایش بەرقەرارە ...!!!
ماوەى زیاتر لە بیست رۆژە سەیرى سایتى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى دەکەم، کە هەواڵ و راپۆرتە بڵاوکراوەکانى هەمان دەقى هەواڵ و رووداوى رۆژنامەى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارە .. بۆنموونە: نوێژى هەینى بەردەرکى سەراى ئازادى بە نوێژى سیاسى ناودەبات و خۆپیشاندەرانیش بە گێرەشێوێن ناودەبات ئەمە لەکاتێکدا مافى هیچ وەزارەتێکى حکومى نییە ئەم جۆرە وشە زبر و بۆن خوێنانەى سەردەمى براکوژى لەرووپەڕەى سایتەکەى تەخشان و پەخشان بکات .
لەهەواڵێکى بێ بنەما و دروستکراوى رۆژى 8-4-2011 لەئامادەکردنى بەڕێوەبەرایەتى ئەوقاف ئاماژە بەوەکراوە موسڵمانانی کوردستان دەگەڕێنەوە مزگەوتەکان و مامۆستایانی ئاینیش جارێکی دیکە ئامادەنەبوون لە سەرای سلێمانی وتار پێشکەش بکەن... سەیرم بەم هەواڵەهات کەچۆن وەزارەتێکى وەک ئەوقاف هەواڵى چەواشەکارى لەم شێوەیە بڵاودەکاتەوە ...!!! دیارە لەژێر چاویلکەى رەشەوە نووسەرى ئەم هەواڵە سەیرى نوێژى هەینى بەردەرکى سەرا و شارەکانى ترى کردووە و هیچ شتێکى نێگەتیڤانەى نەکەوتۆتە بەردیدە و چاوەکانى .. دەنا رۆژى هەینى لەسەراى سلێمانى بەئامادەبوونى هەزاران کەس نوێژى هەینى بەڕێوەچوو و موسڵمانانى ئەو سەرایە نەگەڕانەوە مزگەوتەکان و بەهەمان شێوە لەکۆیە و قەڵادزێ و رانیە و چەند شارۆچکەیەکى تریش بەم شێوەیە بوو، لەهەمان کاتیش مامۆستایانى وتارخوێن لەم سەرایە جارێکى تر سووربوونى خۆیان لەسەر وتاردانەوە راگەیاند و بڕیاریاندا سەراى ئازادى جێنەهێڵن ...!!! ئەى ئەمە بانێکە و دوو هەوا نییە کە راگەیاندنى وەزارەتى ئەوقافى دووچارى پەستى و دڵەڕاوکێ کردووە و لەبەرامبەردا هەواڵى نوکتەبازى و پێکەنیناوى بڵاودەکاتەوە، خۆئەگەر وانیشان دەدات کە مامۆستایانى ئایینى بڕیاریان داوە لەوسەرایە وتار پێشکەش نەکەن ئەوا لەرێگەى میدیاکانى راگەیاندنەوە بە بینراوو بیستراو وتارەکان بۆسەرانسەرى جیهان گواسترایەوە .
ئەوەندەى من وەک خوێنەر و رۆژنامەنووسێک چاودێرى میدیاکانى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار دەکەم بەقەد ئەو راگەیاندنەى وەزارەتى ئەوقاف پێشێڵى مافى مامۆستایانى نەکردووە لەهەڵبەستنى هەواڵى درۆیینە و دوور لەراستى و ئیدانەکردنى نوێژى بەردەرکى سەراو ناوبردنى بەنوێژى سیاسیى و دەیان ناوى تر ... هەروەها بەڕێوەبەرى راگەیاندنەکەى بۆتە موفتییەک وەک بەرپرسى لقى دووى حیزبەکەى و ئەم نوێژە بەجائیز نازانێت وەک بڵێى هیچ مامۆستایەکى شەرعزان و فەتوادەرى سەر بەئەوقاف و یەکێتى زانایان لەم کوردستانە بوونى نەبێت ... بەلاى ئەوانەوە هەواڵى هەڵبەستراوو پڕاوپڕ لەتەشهیر و ئیدانەکردن و چاوسوورکردنەوە و تەقەکردن لەخۆپیشاندەران جائیزە و تەنها نوێژى بەردرەکى سەرا ناجائیزە و نوێژێکى سیاسییە ئەمە لەلایەک و بەراى زانایانى ئیسلامیى تەوقە کردن لەگەڵ ئافرەت جائیز نییە و حەرامە کەچى لەسەرەوەى ئەم هەواڵە ولەهەمان سایتەکەى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى لەبەروارى 9-4-2011 بەڕێوەبەرى راگەیاندنى وەزارەتەکە لەکاتى دابەش کردنى خەڵات دەستى ئافرەتێکى سافیرەى تووند کوشیوە و دیاریى پێدەبەخشێت ....!!!! .. دنیایەو هەمووشتێکى تێدا روودەدات وەک وتەنى دنیاسەیرە قاڵۆنچە تەیرە ... رۆژێک دادێت بەلاى خەڵکى کوردستانەوە عەجایبیان بێت کەکەسانى راپۆرت نووس و چەواشەکار ببن بەموفتى و دەمڕاستى ئەم حکومەتە پێگە لەق و پەنگخواردووە کەساڵانێکە لەگەندەڵى تێوەگڵاوە و کەسانى گەندەڵ پەردەپۆشى بۆدەکەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست