کامپینێک دژی پەرلەمەنتارانی ئۆپۆزیسیۆن
Friday, 25/10/2013, 12:00
لەدوای دروستبونی پەرلەمان و حکومەت لەباشوری کوردستان ١٩٩٢، شیوەی دابەشکردنی موچە بەئاستێکی زۆر نادادپەروەرانە دابەشکراوە بەرادەیەک بەرزترین موچە و دەستکەوت بۆ بەرپرسە حکومی و پەرلەمانتاریەکان دابین کراوە. ئەم رەفتارە نادادپەروەرەییە وا ٢٢ ساڵە بەردەوامە ، بەمەش یەک سوپا لە پەرلەمانتار، وەزیر، جێگر وەزیر و بەریوەبەری گشتی پلەی سەربازیی ... بەمووچە و خانەنشینی خەیالی لەسەر داهاتی خەلکی هەژاری کوردستان دامەزرێنران یان بێکارکردن لە دام ودەزگاکان خانەنشین کران، کە بونەتە بارێکی قورس بەسەر بودجەی هەریمەوە ، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەم دەسەڵاتە نەوەیەکیان تەمبەل کردوە لەناو کۆمەلگا بێ ئەوەی هیچ کاربکات باشترین ژیانیان بۆ دابین کردوە یان بێ ئەوەی شایستەی موچەی خانەنشینی بن چ لە روی تەمەن، یان توانای فیکریی و بەدەنی کارەوە شایستەی ئەو موچە و خانەنشینییە بن. زۆربەشیان لە دامودەزگایەکدا رٶژێک لە رۆژان کارێکیشیان نەکردووە.
هەرچەندە لە٢ سالی رابردوودا هەندێ هەوڵ لەلایەن لیستەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە درا، ئەمیش تەنها قسەکردن و یاداشت بووە، بە جیدی کاریان لە سەر نەکرد.
دوێنی ٢٠١٣/١٠/٢٤ دادگای عێراق لەبریارێکی میژویدا موچەی خانەننشینی پەرلەمانتارانی هەموو خولەکان هەڵوەشاندەوە بەمەش مژدەیەک و سەرکەوتنێک بۆ هەلگرانی بیری دادپەروەری لەعیراق، بەلام ئەوەی لەهەمووی جیگای سەرنجە لەو شوێنەدا کە هەرێمی کوردستانە هیچ دام ودەزگایەکی هاوشیوەی دادگای عێراق نیە، تا خەڵک پەنای بۆ ببات بۆ ئەوەی ئەو نادادپەروەیە نەهێڵێت، بەهۆی ئەوەی دادگاکان هەموویان بەحزبیی کراون.
لەچەند ڕۆژی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە، کە هەرپەرلەمانتارێکی خولی پێشوو، بەدەر لەموچەی خانەنشینی، بری ٤٨ ملیۆن دیناری وەک بەخشێش پێ دەدرێ. بەهۆی ئەوەی کاتی پەرلەمانتاری تەواو دەبێ. بەمەش نارازەیەتی خەلک پانتایەکی بەرفراوانتری لەدژی سەرجەم پەرلەمانتارانە گرتۆتەوە.
ئیمە لیرەدا و لە رێگای ئەم کەمپینەوە، دەڵێین، کە دەسەلاتی کوردی بەهەموو جومگەسیاسیەکانی کەوتوونەتە دەرەوەی رەخنە، چونکە بونەتە قوتابخانەی پەروەردەکردنی ئەندام و هەوادارانی خۆیان ، لەتالانکردنی ولات، لێرەوە روی دەممان دەکەینە ئەو سێ لایەنەی ئۆپۆزیسیۆن، کە ئەوا چوار ساڵە رۆژانە لەمیدیاکان باس لەبەهەدەردانی داهاتی ولات بەدەست ئەو دوو هێزە مافیایە دەکەن، بەلام بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەر سێ لیست لەم رۆژانە، ئەوان دژی وەرگرتنی ئەو برە پارەیە نین، بەڵکو دەلێن (ئەندامانیان ئازاد کردوە، یان ئەگەر بەیاسایی بێ ئاساییە) بەمەش گلوپی سەوزیان بۆخۆیان هەڵکردوە ، کە بەشداربن لەو تالانیەی وڵات
بۆیە ئیمە لێرەدا داوا لە بزوتنەوەی گۆران و یەکگرتوو کۆمەل و لیستەکانی پەرلەمانیان دەکەین
1. بەفەرمی رای بگەیەنن کەپەرلەمانتارانیان ئەو٤٨ ملیۆن دینارە وەرناگرن، چونکە بەهەدەردانی داهاتی خەلکە
2. موجەی خانەنشینی رەت بکەنەوە.
لە کۆتایش دا دەلێن، ئەو پەرلەمانتارانەی ئێوە لەهەر ٣ لیست نوێنەرایەتی خۆیان ناکەن، بەلکو نوێنەری راستەقینەی هەر سێ پارت و جەماوەرەکەیانن، بۆیە هەر هەڵوێستێکی ئەوان لەسەر هەلوێستی پارت و هەوادارانی دەوەستێ
کۆمەڵێک لە چالاکەوانی مەدەنی
تێبینی ئەم کامپینە لە کوردستانپۆستدا راستەوخۆ بڵاودەکرێتەوە، هەرکەسێک ناوی خۆی بە ئاشکرا نەنووسێت، ناوەکان دەسڕێنەوە. ئەم کامپینەشمان بۆ ئەوەیە کە بزانین خەڵکی کوردستان تا چەند وشیاربوونەتەوە لە ئاستی ئەو ناعەدالەتیی و زوڵمەی لێیان دەکرێت
تکایە کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە بۆ نووسینی ناوی خۆت
http://www.kurdistanpost.com/petition.asp
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست