چل ساڵ ته‌مه‌ن، چل ڕۆژ گریان
Saturday, 02/04/2011, 12:00
پێشکه‌شه به ڕۆحی شه‌هیدانی 17ی شوبات و ڕۆژانی دواترله چل ساڵی ته‌مه‌نمدا زۆر ڕووداو گریاندوومی، زۆریش به شێوه‌یه‌ک هه‌ژاندوومی زمانی گریانی لێسه‌ندوومه‌ته‌وه‌و تا ئه‌مڕۆ هه‌ست ده‌که‌م کانییه‌ک گریانه له‌ناخمدا و ناته‌قێت، شکستی زۆرم دیووه، که پاڵه‌وانه‌کانی وه‌ک ئه‌سپێک له‌کاتی نائومێدیدا له خهرهندهکانهوه خۆی هه‌ڵده‌دێرێت و ته‌نهاو ته‌نها یه‌ک ناڵه له‌دوای خۆی به جێده‌هێلێت. پیاوانی شۆڕشگێڕم دیوه له‌کاتی نسکۆدا چۆن ده‌گریان و قوڕیان ده‌پێوا، ژنه‌کانیش دڵخۆشییان ده‌دانه‌وه، زۆریشم له‌و شۆڕشگێڕانه‌ی تر دیوه له‌کاتی سه‌رکه‌وتنه‌کانیاندا ده‌گریان و به هیچ شتێک ژیر نه‌ده‌بوونه‌وه.
له چل ساڵی ته‌مه‌نمدا لاشه‌ی تێکشکاوی گه‌نجانی زۆرم دیوه له‌مه‌یدانی جه‌نگه‌کاندا، که بۆ خۆیشیان نه‌یانده‌زانی بۆچی و له پێناوی چیدا جه‌نگاون، زۆری تریشم دیوه ده‌ستی خیانه‌ت خوێنی ده‌ڕشتن و به نێو شه‌قامی شاره‌کاندا ده‌یانگێڕان بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێک بیانناسێته‌وه‌و ده‌سگیری که‌ن، دایکی ئه‌و شه‌هیدانه‌م دیوه، له‌سه‌ر لاشه‌ی گوللهڕێژکراوی کوڕه‌کانیان ده‌بوونه ئاسمانێک له‌هه‌وری گریان و نه‌ده‌گریان، هه‌موو هه‌ناسه‌یه‌کیان حیکایه‌تێکی غه‌مگینی به نهێنی ده‌گێڕایه‌وه.
له چل ساڵی ته‌مه‌نمدا زۆر ڕووداوی دڵته‌زێن گریاندوومی، مردنی که‌سه نزیک و خۆشه‌ویسته‌کان، مردنی خێزانه‌که‌م و کچه‌که‌م کاتێک به‌ده‌ستی خۆم دامهێڵایه ناو گۆڕه‌که‌یه‌وه، مردنی باوکم، که نه‌متوانی له دوا هه‌ناسه‌کانی ژیانیدا ماڵئاوای لێبکه‌م، مردنی هاوڕێکانم ڕۆژێک پێش ئه‌وه‌ی باسی شتی سه‌یروسه‌مه‌ره‌مان ده‌کرد و پێده‌که‌نین، مردنی به کۆمه‌ڵی شاره‌کان، وێنه‌که‌ی عومه‌ری خاوه‌رو ئه‌و منداڵانه‌ی هه‌ر ده‌ڵێی له یاریکردن ماندوو بوون و خه‌ویان لێکه‌وتووه.
له چل ساڵی ته‌مه‌نمدا چی نه‌یگریاندووم، مامه قاله‌ی گوندی سه‌رچاوی بناری کێوی زه‌رده له‌کاتی ئه‌نفاله بهدناوهکهدا هه‌واڵی (جه‌لال) ی کوڕیم لێپرسی، به قوڵپێکی گریانه‌وه باوه‌شی پیاکردم و گووتی: جه‌لال له ڕێگا کۆچی دوایی کرد‌و ته‌رمه‌که‌یمان به جێهێشت، یان ئه‌و پیاوه ڕیش سپییه‌ی له پشتی ئیڤایه‌کی عه‌سکه‌رییه‌وه هاواری ده‌کرد موسڵمانێک ئه‌م کچانه‌م به‌رێت بۆ خۆی با نه‌که‌وێته ده‌ست ئه‌م زاڵمانه، له‌و چل ساڵه‌دا چی نه‌یگریاندووم، ئه‌و ده‌ڵه سه‌گه‌ی بۆ پارێزگاریکردن له توتکه‌کانی به قه‌پاڵ په‌لاماری شۆفڵه‌کانی ده‌دا کاتێک ده‌یانوویست گونده‌کان بڕوخێنن.
چل ساڵ ته‌مه‌ن مێژوویه‌که له گریان، بۆ شکست و سه‌رکه‌وتنه‌کان، ژیان، بێده‌سه‌ڵاتی، ئازار و خۆشییه‌کان، ئێمه مهخلوقێکین له گریان، هه‌موو شتێک دهمانگرێنێت، ئه‌و ڕۆژه‌ی په‌یکه‌ره‌که‌ی سه‌دام له به‌غدا ڕوخێنرا به ته‌نها له ژورێکی غه‌ریبیدا تا ئیواره گریام، ئه‌و ڕۆژه‌ی له سێداره درا تێر گریام، له 31ی ئابدا زۆر گریام، بلۆکبارانکردنی دوعا له‌ناخه‌وه وردوخاشیکردم، چونکه هه‌ر بلۆکێک ده‌وه‌شێنرا به‌ر ڕۆحم ده‌که‌وت، کاتێک ئیحسان فهتاحیانم بینی له‌سه‌ر په‌تی سێداره پێده‌که‌نی قوڵپ قوڵپ ده‌گریام، له ژیانمدا پێکه‌نینی ئه‌وه‌نده و جوان و خه‌مناکم نه‌دیبوو، تا ئێستاش وێنه‌ی ئه‌و پێکه‌نینه غه‌مگینه له‌به‌ر چاوانم لا ناچێت،ئه‌م گریانانه هیچی له‌یه‌ک ناچن و هه‌ریه‌که‌یان مانایه‌کی تایبه‌تی به خۆیان هه‌یه، ئێمه پێویستمان به ئینسکلۆپیدیایه‌کی تایبه‌ت به گریان هه‌یه.
چل ساڵ ته‌مه‌ن که‌م ڕۆژ هه‌بووه کاره‌ساتێک نهمانگرێنێت، کێ له ئێمه هه‌یه له کۆڕه‌وه‌که‌دا نه‌گریابێت؟ کێ له ئێمه هه‌یه له چل ساڵی ته‌مه‌نیدا چل ڕۆژ پێکه‌نیبێت؟ کێ له‌بیری دێت له چل ساڵی رابردوودا چل ڕۆژ له ئاشتی و ئارامیدا ژیانمان گوزه‌راندبێت؟.
چل ساڵی ته‌مه‌نم زۆر کاره‌سات له ناخه‌وه هه‌ژاندوومی تێر گریاوم و تا ئێستاش به یاده‌وه‌ریمدا گوزه‌ر ده‌کات تێر ده‌گریم، به‌ڵام هه‌رگیزاو هه‌رگیز هێنده‌ی ئه‌م چل ڕۆژه نه‌گریاوم، ڕوداوه‌کانی ئه‌م چل ڕۆژه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌قه‌د چل ساڵی ته‌مه‌نم گریاندوومی و چل ساڵی ته‌مه‌نم ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م چل ڕۆژه توڕه‌و نا‌ئومێد نه‌بووم له سه‌رکرده‌ی کورد.
28.03.2011
سویسرا
جه‌لالی مامه قاله که‌سێکی که‌مئه‌ندام بوو به‌ڵام پڕبوو له ژیان و هه‌میشه ده‌مبه‌خه‌نده بوو
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست