کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕۆژنامه‌ی قه‌ده‌غه‌ کراو

Wednesday, 17/06/2009, 12:00


پێشه‌کییه‌کی کورت
له‌م ڕۆژانه‌ بابه‌تێکم خوێنده‌وه‌، که‌ ئاسایشی هه‌ولێر که‌سێکیان به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی حیزبی کردووه‌ به‌ سفره‌ی نانخواردن ده‌سگیرکردووه‌و ئازاریانداوه‌، یه‌کسه‌ر ئه‌م چیرۆکه‌ی خۆم بیرهاته‌وه‌ که‌ ساڵی 1995 له‌ ئه‌ڵمانیا نووسیومه‌و هه‌مان ساڵ له‌ ڕۆژنامه‌ی (ژینی نوێ) بڵاو بووه‌وه‌، به‌ داخه‌وه‌ ژماره‌که‌یمی بیر نه‌ماوه‌، ئه‌م چیرۆکه‌ دووه‌م چیرۆکم بوو که‌ نووسیبووم، هیچ له‌ که‌م و کووڕی و لاوازی ته‌کنیکه‌که‌ی په‌شیمان نیم، هه‌ربۆیه‌ وه‌ک خۆی بڵاوم کرده‌وه‌، هه‌رکه‌سێکیش ڕه‌خنه‌ی جدیی له‌سه‌ر‌ی هه‌یه‌ به‌ دڵێکی فراوانه‌وه‌ وه‌ری ده‌گرم.
پێشکه‌شه‌ به‌ گیانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی بوون به‌ قوربانی خه‌ونی دکتاتۆره‌کان

پێش نیوه‌ڕۆیه‌! وه‌ستا به‌ جلێکی بۆیاغاوییه‌وه‌ به‌ره‌و دوکان که‌وته‌ ڕێ. وه‌ک هه‌موو ڕۆژانێکی تر تا ده‌گه‌شته‌ دوکانه‌که‌ی تێر شه‌ڕه‌ جنێوی له‌گه‌ڵ ئه‌و دوکاندارانه‌دا له‌سه‌ر ڕیگاکه‌ی بوون ده‌کرد. هه‌ر که ده‌گه‌شته‌ دوکانه‌که‌ی، له‌ بری به‌یانی باش هه‌ندێک جنێوی به‌ شاگرده‌کانی ده‌دا: وه‌ره‌ هه‌تیو ئه‌وه‌ ببه‌ به‌و لاوه‌! خوێڕی ئه‌وه‌ بۆ ئاگرت نه‌کردۆته‌وه‌! ده‌ک لاتان به‌ ده‌وار بێت، ده‌ست و برد بکه‌ن وانیوه‌ڕۆیه‌....
وه‌ستا له‌ ژووره‌وه‌ له‌سه‌ر ئاسنێک داده‌نیشێت، ئا هه‌تیو بڕۆ چایه‌کم بۆ بانگ بکه‌، ئه‌ی تۆ خوێڕی سه‌رسه‌ری ئه‌و ده‌رگاو بۆنیده‌ی ئۆتۆمبیله‌ت بۆ به‌ ڕۆژنامه‌ دانه‌پۆشیوه‌ تا ئاماده‌ بێت بۆ بۆیاغ کردن؟ هه‌ر ده‌بێت خۆم بێم و کاره‌کان بکه‌م، جا شاگردی هیچ و پوچم بۆ چییه‌؟.
شاگرده‌که‌ش به‌ هێواشێ دێته‌ وه‌ڵام: وه‌ستا ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت نه‌موێرا!.
وه‌ستاش به تووڕه‌ییه‌وه‌ ده‌ڵێت: هه‌تیو ئه‌وه‌ سێ ساڵه‌ لێره‌ کارده‌که‌یت، هێشتا ئه‌وه‌نده‌ت بڕوات به‌ خۆ نییه‌ به‌ بێ من بۆ جارێک کارێک ڕاپه‌ڕێنیت، منیش وه‌ک هه‌ر وه‌ستایه‌کی تر قاچ له‌سه‌ر قاچ دانێم و بڵێم: شوکور شاگرده‌کانم وه‌ک له‌ زه‌رنه‌قوته‌یی ده‌رچوون و خه‌ریکن باڵه‌فڕ ده‌بن، به‌ خوا ئه‌وه‌ به‌ختی من نییه‌، به‌ختم هه‌بوایه‌ خوا کوڕێکی ده‌دا پێم.
ـ وه‌ستا گیان نه‌وێرانی من ئه‌وه‌ نییه‌، که‌ نه‌زانم چی بکه‌م!
ـ ئه‌و قوربان پێم ناڵێیت چییه‌؟!
ـ ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت ئه‌مه‌ دووه‌م جاره‌ ئاگادار بکرێمه‌وه‌، به‌ڵام یه‌که‌م جاره‌ له‌ لێوم بترازێت....
- چییه‌ بۆ وا سوور بوویته‌وه‌ قسه‌ بکه‌!.
- پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک دوو ئاسایش هاتن ووتیان: ئێوه‌ چه‌ند ئاگاداری حورمه‌تی کاره‌کانتانن پێویسته‌ ئه‌وه‌نده‌ش حورمه‌تی ئێمه‌ بپارێزن، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ئێمه‌ ڕازی نابین ڕۆژنامه‌ی حزبمان بۆ بۆیاغکردن به‌کار بهێنن، چونکه هه‌میشه‌ ڕۆژنامه‌کانمان وێنه‌ی باوکی نه‌ته‌وه‌و سه‌رۆکی هێژای له‌سه‌ره‌، چۆن ده‌کرێت بۆیاغ به‌ ڕووی وێنه‌کاندا بکه‌ن و پاشان فڕێی بده‌نه‌ ناو زبڵدانه‌وه‌...
وه‌ستا به‌ حه‌په‌ساوییه‌وه‌ هه‌ستایه‌ سه‌رپێ و جگه‌ره‌یه‌کی داگیرساندو گووتی: ئێ چی تر؟.
جا وه‌ستا گیان ئه‌م به‌یانییه‌ش سێ ئاسایشی تر هاتنه‌وه‌و به‌ هه‌ڕه‌شه‌ کردنه‌وه‌ گووتیان: ئێمه‌ ئاگادارمان کردوون، که‌ ڕۆژنامه‌ی حیزبمان بۆ بۆیاغ کردن به‌کار نه‌هێنن، به‌ڵام دیاره‌ ئێوه‌ به‌ ده‌سیسه‌ی دوژمن بۆ ناشیرینکردنی وێنه‌ی سه‌رۆک ئه‌م کاره‌ دژی ئێمه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆیه‌ دووباره‌ کردنه‌وه‌ی خۆتان به‌رپرس ده‌بن...!
وه‌ستا ده‌م و چاوی سپی هه‌ڵگه‌ڕا و لێوه‌کانی ڕه‌ش داگه‌ڕا، له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ به‌ هێواشی گووتی: به‌عسیش ئه‌م کاره‌ی به‌رامبه‌رمان نه‌کردووه‌، پانزه‌ ساڵی ڕه‌به‌ق ڕۆژنامه‌کانی به‌عسم بۆ بۆیاغکردن به‌کارده‌هێناو ڕۆژنامه‌ش نه‌بوو دوو سێ لاپه‌ڕه‌ی بۆ وێنه‌کانی دیکتاتۆر ته‌رخان نه‌کرابێت، قه‌ت به‌م شێوه‌یه‌ نه‌که‌وتوومه‌ته‌ به‌ر شاڵاو...
له‌م مشت و مڕه‌دا دوو ئاسایش خۆیان به‌ ژووردا کردو گوتیان وه‌ستا ده‌توانیت تا ئاسایش له‌گه‌ڵمان بێیت!
وه‌ستا ڕووی ده‌می کرده‌ دوو ئاسایشه‌که‌و گووتی: سی و پێنج ساڵ ته‌مه‌نمه‌و پانزه‌ ساڵه‌ ئه‌م کاره‌ ده‌که‌م، جگه‌ له‌ پێنج ساڵ شاگردی، یه‌که‌م جاره‌ له‌ ژیانمدا بۆ سه‌رزه‌نشت بانگ بکرێم، نیووه‌ی ته‌مه‌نم به‌ شۆخی و قسه‌ی قۆڕ به‌سه‌ربردووه‌‌ سه‌ر بردووه‌ و قه‌ت بۆ ساتێکیش بیرم له‌سیاسه‌ت و سیاسه‌تبازی نه‌کردۆته‌وه‌....
وه‌ستا له‌گه‌ڵ ئاسایشه‌کان به‌ره‌و ئاسایش به‌ڕێ که‌وت!.
ئاسایشه‌کان وه‌ستایان برده‌ لای به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایش، که‌ له‌ ژووره‌که‌یدا به‌ بێ ئۆقره‌ ده‌هات و ده‌چوو...
هه‌ره‌ که‌ وه‌ستا به‌ڕێوه‌به‌ری بینی زوو ناسییه‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ ئه‌بو نیچاله‌ پێشتر له‌ ئاسایشی سه‌رده‌می به‌عس کاری ده‌کردوو یه‌کێک له‌هه‌ره‌ بێنامووسه‌کان بوو، به‌مه‌ که‌مێک حه‌په‌سا بۆیه‌ سڵاوی لێکرد،
که‌س وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌س له‌و ژووره‌دا نه‌بێت!
وه‌ستا به‌مه‌ سه‌ری زۆر سوڕما، ویستی له‌سه‌ر کورسییه‌ک دابنیشێ، به‌ڵام ئه‌بو نیچال قیژاندی به‌سه‌ریا... هه‌سته‌ بێ شه‌رم! چۆن له‌ ڕووت دێت داده‌نیشی؟ سه‌یری که‌ چه‌ند زله‌! جه‌نابت چه‌ند جار ئاگادارمان کردیته‌وه‌، که‌ ڕۆژنامه‌ی حیزبمان بۆ بۆیاغکردن به‌کار نه‌هێنیت؟. ئه‌و ده‌سته‌ ڕزیوانه‌ت چۆن ڕێگا ده‌دا بۆیه‌ به‌ ڕوخساری باوکی نه‌ته‌وه‌و سه‌رۆکی هێژاماندا بکه‌یت...
- جا قوربان ئێمه‌ کاره‌کانمان به‌وه‌ ده‌ڕوات و به‌ ته‌نها ڕۆژنامه‌ی ئێوه‌ به‌کار ناهێنین، خۆ خۆت ئاگاداریت پانزه‌ ساڵیش ڕۆژنامه‌کانی به‌عسمان به‌کار ده‌هێناو...
- ووس به‌ بێشه‌رم، ڕۆژنامه‌کانی ئێمه‌ مه‌خه‌ره‌ ئاستی ڕۆژنامه‌کانی به‌عس، هه‌ی هیچ و پوچ...
- قوربان خۆت ئاگاداریت و کاتی خۆی له‌سه‌ر هه‌مان مه‌سه‌له‌ قسه‌مان کردووه، که‌ ئێمه‌ ڕۆژنامه‌ی کۆن و خوێندراوه‌ بۆ کاره‌کانمان به‌کار ده‌هێنین، ئه‌گه‌ر ئێستا زۆر دڵگرانن ڕێگه‌ به‌ن ڕۆژنامه‌کانی به‌عس که‌ له‌بازاڕدا ده‌فرۆشرێن به‌کار بهێنین، جا بزانه‌ قه‌ت ڕۆژنامه‌کانی ئێوه‌ به‌کار ده‌هێنم.
- ده‌ی ئاوا بڵێ، خۆت دانت پێدا نا، که‌ ده‌ته‌وێت ناڕاسته‌وخۆ به‌ بیانووی ڕۆژنامه‌ی کۆن و به‌کارهاتووه‌وه‌ په‌یوه‌ندی خۆت له‌ گه‌ڵ ڕژێمدا توند بکه‌یت و کاری سیخوڕیش به‌سه‌رمانه‌وه‌ بکه‌یت ها وانییه‌....؟
- قوربان ئه‌و تۆ ده‌ڵێی چی؟.
- چی بڵێم ئه‌و نییه‌ خۆت دانی پێدا ده‌نێیت، که‌ ده‌ته‌وێت به‌ بیانووی ڕۆژنامه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌زگاکانی به‌عسه‌وه‌ بکه‌یت، ئه‌گه‌ر زۆریش دڵگرانیت ئێستا بۆت ده‌سه‌لمێنم... له‌ کاته‌دا بانگی ئاسایشه‌کانی کردووه‌ گووتی: ئه‌م سه‌گبابه‌م بۆ ته‌مبێ بکه‌ن و بیهێننه‌وه.
وه‌ستایان برد بۆ ژووری ته‌مبێکردن و دارکارییه‌کی باشکرا، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هیچی نه‌بوو بیدرکێنێت به‌ڵام به‌ڵێنی دا قه‌ت ڕۆژنامه‌ی حیزب به‌کار نه‌هێنێت، بۆیه‌ وازیان لێ هێناو بردیانه‌وه‌ بۆ لای به‌ڕێوه‌به‌ر.
- ها ئێستا چۆنیت؟ ئه‌و چییه‌ ده‌مدرێژییه‌که‌ت نه‌ماوه‌، سه‌گباب بۆ قسه‌ ناکه‌یت...؟
- قوربان تۆ چی ده‌ڵێیت فه‌رمایشتته‌.
وه‌ستا به‌ پاره‌یه‌کی زۆرو که‌فاله‌ت ئازادکرا به‌ مه‌رجێک چیتر ڕۆژنامه‌ی حیزب بۆ بۆیاغکردن به‌کار نه‌هێنێت.
وه‌ستا به‌ دڵێکی تاساوو سه‌روگوێلاکێکی تێک شکاوه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ دوکانه‌که‌ی و به‌ شاگرده‌کانی گووت: زووکه‌ن ئه‌و شتانه‌ هه‌موو کۆ بکه‌نه‌وه‌و هه‌واڵ بنێرن بۆ خاوه‌ن ئۆتۆمبیله‌کان، که‌ بیبه‌ن بۆ جێگایه‌کی تر له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ دوکانه‌که‌ داده‌خه‌ین.
یه‌کێک له‌ شاگرده‌کان گووتی: وه‌ستا گیان ئه‌وه‌ چیته‌، هه‌رچی ڕوویدا ڕوویدا ئێمه‌ش هه‌ڵه‌ی وا ناکه‌ینه‌وه‌ و ئه‌وان چۆن پێیان خۆشه‌ وا کارده‌که‌ین.
- هه‌تیو وس به‌، ئه‌وه‌ ئاسایشت نه‌دیوه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ زمانت درێژه، هه‌ڵه‌ چۆن ناکرێته‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی کام حیزب‌ له‌ حیزبه‌ دیموکراته‌کان بۆ بۆیاغکردن به‌کار ده‌هێنیت، ته‌نانه‌ت ناتوانت ڕۆژنامه‌ی خوا ش به‌ کار بهێنیت چونکه‌‌ بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌کان چاوساغین...!.
5Kassel 199

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە