کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاوانباره‌کانی ئێمه‌و تاوانباره‌کانی ئه‌وان

Saturday, 19/12/2009, 12:00


 دوای ته‌واوبوونی کۆنگره‌ی (3)ی کوردۆساید (چاک) له‌ ووڵاتی دانیمارک، پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕێکه‌وتی 30.11.2009 له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی کۆپنهاگه‌ن (کاستروپ) له‌گه‌ڵ هاوڕێیان (هیوا ناسیح، فه‌ره‌یدون حه‌مه‌ڕه‌شید و کاردۆ سه‌رباز) ‌به‌ره‌و فڕۆکه‌خانه‌ی زیوریخ به‌ڕێکه‌وتین، دیاره‌ هیچ هێنده‌ی ئه‌وه‌ ناخۆش نییه‌ چه‌ند ڕۆژێک له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک هاوڕێی دڵسۆز و خۆشه‌ویستدا، که‌ ته‌نها دڵسۆزی و خه‌مخۆری له‌ جێگایه‌کدا کۆیکردوونه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ربه‌ریت و له‌ کۆتایی ڕۆژدا به‌ ناچاری ماڵئاوایی له‌یه‌ک به‌یه‌کیان بکه‌یت بێ ئه‌وه‌ی بزانیت که‌یی و له‌ کوێ جارێکی تر ئه‌توانیت پێکه‌وه‌ ئه‌م براده‌رانه‌ ببینیته‌وه‌!.
 ئه‌و سێ ڕۆژه‌ پێکه‌وه‌ بوونمان له‌ که‌ش هه‌وایه‌کی هه‌میشه‌ ته‌ڕو ماتی وه‌ک ووڵاتی دانیمارک بۆ ئێمه‌ نه‌ک خه‌مۆکیهێن  نه‌بوو به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دڵیخۆشکردین و گه‌رم و گوڕییه‌کی تری بۆ ژیان و کارکردن پێ به‌خشین و زیاتر هانیداین هێزو توانامان بخه‌ینه‌گه‌ڕ له‌پێناو ئه‌و ئه‌رکه‌ی له‌سه‌ر شانی هه‌ریه‌کێک له‌ ئێمه‌یه‌، ئه‌رکی به‌ دادگا گه‌یاندنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له‌ تاوانی ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه‌ و کوردکوشتندا هه‌بووه‌، ئه‌رکی به‌ دۆکومێنتکردن، ده‌زگاییکردن، ناساندنی به‌جیهان و گواستنه‌وه‌ی بۆ ناو ئه‌ده‌بیاتی کوردی و چه‌ندی هه‌وڵ و کاری تر ده‌شێت له‌ داهاتوودا له‌ پێناو ئه‌و دۆزه‌دا بکرێت.
 پاش دابه‌زینمان  له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی زیوریخ ده‌بوو ماڵئاوایی له‌و سێ هاوڕێیه‌ش بکه‌م و به‌ره‌و وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌ڕێبکه‌وم. وه‌ک هه‌موو جارێک له‌یه‌کێک له‌ دوکانۆچکه‌کان لامدا ڕۆژنامه‌ی (blick am abend)م کڕی، له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ ڕۆژنامه‌ نییه‌، ئه‌مه‌ پاشکۆی ڕۆژنامه‌ی (blick)ه‌ ئێواران ده‌رده‌چێت، زیاتر ئه‌و شتانه‌ بڵاو ده‌کاته‌وه‌ ئه‌مڕۆ خه‌ڵک بۆ کات به‌سه‌ربردن حه‌زیان لێیه‌. له‌ لاپه‌ڕه‌ دوو سه‌ردێڕێک سه‌رنجی ڕاکێشام، "له‌ پرۆسه‌ی دادگاییکردنی دێمیانیوک(Demjanjuk) بوو به‌ هه‌را"، پاشان له‌ درێژه‌که‌یدا ده‌ڵێ:" ئه‌مڕۆ دوا گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ی تاوانبارانی نازی ده‌ستیپێکرد، دێمیانیوک ته‌مه‌ن 89 ساڵ وه‌ک هاوکاریکه‌رێکی نازی له‌ کوشتنی 27000 که‌س له‌ که‌مپی نکولیکردنی سۆبیبۆر (Vernichtungslager Sobibor) به‌رپرسه‌....
 پاش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ که‌مێک ته‌وسم کردو که‌وتمه‌ بیرکردنه‌وه، که‌ من ئێستا له‌ کۆنگره‌ی ڕێکخراوێکه‌وه‌ هاتووم، کار بۆ مه‌سه‌له‌ی به‌ دادگا گه‌یاندنی ئه‌و له‌شکره‌ تاوانباره‌ ده‌کات ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ کوشتن، بێسه‌روشوێنکردن و زینده‌به‌چاڵکردنی سه‌دان هه‌زار که‌س، بیرمکرده‌وه‌ ئه‌وانه‌ی له‌م ڕێکخراوه‌دا کار ده‌که‌ن ته‌نها دڵسۆزی و خه‌مخۆری نه‌بێت هیچ شتێک کۆی نه‌کروونه‌ته‌وه‌، ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ دڵسۆزه‌‌، که‌ له‌ یانزه‌ ووڵاتی جیاوه‌ هه‌ریه‌که‌ بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌ستخۆشی یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی تایبه‌ت بێت له‌سه‌ر ووزه‌، کار و گیرفانی خۆیان هاتوون خزمه‌ت به‌م ڕێکخراوه‌ بکه‌ن، بیری پشتیوان و نه‌وزادم که‌وته‌وه‌، یه‌که‌میان له‌ به‌ریتانیا و دووه‌میان له‌ نه‌رویجه‌وه‌ هاتبوون، که‌ هه‌ریه‌که‌یان له‌ خێزانێکی 30 که‌سییه‌وه‌ به‌ ته‌نها ماونه‌ته‌وه‌، که‌چی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ئێمه‌ نه‌ک پشتیوانی له‌م ڕێکخراوه‌ ناکه‌ن به‌ڵکو بوون به‌ دوژمنی وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌مان ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌یان کردبێت، تۆ سه‌یری جیاوازی نێوان ئێمه‌و جوله‌که‌کان بکه‌ دوای 65 ساڵ پاسه‌وانی یه‌کێک له‌ (که‌مپه‌کانی مردن)ی نازییه‌کان ده‌دۆزنه‌وه‌ و دادگایی ده‌که‌ن، که‌ ده‌شێت ئه‌مه‌ دوا تاوانباری نازی بێت له‌ ژیاندا، که‌چی تاوانباره‌کانی له‌مه‌ڕ ووڵاتی ئێمه‌ سه‌رکرده‌کانمان پشتگیرییان ده‌که‌ن و لێمان ده‌که‌ن به‌ قاره‌مان، تاوانبارانی ڕاسته‌وخۆی ئه‌نفال و کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رکرده‌ کورده‌کانه‌وه‌ سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌یان بۆ ڕێکده‌خرێت و ده‌شاردرێنه‌وه‌، شیعه‌کان له‌سه‌ر دوجه‌یل، که‌ بچوکترین تاوانی به‌عسه‌ له‌ عێراقدا سه‌دامیان له‌سێداره‌دا، که‌چی تاوانباره‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ دادگا بڕیاری له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رکردوون جه‌لال تاڵه‌بانی نه‌ک ئیمزای ناکات به‌ڵکو داوای ئازادکردن یان سوککردنی حوکمه‌که‌یان ده‌کات....
 دیسانه‌وه‌ سه‌یرێکی هه‌واڵه‌که‌م کرده‌وه‌ دێمیانیوکی 89 ساڵه‌ سه‌رنجی ڕاکێشامه‌وه‌، چونکه‌ بیرم دێت ئه‌مساڵ له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌ی نه‌خۆشخانه‌ به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا به‌ڕێکرا.

 دێمیانیوک کێیه‌؟
 جۆن دێمیانیوک John Demjanjuk که‌ به‌ Iwan Mykolajowytsch Demjanjuk ئیڤان میکۆلایۆڤیچ دێمیانیوک ناسراوه‌ له‌ 3.4.1920 شاری دوبۆڤی ماخارینزی ئۆکراینه‌ له‌دایکبووه‌. پاش ته‌واوکردنی پۆلی چواری سه‌ره‌تایی ده‌بێته‌ شۆفێری تراکتۆرو له‌ کۆلخۆز کارده‌کات، له‌ساڵی 1940ڕاده‌کێشرێت بۆ ناو سوپای سوری سۆڤێتی. له‌ ساڵی 1942 له‌ نیمچه‌دورگه‌ی "کریم" له‌ باکوری ده‌ریای ڕه‌ش دیلده‌کرێت و ده‌یگوازنه‌وه‌ بۆ که‌مپێکی تایبه‌ت به‌ دیله‌کان به‌ ناوی خۆلم، له‌ هه‌مانساڵدا خۆی ده‌به‌خشێت به‌ ده‌زگایSS ولای ئه‌وان له‌شاری تراڤنیکی ڕاهێنانی پێده‌کرێت و سوێندی دڵسۆزی ده‌خوات، یه‌که‌م ئه‌رک پێ ده‌سپێرن چاودێریکردنی ئه‌و دیلانه‌یه‌ بێگاریان له‌ کێڵگه‌کاندا پێده‌که‌ن. له‌ 27ی مارسی 1943 له‌گه‌ڵ 130 خۆبه‌خشی تردا، که‌ له‌ لایه‌ن 20 ئه‌ڵمانه‌وه‌ ڕاهێنانیان پێده‌کرا ڕه‌وانه‌ی که‌مپی نکولیکردنی سۆبیبۆر کرا، پاش 6مانگ گوازرایه‌وه‌ بۆ که‌مپی مردنی فلۆسه‌نبۆرگ له‌ هه‌رێمی بایه‌رو سه‌رسنوری چیکوسلۆڤاکای ئه‌و کاته‌. له‌ساڵی 1944 بوو به‌ خه‌باتگێڕ له‌ گروپی "سه‌ربازه‌ ڕوسه‌ئازاده‌کان" که‌ تایبه‌ت بوو به‌و دیله‌ ڕووسانه‌ی خزمه‌تی نازییه‌کانیان ده‌کرد.
 له‌کۆتایی جه‌نگی جیهانی دووه‌م دێمیانیوک له‌ که‌مپی (DP) که‌ کورتکراوه‌ی (Displaced Person)ه‌خۆی دامه‌زراند، ئه‌م که‌مپه‌ ئه‌مه‌ریکییه‌کان بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌جێگای خۆیان هه‌ڵکه‌نرابوون درووستیانکرد، که‌ نزیکه‌ی 7ملیۆن ده‌بوون، هه‌ر له‌وێ ئافره‌تێکی ئۆکرانی دۆزییه‌وه‌و خواستی، ئیتر زۆر زیره‌کانه‌ له‌و که‌مپه‌دا جێگای خۆیکرده‌وه‌ وه‌ک شۆفێری بارهه‌ڵگر تا ساڵی 1950، له‌ساڵی 1952 به‌خێزانه‌وه‌ سه‌فه‌ری ئه‌مه‌ریکای کردو هه‌رله‌وێ ناوی خۆی له‌ ئیڤان Iwan ه‌وه‌ کرد به‌ جۆن John. دێمیانیوک له‌ ساڵی 1958 بوو به‌ هاووڵاتی ئه‌مه‌ریکی و ناسنامه‌ی ئه‌و ووڵاته‌ی‌ وه‌رگرت، ئیتر بێ کێشه‌ وه‌ک فیته‌ر له‌ ولایه‌تی ئیندیانا   Indiana کاریکرد. له‌ ساڵی 1975 ڕوسیا لیستێکی 70 که‌سی ڕه‌وانه‌ی سیناتۆری ئه‌مه‌ریکا کرد، که‌ له‌گه‌ڵ نازیدا کاریانکردووه‌و ئێستا کۆچبه‌رن له‌ ئه‌مه‌ریکا یه‌کێک له‌و ناوانه‌ دێمیانیوک بوو. ساڵێک دواتر ئه‌مه‌ریکا زانیارییه‌کی زۆری له‌سه‌ر پاسه‌وانه‌کانی که‌مپی سۆبیبۆر کۆکرده‌وه‌و ناسنامه‌ی دێمیانیوکی ساڵی 1943 په‌یداکرد، که‌ ئه‌و (ئیڤان ترسناک Iwan der Schreckliche)ه‌ ئه‌م جۆن یه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ ساڵی1981 به‌هۆی زانیاری درۆدان به‌ ده‌زگای کۆچی ئه‌مه‌ریکاییو هاوکاریکردنی نازییه‌کان ناسنامه‌ی هاووڵاتی ئه‌مه‌ریکی لێسه‌ندرایه‌وه‌و له 1983 به‌مه‌به‌ستی دادگاییکردن ڕه‌وانه‌ی ئیسرائیل کرا. دادگاکه‌ی له‌ ئیسرایل 7مانگی خایاند پاشان به‌ تۆمه‌تی هاوکاریکردنی ده‌زگایSS 7ساڵ زیندانی و به‌تۆمه‌تی کۆمه‌ڵکوژی حوکمی سێداره‌ی بۆ ده‌رچوو، له‌ ساڵی 1993 دوای هه‌ڵچوونه‌وه‌ی دادگا به‌ که‌یسه‌که‌یدا، که‌ دوو که‌س تێکه‌ڵکراون، واته‌ ئیڤان دێمیانویک، که‌ ناسراوه‌وه‌ به‌ (ئیڤانی ترسناک) له‌گه‌ڵ جۆن دێمیانیوک بۆیه‌ دادگا له‌ مانگی 6 ی 1993 بێتاوانی سه‌لماند وگه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌مه‌ریکا له‌ ساڵی 1998 دیسانه‌وه‌ مافی هاوڵاتیبوونی ئه‌مه‌ریکی بۆ گه‌ڕێندرایه‌وه‌. له‌ ساڵی 2001 بیرۆی لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت (OSI) دیسان مه‌له‌فه‌که‌ی هه‌ڵدایه‌وه‌ به‌چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌کی تره‌وه‌ که‌، دێمیانیویک له‌جه‌نگی جیهانی دووه‌م تا کۆتایی دیلی جه‌نگ نه‌بووه‌، به‌ڵکو پاسه‌وانی چه‌ندین که‌مپی جیابووه‌، بۆیه‌ دیسان له‌ ئه‌مه‌ریکا ڕاکێشرایه‌وه‌ بۆ دادگاو دیسان مافی هاوڵاتیبوونی ئه‌مه‌ریکی لێسه‌ندرایه‌وه‌و بڕیاردرا ڕه‌وانه‌ی ئۆکرانیا بکرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ 2008 بیرۆی ناوه‌ندی ووڵات بۆ به‌ڕیوه‌بردنی داد ولێکۆڵینه‌وه‌یی تاوانبارانی نازی له‌ شاری لودڤیگسبۆرگی ئه‌ڵمانیا زانیاری ته‌واوی له‌سه‌ر که‌مپی سۆبیبۆر کۆکرده‌وه‌، که‌ 29000 که‌س له‌و که‌مپه‌دا کراونه‌ته‌ قوربانی و به‌ڵگه‌ی ته‌واویش له‌سه‌ر ئیڤان وه‌ک پاسه‌وان له‌و که‌مپه‌دا هه‌یه، هه‌روه‌ها سه‌لماندنی ئه‌و ناسنامه‌یه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا ئه‌رشیفکراوه‌ بۆیه‌ له‌ 11.3.2009 پۆلیسی تاوانی هه‌رێمی بایه‌ر بڕیاری ده‌سگیرکردنی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دێمیانیوک ده‌رکرد، که‌ له‌هه‌رکوێیه‌ک بێت ده‌بێت ڕاده‌ستی ووڵاتی ئه‌ڵمانیا بکرێته‌وه‌، ئه‌وه‌بوو پاش دوو مانگ واته‌ 12.05.2009 له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکییه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا کرایه‌وه‌.‌


 لێره‌دا پرسیارێک دێته‌ پێشه‌وه‌، ئایا بۆ کورد به‌شیوه‌یه‌کی گشتی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ تایبه‌تی نه‌ک هیچ هه‌وڵێکیان بۆ به‌ دادگاگه‌یاندنی ئه‌و له‌شکره‌ تاوانباره‌، که‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌ستیان له‌ کوشتنی هه‌زاران کوردا هه‌بووه‌ نه‌داوه‌ به‌ڵکو به‌رگرییان لێده‌که‌ن و دژایه‌تی ئه‌و که‌سانه‌ش ده‌که‌ن ئه‌و مه‌له‌فانه‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌، ئایا گومان ناکرێت خودی سه‌رکرده‌ کورده‌کانیش له‌و تاوانانه‌وه‌ گلابن؟. من وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بۆ خوێنه‌ر و خه‌ڵکی کورد به‌جێده‌هێڵم و له‌ کۆتاییدا ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم: تاوانباره‌کانی ئێمه‌ له‌ زینداندا ئازاد ده‌کرێن و ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌کرێن، یان له‌ده‌ره‌وه‌ مه‌له‌فیان هه‌ڵده‌درێته‌وه‌و ڕه‌وانه‌ی دادگا ده‌کرێن سه‌رکرده‌کان به‌رایینامه‌ بۆ دادگا ده‌نێرن، بۆیه‌ باشتره‌ هه‌موومان ببینه‌ پاڵپشت ولایه‌نگری ڕێکخراوی کوردۆساید (چاک) له‌به‌ر ئه‌وه‌ ته‌نها ئه‌و خه‌ڵکه‌ دڵسۆزانه‌ ده‌توانن خزمه‌ت به‌ دۆزی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ بکه‌ن، چونکه‌ ئه‌وه‌ی من له‌ کۆنفرانسی سێدا بینیم، ئه‌و حیزبانه‌ی ئێمه‌ به‌و هه‌موو ملیارد دۆلار، ئه‌ندا‌م و ده‌زگای زه‌به‌لاحه‌ ناو بۆشانه‌ی هه‌یانه‌ نیو ئه‌وه‌نده‌یان پێناکرێت، بۆیه‌ من لای خۆمه‌ ده‌ستخۆشیان لێده‌که‌م، سوپاسیان ده‌که‌م، چاوی یه‌ک به‌یه‌کیان ماچ ده‌که‌م و تا چه‌ند توانای هاوکاریم هه‌بێت له‌ خزمه‌تیاندام.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە