کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پایته‌ختی تیرۆر

Wednesday, 12/05/2010, 12:00


پایته‌ختی تیرۆر
یاسین بانیخێلانی
هه‌موو پایته‌ختی ووڵاته‌ دیکتاتۆره‌کان چه‌ند له‌یه‌ک جیاوازبن، هه‌میشه‌ له‌ خاڵێکدا یه‌کده‌گرنه‌وه‌، ئه‌ویش تۆقاندن و له‌ناوبردنی ئه‌و که‌سانه‌یه‌ وه‌ک ئه‌وان بیرناکه‌نه‌وه‌، تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی له‌ وتارێکیدا پێشبینی ده‌کرد، ترسێکی گه‌وره‌ی لای ئێمه‌ زیندووکرده‌وه‌، ئه‌ویش وێنه‌ی ئه‌و (کۆماری ترس)ه‌یه‌ که‌نعان مه‌کیه‌ باسی لێوه‌ ده‌کات، زیندووکردنه‌وه‌ی هه‌موو وێنه‌کانی به‌عس و ئه‌و ڕۆژگارانه‌یه‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ک نووسین هه‌میشه‌ ده‌رگاکانی ئه‌شکه‌نجه‌و زیندانه‌ تاریک و نهێنییه‌کان له‌سه‌ر پشتبوون. تیرۆرکردنی ئه‌م ڕۆحه‌ ته‌نها کوشتنی جه‌سته‌یه‌ک نییه‌ به‌ساده‌یی قسه‌ی لێوه‌بکرێت، هێنده‌ی په‌یامێکه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خوازیارن ئه‌م ڕێگایه‌ هه‌ڵبژێرن، هه‌موومان ناومان له‌و لیسته‌ ڕه‌شه‌ی ڕۆژگارێک ڕاستییه‌کمان درکاندبێتدا هه‌یه‌، کێ ده‌توانێت بڵێت ناوی من له‌و لیسته‌دا نییه‌ جگه‌ له‌ په‌په‌گاکانی به‌رده‌رکی سوڵتانه‌ خوێنخۆره‌کان نه‌بێت، جگه‌ له‌ و سایت و ڕۆژنامه‌ درۆزنانه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیپه‌رستانه‌ نه‌بێت خۆیان وه‌ک دۆست و خزمه‌تکاری قه‌ڵه‌می کوردی ده‌ده‌نه‌ قه‌ڵه‌م، به‌ڵام ئێستا وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ ڕووی نه‌دابێت وه‌ک مریشک کڕ که‌وتوون، هه‌ندێکیشیان بۆ چاوبه‌ست یه‌ک دوو ووتاری شه‌رمن بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌، نه‌بادا ڕۆژێک پێی بڵێن قوربان خۆ ئێوه‌ش به‌جلێکی تره‌وه‌ خزمه‌تکاری به‌رده‌رگی سوڵتانن.
پایته‌ختی دکتاتۆره‌کان هه‌ر هه‌مان پایته‌ختن قسه‌کردن تێیدا یاساغه‌، ئازادی مه‌لێکی باڵکراوه‌، له‌ باغچه‌یه‌کی باڵنده‌ ده‌چێت قه‌فه‌سه‌کانی پڕ بێت له‌ په‌په‌گای ڕه‌نگاو ڕه‌نگ، له‌ به‌رلینی پایته‌ختی نازییه‌کانه‌وه‌ له‌ سوتاندنی وشه‌وه له‌به‌رده‌م زانکۆی هۆمبۆلتدا‌ ده‌ستی به‌ کوشتنی وشه‌نووسه‌کان کرد، مامۆستایانی زانکۆکانی به‌رلین هه‌ڵهاتن و جه‌لاده‌کان جێگه‌یان گرتنه‌وه‌، ئیتر له‌وکاته‌وه‌ تفه‌نگ و شه‌ق جێگای قه‌ڵه‌م و تێگه‌یشتنی گرته‌وه‌ ژیان بوو به‌ پارچه‌یه‌ک دۆزه‌خ هه‌تا ئێستاش من تێنه‌گه‌یشتم بۆ دکتاتۆره‌کان ئه‌وه‌نده‌ له‌ وشه‌ زیڕه‌یانکردووه‌؟.
من گومانم نییه‌ له‌وه‌ی شه‌هیدکردنی سه‌رده‌شت له‌ ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌دامه‌که‌ی پایته‌خی به‌غدادا نه‌هاتبێت، ئاخر زۆر کار مابوو، که‌ سه‌دام له‌ بیره‌وه‌رییه‌کانیدا یاداشتی کردبوو، به‌ڵام فریای جێبه‌جێکردنیان نه‌که‌وت، وا هه‌ست ده‌که‌م ئه‌و ده‌فته‌ره‌ به‌ هه‌ڵه‌ له‌ نامه‌ گۆڕینه‌وه‌کانی پێش 31ی ئابی 1996 دا پۆستکرابێت و ئێستا واریسه‌که‌ی بۆی جێبه‌جێ ده‌کات، خوا ده‌زانێت ئه‌ویش بۆ کێی جێده‌هێڵیت!.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە