کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌رۆک و فه‌یسبوک

Friday, 01/04/2011, 12:00


له‌ نوێترین وتاریدا سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی به‌بۆنه‌ی نه‌ورۆزه‌وه‌ خۆی له‌قه‌ره‌ی بابه‌تێکی هه‌ستیاردا، که‌ وانه‌یه‌کی نوێی فێری ئێمه‌ کرد و ئێمه‌ی له‌ هه‌ندێک هه‌ڵه‌ی مێژو ئاگادار کرده‌وه‌، ئه‌ویش به‌ باسکردن له‌ دونیای گه‌یاندن و ئاڵوگۆڕی زانیارییه‌کان (Communication) کاتێک ده‌ڵێت: "من ده‌زانم ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئینته‌رنێتی له‌ده‌سته‌، به‌ فیسبوک په‌یوه‌ندی به‌ گه‌نجانی ره‌فیقه‌کانی خۆی له‌ناوه ‌و ده‌ره‌وه‌ ده‌کات وه‌کو ئه‌و پێشمه‌رگه‌ نییه،‌ که‌ تفه‌نگی به‌ شانه‌وه‌ بوه ‌و هه‌مو له‌حزه‌یه‌ک چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بو که‌ی شه‌هید بێت".

ئه‌م قسانه‌ی سه‌رۆک سه‌باره‌ت به‌ دونیای گه‌یاندن، که‌ ئینته‌رنێت و فه‌یسبوک به‌شێکن له‌و جیهانه‌ به‌رینه‌ی هه‌مومانی له‌ گوندێکی بچوکدا کۆکردۆته‌وه‌، پێمان ده‌ڵێت: ئێمه ‌و ئه‌وان نه‌ک له‌ دو دونیای جیاوازدا ده‌ژین، به‌ڵکو له‌ دو سه‌رده‌می جیاوازیشدا ده‌ژین، که‌ زمان و تێگه‌یشتنمان روبه‌رێکی مێژویی گه‌وره‌ داگیرکردوه. من ئه‌م تێگه‌یشتن و تێڕوانینه‌ی سه‌رۆک ته‌نها له‌وه‌دا کورت ناکه‌مه‌وه‌‌، که‌ سه‌رۆک بۆ خۆی نه‌ک هه‌رنازانێت شێواز و چۆنێتی به‌کارهێنانی چۆنه‌ و ته‌نانه‌ت نازانێت ناوه‌که‌شی به‌ دروستی به‌کاربهێنێت، به‌ڵکو له‌و بێئاگاییه‌ ئایدۆلۆژییه‌ تۆتالیتارییه‌وه‌ ده‌یبینم، که‌ هێشتا له‌چاوی تفه‌نگه‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌م جیهانه‌ نوێیه‌ ده‌کات و چه‌مکی شۆڕش لای ئه‌و هێشتا له‌چه‌ک روتنه‌بۆته‌وه‌، شۆڕش لای سه‌رۆک هێشتا له‌ شاخ نه‌هاتۆته‌ خواره‌وه‌ بۆ ناو شار و نائاشنایه‌ به‌م جیهانه‌ نوێیه‌ و نامۆیه‌ به‌ بیرکردنه‌وه‌ و دونیا بینی گه‌نجانی ئه‌مڕۆ، پیاوانی شۆڕشگێڕ لای سه‌رۆک ئه‌وانه‌ نین له‌ پشتی کۆمپوته‌ره‌کانیانه‌وه‌ توانای روخانی دکتاتۆره‌کانیان هه‌یه، به‌ڵکو ئه‌وانه‌ن ده‌یان تاقمی فیشه‌کیان به‌ستوه‌ به‌ستوه ‌و له‌ چیاکان و پێده‌شته‌کانی گه‌رمیاندا سنگیان به‌ گوله‌وه‌ ده‌نێن و سڵ له‌مردن ناکه‌نه‌وه‌، ئه‌م وتانه‌ی سه‌رۆک له‌ خه‌ونه‌کانی قه‌زافی ده‌چێت بۆیه‌ گاڵته‌ی به‌م گه‌نجه‌ ده‌مڕوتانه‌ دێت له‌ پشت کۆمپوته‌ره‌کانیانه‌وه‌ دانیشتن و جیهانێکی نوێیان دور له‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکارانه‌ی ئه‌وان و پێکه‌وه‌ ناوه ‌و باسی شۆڕش و گۆڕینی دونیا ده‌که‌ن، لای سه‌رۆک کۆمپوته‌ر کاتێک ده‌توانێت شۆڕش بکات پێشمه‌رگه‌کانی شاخ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو رایه‌ڵه‌کانی ئینته‌رنێت و کۆنته‌رسترایک (Counter-Strike) بکه‌نه‌ واقیع و به‌ خۆیان و تاقم و تفه‌نگه‌کانیانه‌وه‌ له‌ناو تۆڕه‌کانی ئینته‌رنێتدا دوای دوژمنه‌کانیان بکه‌ون و له‌ هه‌رکوێیه‌کدا گوێچکه‌یه‌کیان ده‌رکه‌وت زرمه‌ له‌ بنی گوێی هه‌ڵسێنن‌.

ئه‌م تێڕوانینه‌ی سه‌رۆک له‌سه‌ر دونیای مۆدێرنه‌ هه‌مو بۆچون و تێڕوانینه‌کانی ئێمه‌ی سه‌باره‌ت به‌ عه‌قڵی حیزبه‌کان به‌تایبه‌تیش پارتی سه‌راوژێرکرده‌وه‌، که‌ پێمانوابو تیۆریزه‌کردنی بونیادی ئه‌م حیزبانه‌ خوازیاری خوێندنه‌وه‌ و راڤه‌ی نوێیه‌، له‌کاتێکدا عه‌قڵی ئه‌مان له‌ناو ره‌بایه ‌و باره‌گا نه‌هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ و نامۆیه‌ به ‌شه‌قام و شار، ئه‌م تێڕوانینه‌ی سه‌رۆک ئه‌و راستیه‌شی سه‌لماند تانکی بیرکرنه‌وه‌یان (think tank) له‌بری داهێنان، بیرکرنه‌وه ‌و تیۆریزه‌کردن پڕه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ی حیزب بۆ هه‌ر کێشیه ‌و خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ و چاره‌سه‌رکردنیان ده‌ستی بۆ ده‌به‌ن، ئه‌م راستیه‌ش له‌ 17ی شوباتدا ده‌رکه‌وت، که‌ لای سه‌رۆک و حیزبه‌که‌ی ته‌نها زمانێک هه‌یه‌ ئه‌ویش زمانی چه‌که‌، ئه‌گه‌ر وا نییه‌ ئه‌وا مێژو گه‌واهیده‌ره‌ له‌م ئه‌زمونه‌ نوێیه‌دا بزانین پێشمه‌رگه‌کانی فه‌یسبوک سه‌رده‌که‌ون یان پێشمه‌رگه‌کانی حیزب.

*****************************************

******************************************

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە