کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فاشیه‌ت ئه‌گه‌رێک له‌به‌رده‌ماندا

Wednesday, 03/06/2009, 12:00


ده‌وڵه‌تێک له‌سه‌ر بنه‌مای خێرخوازی بۆ خه‌ڵک دابمه‌زرێت گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆره‌ (کانت)

فاشییه‌ت له‌ پێناسه‌ی ئه‌مڕۆدا چیتر په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ ئایدۆلۆژییه‌کی دیاریکراو که‌ هێزێکی سیاسی ئاڕاسته‌ی ده‌کات، به‌ڵکو فاشییه‌ت بریتییه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ پرنسیب و دیسپلینێک دوور له‌ به‌ها ئه‌خلاقییه‌کان بۆ مۆنۆپۆلکردنی ده‌سه‌ڵات، که‌ ده‌شێت ئه‌مه‌ له‌ناو خێزانیشدا ڕووبدات.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ کوردستان ده‌گوزه‌رێت له‌ لایه‌ن حیزبه‌ دیموکرات و سۆسیالدیموکراته‌کانه‌وه‌ کاتێک ده‌ستیانکردووه‌ به‌ نانبڕین، ده‌رکردنی فه‌رمانبه‌ران، کارتی بایع بڕین و هه‌ڕه‌شه‌و ترساندنی ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان پێناده‌ن ڕێک و ڕاست ده‌مانگێڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مه‌ تۆقێنه‌ره‌کانی سه‌ده‌ی پێشوو، کاتێک ئه‌م هه‌واڵانه‌ ڕۆژانه‌ به‌ لێشاو له‌ ڕۆژنامه‌کانه‌وه‌ بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌ وێنه‌کانی مۆسۆلینی، هیتله‌رو سه‌داممان بیر ده‌که‌وێته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ فاشیانه‌ی دونیا کاریان له‌سه‌ر کڕینی ویژدانی ئینسان کردووه‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ کوردستان ده‌گوزه‌رێت ئه‌گه‌ر بێت و سنوورێکی بۆ دانه‌نرێت ئه‌وا کاره‌ساتی گه‌وره‌ به‌ دوای خۆیدا ده‌هێنێت، چونکه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ پیاده‌کردنی هه‌مان سیاسه‌تی هیتله‌ر به‌رامبه‌ر به‌ جوله‌که‌کان و سه‌دام به‌رامبه‌ر به‌ کورده‌، ئه‌مه‌ دووباره‌ میژوویه‌کی ڕه‌شی د‌ژ به‌ مرۆڤایه‌تی له‌ یاده‌وه‌ریماندا زیندوو ده‌کاته‌وه‌، چونکه‌‌ هزری نانبڕین و بێبه‌شکردنی فه‌رمانبه‌ران له‌ کاره‌کانیان و دوورخستنه‌وه‌یان له‌ هه‌موو پۆسته‌ ئیداری و حکومییه‌کان نازییه‌کانی ئه‌ڵمانیا داهێنه‌رین.
نازییه‌کان به‌ پێی یاسای نوێرنبێرگ هه‌ڵمه‌تی (له‌کارلابردنی ئه‌وانه‌ی جوله‌که‌ن له‌ ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کان و دوورخستنه‌وه‌یان له‌ کاره‌کانیان تا ده‌گاته‌ بڕینی پاره‌ی منداڵانی خێزانه‌ جوله‌که‌کان و بایکۆتکردنی هه‌موو پرۆژه‌و بازاڕێکی جوله‌که‌)*1. له‌ ساڵی 1935دا ده‌ست پێکرد، ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌عسییه‌کانیش له‌ ژێر ناوی کارتی بایعیدا به‌رامبه‌ر به‌و گوندانه‌، که‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا نه‌بوون په‌یڕه‌وکرد، پابه‌ندکردنی خه‌ڵک به‌م کارته‌وه‌ بۆ خۆی ناچارکردنی خه‌ڵک بوو له‌ ژێر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ڕه‌شه‌دا بمێنێته‌وه‌ تا ئاگای له‌ شوێنی دانیشتن و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی بێت. هه‌موومان ده‌زانین هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ گونده‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌وسادا ده‌ژیان به‌عس له‌ هه‌موو کارێکی ئیداری و به‌شه‌خۆراک بێ به‌شیکردبوون، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قایل نه‌بوون له‌ژێر ده‌سه‌ڵاته‌ ڕه‌شه‌که‌یدا ژیان بگوزه‌رێنن. بۆیه‌ ترسی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی ئه‌مڕۆ د‌ژ به‌ لایه‌نگرانی باڵی ڕیفۆرم و گۆڕان ده‌ستی پێکردووه‌ ده‌شێت چاره‌نووسێکی خراپ چاوه‌ڕوانی خه‌ڵکی کوردستان بکات، ئه‌گه‌ر له‌ ئێستاوه‌ کار بۆ ڕاوه‌ستان و سنوردارکردنی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ نه‌کرێت، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سیاسه‌تی فاشییانه‌، که‌ به‌ پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان قه‌ده‌غه‌یه‌.


په‌ڕاوێزه‌کان
*1- Gegen Das Vergessen. Eine Dokumentation des Holocaust. Multimedia CD-Rom


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە