کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەڕی پارتی بۆ تێکدانی ئەزمونی ڕۆژئاوا

Wednesday, 19/06/2013, 12:00


عومەر حاجی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەیەکەم ڕۆژی شۆڕشی گەلانی سوریا و پڕۆسەی ڕزگاری ڕۆژئاوای کوردستان بە فەرمانی تورکیا هەوڵی پەکخستن و لەباربردنی ئەو ئەزمونە نوێیە نەتەوەکەمانیدا لەو پارچەیی وڵاتدا کە بەخوێنی سەدان کورد بەرهەم هاتوە.
هەر لەسەرەتای شۆڕشدا هەوڵیدا ئەو کوردانەی ڕۆژئاوا کە هەڵهاتبوون و لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بوون و لەلایەن زێرەڤانیەوە پەروەردە کرابوون بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بەشەی وڵات بۆ دوبارەکردنەوەی ئەزمونی شەڕی ناوخۆی سەرەتای نەوەدەکانی نێوان خۆیان و پارتەکانی تری کوردستان وەک یەکێتی، پارتی، سۆسیالیست و هتد ،،، تا نەبنە خاوەن پێگەیەکی خۆیی.
بەڵام گەلی ڕۆژئاوا و یەکینەکانی پاراستنی گەل لەوە هۆشیارتربوون بکەونە ناو ئەو گەمە قێزەونەوەی پارتیەوە، ئەوان ڕێگەی دروست بوونی هێزێکی تر لەشکریان لە غەیری یەپەگە نەدا کە هەموو پارت و لایەن و هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانن خۆیانی تێداببیننەوە لەبەر ئەوە پارتی ئامانجی بوو هێزێکی تر بۆ نانەوەی شەڕ دژی یەپەگە دروست بکات.
پاشان پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵیدا لە ڕێی پارتە ئۆردوگانشینەکانی هەولێر پاسیڤ و دەستکردەکانی خۆیەوە وەک پارتەکەی عەبدول حەکیم بەشار و سلاح بدرالدین و موستەفا جومعە ئاژاوە و شەڕ لەناوخۆی ڕۆژئاوا دروست بکەن تا کارگەیشتە ئەوەی دوو شەرڤانی یەپەگە لەلایەن جەماعەتی مستەفا جومعەوە ڕفێندران و بە فەرمانی مەسعود بارزانی ڕادەستی تورکیا کران کە ئەو فەرمانەش ڕادەستکردنی دەیان گەریلای پەکەکەمان بەبیری دێنێتەوە کەلە ساڵانی نەوەتەکاندا پارتی بەرامبەر چەند پول و بەرژەوەندیەکی کەم ڕادەستی میتی تورکیای کردن و زۆربەیان شەهیدکران بۆ ڕاستی قسەکانم دەتوانن گوێ لەم لینکە بگرن.



بەڵام ئەو گروپە خاک فرۆشانە بەهۆی بێ متمانەییان لەلایەن گەلەوە نەبوونی پێگەی جەماوەریان لە ڕۆژئاوا هەرزوو لەلایەن گەلەوە ڕسوا و شاربەدەرکران ، بۆیە پارتی کۆڵی نەدا لە دژایەتی کردن شۆڕشی ڕۆژئاوا و دەستیکرد بە هاوکاری گروپە چەکدارە چەتە ئسیلامیەکان لەلایەنی ماددی و مەعنەویەوە بەتایبەت لە شەڕی سەرێ کانیدا کە پارتی بە ئاشکرا هاوکاری ئەو گروپانەی کرد و چەند کەسێکیان لەلایەنە یەپەگەوە لێ دەستگیرکرا دانیان بەوەداناوە کەلەلایەن پارتیەوە هاوکاری دەکرێن، بەتایبەت کەتیبەی سەلاحەدین و کەتیبەی بارزانی کە ڕاستەوخۆ لەلایەن پارتیەوە فینانسە دەکرێن و شەڕی دژ بە یەپەگە و گەلی ڕۆژئاوا دەکەن ئیدریس بارزانی وتەنی شۆڕشمان پێ نەکرێت پێمان تێک دەدرێت .
بەڵام خۆشبەختانە زۆر زوو ئەو گروپانە چۆکیان شکا و لوتیاندای لە زەوی و ناچاری هەڵهاتن کران بۆ باوەشی تورکیای دۆستی پارتی.
بەڵێ ئێستاش جارێکی تر ئۆپەراسیۆنێکی هەمەلایەنە لە چوار لاوە بۆسەر ڕۆژئاوا بەتایبەت شاری عەفرین لەلایەن تورکیا، گروپە چەتە چەکدارەکان، ڕژێمی سووری و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە زیاتر لە دوو هەفتەیە دەستی پێکردوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکان بۆسەر عەفرین پارتی سنورەکانی لەسەر هاوکاریە مرۆییەکان داخست.
لە کاتێکدا گەل لەلایەن سوریا و گروپە چەتەکانەوە برسی و تینووکراوە پارتی سەرچاوەکانی نان و ئاوی لێبڕین ، ئەمەش بە ڕێکەوت نیە بەڵکو پلانێکی ستراتیژی و سیستەماتیکی چەند لایەنەی نێوان ئەو هێزانەیە پارتیش لە ناویدایە.
داخستنی سنورەکانی باشوور بەڕووی ڕۆژئاوا و برسی کردنی خەڵک داخستنی سنورەکانی دهۆک و بادینانمان بیردێنێتەوە کە کاتێک شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەرەتایی نەوەتەکاندا دەستی پێکرد پارتی ئەو سنورەی بە ڕووی بازرگانی و خواردن لە ناوچەکانی ژێر دەستی یەكێتی داخست و قەیرانی برسێتی و ئابوری دروست کرد.
ئەوەش باوەڕی پارتیە گەر نەتوانێت گەلێک یان کەسێک دەستەمۆ بکات ئەوا برسی و نانبڕاویان دەکات بەڵام خۆشبەختانە تا ئێستا لەو سیاسەتەی سەرکەوتوو نەبوە.
مەزنترین خەتەریاتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئەوەیە کە کاتێک زۆریان بۆبێنێت ئامادەن بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان بچنە باوەشی سەرسەخت ترین دوژمنی کورد لەم ڤیدیۆیەدا ڕاستیەکان ببینن.



ئێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان یان ڕاستربڵێن بنەماڵەی بارزانی سنوری ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر هاوکاریە مرۆییەکان داخستوە و بەهانەکەشیان ئەوەیە کە گوایە.
1 حکومەتی هەرێم ڕێگە نادات ئەو سنورە بۆ بەرژەوەندی لایەنێک بەکاربهێنرێت و خۆی پێ بەهێز بکات.

لێرەدا هەموو دەزانین کە مەبەستی لەو هێزە پەیەدە و یەکینە قارەمانەکانی پاراستی گەل، ئەو پەیەدەیەی کە لەسەدا 85 گەلی ڕۆژئاوای لەگەڵدایە و هەموو دامودەزگاکانیان بەڕەنج و کۆششی خۆیان ئاوەدان کردوەتەوە ، ئەو یەپەگەیەی هەزاران ڕۆڵەی قارەمانی ئەو پارچەیی وڵاتی تێدایە و بەرگری لە پیرۆزیەکانی خاک و وڵاتەکەیان دەکەن و بۆ ئەو ئامانجەش دەیان شەهیدیان داوە ، پارتەکانی سەر بە بارزانیش لەکاتی شەهیدبوونی ئەواندا لە خۆشترین خانو و ڤێلاکانی هەولێر لەسەر قوت و بودجەی خەڵکی کورد دەژین.
لەمەسەلەی بەهێزکردنیشدا پارتی ڕاست دەڵێت چونکە هەرگیز نایەوەێت هیچ پارتێک لە پارتەکەی خۆیان و بنەماڵەکەیان بەهێزبێت و هەمیشە لایەنەکانی تر وەک غوڵامی خۆیان دەبینن.

2- سیاسه‌تی‌ خۆسه‌پاندنی‌ به‌زۆر به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ڕۆژاوای‌ كوردستاندا، كارێكی‌ دروست نیه‌ و حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نابێته‌ به‌شێك له‌و سیاسه‌ته‌ به‌وه‌ی‌ ڕێگه‌ بدات ده‌روازه‌‌ی‌ سنوور بۆ جێگیركردنی‌ ئه‌و مه‌رامه به‌كار بهێنرێت.

دەبوو هەر لایەنێک باس لە سیاسەتی خۆی سەپاندن بکات بنەماڵەی بارزانی نەیکات چونکە ئەوە ئێستا ئەوانن کورسی دەسەڵاتیان داگیرکردوە و هەموو پایەکانی حکومەت و دەسەڵاتیان قۆرخ کردوە و بەسەر بنەماڵەکانیاندا دابەش کردوە، ئەوەتا ئێستا هەڕەشە لەهەموو ئەو لایەنانە دەکات کە دژی خۆ کاندیدکردنەوەی بارزانین و بەهیچ شێوەیەک نایەوێت کورسی سەرۆکایەتی بۆ دەقەیەک جێبێڵیت و دەستور وەک کارتێک بەکاردێنێت ، ئەوە ئەوان بوون بۆ مانەوەی خۆیان و خۆسەپاندنیان 31 ئابیان دروست کرد، ئەوەش گەلی ڕۆژئاوایە کە بێ بەرامبەر بەئیمان و باوەڕەوە بەدڵ و گیان لەگەڵ شەرڤانە گیانلەدەستەکانی پەیەدە و یەپەگەدا لەبەرەی جەنگی بەرامبەر خیانەتکاراندایە.

3 - په‌یڕه‌وكردنی‌ چه‌واشه‌كاری‌ و تۆقاندن و ڕاوه‌دوونان و گرتنی‌ ئه‌ندام و كایرانی‌ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه،‌ دووبه‌ره‌كی‌ و لێكترازان و كاریگه‌ریی‌ خراپی‌ لێ ده‌كه‌وێته‌وه.

من دەپرسم دەبێت هەبێت لە پارتی دیموکراتی کوردستان چەواشەکارتر و تۆقێنەرتر ؟
باشە ئەوە پارتی نەبوو شەڕ و ناوخۆی هەڵگیرسان و هەزاران دیلی گولەباران کرد، ئەوە پارتی نەبوو کە ئەندامە نەخۆش و بریندارەکانی پەکەکەی لە 16 گوڵانی سالێ 1997 دا لە هەولێر کۆمەڵکوژ کرد و تا ئێستاش لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی مەعمەل قیری هەولێر ژێرخاکیان کردون و تەنانەت تەرمەکانیان نادەنەوە بە دایک و باوکە جەرگ سوتاوەکانیان؟.
ئەوە پارتی نیە کەلەسەر نوکە قەڵەمێک زەردەشت عوسمانی تیرۆر کرد، ئەوە پارتی نەبوو لەسەر بیروڕای جیاواز ڕەوف ئاکرەیی ، دکتۆر سیروان، ئارام نەزیر، دکتۆر شڤان و هەڤاڵانی و سلێمان موعینی و هەڤاڵانی تیرۆرکرد؟.
ئەوە پارتی نەبوو بارەگای گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی گڕ تێبەردا و لە 17 شوباتدا شارێکی خڵتانی خوێن کرد و هەولێری میلیتاریزە کرد ؟
پارتی بەچی ڕوویەک خۆی لەو بابەتە دەدات ؟

4- ده‌روازه‌ی‌ سنوور؛ ته‌نیا بۆ حاڵه‌ته‌‌ مرۆییه‌كان ده‌كرێته‌وه‌، تاكو لێكگه‌یشتن وگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ‌ كۆده‌نگیی‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان؛ بڕیاری‌ له‌سه‌ر ده‌درێت.

ئەگەر پارتی یەک مسقاڵ ویژدانی مرۆیی تێدابوایە نەدەبوو بە گەریلا شەهیدەکانی پەکەکەی بوتایە تیرۆریست و بە جەندرمە بڵێت شەهید و سەرەخۆشی بۆ ئەردۆغان بنێرێت و چالاکی شۆڕشگێڕی پەکەکە شەرمەزار بکات ، ویژدانیان هەبوایە منداڵانی بێتاوانی ڕۆژئاوایان برسی نەدەکرد و سزای بەکۆمەڵی نەدەدان ، کەلەو حاڵەتەشدا گەل دەڵێت ئەگەر خۆڵ بخۆین سازش بۆ ماڵی بارزانی ناکەین، ئەگەر ویژدانیان هەبوایە سامانی گەلێکیان نەدەدزی و مەنسور بارزانی کوڕی مەسعود لەیەک شەودا سێ ملیۆن دۆلاری لەدوبەیدا نەدەدۆڕاند لە کاتێیدا تا ئێستاش بریندارانی کیماوی هەڵەبجە بە ئازارەوە دەناڵێنن.
ئەوەی نوسیومە تەنها دڵۆپێکە لە دەریایی ناپاکی پارتی و ئەو بنەماڵەیە دژی بە مێژوو و شۆڕشی گەلی کورد.

لەکۆتاییدا سەیری ئەم ڤیدیۆیە بکەن.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە