خوایە "سەردەشت" بە شەهید وەربگرە، چونكە لە پێناوى تۆدا جیهادى كرد !!
Tuesday, 18/05/2010, 12:00
سەرەتا پڕ بە دڵ دڵگرانیی و بێزارى خۆم لە تیرۆركردنى كاكە سەردەشت دەردەبرم و وەك موسڵمانێك سەرەخۆشی لە بنەماڵەو كەس و كارو سەرجەم قوتابیان و مامۆستایانى زانكۆ ئەوانەیان كە وەك "سەردەشتى شەهید" بیر دەكەنەوە، دەكەم، خواى گەورە بە بەهەشتى بەرینى خۆی شادى بكات و لەگەڵ راستگۆیان و حەق بێژاندا حەشری بكات. ئامین! پێمخۆشە لە روانگەى ئازادى لە ئیسلامداو تێروانینێك بۆ بابەتەكانى كاكە سەردەشت كە لەسەر سەرۆك و دام و دەزگاكانى ئەم حكومەتە بڵاو كردبوویەوە چەند وشەیەكتان عەرز بكەم، خۆ شوكر بۆ خوا وردە وردە لاف و گەزافى درۆیینەى دیموكراتییەت لە وڵاتەكەماندا بۆ سەرجەم دانیشتوانى كوردستان وە دەر دەكەوێ و ئیتر خەڵكى حاڵین و تێگەیشتوون كە مافى مرۆڤ و دیموكراتیى و ئازادى ڕا دەربڕین لە سایەى ئەو دەسەڵاتە دیموكراتییەدا تەنهاو تەنها درۆیەكى شاخداری دیموكراتخوازانەو هیچى تر!! ئەگینە ئەوەى كاكە سەردەشت وتوویەتى چ سنور بەزاندنێكى تێدایەو لە چ یاساو رێسایەكى ئاسمانى و زەمینیدا ئاوا وتارو بابەتێك یاساغ كراوەو خەڵكى لەسەر كوژراوە؟! من تەنها ئەوەندە دەڵێم كە ئەو شێوە ڕا دەربرینەى كاكە "سەردەشتى شەهید" لە ئایینى ئیسلامدا ڕێ پێدراوەو هیچ جۆرە سانسۆرێك بۆ وتنى راستییەكان لە ئیسلامدا نییەو ڕێ پێنەدراوە! ئەوەتا ئایینى ئیسلام هیچ كەسێك بە گەورەو مقدس نازانێت تەنانەت پێغەمبەرانیش! لە فەرموودەیەكى راست و ێحیحدا هاتووە كە پێغەمبەرى ئیسلام فەرموویەتى: من تەنها مرۆڤێكم و بەس، تەنها ئەوەندە جیاوازیم هەیە كە من پەیامى ئاسمانیم لەلایەن خواوە بۆ هاتووەو هیچی تر!! مەگەر قەومەكەى پێغەمبەر لەماوەى 13 ساڵەى دەورانى قورەیشیدا چیان بە پێغەمبەر نەكردو نە وت ؟!! جارێ بە شێتیان دا دەناو جارێ بە سیحربازو جارێ بە دزو درۆزن!! پێغەمبەرى ئیسلامیش لەوەڵامدا پێی دەوتن: خوایە ئەم قەومەم هیدایەت بدە چونكە نەزانن!! باشە خۆ سەرۆكى هەرێم بە وتەى خۆی بێت خۆی لە هەمووكەس بە موسڵمان تر دەزانێ! ئەى بۆ رەوشتى پێغەمبەران لە خۆ ناگرێ و ئاداب و ئەخلاقییاتى ئەو لە خۆدا ناچەسپێنێت؟! بەڵام با جەنابی سەرۆكەكان بزانن ئەگەر لە دیموكراتییەكەى ئەواندا وتنى راستیی و دەرخستنى راستییەكان یاساغ و بڤە بێت، ئەوە لە ئاینى پیرۆزى ئیسلامدا رەخنەو دەرخستنى راستییەكان تاسەر ئێسقان ڕەوایەو هیچ كەسێك لە بازنەى ئیسلامدا مقدس و پەرستراو نییە جگە لەخواى تاك و تەنها!! بۆیە زۆر ئاساییە رەخنەى زۆر توندو ئێش پێگەیەنەریش لە جەنابی سەرۆكەكانیش بگیردرێت؟! مەگەر هەر پێغەمبەرى ئیسلام نەبوو كە تۆمەتى زیناو شەرواڵ پیسیش درایە پاڵ خێزانەكەی؟! باشە دەبێ پێغەمبەر لەبەرامبەر ئەم تۆمەتە زۆر قورس و گرانەدا چەند كەسی تیرۆرو لەناو بردبێت؟!! نەخێر پێغەمبەرى سەرۆك هیچ كەسى تیرۆر نەكردو زۆر بەبەزەییانە لەگەڵ هاوڵاتیانیدا كێشەكەى چارەسەر كرد !! چونكە پێغەمبەرى سەرۆك دەیزانى كوشتنى مرۆڤێكى بێ تاوان لە رووخانى ماڵى خواو كەعبەى پیرۆز لەلاى خواى گەورە گرانترە!! بۆیە من كاكە "سەردەشت" بە شەهید دەزانم، چونكە بەرگری لە ماف و سەرەوەت و سامانى ئەم گەلە رەش و رووتەى كردووەو بە پێی فەرموودەى پێغەمبەرى سەركردەو پێشەوا هەركەسێك لەو رێگەیەداو بەو شێوەیە بروات ئەوا بە شەهید حیسابەو لەریزى شەهیداندایە. وە كاكە "سەردەشتى شەهید" جیهادى كردووە بەرامبەر بە سەرۆك و هەڤاڵە خوێنخۆرەكانى ئەم وڵاتەو گەورەترین جیهادیش وتنى وشەى حەق و راستییە بەرامبەر بە زاڵمان. (افچل الجهاد كلمە حق عند سلگان جائر) .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست