کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڕەشەكانى مەسعود باوبژەى هەڵبژاردنن

Wednesday, 03/03/2010, 12:00



بۆ جارى دووەم لە ماوەى هەفتەیەكدا مەسعود بە بەرچاوى هەموو كەناڵەكانى میدیاوە هەڕەشەى بەكارهێنانى هێزى چەك و پاكتاوى جەستەیى لەو كەسانە دەكات كە لێدوانى رۆژنامەوانى دەدەن و راست و دروستییەكانى ئەم بارودۆخەى كوردستان بە خەڵكى رادەگەێنن. لەدواى لێدوانێكى ئەندام پەرلەمانێكى كوردستان كە پێشمەرگەى بە میلیشیا شوبهاندووە ، پارتى و یەكێتى قیامەتێكیان دروستكردووە هەروەكو بڵێى ئەمە تەنها كێشەى ئەم هەرێمەى ئێمە بێت و خەڵكى هیچ كێشەیەكى تریان نییە تەنها تەعریفكردنى ناوى پێشمەرگە نەبێت. مەسعود بەرزانى و ئاغاى تاڵەبانى زۆر باش دەزانن كە بەڵێ پێشمەرگە میلیشیایە و باشترین پێناس بۆ هێزێكى چەكدارى ملكەچى حیزبى وشەى (میلیشیا) یە، ئەم میلیشیا چەكدارانەى پارتى و یەكێتى كە دەستیان سوورە بە خوێنى هەزاران كوردى باكورو باشورو رۆژهەلاتى كوردستان ، ئەم میلیشیایانەى كە سوپاى وڵاتانى ئیقلیمى نەماوە ئەمانە بۆیان نەبن بە سوورى بەرلەشكر ، ئەم میلیشیایانەى كە ئەوەندەى هاووڵاتیانى كوردیان چاوترسێن كردووە بە چارەكى ئەوە ترسیان نەخستۆتە دڵى سوپاكانى عێراق و ئێران و توركیا كە ئێستاش بەشى هەرەزۆرى كوردستانیان داگیركردووە، ئەى ئەمانە میلیشیا نەبن چین؟؟ مەسعود باسى پێشمەرگە دەكات بەڵام پێى نەگوتین پێشمەرگەكانى پارتى ئەوانە بوون كە جاشى ئێران بوون و دیموكراتیان قڕ دەكرد یان ئەوانەن كە لە 31ى ئابدا پێش سوپاى عێراق كەوتن تا وەكو پێشمەرگەكانى یەكێتى قڕ بكەن؟؟ كام پێشمەرگە ئەوانەى كە لە بەغدا و موسڵ لەجیاتى دابینكردنى ئاسایش و جوانكردنى ناوى كورد كەوتنە تاڵانى و پەلاماردانى ژنان و كچانى ئەو شارانە؟؟ پێشمەرگەكانى تۆ ئێستا لە بەغدا ناویان لێنراوە (قەشمەرگە) !! ئەوەندەى هەرەشە لە ئەندام پەرلەمانێكى كورد دەكەیت جەنابى سەرۆكى بە تەزویر هەلبژێردراو ، ئەوەندەى هەرەشە لە كەسێكى سیڤڵى رۆشنبیر دەكەیت كە بە دەنگى كوردان چوەتە سەر كورسى پەرلەمان (بە بێ تەزویر كردن) بە دە یەكى ئەو هەندە هەرەشە لەوانە بكە كە رۆژانە تۆپبارانى گوندەكانى دەوروبەرت دەكەن و فزەت لێوە نایە ، كوان ئەو پێشمەرگە قارەمانانەى كە شانازییان پێوە دەكەیت؟ ئەم لێدوانە پڕ هەڕەشانەت ماناى ئەوەیە كە تۆ ئێستا تۆقیویت و دەزانیت چیتر خەڵكى كوردستان ئەمرۆ لە هەموو كاتێك زیاتر هۆشیار بوونەتەوە ، هەروەكو چۆن گڵۆڵەى پارتە ستراتیجیەكەى شەریكە دزت تەنها چەند رۆژێكى ماوە و ئیتر دەخرێتە ناو زبڵدانى مێژووەوە ، تۆش زۆرباش دەزانیت لە دواى یەكێتى نۆرەى ئێوەیە ، پارتى بوون لە سلێمانى لە لەشفرۆشى كردن خراپترە ، ئێستا تۆ جەنابى سەرۆكى دزەكان دەتەوێت بە هەڕەشە ى بەكارهێنانى هێز بگەڕێیتەوە بۆ ناو سلێمانى؟؟ سلێمانى وا گۆڕ بۆ ئەو یەكێتیەى كە (فیل بە تەقلە لێدەدات!!) هەڵدەكەنێت ئێستا تۆ دەتەوێت بەر بەو شەپۆلە جەماوەریە بگریت كە تەنانەت ناو پەرلەمانیشى گرتۆتەوە؟؟ لەوە دەچێت تۆش بە هاش و هووشى ئیعلامیەكانى حیزبەكەت هەڵخەڵەتابیت!! من زۆر چاكدەزانم كە لە ماوەى حوكمڕانیت هەڕەشەت زۆر كردووە بەڵام تەنها یەكێكیانیشت جێبەجێ نەكردووە ، ئەمەشیان لە بژەى بایەك زیاتر نیە كە لەم كاتى هەڵبژاردنەدا بەرت دایەوە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە