دۆخی پارێزگای سلیمانی و گەرمیان لە پاش هەڵبژاردن
Monday, 05/05/2014, 12:00
ئەگەر بە بێلایەنانە بروانیە دۆخی پارتە سیاسیەکانی باشووری کوردستان پاش ئەم هەڵبژاردنە دەردەکەوێت سانا نییە لایەنە براوەکان بتوانن ئەو بەرنامەی رایانگەیاندبوو پیادەی بکەن، هۆکاری ئەمەش، زۆر بە سادەیی ئەوەیە:
یەکەم:هاوسەنگی سیاسی گۆرانی بەسەردا هاتووە، بەڵام سیستەم نەگۆراوە!
دووەم: سەرهەڵدانی ئەم پارتانە لە دۆخی ناجۆرو بە نییەتی جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە، بەشی زۆریان کارو کردەیان لە جیاتی پاراستنی بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەگۆردرێت بە رق و قین و مڵمڵانی شەخسیی.
سێیەم: بەو هۆیەوە ئەم لایەنانە دەکەونە سەرقلی یەکتری واتا خەریک دەبن بە مڵمڵانی بێ بەرهەمەوە.
چوارەم: بە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی نفوسی وڵاتانی ئیقلیمی، ئەوانش ئەکتیفانتر لە جاران دەست دەکەن بە نانەوەی ئاژاوە بە تایبەت لە پارێزگای سلیمانی و گەرمیان ئەو کێشانە زەقتر دەردەکەوێت. و...هتد
لە هەموو دنیای مۆدێرندا پارتی سیاسی بێ چەندو چون بە پێ بەرژەوەندی چەند توێژێک یان چینێک بەرنامەی دەبێ محاڵە هیچ حزبێک بتوانی وەک یەک بەرژەروندی سەرچەم کۆمەڵانی خەلک بپارێزی بۆیە ئاسایی و تەندروستە بوونی فرە حزب.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش ئایا ئەم حزبانە بەو رابردووە پر کارەسات و ناهەموارەی بینیویانە و بەسەر یەکدا هێناویانە لەمەو دوا دەبنە داکۆکیکاری بەرژەوەندیەکانی مللەت یان هەمان ئەقلی پیلان گیری بەرانبەر یەک بەشێوازی نوێ ترو شاراوە تر دەگرنە بەر؟
دیارە هەموو حزبێک مافێکی ئاسایی خۆیەتی هەوڵی گرتنە دەست یان بەشداربوون لە حکومەت بکات، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە کۆمەڵێ میکانیزمە، بەگرتنە بەریان بەزەرەر کۆمەڵانی خەڵک بشکێتەوە، نمونە زۆرن لەوانە شەرو تیرۆرو پاوانکردنی بازارو...هتد
سێ پارتە سەرەکیەکە:
دیارە نەوەی نوێ وەک ئەوەی پێوستە زەمینەی بۆ نەرەخساوە بییان ناسی بۆیە بەچەند دێری باسیان دەکەم.
1. پارتی دیموکراتی کوردستان: بە شێوازێک ئەندامان و دۆستەکانی راهێناوە کە پارتی دایکە، لەگەڵ ئەوشدا لە پاش یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە تاکو ئەم هەڵبژاردنەش لە پێش هەموو پارتەکانی ترەوە خۆی ناساندووە، جا ئەمە بە فرت و فێل و تەزویر بووە، یان بەراستی وایە بابەتێکی ترە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع لە پێش لایەنەکانی ترەوەیە.
2. یەکییەتی نیشتمانی کوردستان: لە کاتی شۆرشی شاخدا پێشەنگی هەموو پارتەکان بوو، زۆرێنەی ناوچەکانی کوردستان لە ژێر کۆنترۆلێدا بوو، بەڵام لە پاش یەکمین هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە بە شێوازێک خۆی دەرخست، بە بەراورد بە پارتی بوو بە لایەنی دووەم، دیارە فاکتەری سەرەکی ئەمەش بۆ بیرکردنەوەی یەکییەتی بەرانبەر بە هەندی مەسەلەی ستراتیجی و شەخسی دەگەرێتەوە. جا ئەمە باش بووە یان خراپ ئەوێش بابەتێکی ترە.
3. بزوژنەوەی گۆڕان: لە سەرەتای سەرهەڵدانیدا زۆرینەی هەڵسوراوەکانی ئەندامە کۆنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بوون ، بە هۆی ئەوەی خاوەن ئەزمون و چاو نەترس بوون بە شێوازێک خۆیان دەرخست توانیان رێژەیەکی بەرچاو لە نەوەی نوێ و کادرانی لایەنەکانی تریش بە ئێسلامە سیاسیەکانیشەوە بەرەو لای خۆیان بەرن.
دیارە سەرکردایەتی ئەم سێ لایە بە راستەو خۆبی یان نا راستەو خۆ ویستوویانە لایەنگرانی خۆیانیان تێبگەینن " بە چاوی رق و گینەوە برواننە حزبەکانی یەکتر"، کە پێم وایە سەرئەنجام هێچ لایەنگیان سەرکەوتوو نابن لە قایلکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەک دوژمن برواننە یەکتر.
ئەوەی بەندە دەیبینی لاینگرانی یەکیەتی و گۆڕان (نەک رێژەی زۆری سەرکردایەتی) لە ناخەوە دڵیان بۆ یەک لێدەدا، پێیان باشترە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەم دوو لایەنە نزیک ببنەوە لە یەکتر، بەرانبەر بە پارتی بوەستن.!
بەلام سەرکردایەتی پارتی (نەک لاینگرانی) دەیەوێت نزێک ببیتەوە لە سەرکردایەتی هەردوو لایەن،
بۆ؟
دیارە هۆکار زۆرن لەوانە پارتی لە ناوچە دابرێنراوەکان نفوسی کەمە، بۆیە ناتونن دەستبەرداری یەکیەتیی ببن!! (هەرچەندە ئەمەیان جاری لە ئەولەویاتی پارتی نیە) ، بەڵام ئەوەی لە پاش ئەم هەڵبژاردنە پارتی خۆی بۆ ئامادە کردووە وە دەبێتە ئەولەویاتی پارتەکەی زیاد کردنی نفوسیەتی لە پارێزگای سلیمانی بە گەرمیانشەوە.
چون ؟
راستە ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵی بۆ دەدات لە حکومەدا بە دەستی بێنی مافی خۆیەتی، ئەمە سروشتی حزبی سیاسیە بەتایبەت لە رۆژهەڵات، بەڵام ئایا مافی خۆی بوو چاوەروانی یەکگرتوو نەکا؟ ئایا مافی خۆی بوو پێش رێکەوتن لە سەر بەرنامەی چوار ساڵی ئایندەی حکومەت ئیمزای وەرگرتنی پۆست بکات؟ و...هتد کارێکی باشی کردووە یان خراپ ئەمشیان بابەتێکی ترە.
گرفت چیە؟
دیارە گرفت لەبەردەم بزوتنەوەی گٶران زۆرە لێرەدا دوویان دەخەینە پێش چاو:
یەکەم: ئەوەی دەمەوی بیڵێم نزیک بونەوەیەک لە نیوان سەرکردایەتی پارتی و گۆران بە کردار دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێش، گۆران ناتوانێ بەتەنیا ئیدارەی سلیمانی تشکیل بکات، دەبی چی بدات بە پارتی؟ ئایا پارتی چی دەیەوێت و دەیەوێت بە چی بکات ؟ پێم وایە یەکێک لەو خواستانەی پارتی لە سنوری پارێزگای سلیمانی و گەرمیان زۆر بە خشپەیی لە هەوڵدانی گەیشتن دەبێ بە کۆمپانیاکانی نەوت و غاز لە پارێزگای سلیمانی و گەرمیان و...هتد . ئایا بزۆتنەوەی گۆڕان لەو حالەدا وڵامی قایلکەری پێ دەبێ بۆ دەنگدەرەکانی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان؟
دووەم: هاوسەنگی لە نفوسی ئێران و تورکیا لە هەرێم بەرەو تێکچوون چووە! پارتی، یەکگرتوو، تورکمان، سننەی پارێزگای موسل راستەوخۆبێ یان ناراستەوخۆ دەکەونە بەرەی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی تورکیا، کە زۆرینەن، بەتایبەتش کە زۆر بەی جومگە سەرەکیەکانی حکومەتشیان لە دەستە ، لەم حالەشدا بەرژەوەندیەکانی ئیران کەوتووتە مەترسییەوە! ئایا گۆڕان دەتوانێ هاوسەنگی راگیر بکات یان بەبێ خواستی خۆی دەکەوێتە سەنگەری پارێزەرانی بەرژەوەندییەکانی تورکیا؟ ئەگەر وای کرد یان وایان بەسەریدا هێنا !! ئایا گۆران دەتوانی چی بکات تاکو خۆی و کۆمەڵانی خەڵکی دانشتووی پارێزگای سلیمانی و گەرمیان بپارێزی لە ئابلوقەو پیلانەکانی لەمە بە دوای ئیران؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست